كۆبوونەوەى فراكسیۆنەكانى پەرلەمان كۆتایی هات، بەڵام...

Tuesday, 14/01/2014, 12:00

1325 بینراوە




چارەنووسی داهاتووى پەرلەمان وابەستەیە بە هەڵوێستی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بەانبەر بەو بڕیاریانەى دەیدات كە پەیوەستبێ بە ئایندە و داهاتووى هەرێمى كوردستان.

لێ جێی داخە دوێنێكە فراكسیۆنەكانى پەرلەمانى كوردستان دوای دانیشتنیان، كۆتاییان بە كۆبوونەوەكانیان هێنا و خاڵێكى گرنگ و مێژوویاندا بەوەى درێژە بە كۆبوونەوەكانیان بدەن، درێژەدان بە كۆبوونەوە ئەوەندە گرینگە بەهەموو كەس نادرێ و هەقە خەڵكى كوردستان بەیەكجار دەستخۆشیان لێ بكات و چەپڵەیەكى قایمیان بۆ لێ بدەن، چونكە ئەوەى ئەمان لەسەری رێك دەكەون كۆتایی بەهەموو شتەكان دێنێ لەهەموو ئەو شتانەى پێشوو بەڵێنیاندا و ئێستا خۆی لێ دەدزنەوە، لەو ڕوانگەوە:

یەكەم: سەیرە فراكسیۆنەكان رێكەوتن لەسەر درێژەدان بەكۆبوونەوەكانیان بە گرنگ بزانن لەكاتێكدا خەڵك لەو جۆرە ڕاگەیاندنانە تێری خواردووە و ڕەنگە لەنەبوونى هیچ هەڵوێستێكى توند ئەو متمانەى خەڵك بەلایەنەكانى هەبوو نەخاسمە بەئۆپۆزسیۆن، ئەو متمانەیە بەرەو كاڵبوونەوە بڕوات.

دووەم: درێژەدان بە كۆبوونەوەكان نە دەستكەوتە و نە هی ئەوەیە بە بایەخەوە لەڕێی میدیاكانەوە باسی لێوە بكرێ و گەورە بكرێت.

سێ یەم: هەڵوێستى گۆڕان بە دیاریكردنى كاتێك بۆ كۆبوونەوەكانى پەرلەمان لەوەدا بەرجەستە دەبێ ڕاشكاوانە باس لە جەوهەری كۆبوونەوەكانیان بكەن كە كێ هۆكاری دواخستنى دانیشتنەكانى پەرلەمانە لەكاتێكدا ئێمە گلەیمان لە بەغدا دەكرد كە ماوەى چەندین مانگ حكومەت لە بۆشایی ئیداریی دەخولایەوە كەچی ئەوەتە ئەوە ئێمەیش لاسایی هەمان شت دەكەینەوە و پێمان وایە دانانى هاوكێشەیەكى نەگۆڕ بۆ بەشداری حزبەكان كارێكى ئەستەمە و وەختى زۆری گەرەكە.

چوارەم: لایەنى ئۆپۆزسیۆن بە سەرچاوەى ئەو دەستەواژەى پێشوو بەكار دەهات، ئەمجارەیان نەیتوانى ببێتە فشار كە چۆن دەبێ ئەو بارودۆخە بەم شێوەیە لەم هەفتە بۆ ئەو هەفتە درێژەى پێ بدرێ و كەچی خۆیان بێدەنگ كردووە و هیچ لایەنێك لەخۆی ڕانابینێ دەرهەق بەم تەنگژانە هەڵوێستێكى ڕوون دەرببڕێ و بۆ ڕای گشتى ڕوون بكاتەوە.

پێنجەم: قەیرانى دارایی بەجۆرێ یەخەى هەرێمى كوردستانى گرتووە كە بەگوێرەى ئەو ڕاگەیاندنەى لەدام و دەزگاكان بڵاوكراوەتەوە بەناوى نێچیرڤان بارزانى سەرۆكى حكومەت بەوەى 3ملیار دۆلار قەرزارن، ئەو قەرزە ئەگەر لەبودجەى2014 بۆ دانەوە بخەمڵیندرێ ئەوە بۆ ئەمساڵ دەبێ بەشێكى زۆری بودجە بدرێتەوە قەرز و ئەو پڕۆژانەى حزب و لایەنە سیاسیەكان بەڵێنیان دابوو لە خزمەت هاوڵاتیان خەرجی بكەن، دروشمەكان جگە لە قسەى ڕووت هیچی تر نابێت بەواتایەكى دیكە ئەگەر پارە نەبێت ئاخۆ پڕۆژەكان چۆن بەڕێوە دەچن.

ڕاگەیاندنى 3ملیار دینار قەیرانێكە هیوادارم هەموو حزب و لایەنە سیاسیەكان پڕۆژەبەرنامەیەك گەڵاڵە بكەن ئەو قەرزە زۆر و زەبەندە كاریگەری بەسەر قوت و بژێوى ژیانى فەرمانبەران و خەڵك و كارە خزمەتگوزارییەكان نەبێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە