ژنێك لەكەس ناچێت و لەسویدەوە بە ئاسمانى كەركوكدا ئەفڕێت

Wednesday, 03/02/2010, 12:00

1452 بینراوە


جەستە لەنێوان پاكیزەى و گوناه دەكەوێتە كوێوە؟ ئایا جەستە گوناهبارە یاخود بێگوناهە؟ هەڵبەت چەمكى پاكیزەیى چەمكێكە زیاتر دەتوانین بیسەپێنینە سەر رۆح نەوەك جەستە، چونكە جەستە ئارەزوویەكى قووڵى هەیە بۆ ژیان، بۆیە جەستە گوناهبارە، بەڵام پرسیارەكە لەوێدایە جەستە بەچى گوناهبارە؟ جەستە گوناهبارە بە پاكیزەیى.. چونكە بووە بە هەڵگرى گوناهەكانى پاكى، بۆیە جەستەى گوناهبار جەستەیەكى پاكیزەیە.. جەستەیەكە بێلایەن نیە لەغەریزە سرووشتیەكانى بوون، ئەو لەناو پرۆسەیەكى ئاوێتە بووى سرووشتە بە هەستە ئینسانیەكان، بۆیە سەرەنجام دەبێت بە گوناهبار، گوناهەكەشى بەرهەمى ئەو دۆخە سرووشتیەى بوونە، كە ئاوێتەى پاكیزەیى دەبێت بۆیە گوناه دێنێتە ناو خۆى.
هەندێكجار بیركردنەوە لەوەى ڕووبەرووى دەبینەوە ئاخۆ خەیاڵێكەو ئێمە هاتووینەتە ناو مەملەكەتى خەون یاخود ئەوە هاتنە دى ساتەكانى مناڵیە كە لەگەورەبوون ژنى ناو خەونەكان.. ژنى شارە ڕەنگاو ڕەنگەكان ئەو ژنانەى لەبنەڕەتدا ئەوان دەمەو عەسران بەڕووبارى شیر خۆیان ئەشۆن ولەبەردەم قاپى شەراب خۆیان بۆ بیركردنەوە لەشەوێكى تاریك ئەپارێزن بەوەى ئەوان ژنانێكن نایەنە ناو دنیاى ئێمە، كاتێك یەكێك لەو ژنە دەگمەنانە ئەدۆزینەوە ئەو ژنانەى لەسەر زەوى ئێمە بوونیان نیە، بەڵكو لەوێن.. لەناو ئەستێرەو هەورەكان دەرئەكەون، بەڵام من ئەوم یەكەمجار لەناو میلۆدى گۆرانیەكدا دۆزیەوە، كاتێ لەناو ێۆلۆى كەمانجەیەكدا لەسەر ئاوازى فلامینگۆ سەماى ئەكرد، ئیقاعى دنیاى خێرا كردبوو، بێئەوەى بمەوێ جارێكیتر هەموو خەونەكانم لەناو سەماى ئەودا ئەبینم، ئەو پێم ئەڵێ كەچەندین كێشوەر لێرە دوورە.. كەچى واتێئەگەم ئەو هێندەى دەنگى گۆرانیەكە لێمەوە نزیكە، دەرگا كیلۆن دراوەكەى رۆحى خۆمى لێدەكەمەوە تا بێت لەگەڵما سەفەر بكات بەرەو كوچەو كۆڵانەكانى ناخم بۆ ئەوەى تەواوى بوونم بناسێت، من ئەو بەخۆم ئەناسێنم، تا بزانێت هیچ ژنێك وەك ئەو نەیتوانیووە وەك خۆم بمناسێت، ئەوانەى هاتن نەیانتوانى لەناو رۆحما بمێننەوە، چونكە دەیانوویست لەناخما نەبن، بەڵكو دەیانویست ماڵیان بۆ دابنێم ئەگەر من بڕیارە ئەوانم خۆش ئەوێ دەبێ لەناو ئاڵتون و سامانى دنیا نوقمیان بكەم، كەچى جگە لەو ژنەى ئێستا ئەیناسم ودەرگاى رۆحم بۆ كردۆتەوە كەس نەیتوانیوە لەناو رۆحم بمێنێتەوە كەچى ئەو خاوەنى روانینێكە تواناى ئەوەى هەیە بمبینێت، قەبارەى ئەو برینانە دەبینێت كە یادەوەرى بریندار بۆمنى تۆمار كردووە.
لەدوورترین ئەستێرەى ئاسمان سیماى ئەو ئەبینمەوە، ئەو شیعرێكە لەبوون، لەفانتازیاو سریالیەتى سلڤادۆر دالى ئەچێت، كەچى كەسانێكى گەمژە هەن درك بەوە ناكەن ناتوانن لە میهرەبانى وجوانیەكانى ئەو تێبگەن، من ئەیبینم وئەوانیتر لەئاست هەموو جوانیەكانى ئەو كوێرن.. ئەوە گوناهى من نیە كە كەسیتر جگە لە من نەتوانێ جوانى ئەو ببینێت، بۆیە ئەو بەگومانە لەو هەستانەى من، ئەو هەڵەى نەكردووە لەوە چونكە كەسێكى نەدیووە ئەوى لەناو كێشوەرەكانى ڕەنگ لەلاى فریشتەكان هێنابێت بۆ قسەكردن، بەڵام ئەوەتام هاوار ئەكەم كە من لەهەموو هەستەكانم بەرامبەرى ڕاستگۆم بێباكم لەوەى با هەموو دونیا بزانێ ئەو ئەگەر هەر باوەڕ بەوەش نەكات ناچارم ڕووبكەمە هەموو ئەوانەى رۆژێك منیان ناسیووە ئیمزام بۆ كۆبكەنەوە تاوەكو ئەو خوایەى لەسەر زەوى دۆزیمەوەو لەبنەڕەتدا ئەو لەناو پەڵە هەورەكان بوو، من بینیوومەو كەس بڕوا بەو بینینە ناكات، ئاخر خۆ كەسمان مۆسیقاى مۆزارت و چایكۆفسكى وشۆپانمان نەدیوە بەڵكو هەست بەجوانیەكانى ئەكەین وەك هەستكردنى من بەو فریشتەیەى ئێواران لەو سەرى سویدەوە دێتە ئاسمانى كەركوك وەك خۆى ئەلێت لەكۆلانە تاریكە بەفراویەكانى ستۆكهۆڵمەوە ئەفڕێت و خۆى بە كۆلانەكانى رەحیماوەو شۆرجە و حوریە و ئیمام قاسم ئەكات و دەستم ئەگرێ ولەهەوادا من ئەكەومە ستایشى جوانیەكانى، وەك ستایشەكانى دایكم لەسەر بەرماڵ بۆ ئەوەى رۆژێك خودا وەڵامى بداتەوە، من هەر شتێك بەو ئەڵێم هەست ئەكەم لەدەممەوە دەرناچێت نا لەدڵى بریندارمەوە پێى ئەڵێم، ئەو نایەڵێت ئەو ئێوارەیە من قسەكانم تەواو بكەم ئەیەوێ بفڕێتەوە بۆ ئەوێ شارى بەفر و ساردیە بێماناكانى سوید، چونكە ئەزانێ ئەبێ بچێتەوە لاى دوو مناڵەكەى كە لەم دنیایە لەهەموو شتێ زیاتر خۆشیانى ئەوێ، لەباخچەكەى ئیسكان نزیك تەلەڤزیۆنى كەركوك بەیەكەوە لەدرەختێك وورد ئەبینەوە، بەبەرچاومەوە ئەبێتە پەپولەیەك و لەسەر لقى گوڵێكى سپى ئەنیشێتەوە، "ئەڵێ شەو درەنگە ئەبێت جێت بێلم، دڵنیابە سبەى ئێوارە دێمەوە" من سەیرى ئاسمان ئەكەم ئەو پەپولەیەكى ڕەنگاو ڕەنگە بەسەر ئاسمانى ئێمەدا ئەڕوات وكەس ناتوانێ بیبینێت من نەبێت، من ئەیبینم تائەگاتەوە لاى هەردوو مناڵەكەى، دنیا تاریك داهاتووەو منیش بەشەقامەكان ڕێگا ئەگرم تا ئەگەمەوە ماڵە تاریك وترسناكەكەم، ئەڵێم ئەگەر باوەڕم پێنەكات ناچار بچمە بەردەم نووسینگەى (UN) ومان لەخواردن بگرم، یاخود تكام وایە هاوڕێیان لیستێكى ئیمزام بۆ كۆبكەنەوە تا ژنى مەملەكەتى ئاسمان وشارەكانى خەیاڵ باوەڕم پێبكات كە بێ ئەو من هیچ نیم.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە