کورد لە بری دەسڵاتی کارا فەخامەتی بێ کردەوەی هەڵبژارد!

Saturday, 21/06/2014, 12:00

2089 بینراوە





دووشێخ و بەدوایاندا مەلایەک نەبوونە ئەندازیاری دۆزینەوەی میکانیزمێک، بۆ گەیشتن بە دوا سنوورەکانی نیشتیمانێکی دابەشکراو!

گەلی کورد ئەونەتەوە گەورەو بندەستەی کە بە سەرنەیارەکانی دا بە بێ ئارەزووی تاکەکانی هاتووەتە دابەشکردنو بە درێژایی چەندین سەدە لە بەربەرەکانیو بەخشینی گیانی ڕۆڵەکانی بەوئامانجەی بە ئامانجە نەتەوەییەکانی خۆی بگات.!
با بە کورتی کەمێک باس لە ڕابردووی دوورودرێژی خەباتی نەتەوەیی گەلی کوردمان بکەین کە سەدان قۆناغو سەدان بەرزونزمی لە میانەی داگیرسانی شۆڕشەکانی دا بڕیوە بە بێ ئەوەی بە دەستکەوتە نەتەوەیی یەکانی خۆی بگات.
شێخ مەحمودو فەرمانڕواییەکی کورت وەک مەلیکی کوردستان ١٩٢٢ بۆ ١٩٢٤و لە ناوچوونی ئەو فەرمانڕەواییە بەدەستی ئینگلیزەکان و،هەڵکردنی هێمای کەسک بۆلەدایکبوونی یەکەم دەوڵەتی ئێراق لەساڵی ١٩٢٤ لە منداڵدانێکی تووش بوو بە نەخۆشی یە هەستیاریی یەکان هەرلە دوو بەرەکی یەوە تاوەکو سڕینەوەی یەکتریو دوورخستنەوەی مەلیک بۆ هندستانو بیابانەکانی خوارووی ئێراقی ئەمڕۆ،لە سەرخواستی ئینگلیزەکان تەنها بەو پێ یەی خوازیاری سەربەخۆیی بوبۆ گەلێکی ستەم لێکراو.
شێخ ئەحمەدی بەرزان کە لە ساڵی ١٨٩٦دێتە سەرنیشتیمانێکی داگیرکراو،وەک بەرپرسیارێتی نەتەوەیی قاڵی شۆڕش دەبێت بەڵام ئامانجێکی گرنگ بە دەست ناهێنێتو دوای داکۆکی کردنێکی زۆر دواجار ساڵی ١٩٦٩ ماڵئاوایی دەکات.
بەدوایاندا مەلایەک شانسی باشترنابێ لە هەردوو شێخی خەباتکارکەدوای ئاشبەتاڵی شۆڕشەکەی لە ساڵی ١٩٧٤بە گەلەکۆمەی دراوسێکانی کوردستان و،دەست تێوەردانەکانی ژمارەیەک لە ووڵاتە زلهێزەکانی جیهان لە پێشەوی هەموویان ئەمریکا سەدان هەزار خەباتکار ناچاری پاشە کشێ دەکاتو دواجار بە بێ گەیشتن بە دواسنوورەکانی کوردستان لەساڵی ١٩٧٩ لەئامێزی ئەمریکی یەکان کۆچی دوایی دەکات بەهۆکاری نادیار،واتە بە دوو شیخو مەلایەک نەبوونە ئەندازیاری دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ گەیشتن بەدواسنوورەکانی کوردستانێکی داگیرکراو کە زەنجیرە چیاکانی حەمرینە.
ئیستاوهۆکارە گرنگەکان بۆ نێزیک کردنەوەی بزووتنەوەی نەتەوەیی گەلی کور لە ئامانجە سەرەکی یەکانی!
ئەگەر جەنگی نێوان ئێرانو ئێراق هۆکار نەبوایە بۆ لە خۆبایی بوونەکانی دەسڵاتی بەعسی یەکان دەستیان لە بەرۆکی کوردستان نەدەبویەوەو،تا ئەمڕۆش هەردەبوایە خەونمان بە نیمچەسەربە خۆییەوە ببینایە،هەروەهاش سەرکێشی و سەرەڕۆییو تاکڕەویەکانی سەدامیش نەبوایە ئازادی کوردستان لە ٢٣ساڵی ڕابردوودا ئەویش لە خەون زیاترنەدەبوو.
نەورۆزی ساڵی ١٩٩١ شارێکی کوردی بە ناوی کەرکووک بە هیمەتی خەڵکو دانیشتوانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستانو کۆمەڵێک پێشمەرەگەی گیان بەخش لەچنگی ژەنگاوی داگیرکەرانی عەرەبی شۆڤێنی هاتە ڕزگارکردنو نەورۆزێک تیادا هەناسەی ئازادی تێکەڵی گڕوتینی بیرە نەوتەکانی بابەگوڕگوڕوجمبورو بای حەسن کرد.کە بەلای سەرانی دەسڵات داری کوردەوە هەندێک جار بە قودسو هەندێ جار بە دڵی کوردستان پێناسەکراوە،ئەو دوو ناوەی جگە لە ناوی کەرکووک خۆی کە سەرزەمینی کوردستانەو بە ووتەی شیکەرەوانی ڕامیاریو چاودێرەکانی بەدرێژایی دیرۆک کێشەی کورد لە گەڵ دەسڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێراق لە سەرکوردستانی بوونی کەرکووکو کوردستانی نەبوونی بووەو بە هەڵواسراوی ماوەتەوە!
بەڵام ئەوکات هەلومەرجە نێوخۆیی هەرێمیو نێونەتەوەیی یەکان بەختێکی تریان خستەوە سەرکڵاوی سەربازی سەدامی یەکانو بەدڕندانەترین شێوازی دژە مرۆیی دوای بەربەرەکا نی یەکی جومێرانەی ڕۆڵەکانی گەلی کوردو،بەخشینی سەدان قوربانیولێکەوتەی گرانو قورس شارەکە بۆجارێکیتر لە ئاخاوتنی دایک بێ بەشکرایەوەو پۆستاڵوعەنگاڵ کە دوو سۆمبلی عەرەبی ناسیونالیستن بە تەواوی شەقاموناوەندەکانی دا دڵو قودسی کوردستانی داگیرکردەوە.

گریمان ئەوبەختەش یارنەبوو کەرکووک نەگەڕایەوەو نە بوویەوە بە شارێکی کوردستانی!
دوای ساڵی ٢٠٠٤ ئەوکاتەی وەرزی هەرەسی سوپای داگیرکەربوو ئەو سوپایەی کەپلانو گەرای شەڕانگێزی لە سەر بست بە بستی خاکی کوردستان دەچاندو بە دوای خۆیدا بارای نائارامی دەهێناو،دانیشتوانەکەی بەچەندین قەیرانی بێ چارەسەرەوە سەرقاڵ دەکرد جارێکی تر"قودسو دڵی کوردستان" کەوتەوە دەست پێشمەرگەی ڕزگاری خوازی کوردستان بەڵام ئەوهەلەش بە ئاسانی لەدەست دراو کوردی خاوەن دۆزی ڕەوای نەتەوەیی دەستی لەهەوانەی بەتاڵو کەرکوکی کوردی یەوە دەرچوو.
نووسەرانو ڕۆشنبیرانی ئازادیخواز بۆچی ڕەخنەیان لە دەسڵاتە خۆجێی یەکەی کوردستان دەگرتو دەگرن؟!
نووسەرانو ڕۆشنبیرانی کوردستان زمانیان لاڵ بوو دەستیان ماندوو بوو کوژرانو زیندانی کران لە زیندانەکانی هەرێمێکی نیمچەسەربەخۆ بە ناوی هەرێمی کوردستان،تەنها بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ هەڵە ڕامیارییەکانی هەرێمەکە دابنرێتو چی تر بڕوا بە نەیارو دەگیرکەرانی کوردستان نەکەن لەو ساتانەی تەنگەتاوی گێژاوی مەزەوی دەبنو کورد بە براو هاوئاینی خۆیان دەزانن.
واتە هەرلە سەردەمی سەلاحەدینی ئەیوبی یەوە تاوەکو ئەمڕۆی کرانەوەی بیروڕاجیاوازەکان نەیاران بەگشتی وعەرەب بەتایبەت بەناوی دینوبە بەڵێنی بێ بنەما کوردو کوردستان ئازاردەدەنو،سەبارەت بەکێشە نەتەوەیی یەکانیان بەربەست درووست دەکەنو بە بەکارهێنانی قورعانو بڕیاری پیاوەئاینی یەکانیان کوردیان لەهەر مافێکی ڕەوای هاونیشتیمانی بوون تەراکردووەو داخوازییەکانیان داوەتە دەست ڕێکەوتو بە کرێگیراوی ئیسرایلیش ناوزەدی دەکەن،لە کاتێک دا جەستەی ڕامیاری عەرەب بەبێ شاردنەوەو شەرمو شۆ ئامێزی جولەکەو ئەمریکی یەکان گەرم دەکەنەوە!

گریمان بە هەرهۆکارێکی تری جیاواز بووبێت بەڵام ڕاستی سەرهەڵدانی ئەوڕوداوو گرژیانەی نێوخۆی هەرێمەکە لەلایەکو چینی ڕۆشنبیران لە لایەکی ترەوە بە گشتی لە سەرهەڵەو کەمووکورتی یەکانی دەسڵاتدارانی هەرێم بووە، کە هەر دوای ڕواخانی دەسڵاتی فیرعەونە کۆنەپەرستەکان کە چۆن دەستچووانی ڕامیاریزانی کورد لە بری گەڕانەوەی بستەخاکی داگیرکراوی کوردستان کەوتنە دانانی نەخشەو پلانی تۆکمە،تا براعەرەبەکان لە قەیرانی لاوازبوونو سەرگەردانی ڕزگاربکەن.لەڕاستیش دا هەروا بوو ئەوانەی کە تاپێش ڕوخانی سەدامو دارودەستەکەی لە دەرەوەی ئێراقو خیابانەکانی قومو تاران بوون، بە ناوی سەرکردەی بزووتنەوەی ڕزگاری خوازەکانی شیعە هەرلە "سەدرییەکانەوە تا باقرییەکانو نووری مالکی" بۆ ساڵانێک لە هەرێمی کوردستانو شەقامێکی نێزیک بە مەزاری سەیدە زەینەب لە دیمەشق بێ دەسڵاتو لانەواز ژیانیان دەکردو،سەرگەرمی ژیانێکی بژیو مەمر بوون لە ڕێگەی کاری دەست فرۆشیو تەزبیحو تەبەڕک فرۆشتنەوە.
ئەی ئیستاکە چی بەختێک یاوەری کوردە تابتوانێت دەستورێک پچەسپێنێت کە تەواوی پێکهاتەکانی سەرخاکی ئێراق بە(سوونەو شیعەو تورکمانو یەزیدیو باقی بڕوادارە جیاوازەکان) ،دەنگیان بۆ داوەو،لە سەردەستی ئەو دەستوورە ئێراقی دیکتاتۆری بۆ یەکەم جارگەرڕووکەشیش بووبێت بوو بە نیشتیمانی هەمووپێکهاتە بیروئاین جیاوازەکانو نۆتەی سیستەمی فیدراڵی بە بەرۆک دا کرا.

بەڵێ کورد دەبێت بگەڕێتەوە دوای گۆڕانکارییە گەورەکەی دوای داگیرکردنی ئێراقو لە سێدارەدانی سەدامو نووسینەوەی دەستوور دەستوورێک کە لە لایەن ووڵاتانی هەرێمیو دوورهەرێمی یەوە دانی پێدانراوەو بە زامنی پاراستنی فیدرالیزم ناسراوە،بەو مەرجەی بواری کرداری خۆی وەرگرێتو لەوشوێنانەی کە پێکهاتەی جیاواز زمانوجیاوازئاینی تێدایە جگە لە ڕیفراندۆم هیچ داش بەداشێک برەوی نەبێتو،لە ڕێگەیەوە بۆڕای گشتی خەڵکو جیهان نیشان بدرێت بەڵێ ڕیفراندۆم تەنها فاکتەری سەرەکی یە کە ببێتە هۆی بنبڕکردنی بشێویو ئاژاوەودیاریکردنی سنووری نەتەوەکانو ناشتنی تۆی یەکسانیو ڕیزگرتن لە خواستی گەلان تا بە ئارەزووی خۆیان بە ئازادانەو دیمۆکراسیانە بڕیار لە سەرچارەنووسی خۆیان بدەن.
زلهێزترین دەسڵاتی شوڤێنی یەکان کەوتنو دەسڵاتدارانی لاوازی شیعە هاتنە سەر خوانی ئامادەو ساز،سەرەتا هەندێک نەرمیان نواندو خۆیان بە هاو خەباتو هاو قوربانی بۆ نەتەوەی کورد نیشان دا،سوونەکانیش هەمان شێوە تا ئەوکاتەی دەستیان بە سەر تەواوی کارتە سیاسیو چەکەقورسەکانی ووڵاتەکەدا سەپاندو بوون بە بڕێاردە ر.سەرانی کورد لەونێوەندەدا لە بری ئەوەی یاریکەرێکی باش بنو هەوڵ بۆ لاوازی شیعەو سوونە بدەن بە پێچەوانەوە لەخەوی نەگبە تی مانەوەوناوچەی کەسکی بەغدایان هەڵبژاربە بردنی هێزی پێشمەرگە بەو واتایەی کە تەنها پێشمەرگەیە دەتوانێت تەواوی ناوچەکە لە پەلامارەکانی گرووپە توندڕەوەکان بپارێزێت،لە ڕاستیش دا هەروابوو لە لایەکی تریشەوە بۆبەدەستەوەگرتنی بیرەنەوتەکانی سەرخاکی کوردستان مالکی عەولئەمیر زەیدی کۆنەبەعسییەکی ناپاک بوو بە سوپایەکی زۆرەوە ڕەوانەی سنوورەکانی کوردستان دەکرد بۆ دژایەتی پێشمەرگە!!.
شەڕکەوتە نێوان هەردوو مەزهەبی عەرەبی سوونەو عەرەبی شیعە بە سەدان هەزار کەسیان بەکرداری هۆڤانە لە یەکترکوشتو هەردوولایان لەلێواری هەرەسو داڕمان نێزیک بوونەوە، سەرانی کورد لە بری ئەوەی یاریکەرێکی باش بنو بیرلە دۆزەڕەواکانی گەلەکەیان بکەنەوەو نەیاری نەیارەکانیان بە دۆست بزانن، تا بە هۆیەوە زۆرترین نەیارلەناوبدەن هاتن بوون بە دادوەرو نێوانگەری هەردوومەزهەبەکەو،لە ناوچەی کەسکی بەغدای پایتەخت پشوویان داو بوون بە باشترین باژێروانو پارێزەری سەرکردە عەرەبەکان بە شیعەو سوونەوە.!!!!

کورد لە بری دەسڵاتی کارا فەخامەتی بێ کردەوەی هەڵبژارد!
لە ئاکامی هەڵبژاردنەکانو دوا ئەنجامەکانی دا سەرانی کورد بە بێ هیچ مەرجێک لە بری ئەوەی کاراو وەرگری دەسڵاتی کاریگەرو دەست ڕۆیشتووبن،لەنێوان دووهەڵبژاردە دا کە یەکەمیان گەڕانەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستانو،ئەویتریان بە فەخامەت بوون بوو، فەخامەتێکی بێ کاریگەرو لاوازیان هەڵبژارد کە جگە لە ناو هیچ سودێکی بۆ داهاتووی کورد نەبوو.

ئیستاو کۆتایی و دوا شانسی کورد!
بەوپێ یەی کە لە کوردستان دا بیروڕاو پارتی ڕامیاری جیاواز بوونی هەیەو هەبووە هەربەو هۆکارەشەو قەیرانگەلێکی نێوخۆیی زۆروو گەندەڵی یەکی بێ سنوور،تەواوی جومگەکانی دەسڵاتوو ووڵاتی تەنی یەوە، تا ئەو ئاستەی چەندین جارجەنگی ڕاگەیاندنو ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداریشی بە سەردا هاتو،کێچەڵی دژبەیەک بە واتای شەڕی نێوخۆش بابەتێکی ترو ترسناک لەسەرداهاتووی ڕزگاریی نەتەوەییمان، ئەوبیرەوەرییە تاڵانەو برسیبوونو دابەزینی خزمەتگوزارییەگشتی یەکان،لە ئاوو کارەباوە تا دەگاتە کەمبوونەوەی خۆراکی ڕۆژانەی تاکو پەڕینەوە بەسنوورە ترسناکەکانی ووڵاتاندا لەپێناوی دەستەبەرکردنی خۆراک.
هەموو ئەو ئاڵۆزیانە هۆکاری سەرەکی چەندە نەیارەکانی سەرخاکی نیشتیمان بوون دووئەوەندەش دەسڵاتدارانی نێوخۆی ووڵات بوو،ئیستاماوەتەوە یاسای بەهێزکردنی نەتەوەیی ببوژێنرێتەوەو کێشەکانی ڕابردوو سەرلەبەریان بکرێتە قوربانی لەپێناوی هەربستەخاکێکی کوردستان لەنێزیک کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاستەوە تادەگاتە سنووری بەدرەوجەسان، بە بێ چاوخستنە سەر خاکو ئاوی گەلانی تر،نەخشەی کوردستانێکی نوێ بە هاوبەشی هەمووانو ئەو بیروانانەی کە شارەزاو لێهاتوون لە داڕشتنی دا بنووسی نەوەو مژدەی لەدایکبوونی دەوڵەتێکی نوی بە ناوی کوردستان بە چوارپارچەی کوردستانو دوستو نەیارەکانمان بدەینو ئاڵا پەراوێزخراوەکەمان لەنێوەندەجیهانیو،بارەگای نەتەوەکان لە ڕیزبەندی ئاڵای ووڵاتانی ترلە کەرنەڤاڵێکی مێژووی دا بەرزکەینەوەو، ئاسودەییوئازادی بۆ تەواوی تاکەکانی نیشتیمانو کەسوکاری پێشمەرگەو قوربانی یەکان دەستەبەرکەینو ببین بە کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوومرۆڤ دۆست.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە