کوبانی و رێکەوتنی دهۆک، پشتگیریی یان پیلان؟

Wednesday, 29/10/2014, 12:00

2369 بینراوە



ئێستا کاتی تەنها یارمەتی یەپەدەیەو هیچی تر
پێگەی کوبانی سیاسەتێکی (کوبانی)انەشی دەوێت
تورکیا نایەوێت لوتی بشکێت و سەرکەوتن هی پەیەدە بێت
داعش هێزێکی هەڵەیە بۆ دژایەتیی کورد، تورکیا ئەبێت بیگۆڕێت
دەستەڵاتی باشور پێویستی بەوەیە تورکیا هەڵی بسەنێتەوە
داعش شەنگال بۆ "کوردی زەرد" چۆڵ دەکات

(رێکەوتنی دهۆک هەروەها بڕیاری ناردنی پێشمەرگە لە لایەن پەڕلەمانی هەرێمەوە بۆ کوبانی، پۆزەتیڤانە لە لایەن زۆر لایەنەوە باس کراوە. ئەم باسکردنە باڵی بەسەر زۆربەی میدیاو نوسەراندا کێشاوە."سەنتەری لێکۆڵینەوەی کۆنتراکت" سەربەست لە فشار و پشتبەست بە راستییەکان روداوەکان لێکدەداتەوەو سیناریۆکانی دەخاتە بەرچاو.)

کوبانی تا دوا دڵۆپی خوێن لە جیاتی هەموو جیهان دژی وەحشەتگەریی دەجەنگێت. ئەمەریکاو وڵاتە ئەوروپییەکان هەر ماوەیەکی کورت دەیانتوانی چاوی خۆیان بنوقێنن تا تورکیا "کوردی خراپ" لە کوبانی لەناو ئەبات. پەڕلەمانی ئەوروپیی زۆری بۆ هات کە بڵێت ئێستا کاتی ئەوە نییە کورد دابەش بکرێت بە سەر "کوردی باش" و "کوردی خراپ"دا. گەلانی ئەوروپا لە دەستەڵاتەکانی خۆیان قبوڵ ناکەن تاوانەکانی تورکیا رووی ئەمانیش رەش بکات. وڵاتە ئەوروپییەکان ناتوانن گەلەکانیان دابەزێنن بۆ ئاستی جەهلی تورکیا. لە تورکیا مافەکانی مرۆڤ لە ئاستێکدا نین تا بتوانێت ببێت بە ئەندامی یەکێتی ئەوروپیی. تورکیا لەم مانگەشدا رەفزی وەرگرت ببێت بە ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش.
ئەمە تورکیایە بۆیە ئۆردوگان تێ ناگات بۆچی کوبانی گرنگە بۆ ئەمەریکا؟ تورکیا ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی کوبانی پەنا دا. بەشێک لەم ئاوارانە هێنرانە باشورەوە. ئۆردوگان ئنجا دەڵێت کوبانی خەڵکی مەدەنیی تیا نەماوە ئیتر بۆچی گرنگە بۆ ئەمەریکا؟ ئۆردوگان وادەزانێت ئەمەریکا تەنها بیر لە کوشتاری ژن و منداڵ دەکاتەوە ئەگەر داعش کوبانی بگرێت. ئۆردوگان دەڵێت: "ئەمەریکا هەڵەی کرد کە لە ئاسمانەوە چەک و تفاقی خستە خوارەوە بۆ کوبانی." ئەمەریکا وەڵامی دایەوە کە ئەوە "هەڵە نەبوو، پێویست بوو." ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەوەی ئۆردوگان دەیکات جێگای شەرمەزارییە بۆ مرۆڤایەتیی. بەڵام ئەوەی تورکیا دەیکات ئوردوگان بەو ئەقڵەی هەیەتی تێی ناگات.

داعش چەکێکی هەڵەیە، تورکیا ئەبێت بیگۆڕێت
کوبانی جیهانی لە خەو هەستان. ئەمەریکاو ناتۆ هەر ماوەیەکی کورت دەیانتوانی چاوەڕێ بکەن تورکیا بە داعش "کوردی خراپ" لەناوببات. ئەمەریکاو ناتۆ بە پەلە فریای خۆیان کەوتن. تورکیا خەریک بوو سەرسمیان پێ بدات دانیان بشکێت. بەڵام ئەمەریکا رۆژی ٢٠/١٠/٢٠١٤ لە ئاسمانەوە بە فڕۆکە چەک و دەرمانی هەڵدایە خوارەوە بۆ کوبانی. ئەمەش ئەوەی پیشان دا کە کەوتنی کوبانی دژایەتیی ئەمەریکاشە. با تورکیا بچێت رێگایەکی تر بگرێت بۆ لێدانی خۆرئاوا! با کەوتنی کوبانی بۆ ئەمەریکاو ئەوروپا نەبێت بە شکست و شەرمەزاریی!

تورکیا بە خیانەتی کێ پیلان دەگێڕێت؟
"کوردی باش"، کوردی پارتەکانی ناو پەڕلەمانەو هەموویان زەردن ئێستا. "کوردی زەرد" دەستوری عێراق بە چەکوشی ئەم تورکیایە دەشکێنێت. دژی عێراق و بەرژەوەندیی کورد لەگەڵ تورکیا گرێبەستی پەنجا ساڵەی نەوت مۆر دەکات. رۆژی ٢٤٠ هەزار بەرمیل نەوت دەنێرێت بۆ تورکیا. پارەی نەوتەکەش دەخاتە بانکێکەوە هەر لە تورکیا. هیچ دەستکەوتێکی سیاسییش بۆ کورد لای تورکیا تۆمار ناکات. بەڵام توزێک لە پارەی نەوتەکە بازرگانە رەنگاوڕەنگەکانی نەوت و خوێن غەرق دەکات. سەرۆکی حکومەتی هەرێم "نێچیروان بارزانی" لەگەڵ ئوردوگان و داود ئۆغلو لە رێستورانتی ئوتێلێک لە تورکیا کەباب دەخوات. ئوردوگان وا دەزانێت خۆی زۆر زیرەکە کوردی خەڵەتاندووە. بەڵام سەرگردەی پارتەکانی باشور فێرن بە دەستی بێگانە. ئەوان ئەڵقەیەکن ناتوانن لە زنجیرەی مێژووی خۆیان دەربچن. ئەوان گەلێکیان لە پشتە. هەموو جارێک پەنجەی شایەتمانی خۆیانیان بۆ مۆر دەکەنەوە. بە دەم دەهۆڵ و زوڕنای هەڵبژاردنی پڕ فێڵەوە دەچنەوە. رایدەگەیەنن کە بێ ماف، ملکەچ و بەندن.
تورکیا کوردی باکورو کوردی خۆرئاوا بە تیڕۆڕیست دەزانێت. بە ئاشکرا یارمەتی داعش ئەدات بۆ لەناوبردنی کوبانی. "کوردی زەرد" کە کوردی پارتە رەنگاوڕەنگەکانی ناوپەڕلەمانە، خۆی داوەتە دەست ئەم تورکیایە. ئەمەریکا دەڵێت: "زانیارییمان هەیە کە "لە رێگای بازرگانی کوردەوە نەوتی داعش فرۆشراوە بە تورکیا. ئەو کەسانەی نەوت بۆ داعش دەفرۆشن پێویستە سزا بدرێن." داعش رۆژی بایی یەک ملوێن دۆلار نەوت دەفرۆشێت. لای کوردی زەرد سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی دەکوژرێن. بەڵام لەسەر خیانەتی گەورەی نیشتیمان کەس بە داردا ناکرێت. تانکەرە نەوت ئەبێت بە "خدری زیندە" کەس نایبینێت.

کورد شەڕی کورد بکات باشترە
کەمتیار شەمەندەفەر نییە لەسەر یەک سکە بڕوات. کە بۆنی خوێنی کرد سەد رێگا بە دوای نێچیردا دەڕوات. تورکیا تاپڕ نەیگرت تەڵە ئەبات.
کوردی خۆرئاوا داوای دەکرد پەڕلەمانی هەرێم کانتۆنەکانی خۆرئاوا بە رەسمیی بناسێنێت. پەڕلەمانیش دەیوت بۆ ئێمە نایاساییە، دەبێت بەغداد دانیان پیادا بنێت. بەڵام کاتێک نەخشەی "رێکەوتنی دهۆک" و ناردنی پێشمەرگە بۆ کوبانی لە تورکیاوە سەری هەڵ دا، پەڕلەمان ماددەو بڕگەی بۆ کۆ کردەوەو کوڵاندی. پەڕلەمان رۆژی ١٥/١٠/٢٠١٤ کانتۆنەکانی بە رەسمیی ناساند. پەڕلەمان خۆی دانی نەبوو، دانی تورکی پیادانان. پەڕلەمانی هەرێم وەکو ئاش وایە. باراشی خەڵک دەهاڕێت.
رۆژی ١٤/١٠/٢٠١٤ لە دهۆک ساڵح موسلیم لای "کوردی زەرد" لەگەڵ "ئەنەکەسە" کۆبوونەوە دەست پێ دەکات. ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدەیە. ئەنەکەسە بەرەیەکە لە کوردی خۆرئاوا کە لە ژێر سێبەری "کوردی زەرد"ەوە ئەیەوێت لە خۆرئاوا بەش بگرێت.

چی ساڵح موسلیمی هێنا بۆ دهۆک؟
ساڵحێک تا دوێنێ خەندەقیان بە روویدا لێ دەدا. سنوریان بەسەردا دادەخست. مۆڵەتیان نە دەدایە بێت لە باشورەوە سەفەر بکات. غەزەبی کێی لەسەر بوو؟ بە دەم تەڵەی کێوە دێت؟
رۆژی ٢٢/١٠/٢٠١٤ ساڵح موسلیم لەگەڵ "ئەنەکەسە" واژۆی سێ خاڵ دەکات. مەرجەعیەتی سیاسیی، ئیدارەو هێزی هاوبەش (١). سەرۆکی هەرێم گوڵاوی ئەم ئەزمونە شیرینەی باشور بەسەریاندا دەڕژێت.

ناردنی پێشمەرگە پەیوەندیی بە یەکێتی نەتەوەییەوە نییە
هاوکات وەزیری دەرەوەی تورکیا "مەولود ئۆغلو" رایدەگەیەنێت: "تورکیا رێگا ئەدات ٢٠٠ پێشمەرگە لە سنوری تورکیاوە بچنە ناو کوبانییەوە بۆ یارمەتی خەڵکی کوبانی (٢)." پەڕلەمانی "کوردی زەرد" لە دانانی حسابێکی بانکدا بۆ پارەی نەوت ئەژنۆی دەشکێت. بڕیارێکی بۆ نادرێت. بەڵام بۆ بڕیاری ناردنی ٢٠٠ پێشمەرگە بە چەکی قورسەوە بۆ کوبانی بڕیاری ژمارە ٢٨ چاپوکانە دەردەچێت. پەڕلەمان باراشی کێ دەهاڕێت؟ ئەمە لە کاتێکدا کە بەرەکانی حکومەتی "کوردی زەرد" هاواریانە بۆ چەک و لەبەر داعشدا خۆی ناگرێت. ئایا لە پاداشتی ئەمەدا لە باشور هێزی زەرد چی وەردەگرێت؟ داعش لە کوێوە بۆ کوێ دەنێردرێت؟ هێزی زەرد کام ناوچەی چۆڵکراو دەگرێتەوەو کێی پێ دەکەن بە پاڵەوان؟

رێکەوتنی دهۆک بۆمبێکی زەمەنییە
ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی "تەفدەم" لە سلێمانی دەڵێت: "باری هەرێم قورس ناکەین، تەنها پێویستمان بە چەکە." بەڵام ئایا پێشمەرگەناردن و رێکەوتنی دهۆک بۆ پێویستیی کوبانین؟
بەردەوام بەرپرسانی پەیەدە دەڵێن شەڕکەرمان ناوێت، چەکمان دەوێت. بەڵام گوێیان لێ ناگیرێت. با هەر بڵێن. ئۆردوگان دەڵێت من بە "ئۆباما"م وتووە ٢٠٠ پێشمەرگە بچێت بۆ کوبانی. سەفین دزەیی دەڵێت: "هەڵوێستی تورکیا بۆ رێگادان بە ناردنی پێشمەرگە هەڵوێستێکی مەزنە." تورکیا بۆچی دەیەوێت پێشمەرگەی هێزی زەرد بنێرێت بۆ کوبانی؟ وەزیری دەرەوەی تورکیا رۆژی ٢٦/١٠/٢٠١٤ دەڵێت: "پەیەدە نایەوێت پێشمەرگە بچێتە ناو کوبانییەوە. پەیەدە دەیەوێت خۆی دەست بەسەر ناوچەکەدا بگرێت." ئەی وەزیر دەیەوێت کێ دەست بەسەر ناوچەکەدا بگرێت؟ وەزیر دەڵێت "ئەوان پشتگیریی پێشمەرگەو سوپای ئازاد دەکەن. پەیەدەو پەکەکە تیڕۆڕیستن. پەیەدەو داعش سوریایان تێکداوە."

ناردنی پێشمەرگە هۆکاری نەتەوەیی نییە
کەجەکە دەڵێت: "بڕیاری ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ کوبانی گرنگە، خزمەتی یەکێتی نەتەوەیی دەکات." ئەم هەوایە لە کوێوە دێت؟ ساڵح موسلیم دەڵێت: "لە ماوەی دوو مانگدا ناوەڕۆکی رێکەوتنەکەی دهۆک جێبەجێ دەبێت." لە کاتێکدا کە کوبانی لە شەڕدایە کەی وەختی رێکەوتن و داوای بەش کردنە؟ ئەم ماستە مویەکی تیایە. فاکتەرێک لە هاوکێشەکەدا نادیارە.

لێکدانەوەی کەرەسەکان:
ساڵی ١٩٩١ کاتێک کە کێشەی کورد بوو بە کێشەیەکی جیهانیی، سەرکردەی پارتە دەستێخراوەکانی باشور بە کۆمەڵ نێردران بۆ لای سەددام حسەین و لاچاویان ماچ کرد. بەم چوونە کورد پشتگیریی جیهانیی لە کیس داو هاتەوە بەردەمی جەلادەکانی. ئەمەریکاو وڵاتانی ئەوروپیی کێشەی کوردیان لە کۆڵ بووەوە.
ساڵی ١٩٧٥ کاتێک کە شای ئێران و سەددام لە جەزائیر رێکەوتن، جوڵانەوەی چەکداریی کورد لە ماوەی یەک حەفتەدا بڵاوەی پێ کرا. شێخ لەتیفی مەلیک مەحمود جارێک وتی: "کورد هەموو جارێک سیاسیی ئەیدۆڕێنێت نەک سەربازیی."
کوبانی ئێستا لە شەڕدایە. ناردنی هێز تەنها لە کاتێکدا راستە کە کوبانی خۆی داوای بکات، پلانی بۆ بەکارهێنانی هەبێت و هێزێک بێت جێگای گومان نەبێت. سەرانی پەیەدە چەند جارێک دوبارەیان کردۆتەوە کە ئەوان شەڕکەریان ناوێت، چەکیان دەوێت. بەڵام راستییەکان پیشانی ئەدەن کە ناردنی پێشمەرگەو رێکەوتنی دهۆک بۆ پشتگیریی کوبانی نین، شتێکن بەسەریاندا فەرز دەکرێن. بۆچی پەیەدەو پەکەکە چونەتە ژێر ئەم بارەوە؟ کێ یان چی ناچاری کردوون؟ ئەمە فاکتەرێکی نادیارە لە هاوکێشەکەدا. ئێمە روداوەکان وەکو جوڵانەوەی وردە ئاسنی سەر مقەبا دەبینین. ئایا موگناتیزەکە لە ژێرەوە لە دەستی کێدایە؟
ئیدارەو موراڵی بەرگریی لە کوبانی سەرکەوتووە. هەر دەست تێوەردانێک لە کوبانی لەم کاتەدا پیلانە نەک پشتگیریی.
ساڵی ١٩٩٢ پەڕلەمانی یەکێتی و پارتی بڕیاری شەڕی دا دژی پەکەکە. پارتی لە ٠٣/١٩٩٥دا، رۆژی ١٤/٠٥/١٩٩٧، لە مانگی (١٠)ی هەمان ساڵ و لە مانگی پێنجی ساڵی (١٩٩٨)دا بۆ شەڕی دژی پەکەکە لەگەڵ سوپای تورکیادا بەکار هاتووە.
کوبانی گرنگیی جیهانیی و نەتەوەیی هەیە. بەرپرسیارییەکی مێژووییە کە سەرانی پەیەدە کوبانی راوەستاو نەخەنە سەر سابوون.
پێشمەرگەیەک تورکیا بیپێچێتەوە بۆ کوبانی دور نییە لەتی ئەو پارەیە بێت کە داوێتی بە داعش.

سیناریۆ:
١. ئەمەریکاو ناتۆ نایانەوێت کوبانی بەم شێوەیەی ئێستا بکەوێت.
٢. تورکیاش ناتوانێت واز لە کوبانی بهێنێت پەیەدە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و خۆشی لوتی بشکێت. بۆیە دەبێت رێگایەکی تر بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی نە ئەمەریکاو ناتۆ شەرمەزار بن نە پەیەدەش سەربکەوێت.
لە هەنگاوی یەکەمدا تورکیا دەتوانێت بە دەستێک پێشمەرگە بنێرێت بۆ کوبانی و بە دەستێکی تر داعش پاشەکشە پێ بکات. سەرکەوتن بکات بە ئازایەتیی خۆی و مەدالیاش بدات لە یەخەی کوردی زەرد.
لە هەنگاوی دووەمدا تورکیا دەتوانێت ئەنەکەسە بە پشتگیریی کوردی زەرد بجوڵێنێت دەژی بەرەی پەیەدە "تەفدەم". شەڕی کورد بە کورد بکرێت باشترە. لەسەر ئەمەریکاو ناتۆش ناکەوێت. دەشوترێت ئەوەتا کوردەکان لەناوخۆیاندا ناکۆکییان هەیەو تێکبەربوون. لەم کاتەدا کوبانی پێگەی سیاسیی دەڕوخێت. لە رێگای ئەنەکەسەوە تورکیا دەتوانێت هێزی وەکو "سوپای ئازاد"یش بەکار بهێنێت دژی بەرەی پەیەدە "تەفدەم". بەم شێوەیە داعش بە هێزێکی تر بگۆڕێت.
ئەم رێتێچونانە لە کاتێکدا بەرچاوە کە تورکیا سیاسەتی بەرامبەر بە پەیەدەو پەکەکە نەگۆڕێت.
٣. بە ئیشارەتی تورکیا داعش لە ناوچەی شەنگال و شوێنەکانی تر دەکشێتەوە. بەمەش کوردی زەرد هەڵدەستێنێتەوە کە ئەوەتا شوێنەکانیان گرتەوەو خەڵکیی دەبێت ملکەچیان بێت. کوردی زەردیش بۆ ئەم فلیمە پاڵەوانێک هەڵدەبژێرێت کە تەمایە لە داهاتوودا جێگای مەسعود بارزانی بگرێتەوە.

تێبینی:
پێش ئەوەی بۆردومانی هەڵەبجە روو بدات لە لێکۆڵینەوەیەکدا رامانگەیاند کە بۆردومانی شارو شارۆچکەکان بە کیمیاویی بەڕێوەیە. دوای ساڵێک هەڵەبجە بوو بە قوربانیی. ئێستا لێرەوە دەمانەوێت لە پێشەوە رایبگەیەنن هەر تەشقەڵەو روداوێکی لابەلا بە دژی پەیەدەو کوبانی رووی بدات ئەوە پیلان، جاشێتیی و خیانەتێکی نەتەوەییە. کەس پاساو نەهێنێتەوە بڵێت دڵسافیی، گرفتی سەر ساحە یان جیاوازیی فیکریی بوو.

ناسر حەفید





https://www.facebook.com/3kontrakt?fref=ts
سەنتەری لێکۆڵینەوەی کۆنتراکت

سەرچاوە:
1. http://www.knnc.net/Drejey-hawal

2. http://sbeiy.com/Detail.aspx?id=37296&LinkID=4
3. http://knnc.net/Drejey-hawal

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە