ئازادى دەسەڵات یا ئازادى جەماوەر-به‌شی ته‌واوکار

Monday, 14/06/2010, 12:00

1221 بینراوە


 ئەم دیاردەیەى مەسعود بارزانى تازە پێى ئاشنا بوە و پێى وایە بە وتنەوەى وانەى سادە لەوحى " سەروەرى یاسا" دەتوانێ "عاقڵى" بكا ،بەڵام لاى مەلا بەختیار ڕۆشنتر دەزانێ كە ئەم دیاردەیە ڕیشەى لەكوردستاندا هەیە و ڕام كردنى لەلایەن دەسەڵاتەوە بەو ئاسانیە نیە. ئەو دەڵێ:" كاتێك دیقه‌ت له‌ فه‌زای‌ ئازادی‌ ئێستا ده‌درێت، به‌ئاسانی‌ هه‌ست پێ‌ ده‌كرێت، ئه‌م ئازادی‌ بێ‌ قه‌یدو شه‌رتی‌ سیاسی‌و یاساییه‌، ئه‌م ئازادییه‌ی‌ ره‌چاوی‌ قۆناغه‌كانی‌ گه‌شه‌كردنی‌ دیموكراسی‌ تیا ناكرێ‌،..هه‌ڵه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌، له‌ناو ناوه‌ندێكی‌ نوسه‌رو نوسیندا، خه‌یاڵدانی‌ ئه‌وتۆ بخوڵقێندرێ‌، كه‌ گوایه‌ ده‌شێ‌ په‌یڕه‌وی‌ له‌ئازادی‌ بێ‌ سنور بكرێ‌. بۆ ئه‌وه‌ی‌ ره‌گ‌و ریشه‌ی‌ ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ دیاری‌ بكه‌ین، ئاوڕێك له‌رابردو ده‌ده‌ینه‌وه‌. له‌مه‌ڕ ئازادیی‌ بێ‌ قه‌یدو شه‌رتی‌ سیاسی، ..ئه‌م مشتومڕه‌ له‌دوای‌ راپه‌ڕینه‌وه‌، هه‌ر له‌ڕێگه‌ی‌ بانچه‌په‌كانه‌وه‌، هاته‌ ناو هاوكێشه‌ سیاسیه‌كانی‌ كوردستانی عێراقیشه‌وه‌. زۆرتریش په‌یڕه‌وانی‌ كۆمۆنیزمی‌ كرێكاری‌ ئه‌م تێزه‌یان هێنایه‌ ئاراوه‌... ".ئەمە دانپێدانانێكە بە كاریگەرى دەورى كۆمۆنیزمى كریكارى لە خولقاندنى "خەیاڵدانى ئازادى بێسنوردا" لەكوردستان و ئەو فەزای ئازادیەى هێناوەتە ئارا كە خەڵك بەرامبەر بەدەسەڵات ڕادەوەستن و ڕەخنەدەگرن . ئەمە جێگاى شانازى یە بۆ كۆمۆنیزمى كریكارى و نیشاندەرى تەعبیرى ئەم ڕەوتەیە لە خواستەكانى خەڵكى ستەملیكرا و ئازادیخوازى كوردستان ،هەرچەندە دەسەڵاتداران لە ڕێگاى كوشتار وسەركوتى كۆمۆنیستەكانەوە توانیان ئەو حزبە لاواز بكەن بەڵام سونەت و ئایدیاكانى كۆمۆنیزمى كریكارى لە كوردستاندا ڕیشەى هەیە و زیندوە. ئەم سونەت و ئایدیا ئینسانیانە وەڵامى نیاز و تینویـتى كۆمەڵگەى كوردستان دەدەنەوە بۆ ئازادى و هەربۆیە لەهەر دێڕێكى سەردەشت و سۆران و رۆژنامەنوسان و خۆپیشاندەران و ژنان و لاوانى كوردستاندا دەیبیننەوە. هەرچەند مەلا بەختیار و دەسەڵاتەكەیان هاوار بكەن " هێشتا زۆرمان ماوه‌، بگه‌ینه‌ ئه‌و ئاسته‌ی‌ ئه‌مجۆره‌ ئازاداییه‌، په‌یڕه‌و بكه‌ین. لانی‌ كه‌م، له‌ناو ترادیسیۆنی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ئێمه‌، دروشمی‌ وا ناخوا. له‌ناو حزبه‌ سیاسیه‌كانی‌ ئێستادا، قبوڵ‌ ناكرێ‌، له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كاندا، سته‌مه‌. له‌به‌رامبه‌ر ئاین‌و مه‌زهه‌به‌كانیشدا، مه‌حاڵه‌. " بەڵام جەماوەرى ئازادیخوازى كوردستان نیشانى دا كە لەبەرامبەر ئەم هەموو ناخوا و قبوڵ ناكرێ و ستەم و مەحاڵەدا بێدەنگ نابێ و خەتە سورەكانى دەسەڵات بە خەتە سورەكانى ئازادى بێقەیدوشەرتى جەماوەر دەسڕێتەوە و لەبەرامبەر هەر ڕووداوى پیشیلكاریەكى ئازادى لەلایەن دەسەڵاتەوە پیشیلكارى یاساكانى دەسەڵات دەكاتە دیاردەیەكى هەمیشەیى. ئەمە ئەو جیاوازیە ئاشكرایەى نیوان ئازادى دەسەڵات وئازادى جەماوەرە كە لەم ڕوداوەوە خۆى نیشاندا. جیاوازى نیوان ئازادى قەیدوشەرتى "یاسایى" دەسەڵات لەگەلأ ئازادى بێقەیدوشەرتى جەماوەرى ئازادیخوازى كوردستان. 
ئازادى مەترسى یە یاخود پاراستنى ئاسایشى كوردستانە؟
ئەو جیاوازیەى لەسەر ئازادى لە نیوان دەسەڵات و جەماوەردایە سەرچاوەكەى بەرژەوەندیە جیاوازەكانى ئەم دوو لایەنەیە.لەلایەك دەسەڵاتێك كە بودجەى حكومەتى مەركەزى و داهاتى نەوت وگومرگى كوردستان و هەموو سەرچاوەكانى تر دەڕژێنێتە گیرفانى دوو حزبى چەكدارەوە و سەرجەم ژیانى سیاسى و كۆمەڵایەتى لەڕێگاى حزب و میدیاكان و وەزارەتەكان و مزگەوتەكانەوە كۆنترۆل كردوە . ئەم دەسەڵاتە ئازادى بەوە دەزانێت كە هیچ ڕێگریەكى نەبێ لە پاراستنى ئەم ئیمتیازات و بەهەشتەدا، وە ئەگەر خەڵك ئازادى ئەوەى هەبێ لەدەسەڵات بپرسێتەوە ئەم داهاتە چى لێدەكەن و بۆچى دەزگاى ئەمنى نهێنیتان هەیە و بۆچى دوو بنەماڵە لەدەسەلات وسەروەت وساماندا غەرق بێت و زۆربەى ئینسانى كوردیش لەژێربارى گرانى و بێخانەولانەیى و نەبونیدا بناڵێنێ ؟ ئەمە ئیتر مەترسى یە و سەرۆك توڕە دەبێ و دەڵێ " ‌ڕه‌وشی ئه‌منی ده‌شێوێنن‌و خه‌ڵك توشی ترس‌و نیگه‌رانی ده‌كه‌ن ". بۆچى ئەگەر ئازادى ئەوەت هەبوو تەعبیر لەم وەزعەى خۆت بكەیت و ناڕەزایەتى دەربڕى دەسەڵات بەسەراحەتەوە پێت ڕادەگەیەنێ هۆى كوشتنتان "دروستكردنی‌ خه‌یاڵدانی‌ ئازادیی‌ بێ‌ قه‌یدو شه‌رتی‌ سیاسی‌"یە.
زیندومانەوەى ئەم خەیاڵدانەى ئازادى بێقەیدوشەرت سەرەڕاى كوشتارى كۆمۆنیستەكان و سۆرانى مامە حەمەكان و سەردەشتەكان و خۆپیشاندەرانى ناڕەزایەتیەكانى كوردستان زادەى ئەو بارودۆخەیە كە دەسەڵاتى گەندەلأ و میلیشیایى خولقاندویەتى و خەڵكى كوردستان بێدەنگ نابن لەبەرامبەریدا. هاتنە مەیدانى سەدان هەزار خویندكار و رۆژنامەنوس و مامۆستا و كریكار و ژن و خەڵكى ئازایخواز لە سەرتاسەرى كوردستاندا نیشانى دەسەڵاتى دەدا كە ئازادى بێقەیدوشەرتى سیاسى بزوتنەوەیەكە بێدەنگ نابێ لەئاست تیرۆر و گەندەڵیدا . كوردستان نە ئیمارەتەكانى خلیجە و نە ئەفغانستان بەڵكو كۆمەڵگەیەكى مەدەنى كراوە بەسەر فەرهەنگى مۆدیرنى ئازادى بیر و ڕەخنەگرتن و ناڕەزایەتیە بەرامبەر بە نا عەدالەتى كە بەدەسەڵاتى سەركوتى نهێنى و میلیشیایى ناترسێنرێ و سەرەڕاى ئەم هەڕەشانە خەڵك خوازیارى گۆڕینى ئەم دەسەڵاتەیە بە دەسەڵاتێكى مەدەنى. 
دەسەڵاتداران دەتوانن سەروەت وسامانى كوردستان بخەنە خزمەت دروستكردنى بازار و تەلارى بازرگانى وەك دوبەى و مەسئولەكان وەك شێخەكانى خلیج بژین وە دەشتوانن یاساكانیان وەك ئەفغانستان بەپێى شەریعەت داڕێژن بەڵام ناتوانن فەرهەنگ و چاوەڕوانیەكانى خەڵكى كوردستان بۆ دەورانى عەشیرەتى و سەدەكانى ناوەڕاست بگێڕنەوە. ناتوانن ئازادیەك كە خەڵك بەمافى خۆى دەزانێ لە ژێر هیچ ناوێك وبیانویەكدا زەوت بكەن. ئەوەى بارزانى دواى خۆپیشاندانەكانى كوردستان لە پەرلەمانەوە هەڕەشە دەكا كە " ئه‌م سنورانه‌ له‌مه‌ودوا قابیلی قبوڵ نییه‌و ده‌بێ رێز له‌مه‌شاعیری خه‌ڵك بگیرێت " مەبەستى لە مەشاعیرى خەڵك و موقەدەساتى خەڵك ئەو دەسەڵاتە ئابورى و سیاسیە كە پارتى لەژێردەستى دایە و ئەم ئیمتیازاتانە لەڕاستیدا ئەو مەشاعیر وموقەدەساتانەیە كە دەیەوێت ڕێزى لێبگیرێ و بەناوى ئازادیەوە جەماوەر هێرشیان نەكاتە سەر. ئەوەتا بەئاشكرا لەهەمان مینبەروە دەڵێ" خۆمان له‌لێدوانی وا كه‌ڕه‌وشی ئه‌منی ده‌شێوێنن‌و خه‌ڵك توشی ترس‌و نیگه‌رانی ده‌كه‌ن بپارێزین. گه‌ر ئه‌من‌و ئاسایش نه‌ما گه‌شه‌كردنی ئابوری‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و پێشكه‌وتنی هه‌رێمیش نامێنێت‌و گه‌له‌كه‌مان له‌هه‌مو رویه‌كه‌وه‌‌ زیانمه‌ند ده‌بێت". ئایا ئەوە خەڵكى كوردستانە لە خۆپیشاندانەكانى هەولیر و سلیمانى و كەركوك وخانەقین و باقى شوینەكانى ترى كوردستان ترساوە و نیگەران بوە یان دەسەڵات ولقەكانى حزبە؟ ئایا تیرۆرى رۆژنامەنوسان و لیدان و فراندنى ئازادیخوازان ڕەوشى ئەمنى تیكداوە یاخود ناڕەزایەتیە جەماوەرى و جیهانیەكان دژ بەم سەركوت وپیشیلكاریانە؟ ئاشكرایە مەبەستى بارزانى لە ترس ونیگەرانى خەڵك، ترس و نیگەرانى كۆمپانیاكانى نەوت و بازرگانى ووڵاتانى دەرەوەیە. لەكاتیكدا دەبینن خەڵك دژى تیرۆر ڕاپەڕیوەو كوردستان تیرۆر و كوشتنى تیدا هەیە ئامادەى سەرمایەگوزارى نابن. كێشەى بارزانى ئەوەنیە كە تیرۆرى رۆژنامەنوسان لەسایەى دەسەڵاتى ئەودا دەكرێ و ئەمە بە تیكدانى ئەمن وئاسایشى كوردستان نازانێ و خەڵك نیگەران ناكات لە ژیان وئاسایشیان وە خراپ بەكارهێنانى دەسەڵات بەوە نازانێ كە بوەتە مایەى ترس ونیگەرانى خەڵكى كوردستان و سەرنجى میدیاكانى جیهانى بۆ ڕاكێشراوە. كێشەى بارزانى تێكچونى ئەو بەهەشتەى بنەماڵەیە كە "گه‌شه‌كردنی ئابوری‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و پێشكه‌وتنی نامێنێت " .ئەگینا بەشى خەڵكى كوردستان لەو داهاتە ملیارەها دۆلارە و كۆمپانیكانى نەوت و گەشەى ئابوریە چىیە ؟ معاشى مانگانەى 100دۆلار بەمەرجى وەلائى حزبى؟ ئەمە ئەو بەشەیە كە خەڵك زەرەرى تێدا دەكا ئەگەر سەركوتى دەسەڵات قبوڵ نەكەن و پیشیلكاریەكانى دەسەڵات بەڕووى جیهاندا ئاشكرا بكەن تا فشارێك دروست بكەن؟ سەیر لەوەدایە لەلایەن حزبە دەسەلاتدارەكانەوە هێنانى لەشكرى دەولەتانى ناوچەكە و بەعسیش ،رۆژێ لەرۆژان بە مەترسى بۆسەر ئەمن وئاسایشى هەرێم باس نەكراوە و ئەم حزبانە ئازادبوون لە بەرپاكردنى شەڕى ناوخۆ و دەیان كارى عەسكەرى تر كە دەرگا وپەنجەرەى بە كوردستانەوە نەهێشت بەڵام ئێستا بوونى ئەو ئازادیەى خەڵك كە ناڕەزایەتى لە وەزعى ژێردەستەیى خۆیانى پێدەردەبڕن بوەتە مەترسى بۆ سەر ئاسایشى هەرێم و " ئه‌وه‌ی ئێستا به‌ناوی ئازادییه‌وه‌ ده‌كرێت ئازادی نییه‌، ئه‌مه‌ فه‌وزایه‌ خه‌ریكه‌ ره‌وشتی كوردایه‌تی‌و مرۆڤایه‌تی تێكده‌چێت ".ئەمە بەڕاستى "چیرۆكى مەڕو گورگ" ى دەسەڵاتە و هیچى تر.
دەبى بپرسین كە چى ئەزمونى كوردستانى ناشیرین كردوە و " تێكدان‌و شێواندنی ناڕه‌وای كه‌سایه‌تیی مرۆڤی كورد تاوانێكه‌ ده‌رهه‌ق به‌نه‌ته‌وه‌یه‌ك" كێ لێى بەرپرسیارە؟ ئەوانەى تیرۆرى سەردەشتیان كرد یان ئەوانەى خۆپیشاندانى مەدەنیانەیان كرد دژى تیرۆرى ئازادى ؟ میدیاكانى جیهان چۆن باسى دەسەڵاتیان كرد كە تیرۆرى رۆژنامەنوسان لەسایەیاندا ڕوودەدات وە لەبەرامبەردا چۆن باسى ناڕەزایەتیەكانى خەڵكى ئازادیخوازیان دەكرد؟ تۆمەتى خراپ بەكارهێنانى ئازادى لەلایەن خەڵكەوە تەنها قسەى دەسەڵات ودەست و پیوەندەكانى بوو نەك یەك رۆژنامەنوس و هەواڵنێر و ریكخراوەیەكى جیهانى و دەوڵەتیكەوە بە ئەمریكاشەوە كە ئاگادارى ڕوداوەكانى كوردستان بێت سەبارەت بە تیرۆرى سەردەشت. لە ڕاستیدا ئەمەیان پەیامى تۆڵە سەندنەوەیە لەوانەى نەیانهێشت ئەمجارە لە كوردستان خوێنى ئازادیخوازێك بەفیڕۆ بڕوات و ئەمە پەیامى شكاندنى ئەو قەڵەمانەیە وەك سەردەشت خەیاڵدانى ئازادى بیقەیدوشەرتیان بێكۆتایىیە . پەیامى سورتركردنى ئەو خەتى ئەمنیانەیە كە دەیانەوێ رۆژنامە وگۆڤارە بێدەنگ نەبوەكانى پێ قەدەغەبكەن. بەڵام جەماوەری ئازادیخوازى كوردستان هیچ بەرژەوەندیەكى نىیە لە پەشیمان بونەوە لەو دەرسەى داویەتى بەدەسەڵات لەسەر ئازادى بیقەیدوشەرتى سیاسى. ئەم جەماوەرە نە گۆڕانە ترسى لە ئیمتیازاتى پەرلەمانى و بودجەكەى بێ و لەگەڵ هەڕەشەى دەسەڵاتدا ڕایگەیەنێ" ئێمه‌ له‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان هاوڕای‌ به‌ڕێز سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانین له‌وه‌ی‌ خراپ به‌كارهێنانی‌ ئازادی‌ مه‌ترسیی‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی‌ كوردستان دروست ده‌كات " و نە نانى سەرسفرەشى لە چەپڵە لیدان بۆ هەڕەشەكانى سەرۆك لە "خراپ بەكارهێنانى ئازادى" دایە. ئەم بزوتنەوەى ئازادیخوازە ڕیزێكى سەربەخۆى پێویستە كە ئازادى جەماوەر بۆى ستراتیژ بێ نەك تاكتیكى فشارى وەرگرتنى ئیمتیازات لە دەسەڵات ،وە بتوانێ ڕێگا بگرێت لە یاریكردنى هەر هێزێك بە ناڕەزایەتیەكانى خەڵك . ئەم بزوتنەوەیە ناتوانێ بیدەنگ بێ تاكو خراپ بەكارهێنانى دەسەڵات بەردەوام بێ. جەماوەرى ئازادیخواز ڕێگایەكى ترى بۆ پاراستنى ژیان وئاسایشى خۆى لەبەردەمدا نیە ئەوە نەبێ قەمەڵەكەى سەردەشت جارێكى تر بەرزكاتەوە و بچیتە سەر دیڕێكى نوێ و سەر لەنوێ دەست پیبكاتەوە و بنوسێ بژى ئازادى بیقەیدوشەرتى سیاسى . ئەمە ماناى واقعى ئازادى جەماوەرە و ئەمە زامنى پاراستنى ئازادى بیروڕا و ئاسایشى خەڵكى كوردستانە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە