نیگایه‌كى دیاله‌كتیكى ده‌رباره‌ى به‌عسیبوون

Thursday, 08/05/2014, 12:00

1318 بینراوە








ئایا بەعسیبوون وه‌ك ئۆبێكتێك لە ناو فه‌وزا(كایۆس)ـى ئێستادا چیمان پێدەڵێت؟
بەعسیبوون، سوپەرئمپۆزشنى مرۆڤە بۆ شتەکانی دەرەوەی خۆی[ئۆبێکت]. کە سوبێکت لەوێوە چێژ یا بەختەوەریی خۆی تێدا دەبینێت، بێئەوەی ئوبێکت هیچ هەستێکی پێبکات؛ چۆنکە لەوێدا بەعسیبوون وەک ئۆبێکت، ئۆبێکتێکی زیندوو نییە، بەڵام ئۆبێکتێکی کاریگەرە بەسەر سۆبێکتەوە. سوبێکت سیفەتی تایبەت دەدات بە ئۆبێکت، کە لەدەرەوی ئوبێکتە و تایبەتە بە سوبێکت خۆی، ئەم ئاڵۆزییەی نێوان ئۆبێکت و سوبێکت، بەعسیبوون و هه‌موو بوونەکانی تریش درووست دەکات. ئەنجام ئۆبێکتێکی نا زیندووە کە (بوون)ـەکانە وەک بەعسیبوون، سوبێکت دەخاتە ناو ئازار یان چێژەوە. ئەوەی ئێستا دەیبینین، دەرکەوتەی سوپەرئیمپۆزشنی سوبێکتە وەریدەگرێتەوە؛ ئه‌مه‌ لەکاتێکدا خۆى وه‌كو ئۆبێكت داویەتی بە بەعس.
بەعسیبوون و بەبەعسیکراو

بە پێی کۆنسێپتی هیگڵ، بۆ نموونە (س) بەعسییە. س سوبێکتە، بەعسییە گوزارەیە بۆ (س). هەرچەندە (س) بەعسییە بەڵام (س) کوردە، لە هەمان کاتیشدا مرۆڤە و لە جەوهەردا مرۆڤێکی ئازادە، گوزارەی بەعسی(کراو)پێچەوانەیەتی. ئەم نموونە لەسەر چەمکی بەبەعسیکراو دەچەسپێت. چونکە بەعسیبوونی پێکراوە. مرۆڤێک کوێلە دەکرێت، وەک سوبێکت مرۆڤە، بەلام کۆیلەیە، كه‌چى هه‌ر بە مرۆڤی دەمێنێتەوە. جەوهەری ئازادەو پێچەوانەی گوزارەکەیەتی کە کۆیلەبوونە. ئایا لێرەدا سوبێکتی بەبەعسیکراو مافی هەیە، ماف وەرگرێتەوە لە سوبێکتی شورشگێر چونکە سوبێکتی بەعسیپێکراو دەبێتە شتێکی دی کە خۆی نییە؟ یاخود کۆنسێپتی مۆراڵی کانتى بەسەردا دەچەسپێت کەدەڵێت: مرۆڤ هیچ بارودۆخێک یان حاڵاتێکی بەسەردا ناسەپێنرێت و دەبێت بەراستگۆیی بمێنیتەوە و ئەخلاقی خۆی پره‌نسیپى خۆی بێت.

ئه‌و بابه‌ته‌ى كه‌ هه‌ردوو دیوه‌كه‌ى نێگه‌تیڤه‌: به‌عسیبوون و به‌به‌عسیكراو.
به‌به‌عسیكراو وه‌ك ئۆبێكت، كه‌ سوبێكتى شۆڕشگێڕى كورد(پارتى و یه‌كێتى له‌ سه‌رده‌مى شاخدا)، سوپه‌رئمپوزشنى خۆیانیان له‌سه‌ردانا بوو بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى شۆڕش. لەوێدا بە بەعسیکراو وەک ئۆبێکت سوودمەند بووە بۆ سوبێکتی شۆرشگێر، یا شۆرشی کورد، کە هەردووکیان بەشێکن لە کوردبوون. بەڵام لە ئێستادا ئەم سۆبێکت و ئۆبێکتە وەک شوێن و کات گۆرانکارییان بەسەردا هاتووە. هۆکاری ئازاردان و بەتاوانبارکردنی یەکترن. ئازارێک لەگەڵ بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی، بەرژەوەندی بنەماڵەیی، ئابڕووی شۆرشگێری و ئابووریدا تێکەڵ بووە. هەردووکیان لە هەوڵی پاککردنەوە و دروستکردنی ناکۆکیدان بۆ شاردنەوەی ئەو کاریگەرییەی لە ناخی هەردووکیاندا وەک کەموکوری دەردەکەوێت و وەک بەهای سزادان یەخەیاندەگرێت. هیگڵ به‌مه‌ دەڵێت (نه‌فیى نه‌فى) یا دووجار نه‌فیكردن. لە هەمانکاتدا، سوبێکتی بەبەعسیکراو بە دیوێکی تری وەک ئه‌نتى تێزدا، به‌ پۆزەتیڤى خۆیدەردەخات، کە لە جەوهەردا نێگەتیڤە. ناتوانێت وەک پۆزەتیڤ دەربکەوێت بۆ کەمکردنەوەی کەموکوری و سزادان.

بەعسیبوون:
به‌عسیبوون فۆرمێکی تەواو جیاواز وەردەگرێت، کاتێك سوبێکت سوپەرئمپۆزشنی خۆیەتی بۆ ئۆبێکت کە بەعسە. سوبێکتی كورد، بەعسیبوونی وەک چێژ و هیوا و خۆشگوزەرانی کردووە بە ئۆبێکت؛ بۆ بەرژەوەندی خۆی وەک سوبێکت تێیدا دەستکەوتی هەبووە. هێڵی ناوەراست بوونی نییە بۆ داپۆشینی کەموکوری سوبێکتی بەعسیی کورد. ئایا هێنانەوەو یادهێنانەوەی سوبێکتی بەعسی کورد، بەرپەرچدانەوەیەکی ئیگۆییانەیە بۆ لێپرسینەوە و سزادان، لەلایەن خەڵک و دەسەڵاتدارانه‌وه‌. یاخود بەرپرسیارییەتیی سۆبێکتێکی ئازاد و بەرپرسیارە لە خەمی هاوڵاتیان؟ ئەم پرسیار و جیاکارییە بۆ هاوڵاتی کورد خۆی جێدێڵین

دروستکردنی کێشە لەلایەن نوخبەی دەسەڵاتداره‌وه‌

دروستکردنی کێشە وەک دیاله‌کتیکی هیگڵ باسی لێوە دەکات، کێشە لە خودی ئایدیای حیزبێکەوە دەردەچێت بۆ دروستکردنی ناکۆکی. باسی ئێمە لە چوارچێوەی حیزبدایە، بۆیە بەس لە ئایدیای حیزب دەکەین. کێشە لەلایەن نوخبەی سیاسییه‌وه‌ درووست ده‌كرێت، دواتر پێوستی بە به‌رپەرچدانەوە هەیە، کە دەبێتە دژه‌ ئایدیا، ئێستا کێشە و دژە کێشە هەیە و پێوستمان بە چارەسەرە. ئەم پرۆسەیە چەندین جار دووبارەدەبێتەوە، دروستکردنی کێشە، دژەکێشە، چارەسەر، و هتد. بۆ نموونە: درووستکردنی سوبێکتی ئوسامە بنلادن لە خودی سیاسەتی ئەمریکاوە دەرچوو، وەک کێشە. ئوسامە بنلادن خۆی بوو بە دژە کێشە بەرامبەر ئەمریکا بۆ تێکدانی ئاسایشی ئەمریکا. تا ئەو شوێنەی ئوسامە بنلادن وەک سوبێکت نەبێتە دژە کێشە، ئه‌نتى تێز. بۆ ئەمریکا ده‌بێته‌ ئۆبێکتێکی نازیندوو و کاریگەرییه‌کی وەهای نابێت بۆسەر ئاسایشی ئەمریکا، نابێتە ئه‌نتى تێز. بەڵام کە ئوسامە بنلادن بوو بە ئه‌نتى تێز. جۆرج بۆش بوو بە سوپەرمانی چارەسەر. تا ئەوشوێنەی خەڵکی ئەمریکای رازیکرد بەوەی کێشەیەک هەیە و پێوستە چارەبکرێت. لە وتارەکەی دوای 11سێپتەمبەر بۆ خەڵکی ئەمریکا، ئوسامە بنلادنى وه‌ك سوبێکێکی شەیتان ئاسا پیشاندا و گوایا پێوستە خۆیانی لێێ بپارێزن. بۆ ئەم پاراستنەش ئەوانی فریشتە دەبێ بەرپەرچدانەوەیان هەبێت. لێرەدا وشەی شەیتان: باگراوه‌ندێکی سایکۆلۆژیی سیاسی حکومەتی ئەمه‌ریکا دەردەخات بۆ ناکۆکی لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا. ئیسلام و مەسیحییەت. دەبن بە دوو جەمسەری ناکۆک، تۆییەکی ناکۆکی هەمیشەیی دەچێنێت بۆ شەر، بۆ دووبەرەکی. وەک لە دیاله‌کتیکی هیگڵدا باسکراوە، کە ناکۆکییەکان بە بەردەوامی دروست دەکرێن بەبیناوی چارەسەرو مانەوە، بەڵام لە راستیدا بۆ هێنانی شەرو دروستکردنی نوخبەیە.

میتافۆری ئوسامەبنلادن
درووستکردنی سوبێکتی بەبەعسیکراو و بەعسیبوون، فێڵێكی سیاسیی ترى نوخبەی شۆڕشی کوردە، کە بەشێکی جیانەکراوه‌ن و لە خودى خۆیانەوە دەرچوون. لە ئێستادا، نوخبەی سیاسیی دەسەڵاتدار دەیانەوێت وەک سوپەرمان دەرکەون و چارەسەرێک بۆ فەزای سیاسیی کوردستان بدۆزنەوە، یان بیشارنەوە و لەگەڵ سایکۆلۆژیای خەلک ئاسایی بکەنەوە. یاخود قۆناغێکی تازە بەدەستبهێنن، کە لەگەل بەرژەوەندی خۆیان بگونجێت و سیمایەکی تازەش پیشانى خەڵک بده‌ن. خەڵک کێیە؟ ئەوانەن كه‌ لە ئێستادا خۆیان دەرنەخستووە، دەسەڵاتی خۆی له‌ تاریكیدا بەکاردەهێنێت؛ له‌ناكاو هەموو دەنكە مروارییە شاراوەکان دەهۆنێتەوە بۆ رووناكکردنەوە. یان به‌ ده‌ربڕینێكى تر: خه‌ڵك هێشتا نه‌بۆته‌ خه‌ڵك، له‌ خه‌ڵكبووندایه‌.


دیاله‌کتیکی هیگڵ:
بەپێی دیاله‌کتیکی هیگڵ: سێ قۆناغ هەن بۆ چارەسەکردنی ناکۆکی و دووبەرەکی. قۆناغی یەکەم ئایدیا یان بیرۆكه‌ كه‌ دەبنە تێز، لێره‌شدا کە ئایدیای حیزبێک یان کۆمەڵێکه‌. قۆناغی دووەم دژە ئایدیا یا دژه‌ بیرۆكه‌ كه‌ دەبێتە ئه‌نتى تێز، دژی ئەو ئایدیاو بیرۆكه‌ کۆنەیە کە بوونی هه‌بووه‌ و هەیە. قۆناغی سێیەم قۆناغیکی تازەیە لە ئەنجامی تێز و ئه‌نتى تێزه‌وه‌ لەدایک دەبێت بۆ چارەکردنی ناکۆکیی نێوان تێز و ئه‌نتى تێز و پێى دەوترێت تێهەلکێش یان سه‌نتێز. دیاله‌کتیکی هیگڵ لە دونیای هاوچەرخدا بره‌وى هەیە و لە ناو هەموو مەسەلەیەکی سیاسیدا کە هانی لایەنگرانی دەدات، دەردەکەوێت. دیاله‌کتیک، درێژ بۆتەوە بۆ ناو هەموو كایه‌كانى ژیان، وەک ئایدۆلۆژیا، دین، ئابووری و مه‌سه‌له‌ى کۆمەڵایەتی. کۆمۆنیست دژی سۆشیالیست. دیموکرات دژی کۆمار. ئازادیخواز دژی کۆنەخواز، تاک دژی کاری کۆمەڵی، ئیسلام دژی مەسیحی، خاوەن سه‌رمایە دژی هەژار. .هتد. دیاله‌کتیک بەشێوەیەکی نادیار ئامانجی کۆنترۆڵکردنی هەردوو لایەنی دژیەکی هەیە بۆ چارەسەرکردنی جیاوازی و بردنی هه‌مووان و تێوەگلانی بۆ قۆناغێکی تازە لە ناکۆکی.
ده‌كرێت تێز و ئه‌نتى تێز بریتى بن له‌ ئۆبێکت، بابەت، سوبێکت، یا ئایدیا. بۆ نموونە، واى دابنێین كه‌ سوبێکتی ئێستا ئه‌نتى تێزه‌، مەبەست لە سوبێکت لێرە تاکی گەنجی کوردە دوای سەردەمی بەعس. لە ناو سوبێکتی سه‌رده‌مى بەعس خۆیەوە دەرچووە، لە کاتێکدا بەعسیبوون، تێز بووە. تێز و ئه‌نتى تێز قۆناغێکی تر دروست دەکەن کە پێی دەوترێت سه‌نتێز، وەک باسم کرد. کە دونیایەکی باشترە لە هی پێشوو. یانی تاکێکی ئەقڵانیتر، کە ئامانجی تاکێکی سەربەخۆ و ئازادە؛ چونكه‌ دیاره‌ كه‌ له‌ ڕوانگه‌ هیگڵییه‌كه‌وه‌، تا مێژوو پێش بكه‌وێت، بڕى ئازادى و عه‌قڵانیه‌ت زیاتر ده‌بێت.
ئەم تاکە تازەیه لە هەناویدا جیاوازییەکی بیری دیاله‌کتیکی لە خۆیدا هەڵگرتووە، کەموکوڕییەکی ناوه‌کییە کە بەشێکە لە بەهای سزادان. بۆ تێگەیشتن لەم واقیعە، پرۆسەیەکە تەنیا سوبێکت تێدا بڕیاردەدات، سوبێکتی تازە. لەم قۆناغە تازەدا، دوو ئیختیارى هەیە: یەکەم توانەوەیەتی لەناو سوبێکتی کۆن کە سوبێکتی سەردەمی بەعسە. دووەم: دەرکەوتنی خۆیەتی وەک سوبێکتێکی ئازاد و سەبەخۆ و، داماڵراوه‌ لە سوبێکتی کۆن.

با نمونەیەكی تر بێنینه‌وه‌: گەر یەکێتی و پارتی وەک رێکەوتنی ستراتیجی تێز بن، گۆڕانیش ئه‌نتى تێز بێت کە لە هەناوی خۆیانەوه‌(واته‌ تێزه‌وه‌) ده‌رچووە و شتێکی ڕادیكاڵ و تازەمان پێ نەڵێت، ئه‌وا تەنیا وەک فه‌وزا دەرده‌کەوێت بۆ خەڵکی بێ هیوای کورستان و بەتایبەتیش گەنج. قۆناغی سێیەمی دیاله‌کتیکی فەلسەفەی هیگڵە. گەر هیچ گۆڕانکارییەکی بەرچاو درووست نەکات، ئه‌وا بێ هیواییەکی تەواو توشی نەوەی نوێ دەبێت، ئیختیارى یەکەم بەرئەنجام دەبێت، کە توانەوەیە لە ناو سوبێکتی کۆندا. گۆڕان لێرەدا ئەو ئۆبێکتەیە، کە سوبێکت سوپەرئمپۆزشنی خۆی بەرسەردا داوە، هەرچی هیوا و خۆشبەختی خۆی هه‌یه‌ لەودا دەبینێته‌وه‌‌‌، گرنگه‌ بۆ گۆڕانیش كه‌ ئۆبێکتێکی زیندوو بێت و وەڵامی عه‌قڵانى و واقیعیى هەبێت بۆ نەوەی نوێ.

دووبارە بابێینەوە بۆ بەهای سزادان و تێکهەڵکێشی بکەین لەگەڵ چارەسەرکردنی فەزای سیاسیی ئێستای کوردستان. لای هیگڵ ئازادی كاتیگۆرییەکی ئۆنتۆلۆژییە یانی بوون ئۆبێکتێکی پەتی نییە، هه‌روه‌ها بوونی سوبێکت، مانای خۆبەدەستەوه‌دان نییە بۆ بارودۆخێکی دەرەکی،بەڵکو گواستنەوەی توانای ئەقڵییە بۆ هێنانەدیی (تێگه‌یشتن-فهم).ئەو گواستنەوە لای هیگڵ هێزێکی سروشتی و مێژووییە و بنەمایەکی ناوەکی هەموو بوونێکە. لەوانەیە کەسێک هەبێت هەولی گەمەپێکردنی بدات، بەلام دەبێت بەئاگا بێت لە تێوەگلانی.
نموونەی مێژووی شۆرشی فەرەنسا، بەپێی فەلسەفەی دیاله‌کتیکی هیگڵ، شۆرش تێز بوو، بەدواداهاتنی تیرۆر ئه‌نتى تێز بوو، هاووڵاتی ئازادیش لە ئەنجامی دروستبوونی دامەزراوەی دەوڵه‌ت، قۆناغی سێیەمی دیاله‌کتیکی هیگڵ بوو[سه‌نتێز]. ترس لە قۆناغی سێیەم لەسەر ئاستی فەزای سیاسیی کوردستان، لە جیاتیی دامەزراندنی حکومەتێکی سەقامگیرو بنکەفراوان، مەترسی شەرو فه‌وزاى نێوان حیزبەکان و قوڵكردنه‌وه‌ى برینى خەلکی هەژار پیاده‌ ده‌كرێت. بنەمای نەتەوەیی و کولتوری و جوگرافیای کوردستان جیاوازیەکی تەواوی هەیە لەگەل بنەماکانی شۆرشی فەرەنسادا. هێربەرت مارکۆزه‌ دەڵێت: ئەقل لە ناو ئازادیدا کۆتایی پێدێت و بوونی هەیە لە ناو فه‌هم و تێگه‌یشتنى سوبێکتدا، ئەقل هێزێکی بێلایه‌نە و بێلایەنێکی راستەقینەیە، لەبەر ئەوەی هەموو شێوەکانی بوون کەم یا زۆر شێوازی زاتیین و شێوازی تێگه‌یشتن و بەده‌ستهێنانن. سوبێکت و ئۆبێکت به‌هۆى كوێره‌ ڕێگایه‌كه‌وه‌ جیانابنه‌وه‌. لەبەرئەوەی ئۆبێکت لە خۆیدا تۆزێك سۆبێکتى هه‌ڵگرتووه‌، هەموو بوونێکیش توانای تێگه‌یشتنى ئەقڵیی هەیە، کەواتە لێرەدا سروشت دەبێتە وەسیلەیەک بۆ گەشەکردنی ئازادی. مەبەست لێرە شۆرشی فەره‌نسی ئازادی تاکی بەرهه‌مهێنا چونکە سەرچاوە یا پێشنەیەکی فەلسەفیانە و ئەقڵیانەی هەبوو بۆ شکاندنی کولتور و دۆگمای دینی کە بۆ چەند سەدەیەک تاکی تەواو گیرۆدەی خۆی کردبوو. ئایا ئێمە دەتوانین ئەم ترسە لە ناخماندا وەک سوبێکت، ئەم نێگەتیڤی ترسە نەفی بکەینەوە بە بوونی گۆڕان؟
دوای ٢٣ ساڵ لە ئازادی، بارودۆخی تازەی کوردستان سیمایەکی ئەقڵیانەی نییە، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ دونیایەکی دوگما و گەندەڵییەکی ئەقڵی کە تاک تێیدا پارچە پارچە بووە، شوناسێکی نادیاری هەیە. بە بۆچوونی هیگڵ هەر نەتەوەیەک یا شارستانیەتیەک، کە خۆی گرێدا بە دۆگما و ملکەچی یەک یاساو یەک جۆر لە بیرکردنەوە بوو، ئه‌وا نەتەوەیەکە توانای گۆرانکاری تیدا نیە، کەواتە مێژووی نابێت، چونکە مێژوو پروسەیەکە پڕ لە گۆرانگاری.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە