به‌راوردێک له‌ نیوان سەدام حسێن و سەركردەکانی كورددا!

Saturday, 08/09/2012, 12:00

2778 بینراوە


بە دەر لە بیركردنەوەیەكی ناسیۆنالیستیانەی كوردی و ئەو هەموو زوڵم و زۆرەی سەدام و رژێمەكەى لە گەلەكەمانی كردووە، چەند سیفەتێكی باشی هەن، كە پێویستیان بە باسكردنە، تاكو سەركردە كوردەكانمان بە خۆیاندا بچنەوە، وەك دەوترێت سود لە لایەنى باشى دوژمنەكەت وەرگرە و زیانەكانى وەلا نێ.
كابرایەكى شاری كەركوك ریفاق دەبێت، سەدام بانگى دەكات بۆ لێپرسینەوە، كە گوایا زەوى بە ئافرەتێكى لەشفرۆش داوە! دەیەوێت محاسەبەكەى بكات و سزاى بدات، بەڵام كابراى ریفاق بە سەدام دەڵێت، من زەوییەكەم بۆ گۆڕیوە لە شوێنێك بۆ شوێنێكى تر كە كەس و كاری تێدایە، ئەو ئافرەتەش ژنە شەهیدە لەبەر ئەوەى نزیك خانەوادەى خۆى بێت و تووشى كێشە نەبێت! بۆیە كە سەدام بەمە دەزانێت، دەڵێت كەوایە لەسەر ئەوكارەت دەمەوێت پاداشتت بكەم، چیت دەوێت؟! كابراى ریفاقیش دەڵێت، كوڕەكانم لە زانكۆكانى بەغدا دەخوێنن و خۆشتان دەزانن حەسارمان لەسەرە، ناتوانن ئەوەندە هاتووچۆ بكەن بۆ كەركوك و بۆ بەغداد، گەر بكرێت خانوێكمان لە بەغداد بۆ دابین بكەن، دواتر سەدام بە كتابێك داوا دەكات خانووێكى ریفاق لە بەغداد بۆ ناوبراو دابین بكەن و خانووەكەى كەركووكیشى بدەن بە ریفاقێكى تر! واتە سەدام قبوڵى نەكردووە لە یەك كاتدا ئەو كەسە دوو جار سودمەند ببێت! لە كاتێكدا لەم هەرێمەى خۆماندا ریفاقەكانى پارتى و یەكێتى دەیانجار سودمەند بوون و سەركردەكانیشیانمان نەبینى لێپرسینەوە لە یەك ریفاقى باڵاى خۆیان بكەن و بڵێن پێشتر خاوەنى چی بوویت و ئێستا ئەوەت لە كوێ بوو؟!
رەنگە ئەم چاوپۆشییەى سەركردە كوردەكان بۆ بوونى ئەو هەموو نادادپەروەرییەى خودى خۆیان بگەڕێتەوە و زات نەكەن بەوانەى خوار خۆیان بڵێن ئەوەت لەكوێ؟! چونكە ئەوانیش پێیان دەڵێن: "ئێوەش ئەو هەموو مەزرەعە و ڤێلایانەى شاری بادنى نەمسا و ئوسترالیا و ئەمەریكا و ئیماراتتان لە كوێ؟!"، كورد وتەنى گەورە ئاو دەڕژێت و وردەڵەكانیش پێى لێ هەڵدەسوون.



كاتێك سەدام لە سەرەتایی دەخوێنێت، مامۆستایەكى لێى دەدات، شەوەكەى سەدام لە دەرگاى ماڵى مامۆستاكە دەدات، لەگەڵ دەرگا كردنەوەى فیشەكێكى دەمانچە بە قاچیەوە دەنێت، پاشان لە ساڵى نەوەدەكان سەدام سەردانى ماڵى ئەو مامۆستایە دەكات و دەڵێت ئەوە من بووم ئەو كارەم كرد، لەبەر ئەوەى تۆش هەڵەت بەرامبەر من كرد، لە كاتێكدا من هیچ هەڵەیەكم نەكردبوو و بەسەر منیاندا هێنا و تۆش باوەڕت بەوان كرد! ئێستاش تۆ حەقت لاى منە و چیت دەوێت قەرەبووى بكەمەوە! لە بەرامبەردا ئەم سەركردە كوردانەى ئێمە هەزاران رۆڵەى ئەم گەلە ستەمدیدەیان بە ناحەق كوشتووە و ئامادەش نەبوون نەك سەردانى دایكە جەرگ سوتاوەكانیان بكەن، بەڵكو تا ئێستاش نەهاتووە بە دەمیاندا داواى لێبوردنیش لە گەلەكەیان بكەن!
لە یەكێ لە دانیشتنەكانى دادگاییكردنیدا پێیانوت كە لە كاتى ئەنفالدا دەستدرێژى كراوەتە سەر ئافرەتى كورد! سەدام وتى، لە كاتى گرتنى كوەیت، جوندیەكى عێراقى دەستدرێژى كردبووە سەر ئافرەتێكى كوەیتى، لە بەغداوە لیژنەم بۆ دروست كرد، كە بۆمان دەركەوت راستە، حوكمى ئیعداممان بەسەردا سەپاند و 3 رۆژیش تەرمەكەى بە دارەوە بوو، تاكو ببێتە عیبرەت بۆ كەسانى تر! ئێستاش گەر بچمەوە سەر حوكم لیژنە بۆ ئەوە دروست دەكەم، منێك قبوڵى ئەوەم نەكردبێت بەرامبەر ئافرەتێكى بێگانە بە عێراق كرابێت، ئێستا چۆن قبوڵ دەكەم، ئەو شتە بەرامبەر كوردێكى عێراقى كرابێت؟!
هەرچەندە سەدام دەیان ئافرەتى كوردى بێ تاوانى ئەنفال كردووە و شارینەوەى ئەو تاوانە نییە گێڕانەوەى ئەم بابەتە، بەڵكو بۆ ئەوەیە كە دەیان ژنە شەهید و كچە شەهید و ئافرەتى تر بە بیانووى راییكردنى ئیش و كاریانەوە دەستدرێژیان كراوەتە سەر، لە پێناو دامركاندنەوەى حەزەكانیان هەموو بەها پیرۆزییەكانى مرۆڤایەتیان لە ژێر پێ ناوە، لەولاش سەركردایەتى كورد خۆى بێ ئاگا پیشان داوە و ئێستاش ئەو كارانە لە ناو دەسەڵاتى كوردیدا برەوى هەیە و بەردەوامە.
چەند بازرگانێكى عەرەب چەند ئۆتۆمبێلێكى گرانبەهاى ئەوكات بە دیاری دەدەنە عودەى كوڕى سەدام، سەدام كە بەمە دەزانێت ئۆتۆمبێلەكان دەسووتێنێت و بە بازرگانەكانیش دەڵێت گەر جارێكى تر كارێكى وەها بكەن، لە سێدارەتان دەدەم، وەلێ كوڕە بە ناو بەرپرسەكانى كورد دیاریان لەم و لەو بۆ دێ و لە بەرامبەر ئەو بەرتیلانەشدا زەوى مساتەحە و كرانەوەى بازرگانى و رێ لێ نەگرتن و لێ نەپرسینەوەیان لە لایەن نابەرپرسەكانى كوردەوە بە روودا دەكرێتەوە و لەسەر حیسابى خوێنى ئەم گەلە تا دێن عیملاق تر دەبن!
پێموایە دەسەڵاتى كوردى بە یەكێتى و پارتیەوە هێندەى سودیان لە كارە دڕندانەكانى سەدام و دار و دەستەكانى كردووە و مومارەسەیان دەكاتەوە، نەیتوانیوە سوود لە لایەنە باشەكانى بكات و پیادەى لایەنە پۆزەتیڤەكانى بكات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە