دژەنوێژ

Sunday, 26/10/2014, 12:00

1827 بینراوە


لەتیف هەڤرەێست
چاوئاوەڵا
دژەنوێژەکانم
رەدووی بانگە دەنگبڕەکانت دەکەون، تۆ ئەی ئەو شتەی،
کە دەڵین گوایە تۆ
هەموو شت دەبینی و لە هەموو جێیەکی.

مێشکەکانی سەرزەوی، بیرەکانی سەرزەوی
وەک مێردەزمە
سواری کۆڵی بیرەکانی تۆ دەبن، ئە ئەو شتەی،
کە بە بیری مرۆڤ گوایە تۆ
هەموو شتێک دەزانی، رەهازانی
خۆ لە هەموو شت هەڵدەقورتێنی.

سوورەتەکانمان، سوورەتەکانی هەموومان
کە لە خاک هەڵکۆڵراون، خاکێکی،
بە دووکەڵ تەنراو
گوێ گەورەکانت کەڕ دەکەن، ئەی ئەو کەسەی،
کە دەبیسترێ گوایە تۆ
هەموو شتێک دەبیستیت
بەڵام هاوارنەبیستیت، بڕوانەوستیت
بڕوا دەمرێنیت.

سازکردەکانمان، سازکردەکانی ژیانمان
پێکهاتەکانمان، پێکهاتە شادەکانمان
ئەتک و ریسوا دەکرێن
بە شمشێری جەنگاوەرەکانت، ئەی ئەو کەسەی،
کە وا فێر دەکرێین گوایە تۆ
هەمەسازی، هەمەپێکهێنەری،
بەڵام تۆ و فریشتە دەمامەک-ڕەشەکانت
سزادەرن
کوشەندەی مرۆڤی سەروەرن.

خوێنی رەشهەڵاتوو،
خوێنی خۆڵاوی، خوێنی بە بارووت تێرکراو
مەییو بە کینە
دەکەی بە دیاری بۆمان، ئەی ئەو کەسەی،
کە وەکو خۆت نیشان دەدەیت:
سەرکوتکەری
دەرد و ئازار نێرەری.


لەتیف هەڤرەێست
ڤیەننا ئۆکتۆبەری ٢٠١٤

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە