٨ شەهیدمان هەبوو بیرەوەری گەریلایەکی پکک

Saturday, 23/08/2014, 12:00

2011 بینراوە




و/ ڕێبوار هەمەوەندی
دەستپێکی وەرزی پایز بوو ، ئۆپەراسیۆنەکەمان بەناوی ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕانە بە هەموو خێرایی و گەرم و گوڕیخۆیەوە بەردەوام بوو ، پێویست بوو بەزوترین کات بگەینە (گۆستێ) ، دوای ئەوەی گەیشتینە گۆستێ فڕۆکە جەنگێکانی تورک دەربەندەکەی بە شێوەیەکی چڕ و پڕ بۆردومان کردبوو بەڵام خۆشبەختانە هەڤاڵان هیچ زەرەرێکیان لێنەکەوتبوو ، ئێمە بە قەدپاڵی (کورێ مزگەفتێ) لە شوێنێکدا جێگیربوین و چاوەڕێی فەرمانی هەڤاڵان ڕەشید و چیچەکمان دەکرد ، دوو سێ ڕۆژێک لەم شوێنە ماینەوە ، هەڤاڵانی نانەواچێکانمان لەبەردەم چەمی (حاجی بەگ) بەشێوەیەکی نامەبەستانە شوێنی خۆیان بۆ هێزی دوژمن ئاشکرا کردبوو فڕۆکە جەنگێکانیش بە خەستی ئەوێیان بۆردۆمان دەکرد ، خۆشبەختانە لەوێشدا زیانێکی گیانیان لێنەکەوتبوو ، بەڵام چەند هەڤاڵێکیان بریندار ببوو ، گروپێکی گەڕۆکمان بریندارەکانیان بەرەو خواکوڕک بردبوو ، ئەم ڕووداوە لە ١٢ و ١٣ ی ئەیلولی ٢٠١٢ هاتە ئاراوە ، گروپە گەڕۆکەکەمان لەگەڵ بریندارەکاندا دوای چەند ڕۆژێک لەژێر چاودێری فڕۆکە سیخوڕەکاندا گەیشتبونە خواکوڕک ، گروپێکمان کە بۆکاری دابەشکردنی ئازوقە لە هەرێمەکەدا ئەرکدارکرابون دوای ئەوەی چەمی حاجی بەگ تێدەپەڕێنن فڕۆکە سیخوڕەکان کەشفیان دەکەن و لەئاکامدا فڕۆکەیەکی زۆری سەربازی هێزی دەوڵەتی تورک گەیشتنە ناوچەکە و بۆڕدۆمانێکی زۆریان کرد ، لەم بۆردۆمانەدا هەڤاڵ نعمان سەرهات شەهید ببو هەروەها ئازوقەیەکی زۆریش لەناوچوبو لەگەڵ لەدەستچونی چەند هێسترێکدا ، وورەی پتەو و خۆڕاگری و ڕووحی شۆڕشگێڕانەی پۆڵاینی هەموو هەڤاڵان بەرامبەر ئەم جەنگەی دوژمن زەرەرێکی زۆری لە هێزی دوژمن دابوو ، بەڵام لە هەندێک شوێندا هەڤاڵان کەم تەرخەمیان کردبوو هەروەها کاروباری ناجدییەت هاتبووە ئاراوە ، کاتێک کە هێزێک دەچێتە هەرێمێکەوە بۆ شەڕ هەروەکو چۆن دەستپێکەی گرنگە دیاریکردنی کۆتاییەکەشی بەهەمان شێوە گرنگە ، هەربۆیە پێویستە پیلانسازیەکی باش بکرێت و ئاوڕ لە هەموو ووردەکاریەکان بدرێتەوە بەڵام کارکردن و جوڵانەوەی کەموکوڕیانە ببووە ڕێگر لەو سەرکەوتنەی کە ئامانجمان بوو .
لە ١٤ ی ئەیلولدا ٢٠١٢ فەرمانێکمان بۆهات داوامانلێکرا کە بچین بۆ دەربەندی (ئەولیا) ، ئێوارەی ئەو ڕۆژەی کە دەبوایە بکەوینەڕێ فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورک ڕێگاوبانەکانی ئێمەیان بۆڕدومانکرد ، لێرەشدا خۆشبەختانە هەڤاڵان هیچ زەرەرێکی گیانیان نەبوو ، کاتێک گەیشتینە قەدپاڵی دەربەندنی ئەولیا چاومانکەوت بە هەردوو فەرماندە ڕەشید و چیچەک کە هەردوکیان ئەمەکدار بوون و ئەرکێکی زۆریان کەتوبووە سەرشان ، کەچاومان پێکەوتن هەستمان بەهەیەجانێکی زۆر کرد ، لەگەڵ دیتنی ئەم دوو هەڤاڵە وانەی شێوازی شەڕ فێردەبوین و لە بواری بێئەزمونیدا ڕزگارمان دەبوو ، هەرفەرماندەیەکمان مێژوویەک بوو تەنها ئەوەندە پێویست بوو کە ئێمە لە وانەکانی ئەوانەوە شت فێرببین ، بەگەیشتمان بەم شوێنەو دیتنی ئەم دوو فەرماندەیەمان کار و ئەرکەکانمان چڕ ببونەوە ، پیلانسازییەک کرابوو بۆ ئازادکردنی گردی (شیکێرێ سپی) کە بەدەست هێزی دوژمنەوە بوو ، گروپەکەی ئێمەیان بۆ بەشداربوون بۆ ئەنجامدانی ئەو چالاکییە بانگکردبوو ، ئەوەی ڕاستی بێت گروپەکەمان هەمووی گەنج و خوین گەرم و دێوانە بوون ، ئێمە لەگەڵ ئەم گەنجانەدا چیمان پێنەدەکرا .
کە گەیشتینە شوێنی مەبەست هەڤاڵانی راگەیاندنمان بەکامیرەی خۆیانەوە شوێنی خۆیان گرتبوو ، ئەوان سەرقاڵی ڕەپۆرتاژ بوون لەگەڵ هەڤاڵان ڕەشید و چیچەک پاشان هەردوکیان بۆیانباسکردین کە هۆکارەکەی چییە کە ئێمەیان هێناوە بۆ ئێرە و دەبێت بە زووترین کات کارەکانمان ئەنجام بدەین ، هەروەکو هەموو جارێکیان بۆئەوەی ئاگەداری ڕەوشی چواردەوریان بن دووربینەکانیان بەچاویانەوەبوو ، دوای چاودێریکردنی سەنگەرەکانی دوژمن کەوتینە ناو گەنگەشەی ئەوەی کە دەبێت چی بکرێت بۆئەوەی ئەم چالاکییە سەرکەوتن بەدەست دەخات ، لە هەمانکاتدا هەڤاڵان بێریتان ڕۆبسکی و فەرزاد و جگەرخوێن و ئازاد ڕۆژهەڵات و هەڤاڵ کاوە کە چەندین ڕۆژ لەشوێنێکی تردا لەناو شەڕ و پێکداداندا بوون توانیبویان ڕێیەک بدۆزنەوەو خۆیان گەیاندبووە لای ئێمە ، سەرەرای ئەوەی ڕێیەکی زۆریان بڕیبوو ماندوشبوون بەڵام هێشتا بەتین و گوڕ بوون و هەمیشە خەندە لەسەر لێوانیان بوو ، کە بەیەک گەیشتین باوەشمان بەیەکدا کرد ، بەبێ ئەوەی هەلبڕەخسێنن کە ئەم هەڤاڵانە پشویەک بدەن هەڤاڵ ڕەشید هەموومانی کۆکردەوە و کۆبونەوەیەکی پێکردین ، چەند هەڤاڵێک دیاریکرا کە بۆ کەشفی ناوچەکە بکەونەڕێ هەروەها دوو سێ هەڤاڵێکی ئێمەش کە شارەزای ناوچەکەبوون لەگەڵ ئەو هەڤاڵانە ئەرکیان پێڕاسپێنرا ، هەڤاڵان ڕەشید و چیچەک خەریکی باسی ئەوەبوون بۆ هەڤاڵان کە بەباشی لە هۆکاری ئەم چالاکییە تێبگەن و لەو چوارچێوەدا هەڵسوکەوت بکەن و لەمەسەلەکان نزیک ببنەوە ، لەکۆبونەوەکەدا ئەرکەکانی گروپەکان دیاریکران ، بەشێوەی پیلانەکە لە ٢ قۆڵەوە هێرشدەکرایە سەر مۆڵگەی دوژمن و دەبوایە گردەکەش لەژێر دەستی هێزی دوژمن ڕزگار بکرێت ، ئەم هێرشە لە ١٥ ی ئەیلولی ٢٠١٢ کاتژمێر ٣ و نیو ئەنجام دەدرا ، زاتەن ئێمە ١٤ ی ئەیلول گەیشتبوینە ئێرە ، لەهەمان ڕۆژدا کە گەیشتیبوینە ئێرە بە ڕۆژی ڕووناک هەڤاڵان چالاکییەکیان دژ بە بارەگای هاروونە ئەنجامدابوو ، بەشێوەیەکی قارەمانانە شەڕیان کردبوو توانیبویان چەندی سەنگەری دوژمن تەفروتونا بکەن و بارەگاکە بکەنە ژێر دەستی خۆیانەوە ، دوژمن بەم چالاکییە زۆر سەرسام ببوو ، لەم چالاکییەدا زەرەرێکی زۆر لەهێزی دوژمنداربوو هەروەها ئێمەش ٨ گەریلامان لەو چالاکییەدا شەهید ببوون کە هەر یەکەیان سمبوڵی ئازادی و تێکۆشان و بەرخودان بوو ، ئەو ٨ هەڤاڵەی لەم چالاکییەدا شەهید ببوون ئەم هەڤاڵانە بوون (کاروان گابار .. جومعە .. نەوال .. ئێکین .. دونیا .. چنار .. مۆردەم و ئاشیلەر) بوون ، ئەوان لە دەرونماندا شوێنی تایبەتی خۆیان هەیە ، هەریەکەیان بوون بە مەشخەڵێک ، بەم شێوەیە ئەم چالاکییەی کە ئەنجامی دەدەین تۆڵەیەکیش بوو بۆ ئەو شەهیدانەمان ، پێشوتر فەرماندەکانمان لە نێوان خۆیاندا گەنگەشەی ووردەکاریەکانی چالاکێکەیان کردبوو ، ئەرکێکی زۆر دەکەوتە سەرشانی گروپەکەی ئێمە دەبوایە بەبێ کەموکوڕیانە ئەرکەکانی خۆمان بهێنینە جێ ، دەبوایە ئەم چالاکییە لە ١٥ مانگدا ئەنجام بدرایە بەڵام بەهۆی نەگەیشتنی چەند گروپێک و هاتنە ئاراوەی چەند کەموکوڕییەک بۆ ڕۆژی دوایی دواخرا .
هەرچۆنێک بوو دوا ئامادەکاری کراو هەڤاڵان کەوتنە ڕێ ، باوەشمانکرد بەیەکداو کەسمان نەماندەتوانی ماڵئاوایی لەیەک بکەین ئەوەی دەمانویست بیهێنینە زمان تەنها و تەنها لەدڵی خۆمان هێشتمانەوە و ئەو ووشەیەی کە پێمان دەکرا بیهێنینە زمان یەک ووشە بوو ئەویش (سەرکەوتن) بوو ، وەک پێشتر باسم کرد دەبوایە کاتژمێر ٣ و نیو چالاکێکە ئەنجام بدرایە بەڵام کاتژمێر ١١ و نیو لە دەنگی تەقە بەئاگا هاتین ، هەموومان چاومان لەو شوێنە بڕی کە دەنگی تەقەکانی لێوە دەهات ، هەڤاڵان پێش ئەوەی بگەنە شوێنی مەبەستی خۆیان کەوتبونە ناو بۆسەی هێزی دوژمنەوە ، لەیەکەم دەستکردنەوەی هێزی دوژمن هەڤاڵان جگەرخوێن موش و ئازاد ڕۆژهەڵات شەهید ببوون ، بەردەوام هێزی دوژمن لەسەر گردەکەوە تەقەیان دەکرد ، لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی دەستەویەخەی گروپەکانی پێشەوەی ئێمە فڕۆکە سیخوڕەکانی هێزی دوژمن گەیشتنە سەرمان ، دوایش کۆپتەری کۆبرا گەیشتە ناوچەکە ، ئێمەش جگە لە چاودێریکردنی ڕەوشەکە و پەیوەندیکردن بە بێتەل هیچیترمان لەدەست نەدەهات ، هەندێکجار کە پەیوەندی بێتەلیمان لە نێوان ئێمە و هەڤاڵان کەدەپچڕا بیرمان لەوەدەکردەوە کە هەڤاڵان لەوانەیە شەهید بوبێتن ، بەڕاستی هەستێکی زۆر ناخۆش بوو ، چالاکێکەمان هەڵوەشابۆوە ، هێزی دوژمن تەکنیکی پێشکەوتوی خۆی خستبووە کارەوە ، کۆپتەرە کۆبراکان شوێنی گروپێکی باڵی هێرشبەریان بۆ ئاشکرا ببوو بەردەوام بۆردۆمانی دەکردن ، پێمانڕاگەهێنرا کە هەڤاڵان گابار و ماریا بریندار بوونە ، لەکاتی شەڕوپێکدادانەکاندا جارێکی تر گوێمان لە دەنگی هەڤاڵ بێریتان بۆوە ، لەدەنگی بێتەلەکانەوە دیاربوو کە هەڤاڵانی قۆڵی هێرشبەر بەهۆی شڵەژاویانەوە ڕێگایان وون کردووە هەروەها برینداریشیان هەبووە هەربۆیە ناتوانن بەخێرایی ڕێبکەن ، بێریتان توانی لەڕێێ بیتەلەوە ڕیگاکانیان بۆ ئاشکرا بکات و لەوشوێنە مەترسیدارە دووریان بکاتەوە ، فڕۆکە سیخوڕەکان بەردەوام شوێنی هەڤاڵانی ئاشکرا دەکرد ، هەڤاڵ بێریتان بەرپرسی پەیوەندێکانی نێوان هەموو گروپەکان بوو ، بەردەوام لەسەرخۆ بوو هێمن و بەژیرانە بڕیارەکانی دەردەکرد ، ئەم هێمنیەو هەڵسوکەوتی ژیرانەی هەڤاڵ بێریتان وورەی بە ئێمە دەبەخشی ، دوای ماوەیەک دەنگی بێتەلەکان کپ بوون ، هەموومان نیگەران بووین و دیمەنی هەڤاڵانمان دەهاتەوە بەرچاو کە بە بەردامماندا کەوتنە ڕێ ، بیرمان لەو مەترسیانە دەکردەوە کە بۆ سبەی دەهاتنە ئاراوە و بێگومان زانینی کۆی ئەو زەرەرەی کە لە ئەنجامی ئەم بۆسەیەی هێزی دوژمن دەهاتە ئاراوە ، ترسێک ناخمانی داگیرکردبوو ترسەکەش لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو کە لە ناکاو دەنگی هەموو بێتەلەکان بێدەنگ ببون .
تابەیانی بەبێ ئەوەی هیچ شتێک بکەین لەشوێنی خۆمان ماینەوە ، دەمەوبەیانیش کەوتینە کەشف کردن ، جموجۆڵێک لەو گردەوە هەبوو کەلە ئێمەوە دیاربوو ، بەڵام ئێمە زانیاری تەواومان نەبوو کە ئایا هەڤاڵان خۆیان گەیاندۆتە شوێنی دڵنیا یان نا ، ئەوکاتەی بیرمان لەمە دەکردەوە لەناکاو دەنگی دوو فڕۆکەی جۆری ف١٦ هات بەگوێماندا ، ئەم دوو فڕۆکە جەنگییە کەوتنە بۆردۆمانکردنی (نێرکۆلا) کە نزیک بوو لە (کورێ مزگەفتێ) ، دەمانتوانی هاتنە خوارەوەی بۆمباکانیان ببینین ، هەر بۆمبایەکیان کەدەکەوتە خوارەوە جەرگی ئێمەی دەسوتاند ، ماوەی کاتژمێرێک بەبێ وەستان ئەو شوێنانەیان بۆردۆمانکرد کە هەڤاڵانی لێبوو ، لەخۆمانمان دەپرسی ئایا دەبێت هەڤاڵان لەکوێ بن ؟ ، ئایا هەموویان بەیەکەوەن ؟ ، ئایا دەبێت ڕەوشی هەڤاڵە بریندارەکان چۆن بێت ؟ ، ئێمە تەنهاوتەنها لەناو چاوەڕوانیەکی کپ و ماتدابوین ، بەڵام لەناخماندا زریانێک لەئارادبوو ، ماوەیەک بێدەنگیەک هاتەئاراوە بۆماندەرکەوت ئەو گروپەی کە بۆ هێرشکردن بۆ قۆڵی دووەم بەڕێ کەوتن لەلایەن فڕۆکە سیخوڕەکانەوە شوێنەکانیان ئاشکرا ببوو ، هێزی دوژمن بەچەکی گران بەردەوام کەوتنە تەقەکردن لەو خەتەی کە ئێمە ناوماننابوو خەتی شەهید سیپان ، هێزی دوژمن لەبەیانییەوە تاکو نزیکەی نیوەڕۆ بۆردۆمان و تۆپبارانی ناوچەکەی کرد دەنگی تۆپ و فڕۆکە و تەقە ئاوێتەی یەک ببوون ، دوای ئەوەی ماوەیەک ڕەوشەکە ئارامبۆوە هەڤاڵ ڕەشیدم بینی کەلەناو دەریایەکی قوڵی بێدەنگیدا بوو ، هەڤاڵ ڕەشید گەریلایەکی لاومانی نارد بۆ کەشفکردنی ئەو شوێنەی کە تەنها فڕۆکەکان بۆردۆمانیان دەکرد ئەویش ناوی هەڤاڵ خەیری بوو ، هەموومان چاوەڕێی هاتنەوەی هەڤاڵ خەیری بووین ، لە مێشکی خۆماندا هەزارەها پرسیارمان لەلا دروستببو ئایا ئەو هەڤاڵانەی شەهید بونە کێن ؟ ، ئایا کەسیان ڕزگاریان بووە ؟ .
ئەو شوێنەی کە ئـێمە مەبەستمان بوو هێزی دوژمن بەردەوام بۆردۆمانی دەکرد ئێمەش بڕیارماندا هەتا سەرنجی دوژمن بەولایەدا نامێنێت چاوەڕوانبین ، لەناو ڕێکخستندا سەختترین شت ئەوەیە کەلە بارەی ژیانی مرۆڤەوە بڕیار بدرێت ، لەوەدەچو ویستوبێتمان بەخێرایی ئەم چالاکییە بەئەنجام بگەهێنین ، هەڤاڵان تازە گەیشتبونە (گۆستێ) و نەدەبوو ڕاستەوخۆ رەوانەبکرێن بۆ ئەنجامدانی چالاکی دەبوایە ئەم چالاکییە ئامادەباشییەکی باشتری بۆبکرایە ، ئەنجامدانی ئەم چالاکییە بەودەستوبەرە زەرەری لێدابوین ، ئەم هەڵەیە ئازاری ویژدانی هەموومانی دابوو ، ئەرکێکی گەورە کەوتبووە سەرشانمان ، هێشتا تێر بەویستی خۆمان خەندەی سەرلێوی ئەو هەڤاڵانەمان نەبینیبووهەڵبەت لەدەستدانی هەڤاڵانمان و رەوانەکردنیان بۆ ڕێگایەک کە گەڕانەوەی زەحمەت بوو ئازاری دەرونمانی دەدا ، ئـێمە تازە گەیشتبویەن ئێرە روبەڕوی ئەو زەرەرە گیانییە بوینەوەو ئەمەش ئێمەو هەموو هەڤاڵانی لەناخەوە ئازاردەدا ، دەبوایە بەهەر شێوەیەک بوایە تۆڵەی ئەو هەڤاڵانەمان بکردایەتەوە ، هەموو هێزەکەمان تا کۆتایی حەملەکەمان لەقەد پاڵەکانی (ئەولیا) مانەوە ، ئێمە بە گریمانەی ئەوەی نەک هێزی دوژمن (گۆستێ) بگرێت سەنگەرمان گرت ، ئامانجی ئێمە ئەوەبوو لە حاڵەتی هاتنە ئاراوەی شەڕدا زەرەرێکی باش لە دوژمن بدەین ، هەموو هەڤاڵان سوێنی تۆڵەیان خواردبوو ، هەرکاتێک کە لەوهەڤاڵانەم دەڕوانی کەلە سەرەتای ئەم حەملەیەماندا لە سەنگەردابون و لە هێرشەکاندا لە ڕیزی پێشەوەبون و هەمووشیان ئەمەکدار و فیداکاربون ئازایەتی ئەوەم لەلا دروستدەبۆوە کە ئەو ئامانج و ئاواتەی شەهیدانمان هەیانبوو بێسڵکردنەوە لەهیچ شتێک پەرەی پێبدەین و بەو ئامانجەشەوە ڕێمان دەگرتەبەر ، سەرچاوەی هەرە گەورەی مۆڕاڵ و هێزی ئێمە خوێنی شەهیدانمان بوون ، هەربۆیە نەماندەتوانی بەشێوەیەکی نا بەرپرسیارانە و بە ساکارانە و سەربەخۆیانە و بەویستی خۆمان لەمەسەکان نزیک ببوینایەتەوە ، ئەمە بێڕێزیەک دەبوو بەرامبەر بە ئەمەکی هەڤاڵانمان و خوێنی شەهیدان ، دەبوایە ئەوەی لەدەستمان بهاتایە بمانکردایە بۆئەوەی ئەم حەملەیەمان بەسەرکەوتوانە بەمەبەستی خۆی بگەهێنین .
لەراستیدا هەر هەڤاڵێکی شەهیدمان ووشیار کەرەوەیەک بوو بۆ ئێمە ، بەڵام مەخابن بەرامبەر ئەم هۆشیارکردنەوەیەدا هەندێک کەمتەرخەم بوینە ، ئەوەی هۆکاری سەرەکی سەرکەوتنی ئەم جەنگەیە ڕووحی میلیتانی ئاپۆچێتییە ، بەپێشەوایەتی شەهید ڕەشید سەردار و هەوڵ و ئەمەکی زۆر و سوور بوون لەسەر دۆزەکەمان و بە بڕیاربوونی هەڤاڵان جگە لە سەرکەوتن شانسێکی تریان لەبەردەم ئێمە دانەنابوو کە بە پێشەوایەتی ئەوان ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕانەی شەمزینان پەرەی سەندبوو بەناوەکەی تری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی شەهید (ڕووبار ماردین) و شەهید (ڕۆزەرین پیران) ، باسکردنی هەموو ووردەکاریەکەی ئەو ئۆپەراسیۆنە کارێکی مەحاڵە ، بۆئەوەی بگەینە ئاستی مەزنایەتی ئەو هەڤاڵانە و دلسۆزیمان بۆ شەهیدان و بۆئەوەی ئەنجامی راست و دروست بەدەست بخەین وبۆ ئەوەی بەرپرسیارانە تر بجوڵێنینەوە و ئەرکەکانمان بە ئەنجام بگەهێنین دەبێت ئەرکێکی زۆر بخەینە سەر ئەستۆی خۆمان .
وانەیەکی زۆر فێربوین لەم حەملەیەی شەمزینان ، لەبەر تیشکی ئەم وانانەی لەو چاونەترسییەی کە فەرماندەی شەهید ڕەشید و هەڤاڵانی تری شەهیدانەوە لێی فێربوین بەبێ ئەوەی هیچ دوودڵییەکمان هەبێت بۆ حەملەیەکی تری نوێ ئامادەین و بە گرێدراوی بەو سوێندەوە ژیان دەکەین ، ئێستا ئەوەی دەکەوێتە سەرشانمان ئەوەیە کە بەڵێنی سەرکەوتن بدەین وە بەڵێن دەدەین هەر سەردەکەوین .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە