کوردستان تیڤی و مه‌لا مسته‌فای بارزانی

Friday, 02/03/2012, 12:00

1592 بینراوە







وەڵامێك بە بەڵگەوە بۆ (عبدالرحمان سدیق) لە  كوردستان TV دا لە ساڵیادى مردنی بارزانى.
چ لە زمانەوانى یا لە مێژووشدا ئەو شتانەى بە هەڵە دەروات پێى دەوترێت (هەڵەى باو) لە عەرەبیەكەیدا ، مسعود بارزانى لە دواى راپەرینەوە بۆ شاردنەوەى تیرۆرەكانى شۆرشى ئەیلول و چەواشە كردنى خەڵك هەمیشە و لە هەموو بۆنەكاندا باسى لەوەكردوە كە شۆرشى ئەیلول برواى بە تیرۆر و كارى تیرۆركردنەوە نەبووە و تەنانەت تاكە كەسێكیش لە شۆرشى ئەیلولدا تیرۆرنەكراوە ، دیارە ئەم چەواشەكارییە بەسەر زۆر خەڵكدا تێپەریوە ، بە تایبەتیش بەسەر ئەو كەسانەى كە لە نزیكەوە ئاگادارى رووداوەكانى شۆرشى ئەیلول نەبن ، (عبدالرحمان سدیق) یەكێكە لەو كەسانەى كە بە داخەوە زۆر بە ئاسانى ئەو چەواشەكارییەى بەسەردا تێپەریوە ، ئەوەى پێم ناخۆشە بۆ ئەو پیاوە كە كەسێكى شارەزا لە سیاسەت و مێژوو و كارى ئیسلامیدا كەسێكە كە زۆر نەرمونیان و هەمیشە بەویژدان و بەشێوەیەكى بابەتى و زانستیانە بابەتەكانى دەخاتە روو ، دواجار كەسێكە خەڵك گوێى بۆ دەگرێ و برواى بە قسەكانى هەیە ، بۆیە ویستم لەم چەند دێرەدا ئەو چەواشەكارییە لە قاو بدەم و كاك عبدالرحمان ێدیق و هەموو ئەوانەى كە باوەریان بەو درۆیانە كردووە لە راستیەكان ئاگادار بكەمەوە .
دوێنێ شەو لە كوردستان TV دا لە ساڵیادى كۆچى دوایى بارزانى باوكدا و بە ئامادەبوونى ژمارەیەك لە نوسەران عبدالرحمان سدیق كەوتە ئەو هەڵە كوشندەوە ، ئەمەى خوارەوە بەشێكى ئەم تیرۆرانەیە كە لە سەردەمى شۆرشى ئەیلول و بە فەرمانى راستەوخۆى بارزانى و مسعود و ئیدریس و دەزگاى بەدناوى پاراستنەوە دژ بە تێكۆشەران و خەڵكانى سیاسى و سڤیل ئەنجام دراون ، دیارە باسى سەدان كەسیش ناكەم كە لە شەرى نێوخۆدا لە نێوان هەردوو باڵەكەى (ملایى و جلالى)یەوە لە ساڵەكانى نێوان 1975 تا 1994 كوژران ، چونكە ئەوان ئەمە بە ناكۆكى سیاسى لە قەڵەم دەدەن نەك بە تاوان و كوشتنى رۆڵەكانى كورد لە سەر پارە و كورسى و پاوانخوازى خۆیان.
با لەمە گەرێن و بێینە سەر تیرۆرە سادەكان كە ئەمانەى خوارەوەن .

1- ملا جوجى بە دەستى راستەوخۆى ملا مستەفا كە گوایە رێگر بووە لە بەردەم خۆسەپاندنەكانیدا كوژراوە.
2- مارگرێت كە یەكەم ژنە پێشمەرگەى فەلە بوو دواتر لەسەر داواى حمایل خانى دایكى مسعود بەهۆى گومانێكەوە لە لایەن مەفرەزەیەكى تایبەتى ئیدریس بارزانیەوە بەشەو لەسەربانى ماڵەكەى خۆیاندا لە ناوچەى (بەروارى باڵا) لە كاتى خەوتندا تیرۆركرا.
3- بكر عوسمان گۆمەشینى
4- حسین رەشوانى لە ناوشارى هەولێر.
5- على حمدى ئەندامى سەركردایەتى باڵى م.س.
6- سعیدى براى فاخیر مێرگەسورى لە ناو شارى هەولێر.
7- فاخیر مێرگەسورى و حمد ئاغاى تەمەن (70) ساڵەى باوكى و 11 كەس لە براو خزمەكانى ئەو شەوەى كە بنەماڵەى بارزانى بریارى ئاشبەتاڵ دەدەن و كوردستان جێ دەهێڵن لە ترسى ئەوەى نەوەكا لە دواى خۆیاندا فاخر شۆرش بكاتەوە ، ئەم تاوانە بە بریارى راستەوخۆى بارزانى و مسعود و ئیدریس بووە و ئازاد بەروارى و كەریم سنجارى جێبەجێیان كردووە .
8- شەهیدكردنى على عەسكەرى و د.خالید حسینى بابە شێخ بە دیلى ، و بە بریارى باوك و هەردوو كورەكەى .
9- شەهیدكردنى برایم عەزۆ و (17) كەس لە هاورێیانى بە دیلى.
10- كوشتنى دەیان كەس لە زیندانەكانى (خەلان) بەبێ دادگایى كردن و هەر لەسەر جیاوازى هەڵوێستى سیاسى كە ناویان لەو جۆرە كوشتنە نابوو (مار پێوەیدا).
11- كوشتنى تەگەرانیەكان بە كەمین.
12- كوشتنى (12) كادیرى پێشكەوتووى حزبى شیوعى عێراق لە بادینان لە لایەن (عیسى سوار)وە لە كاتى گەرانەوەیان لە یەكیەتى سۆڤیەت و دواى تەواوكردنى خوێندنى حزب.
13- كوشتنى (شێخ محمد هەرسین)بە تەوەر لەوكاتەى كە ناوبرا تایبەت بە رێورەسمى بە خاكسپاردنى بارزانى گەرابۆوە ئێران .

ئەمانە بەشێكى كەمى ئەو تیرۆرانەن كە لە شۆرشى ئەیلول دا ئەنجامدراوە ، ئەمە جگە لە دەیان تیرۆرى تر كە بەم خێراییە و بەبێ گەرانەوە بۆ سەرچاوەكان ناوەكانیانم نەهێناون ، سەبارى ئەم تیرۆرانەى باشورى كوردستان كە ئاماژەم پێكرد ، پارتى و بارزانى هەر بە تیرۆرى باشورى كوردستان نەوەستاون بەڵكو لە پارچەكانى تریشدا تێكۆشەرانیان بە چەندین شێوە تیرۆركردووە لەوانەش :
1- كوشتنى سلێمان معینى و رادەستكردنەوەى تەرمەكەى بە ساواك و گێرانى تەرمەكەى لە شارەكانى ئێراندا.
2- كوشتنى خلیل شەوباش و ملا ئاوارە .
3- كوشتنى (د.شڤان) ، چەكۆ ، بروسك ، پاشانیش (د.سعید ئالچى) لە باكورى كوردستان كە تا ئێستە ئەو رووداوە بۆ كەس ئاشكرا نەكراوە .
4- كوشتنى دوو سەركردەى حزبى سۆسیالیستى كوردى سوریا.
ئاشكرایە كە دواى راپەرینیش پارتى و بنەماڵە دەیان تێكۆشەر و رۆشنبیر و رۆژنامەنووسیان لە كوردستان تیرۆركردووە .

1- تیرۆرەكانى بادینان :
ا- سادق عەمەر
ب- على كوخى
ج- د.تحسین / زاخۆ
د- رێناس
ه-رۆوف ئاكرەیى
و- فرنسیس شابۆ
س- نزیر عومەر
ك- ابو نێیر
2- تیرۆركرنى ئەحمد فقى رەش لە شنۆ .
3- كوشتنى حسین ئاغاى سورچى بە برندارى و بە دیلى .
4- كوشتنى سۆلاقەى فەلە .
5- تیرۆركرنى هەردوو ملا عبدالرحمان لە شارى هەولێر.
6- تیرۆركرنى شاخەوانى ملا مجید.
7- تیرۆركرنى پارێزەر نورى نانەكەلى.
8- تیرۆركرنى كانەبى ئۆمەرە چۆپ.
9- تیرۆركرنى خوێندكار و رۆژنامەنووس سەردەشت عسمان.
10- تیرۆركرنى رۆژنامەنووس سۆرانى مامە حەمە.
11- تیرۆركرنى دكتۆر و نوسەر عبدالستار تاهیر شریف.
12- تیرۆركرنى (2) سەركردایەتى یەكگرتووى ئیسلامى لە هەڵبژاردنەكانى 2005دا
13- تیرۆركرنى دەیان كادیر و سەركردە و پ.م ى پەكەكە لە ناو شارى هەولێر.

ئەمانە بەشێكن لەو كارە تیرۆریانەى كە لە شۆرشى ئەیلول و لە دواى راپەرینیشدا بنەماڵەى بارزانى ئەنجامیان داوە و درێژەى پێ دەدەن، هیوادارم مامۆستا (عبدالرحمان سدیق) بۆ لەمەودوا كە قسە دەكات ئەو شایەتیە ناهەقیە بۆ بنەماڵە نەدات كە پرسیار بخاتە سەر راستگۆیى و متمانەى خۆى لە ناوخەڵكدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە