نێچیرڤان بارزانی هەموو شتێک بە پارە دەپێوێت، تەنانەت ویژدانیش

Wednesday, 25/07/2012, 12:00

1513 بینراوە




لە بەر دڵنیانەبوونم لەسەر کاردانەوەکان ناوی راستەقینەی خۆم نەنووسیوە. کەشێک بۆ رۆژنامەنووسان خوڵقاوە کە جێگەی نیگەرانییە. من کەسێکم کە ناوە ناوە نووسینی رەخنەئامێزم لە سەر جۆرەها بواری گەندەڵی و کەموکوڕی لە هەرێمدا نووسیوە. تاکە مینبەرمان بۆ نووسین و ڕادەربڕین رۆژنامەکانی ئازاد و ئۆپۆزسیۆن بووە. دڵمان خۆش بوو بەوەی کە بە ئامرازی رەخنە و وریاکردنی خەڵکەوە دەتوانین گۆڕانکاری بکەین و چەوتییەکان ڕاست بکەینەوە، بەڵام خەریکە خەونەکانمان دەبن بە کابووس. ماوەیەکە هەندێ رۆژنامە و کەناڵی راگەیاندنی ئازاد حەسانەیان لەسەر هەنێ گەندەڵ داناوە. ئەم رۆژنامانە بە تایبەتی ڕێگە نادەن هیچ رەخنەیەک لە سەر نێچیرڤان بارزانی بڵاو ببێتەوە. ماوەیەک بەر لە ئێستا برادەرێکم پێی وتم کە نێچیرڤان بارزانی ئۆپۆزسیۆن و کەناڵەکانی راگەیاندنی بە پارە ڕازی کردووە کە واز لەو بێنن و لە سەر هەر کەسێک دەنووسن با بنووسن تەنیا لەسەر ئەو واتا نێچیرڤان نەبێت.
نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی ئەم چەند مانگەی پۆستی سەرۆکایەتی حکومەتی بە هەراوهوریایەوە وەرگرتەوە تەنیا بیست رۆژیش بەسەریەکەوە لە کوردستان نەبووە، کەچی کەس ناپرسێت تۆ لە کویێت و چی دەکەیت؟!. من بابەتێکم لە سەر ئەدای کابینەی نوێ و بێبەرنامەییەکانی و خۆدزینەوەکانی نێچیرڤان بارزانی لە بەرپرسیاریەتیەکان نووسی و بۆ رۆژنامەیەکی ئەهلیم نارد، زمانێکی زۆر نەرم و لۆجیکانەشم بەکار هێنابوو بەڵام بابەتەکەیان بڵاو نەکردەوە. سەیرییەکەی لەوەدا بوو تەنیا دوای دوو رۆژ لە مەکتەبی نێچیرڤان بارزانییەوە پەیوەندییان پێوەکردم.
کەسێک بە ناوی قادر نەجمەدین پێی وتم کە زۆر حەزدەکەن لە نزیکەوە بمناسن. پرسی چەند برادەرێکم کرد، وتیان ڕاستە ئەم کەسە لە مەکتەبی نێچیرڤانەو پیشەکەی کڕینی ویژدانی رۆژنامەنووسانە و هەوڵ دەدات بە پارە رۆژنامەنووسان ڕازی بکات. ئەم کەسە کە بە سەرپەرشتیی ڕەوان بارزانی کار دەکات پارەیەکی زۆری لەبەردەستدایە بۆ ڕازی کردنی نووسەران تا به‌ به‌ژن و باڵای نێچیرڤانا هه‌ڵبڵێن و یاخود لای کەم دژ بە نێچیرڤان نووسین بڵاونەکەنەوە. هەر لە سەرچاوەیەکم زانی کە سەرنووسەری گۆڤارێک لەبەرامبەر بڵاوکردنەوەی وێنەی نێچیرڤان بارزانی لە سەر بەرگی دوا ژمارەی ئەم گۆڤارە مەبلەغی پێنج هەزار دۆلاری لە قادر نەجمەدین وەرگرتووە.
نێچیرڤان بارزانی خۆی لە نزیکەوە بەدواداچوونی کاری ڕەوان و قادر نەجمەدین دەکات، خۆیشی زۆر هەوڵی داوە بۆ ڕازی کردنی ئۆپۆزسیۆن تاکو واز لە خۆی و کابینەکەی بێنن و دیارە لەو هەوڵانەشی سەرکەوتوو بووە. ناوبراو حەسانەیەکی باشی لای ئۆپۆزسیۆن هەیە، ناوبراو لە هەموو رەخنەیەک بەدەر کراوە. لە ناو پارتیدا کەس زاتی ئەوە ناکات ڕەخنەی لێبگرێت چونکە سەر بە بنەماڵەی بارزانییە، یەکێتییەکانیش رێکەوتنی ستراتیجی دەست و پێیانی بەستووە، ئۆپۆزسیۆن مابوو ئەوانیش کەوتنە داوی ئەم کەسە ‌‌!.
دۆستێکی رۆژنامەنووسم بۆی گێڕامەوە کە لە هەولێر دوای پێداگری و داوایەکی زۆریان سەردانی قادر نەجمەدینی کردووە. لەوێ ڕەوان بارزانیش پێشوازیی لێکردووە و دواتر چوار هەزار دۆلاریان داوەتێ و ئەوجا لەناکاو کەسێک بە کامیرەوە هاتووەتە ژوورێ و ڕەوان پێی وتووە با وێنەیەکی یادگاری پێکەوە بگرین!!. داوایان لەم دۆستە کردبوو کە چییتر لە رەخنەکانیدا ناوی نێچیرڤان بارزانی نەهێنێت و ئازادە لە سەر هەر کەسێکی ناو پارتی بنووسێت تەنیا نێچیرڤان نەبێت!. ئەو برادەرە زۆر پەشیمان بوو کە سەردانی کردوون و پێی وتم کە سەردانی ئەم کەسانە نەکەم، وتی ئەم دوو کەسە لە ڕووی ئاستی رۆشنبیری و قسەکردن زۆر لاواز بوون و شەرم دایگرتم کە لەگەلیان دانیشتووم و وتی ئەوکات زانیم نێچیرڤان بارزانی چەند کۆڵەوارە کە ئەمانە ڕاوێژکارەکانی بن.
ئەم شێوازەی کڕینی ویجدانەکان بە پارە ناشرینترین شێوازی مرۆڤە گەندەڵەکانە بۆ کپکردنی ناڕەزایەتیەکان، بەڵام لەو ناشیرینتر رازی بوونی ئۆپۆزسیۆنە بە بێدەنگی بەرامبەر بە نێچیرڤان بارزانی. پێوەر لای نێچیرڤان تەنیا پارەیە و ئۆپۆزسیۆنیش بە خۆ چەماندنەوە بەرامبەر بە ویستی نێچیرڤان نەک هەر ویجدانی خۆیان دەفرۆشن بەلکو خیانەت لە متمانەی جەماوەر و دەنگی شەقام دەکەن.
خۆزگە دەمانتوانی لە رۆژنامە ناوخۆکان هەر شتێ بڵێین و بنووسین، بەلام ناتوانین و خەریکە مینبەرەکانی ڕادەربڕین دەفرۆشرێن و تاکە مینبەر لای رەخنەگران ئێستا کوردستان پۆستە دوور نیە راوێژکارەکانی نێچیرڤان بارزانی هەوڵ بدەن گشت کۆمپانیاکانی بواری ئینتەرنێت بە پارە کۆنترۆل بکەن تا ئەم سایتەش فیلتەر بکەن.
نێچیرڤان و هاوشێوەکانی هیچیان پێ نیە و کارێکیان نەکردووە شانازیی پێوە بکەن، ئەوان ئەندازیاری گەندەڵی بوونە و سەروەت و سامانی وڵاتیان بۆ سوودی خۆیان گڵداوەتەوە، بۆیەشە تاکە ئامرازی بەرگرییان هەر سەروەت و سامانە و وا دەزانن هەموو شتێک دەکڕدرێت، تەنانەت ویجدانی خەلکیش، بۆیە زوو پەنا بۆ پارە دەبەن. گەر ئەوان کەسی شیاو و سەرکەوتوو بوانە چ پییوستییان بەوەیە؟!. جا جێگەی سەرسوڕمانە ئۆپۆزسیۆن بکەوێتە داوی کەسانی ئه‌وها !!!!.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە