نه‌ورۆز هه‌میشە مژدەمان پێدەبەخشێت

Friday, 22/03/2013, 12:00

1135 بینراوە


 

نەورۆزی ئاگر وئاگرکردنەوە،هیوا وهیوابەخش،رۆژی جەژن وخۆشی وبووژانەوە وزندووبوونەوە،گوڕپێدان وبەتینکردنی ڕووحی کوردایەتی. ڕۆژی ڕووخانی زوڵم وچەوسانەوە، سەرهەڵدانی ئازادی ورزگاربوون. نەورۆز ناسنامەی کوردە،
بەڵگەی زیندووبوونی میلەتێکە ناوی میلەتی کوردە. نەورۆز مۆندیالی کوردە وئاگرەکەی هەتا هەتایە بە گڕ وگڵپە دەبێت و ناکوژێتەوە.
وەکوو دەبینین ئەمساڵ لە باشووری کوردستان چەواشە وباسی دەوڵەتی کوردی لە ئارادا نییە، ئەمەش ئیفلاسی دەسەڵاتە لە درۆ وچەواشەش.
نەورۆزی ئەمساڵ هەموو کورد هان دەدات ڕوو لە باکوری داگیرکراو بکەن. ڕوو لە سەرکردەی گەورە وزیندانیکراوی عبدڵله‌ ئۆجەڵان دەکات وگوێ لە قسەکانی دەگرێت،ئەمەش مەسعود وبنەماڵەی بەرزانی پەست ودڵگیرکردووە چونکە ئەمانە
بێجگە لە خۆیان حەزیان لە کەس نییە، بێجگە لەمەش دەترسن قەدر وبایەخیان لەلای دەوڵەتی تورک کەمتر بێت.
سەرکردە ئۆجەلان تورکیا ودنیای هەژان. ئۆجەڵان بانگەوازی ئاشتی ڕاگەیاند وهەنگاوێکی دێرین ومێژوویی نا، کە وەرچەرخانێکی نوێ وگەورەیە نەک تەنها لە تورکیا ولە باکوور بەڵکوو لە هەموو پارچەکانی کوردستان.
ئاپۆ دەڵێت(با بیرۆکەکان لە باتی چەک بدوێن) . (گەلانی هەرێمەکە شاهیدی لە دایکبوونی بەرەبەیانێکی نوێن).
(قۆناخێکی نوێیە لە خەباتی چەکدارییەوە دەروازەیەک بەڕووی دیموکراتسی بکەینەوە)
ئەم نامەیەی ئۆجەڵان بانگەوازێکی ڕاستەقینەی ئاشتییە لە کوردەوە بۆ میلەتی تورک، دەست دریژکردنە بۆ ئاشتی وپێکەوە ژیان ویەکتر قبووڵکردن.
بەڕێز ئاپۆ تۆپەکە دەخاتە گۆڕەپانی دەوڵەتی تورک چونکە چەپڵە بە دەستێ نادرێ، چونکە حکوومەتی تورک دەبێ لەبەرانبەر ئەم نیازپاکییە هەنگاو بنێت وکاربکات.
ئەم ئاشتییە چاوەڕوانکراوە بەری دەستی خەباتی چەکدارارانی گەریلاکانی پەکەکەیە، بۆیە کورد دەبێت زۆر پەلە نەکات وهەموو سەنگەرەکان بەرنەدەن وچاوەڕێی کرداری وکاردانەوەی دەوڵەتی تورک بکات.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە