کارەساتێک بەڕێوە...تکایە مرۆڤ دۆستانی کوردستان شتێک بکەن

Wednesday, 16/02/2011, 12:00

1517 بینراوە


لە رۆژنامەی ئەلکترۆنی هاوڵاتی رۆژی 2.15 دا هەواڵێکی زۆر ناخۆشم بەر چاوکەوت کە گوایە هاوڵاتیەک دەیەۆێت قوربانی بە خۆی بدا وەک ناڕەزاییەکی سیاسی. من لە کوردستان دانانیشم وە هیچ کارێکی سیاسی ناکەم بەڵام ئەم هەواڵە زۆر ناڕەحەتی کردم وەک مرۆڤێک وە وەک کوردێک وە باوکێک. چونکە مرۆڤ بە بەهاترین سەرمایە دادەنێم بە گشتی وە بەتایبەتی مرۆڤی ئازا و بە ئەمەک هەرچەندە دەستوری ژیان لە جیاتی پاداشت لەوە ئەچێ هەمیشە مەینەتی وە باجی کەسانی نەۆێر بکات بە شێرە بەشیان. وەک برایەک لە مرۆڤایەتی وە لە کوردایەتی داوا دەکەم کەس لەکوردستان بە دوای ئەو شێوە قوربانیەدا نەچێت چونکە زۆر لەوە بێگومانم کە لە کوردستان هەموو کەسێک هٶشیاریەکی سیاسی ئەوتۆی هەیە کە چاک لە خراپ جیا بکاتەوە وە پێوستمان بەو شێوە قوربانیە نیە لە زروفی تایبەتی کوردستان.



شتێکی گشتی و زانراوە کە مناڵەکانی کەسێکی وا زۆر زیاتر پێوستییان بەوەیە کە لە سایەی باوکێکی بە ئەمەک پەروەردە بکرێن. یاخود دایک و باوکێک کە هەمیشە نەگبەتی و کەساسییان بینیوە پێوستیان بە کارەساتێکی جەرگبڕی تر نیە. بەڵکو ئێمە وەک میللەت پێوستمان بەوە یە کە کەسانی وا وەک باوکێکی بلیمەت و دڵسۆز و بە وەفا مناڵەکانی خٶیان بەخێو بکەن وە چەندەها کەسی وەک خۆیان پەروەردە بکەن نەوەک لە سەرەڕێدا ئەم مناڵەکانیان لە تەمەنێکی ناسکدا توشی تەنگ و چەڵەمەی ژیان بکرێن.



ڕێگەی کوردایەتی بەم گیروگرفتەی ئێستا بێگومان کۆتایی نایەت وە چەندەها قەیرانی ترمان لەسەر ڕێگەیە. یەکێک لە خەسڵەتە باشەکانی خەڵکی سلێمانی ئەوەیە لە هەموو قۆناغە تاریکەکانماندا بە هەموو زوڵم و زۆرداری بەعس و غەیری بەعس لەگەڵ قووڵی زامەکانمان نەیان ئەتوانی پیکەنین و زەردەخەنە لەسەر لێومان لابەرن. هەموو ئەو قۆناغانەمان بە سەرکەتووی بەڕێ کرد بە بێ ئەوەی پە یڕەوی کەلتوری خۆکوشتن بکەین لە ناو کوردەواری دا . هیوادارم ئەم خەسڵەتە ڕەسەنە ی کورد لە داهاتووشدا پەیڕەو بکرێت وە هەمیشە بە هیواو گەشبینیەوە سەیری داهاتوو بکەین. زۆر هیوام بەوەیە کە مرۆڤ دەتوانێت ئاراستەی ڕووداوەکان بگۆڕێ بە بەکارهێنانی عەقڵ و زیرەکی و بەزەیی و هیوا وە سەربکەوێت بەسەر ستەم و تاریکایی. دیارە کەس حەز ناکات کەسێکی نزیک خۆی بەو ڕێگە ترسناکەدا بڕوات. وە هیوادارم هەموو کەسێک لەئاست خۆیەوە ڕێگر بێت لە دەرکەوتنی ئەم دیاریدەیە لە کوردستان دا وە بە زوو ترین کات ئەو کەسە پەشیمان بکەنەوە لەو کارەساتە . هیوای ئاسوودەیی بۆ هەموو مرۆڤ دۆستێك.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە