لە نێوان مارکسییەکەی (سەلام عەبدوڵڵا) و نەتەوەییبوونەکەی (هاوڕێ باخەوان)دا (به‌شی 1)

Wednesday, 28/04/2010, 12:00

1702 بینراوە


دەمێکە بەدوای هەڵێک دەگەرام، کە بتوانم هەندێ رەخنە له‌ چه‌ند کەسە به‌ناو نەتەوەییە (چوار پارچە) لیبرالییانه‌ بگرم.
دوای دیدارەکەی هاوڕی باخەوان لە رۆژنامەی میدیا, هەلێکی دروست کرد، بەهیوای ئەوەی بەدلێکی گەورە و بەگیانێکی دیموکراسی، نەوەک بەدژایەتیی وقین هەلگرتن، لێم وەربگرن. چونکە دەبێت، کۆتایی بە شەرم و رەچاوکردنی هاوڕییەتی و ناسین لەسەر هەلوێست ودیاردەو رووداوە چارەنوسسازەکان بهێنین و هەموومان راستگۆ بین لەگەڵ قەلەم و پراکتیزەکردنی وشەی دیموکراسی لە ژیانی رۆژانەمان دا. هەردولا و بەرە کەسانی دلسۆزن بەلام دلسۆزی مانای ئەوە ناگەیەنێت هەڵە نین لەلێکدانەوە و لەدەرەوەی رەخنەبن.
ئەو رەخنانەی هاوڕی باخەوان لە ڕۆژنامەی میدیا لەژمارە 431 لەسەر حیزبی شیوعی گرتویەتی، زۆرینەی راستە، ئەم حیزبە و ئەندامانی نابێت واتورە بن و هەڵبچن، کاتێک لە دوو هەلبژاردندا گەورەترین شکستی جەماوەری توشی دەبێت، بێ ئەوەی شیوازی میتۆدی کارکردنی بگۆڕێت !، ئەگەر سکرتێر و سەرکردایەتی ئەو حزبە بروایان بە سەرەتای بیروباوەڕیی حزبییان بوایە. هەر دوای هەلبژاردنی 25 / 7 / 2009 دەستیان لەکار دەکێشایەوە، کەچی دریژەیان بەهەمان میتۆدی تێکشکان دا و بەشداربوونەوە لە حکومەت، بوونەوە به‌ حزبی بارەگا و دیدار و هاوپەیمانی دوو حزب و ده‌سەلات؟
ئەوەی، که‌ من هاورا نیم لەرەخنەکان، کە (حزبی شوعی) سەرباری ئەوەی دەیان سال گەنج و لاوی کوردیان بەناوی چەپێتیەوە، لەهەستی نەتەوەیی و کال دەکردووه‌ و نزیک بە 60 سال (دوای گۆڕینی سەدان ئالۆگۆری سیاسی) ئەوکات، دانیان بە حزبی شوعی کوردستان هێنا، بەلام ئەم حزبە حزبی قسە زل و دروشم دەر نەبوون، حزبێک بوو تا بەر لەراپەرین، حزبی شەهیدان و قارەمانی زیندان و لوتکەی تێکۆشان بە ئەندام وسەرکردایەتییەوە؟ بۆیە نەدەبوو هەندێک لە هەلسەنگاندنەکەی بگاتە شێوەی ئیستفزازی و بێویژدانی ! پێچەوانەی هێز و زۆربه‌ی کەسایتیە نەتەوەییەکانی باشوور، لەوەتەی دەیان بینم، ته‌نها خاوەنی دروشم و تیۆری جوانن، کە دەمی هەریەکێکیان دەکەیتەوە دنیایەک وشەی (دەبێت و پێویستە ت.... بۆ دەژمێرن، بەلام کێ ئەو پێویست ودەبێتانە، بباتە ناوکاری مەیدانییه‌وه‌، ئه‌وه‌ فعلەکە مەجهولە؟ دواتر هەلگرانی بیری (کۆمنیست و ئیسلامی و عێراقچییەکان. بە بەراورد بە خەڵکە نەتەوەییەکان، بۆ باوەرەکانی خۆیان مەیدانیتر بوون ! هەقە بەر لەرەخنە گرتن لە شیوعی رەخنە، ئێمه‌ لە خەلکی نەتەوەیی بگرین؟ کوا هێزو توانا و نارەزایەتی و چالاکییە مەیدانییەکانتان؟
بۆ ئەم هەلبژاردنانەی عیراق و ئەو بەشدارییە کاریگەرییەی کوردان بۆ پەرلەمان و حکومەتی عیراقی، بەو ڕێژە زۆرە ته‌نها نیشانەی لاوازیی و ئیفلاسیی هەستی بیرکردنەوەی نەتەوەیی نییە؟
تالەبانی و بارزانی، لە 7 ساڵی رابردوودا، چ هەلێکی نەتەوەیی بۆ کورد هاتە ئاراوە، چ گورزێکیان لێدا؟ کەچی زۆرێک لەخەلکە نەتەوەییەکان دەنگیان پێدانەوە!؟
کە من هاتمە ئەوڕوپا وەمزانی بەرەی نەتەوەیی ئەوەندە بەهێزە لەهیچ شوێنێک جێگامان نابێتەوە، بەڵام کە لەناو دەیان نارەزایەتی و خۆپیشاندانی نەتەوەیی ئاوڕ دەدەمەوە، کەمترین (تیۆرزانە نەتەوەییه‌کان) دەبینم، کە نازانم هێزو گروپێک، بەس رەخنە بگرن و نەچنە مەیدان، چۆن گەشەدەکەن ! لات سەیرە بۆ خۆپیشاندان بۆ گەرانەوەی کەرامەتی نەتەوەیی، بۆ 18 کچی ئەنفال کە فرۆشرابوون به‌ میسر بە شه‌ش ولاتی ئەوڕوپی ژمارەی خۆپیشاندەران ته‌نها 300 کەس نەدەبوو. لەولاتی سوێد لە دژی داکۆکی تالەبانی لە جەلادی کۆمەلکوژی نەتەوەیەک، " سولتان هاشم " ته‌نها 27 کەس و بۆ ئازادکردنی "تاریق رەمەزان "34 کەس.... لەکاتێکدا بەس لەو ستۆکهۆلمە زیاتر لە 20 هەزار کەس خۆی پێ فول نەتەوەییە (ئالا و نەخشیەکی گەورەی کوردستانی هەڵواسیوە) و بەئاستی هەموو ئەو ژمارانەی نووسیومە نووسەر و شاعیری خۆ بەنەتەوەییزانمان هەیە.
ئەمە جگە لەوەی کێشەی ناوچە تەعریبکراوەکان، لەدوای رووخانی سەددام، هەلێکی دیرۆکی بۆ کورد هاتە ئاراوە، کەچی بارزانی و تالەبانی بەهۆی خەونی دیرۆکیان (کورسی و پارە) گەورەترین ده‌رفه‌تیان لەدەست کورددا. ئەی کاردانەوەی خەلکە نەتەوەییەکان لەکوێدایە؟
ئەگەر من قسەیەک بکەم رەنگ بێت بەهەلەش لێک بدڕێتەوە. زۆرینەی کەسە خۆ بەنەتەوەییەکان،سەرباری تاوانە نەتەوەییەکانی پارتیی و بارزانیی، کەچی مبارزانیەکان وەک کاریزما و سیمبۆلی نەتەوایەتی سەیر دەکەن!، بۆیە ئەگەر پرسیارێک بکەین و بلێێن ئەرێ کێ بوو بۆ یەکەم جار لەمێژووی کورد، خەباتگێرانی کوردی بەشەکانی تری تەسلیم بە داگیرکەر کردەوە و دواتر بوو بە کەلتورو رەفتارێکی هێزە باشورییەکان؟
راستە بەشیکی گرنگی کادیری راگەیاندنی شیوعی ئەمرۆ بۆقلێدەری پارتین، بەلام لەیادمان نەچیت بەشێک لە خەڵکی خۆ بەنەتەوەییزانیش لەچوارچیوەی دەزگای پاراستن دەخولێنەوە بەتایبەتی لەکوردستان.
هیودارم هاوڕی باخەوان ئەو راستییەش ببینێ، که‌ خەڵکه‌ نەتەوەییەکان لاوازترین گروپی مەیدانین و بەر لەوەی رەخنە لە حیزبی شیوعی بگرن بارەخنە لەخۆمان بگرین.
لەک ۆتایدا دەڵێم ئەم وتانەم، هەرگیز لە بوێریدا پەشێوی شاعیر ناگرێتەوە، چونکە ئەو قوتابخانە و لوتکەی هەلوێستە لە بوێریی و ناسینی مۆخی سەرکردایەتی باشوور 30 سال لەمەوبەر، بەڵام لەبواری کاری مەیدانیی و رووداوە گەرماو گەرمەکاندا بوونی نابینم)، یان د. جەمال نەبەز، کە بەردەوام رەخنە و لەگەرمەی رووداوەکان قسەی خۆی بوێرانە کردووە. ئەوەی دەیڵێم ئەو سوپایە قەڵه‌م بەدەست و هێزو گروپە نەتەوەییانه‌ن، کە نازانم کەی دێنە سەرشەقام؟ یان هەرگیز لەگەل چەندین کەسی نەتەوەیی و مەیدانی وەک خدر کوردستانی و کاوە ئەمین و زۆرێکی تر نیم، کە بەرەدوام لەتەک باوەڕە نەتەوەیەکانیان لە پێشەوەی کارە مەیدانیەکان، سەرباری ئەوەی مالیان لەشارەکانی تری ستۆکهۆلمە. هەرگیز ئەو وشانەشم لەگەڵ چەپە کوردستانیەکان نییە، کە لە 35 ساڵی رابردوودا لوتکەی کەس و لایەنی شورشگیڕی و مەیدانی بوون، بەهێزترینیان، پکک، یان کۆمەڵه‌ی رەنجدەران (سەرباری تێبینیمان لە کوردستانی بوون و ناراستگۆیی زۆرێک لەسەرکردەکانی کۆمەڵه‌)
هەرگیز ئەو رەخنانەشم بەو مانایە نییە، کە هەموو خەڵکە نەتەوەییەکان هەر هیچیان نەکردوە، بەلام تائێستاش هێزە نەتەوەیە کوردستانییەکان لە ئەوروپا و کوردستان نەیان توانیووە ببنە کۆمەلێک سەروەریی و دەستکەوتی نەتەوەیی کە بە بەروبوومی ئەوان هاتبێتە ئاراوە.


لەبەشی دووەم چەند رەخنەیەک لە شێوازی رەخنە و هەڵچونی سەلام عەبدوڵلا و دابرانی حیزبی شوعی لە خەلک دریژە پێدەدەم.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە