جیاوازی كورد پێش 1920 و كوردی ئەمڕۆ

Wednesday, 17/03/2010, 12:00

1646 بینراوە



كەسانی وەك شێخ مەحمودی حەفید، شێخ سەعیدی پیران، سمكۆ ئاغای شكاك، شێخ عەبدولسەلام بارزانی و دەیان سەركردە و كەسایەتی تری نێو پێكهاتەی كورد تا دەگاتە قازی محەممەد، بە ڕۆحێكی بەرزەوە سیاسەتیان دەكرد. بە چاوی سۆز و خۆشەویستی تەماشای ڕۆژئاوایان نەدەكرد، چون دەیانزانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بێگانەن و بە دوای بەرژەوەندی خۆیان دەگەڕێن و، لە سیاسەتدا عاتیفە بێ كەڵكە. هەروەها بە چاوی خۆ بە كەم زانین تەماشای دەوروبەری خۆیان نەدەكرد و، كوردیان پێ كەمتر نەبووە لە عەرەب و فارس و تورك. هەر چەندە جیهانبینی ئەم پیاوە مەزنانە لە سەر ئەرزیەتی ئیسلام دامەزرا بوو و، بوغز و كینەی ناسیۆنالی _وەك ئەمڕۆ_ لە نێوان گەلانی ناوچەكەمان بڵێسەی نەدەدا، كە وادەكات پێكەوە ژیان ئاسانتر بێ لە نێوان كورد و میللەتانی تر لە یەك بازنەداو، ڕۆحی مافخوازی ناسیۆنالی شلتر بێ، بەڵام ئەم سەركردانە لە مافی كورد تەنازولیان نەدەكرد و، بە هیچ شێوەیەك لە سەر سەربەخۆیی كوردستان سازشیان نەدەكرد. شێخ مەحمود بە سوخریەتەوە نامەی ناردووە بۆ بەرەی ڕۆژئاوا، ڕایدەگەیەنێت كەچەند گەلێكی سەرەتایی لە ئەفریقا سەربەخۆ بن، چۆن كورد بێ بەش دەكرێ؟ ئەمە لە كاتێكدا بوو كە ئەم پیاوە مەردانە لە لایەك لە گەڵ ڕۆژئاوای فرت و فێڵ دەجەنگان، لە لایەكی تریشەوە لە گەل حكومەتە نوێیەكانی توركیا و عێراق و ئێران، كە كرێ گرتەی خودی ڕۆژئاوا بوون. ئەوكات "ئیسلامی سیاسی" و "تیرۆر" و ئەنسارولئیسلام نەبوو، كەچی فڕۆكەی جەنگی بەریتانیاو فەڕەنسا ناوچە كورد نیشەنەكانی بۆردومان دەكرد و تانك و تۆپەكانیشیان بێ ویژدانانە كوردستانی دەسوتاند. ئیتر هەر لە دروستبوونی وڵاتە هەرێمیە نوێیەكانی وەك عێراق و توركیا و سوریا، ڕۆژئاوا هەمیشە لایەنگری حكومەتەكانی نێوەند بووە دژ بە كوردی بەشكراو و بەشخوراو. ئەو ناوچانەش كە كەوتنە بەر شاڵاوی تەعریب و تەتریك و تەفریس، ڕۆژئاوا بە كەیف و خۆشیەوە تێی دەڕوانی و "بست بە بست گۆشتی پێ دەگرت". ڕۆژئاوا هەمیشە هەوڵی نانەوەی شەڕو خوێنبەردان بوو لە نێوان كورد و ئەوانیتر. قەت نەیهێشتووە كورد سەركەوێ دژ بە دەوڵەتەكانی نێوەند، بەڵام نەشی هێشتووە بڵێسەی تەقە و ئاگری كورد خامۆش ببێ. لە سەرەوەیارمەتیەكی ئاشكرای وڵاتانی نێوەند دراوە و لە ژێرەوەش یارمەتی كورد دراوە بە شێوازێكی ئیستخباراتیانە و پلانگێڕان. باڵیۆزی ئەمریكا لە تاران "ویڵیام ئیگڵتن" نوسەری كتێبی "كۆماری مهاباد" لە ساڵی 1946، لە بارەی جوگرافیای كوردستان سەبارەت بەكەركوكەوە دەڵێ: (هەتا كەركوكیش تەواو كورد نیە و وەختە بە نیوە بێ لە گەڵ توركمان)!ئەمەی ئێستا، كە ئەمریكا زیاتر پشتگیری دەوڵەتی نێوەند دەكا و، ناوچە دابڕاوەكان بە ناوچەی كوردستان پێناسە ناكا، ئەوە هەمان سیاسەتی تێكبەردانی گەلانی ناوچەكەمانە و بەكارهێنانی هەمووە دژ بە هەموو و، خودی ئەمریكا یان ڕۆژئاواش بە گشتی وەك ئاغا و حاكم و حەكەمی تاك و تەنیا بمێنێتەوە. ڕێزی كورد وەك گەل لای وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕێزی پوشێكە، بە تایبەت ئێستا بە هۆی سەركردەی سوك و زەلیل و پەناهێندە سواڵكەرەكانی كورد لە ڕۆژئاوا. ئەوەی ڕۆژئاوا دەیەوێ لەم ناوچەیە ئەوەیە، كە نەكورد و نە گەلانی تر، قەت ئۆخەی ژیان نەكەن و هەمیشە گرفتێك بۆیان هەبێ. مەسەلەی وەك كەركوك و ئەو ناوچانەی ناكۆكیشی لە سەرە، وەك دیارییەكی گران بەهان بۆ ڕۆژئاوا بۆ زیاتر فەڕزكردنی خۆیان بە سەر هەموو پێكهاتەكان. دیموكراسی و خۆشگوزەرانی و ئازادی، تەنها لە چوارچێوەی جوگرافیای ڕۆژئاوا خۆی قەتیس داوە، ئەویش سنوردارە بەڵام بەهیچ شێوەیەك، بە دۆزەخەكانی ڕۆژهەڵات بەراورد ناكرێ. لە بەلجیكا پۆلیسی دژە تیرۆر هەڵدەكوتێتە سەر زار و زمانێكی ئاشتی تەلفزیۆنی ڕۆژ. لە ئەڵمانیا سەركردەیەكی كورد كە تەنانەت ئۆپۆزۆسیۆنی (ئەو ئێرانەیە كە ڕۆژئاوا دژیەتی)، بە دەست و چاو بەستراوی ڕاپێچ دەكرێ. ئەوروپا و ئەمریكا بە نرخی كۆیلە سەیری كورد دەكەن. لەمەش خراپتر، ئێستا بەناو سەركردەی كورد وەك سەركردە كۆنەكانمان مەزن و ڕۆح بەرز نین، چ بەرامبەر بە خودی ڕۆژئاوا چ بەرامبەر بە نۆكەر و دار و دەستەكانیان لە عێراق و توركیا و سوریا. نیشتمان پەروەرترین یان جوامێرترین عەرەبیش لە عێراق، یەك دەنك ناسڵەمێتەوە بۆ دەست لەناو دەستكردنی ئەمریكا دژ بە كورد. لەوانەیە یەكێك بڵێ با ئێمەی كوردیش وابین. بەڵام ئەم هەڵوێستەی عەرەب هیچی بۆ هەڵنەكڕیون جگە لە نەهامەت و شەرمەزاری نەبێ. هەتا ئەوانیش ئاوا بەردەوام بن ئۆخەی نابینن. كورد گەر بە تەواویش خۆی بخاتە ئامێزی ڕۆژئاوا هیچی بۆ ناكرێ، چونكە ویستی ڕۆژئاوا لە گەڵ حەزی كورد یەكناگرێتەوە. هەروەها عاشقانی ڕۆژئاواش لە دونیا زۆرن، هەر كورد نیە هەڵوەدای ڕۆژئاوا بێ. تورك و فارس و عەرەبیش ئەم نەخۆشیەیان هەیە! بەڵام كورد بۆ بەردەوام دان بۆ وەدەست هێنانی مافەكانی پێویستی بەو ڕۆحە سەروەر و ئازادە هەیە كە سەركردە كوردەكان هەیانبوو لە سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست، كە پێشووتر ناومان هێنان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە