پەیكەرى شەهید سەردەشت، پەیكەرى گادگرۆس، پەیكەری كۆپەرنیكۆس

Friday, 04/05/2012, 12:00

2012 بینراوە


زوڵم و ستەمى دەسەڵاتدار گەر سیاسیى بێت، یا ئایینى، یا خێڵەكى، جیاوازى نییە، تیرۆری جەستەیى بەشێكە لەو جیهانبینییە نامرۆڤانەى هەر دەسەڵاتێك، كە خۆى بسەپێنێت بەسەر كۆمەڵگایەكدا، یان گومانى لە دەسەڵات و گەلەكەى هەبێت، حەتمەن گومانیش پیشاندەری ئەو خیانەت و كەموكورتى و گەندەڵییەى خودى دەسەڵاتە لە سەرەتاى دەستگرتن بەسەر حوكمڕانى كۆمەڵگادا تا ئەوكاتەى هێزى گەل رای دەماڵێت!
دەسەڵاتى كوردى مەبەستم پارتى و یەكێتییە، لە ئێستادا و بە گەڕانەوەش بۆ مێژوو، هەمیشە لە بری گفتوگۆ، بۆ سەپاندنى هێز و هەیمەنەى خۆیان زۆربەى كات پشتیان بە تەسفیەى جەسەدى بەستووە، وەك لەوەى بیر لە رێگە چارەیەكى ناتوندونیژى بكەنەوە، ئەوەش دەرەنجامى نەبوونى عەقڵێكى سیاسیى كامڵ (مخزرم سیاسی) لە ناو ئەو هێزانەدا، گەر بمانەوێت لاپەڕەى پارتى و یەكێتى هەڵدەینەوە، ئەوا دەبینین خاوەن پەرێزێكى بۆگەنن لەو بوارە نا مرۆڤانەدا.
پاش ئەوەى رۆژنامەنووس و خوێندكارى زانكۆ سەردەشت عوسمان تیرۆر كرا، زۆرێك لە رۆژنامەنووسان و چالاكوانان و كەسوكارى شەهید، هەڵسان بە درووستكردنى پەیكەرێك بۆ شەهید، بەڵام دەسەڵاتى زۆنى زەرد رێى نەدا بە دانانى ئەو پەیكەرە! وەلێ مخابن دەسەڵاتى ئەو زۆنە رێگرییان لە دانانى ئەو پەیكەرە كرد، وەك بەرپرسێكى ئیدارى ئەو شارەش وتبووى: "خۆ ناكرێت هەر كەس بكوژرێت و پەیكەرێكى بۆ دابندرێت"! ئەم تێكستى بەرپرسە عەقڵ مەودا كورتە تەنها لە بوخچەى خیانەتى حیزبەكەیدا جێى دەبێتەوە، نەك لاى كەسانى ئازادى خواز، چونكە مەرگى سەردەشت زۆر جیاوازە لەگەڵ كوشتنى مرۆڤەكانى تر، هەرچەندە كوشتن هەرچۆن بێت لە روانگەى مرۆڤایەتییەوە پەسەند نییە، بەڵام سەردەشت عوسمان شەهیدى رێى ئازادى و قەڵەمى گەلێكى ستەمدیدە بوو.
دواى ئەوەى مەسعود بارزانى سەردانى وڵاتى فەرەنساى كرد، لەوێش رۆژنامەنووسێك پرسیاری تیرۆركردنى شەهید سەردەشتى لە ژێر سایەى ئەودا لێ كردبوو، دواى گەڕانەوەى پەیكەری رۆژنامەنووسی تیرۆركراو گادگرۆسیان لە چوار رییانى ئیسكانى شاری هەولێر دانا! كە ناوبراو لە ساڵى 1991 لە شاری كەركووك تیرۆر كراوە!
لە سەدەى شازدە و حەڤدەدا كۆپەرنیكۆس دژى بڕیاری كەنیسەى پۆڵۆنى دەوەستێتەوە، دواتر كەنیسە بڕیاری سوتاندنى دەردەكات، پێى دەڵێن گەر بێت و پەشیمان بیتەوە، ئەوا دەتبوورین، بەڵام كۆپەرنیكۆس هەرگیز پەشیمان نابێتەوە، دەرەنجام دەسوتێندرێت، بەڵام دواى چەند سەدەیەك لەو شوێنەى كە ناوبراویان سوتاندووە، پەیكەرێكى بۆ درووست دەكەن.
لەم دوو بابەتەى سەرەوە بۆمان دەردەكەوێت، دەسەڵاتى كوردى هێندەى كەسێكى بیانى لا پیرۆزە، میللەتەكەى خۆی لا پیرۆز نییە! ئەوەشمان بۆ دەردەكەوێت، گەر ئەمڕۆش نەبێت، لە دواى نەمانى ئەم دەسەڵاتە و بە پێى تێپەڕینى رۆژ، پەیكەری شەهیدى قەڵەم هەر دەبێت دابندرێت، ئیتر لە ئەمڕۆ بێت، یا لە دواى نەمانى دەسەڵاتى پارتى لە شاری هەولێر.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە