بۆ كۆتایهێنان بە خوێن رشتن و سەركوت نەكردنى شەقام و دەنگە نارازییەكان وەرن پێكەوە كار بكەین .

Wednesday, 23/02/2011, 12:00

1025 بینراوە


بۆ كۆتایهێنان بە خوێن رشتن و سەركوت نەكردنى شەقام و دەنگە نارازییەكان وەرن پێكەوە كار بكەین .

بەرێزان ، نوسەران و رۆشنبیران،مامۆستایان و خوێندكاران، كرێكاران و بێكاران ، پیران و گەنجان و دایكان و باوكان، بازرگانان و پیشەوەران، رۆژنامەنوسان و پزیشكان و پارێزەران ،ئەندامانى پەرلەمان و پارێزەرانى مافى مرۆڤ، چالاكوانانى مەدەنى و سەرجەم خەمخۆران و ئازادیخوازان،رێكخراوە نێودەوڵەتیە مەدەنى و مرۆڤ پارێزەكان ،رەوندى كوردى لە دەرەوەى وڵات، بۆ بەرگرتن بەخوێنرشتن و سەركوتكردنى شەقام و دەنگەنارازییەكان و فشارخستنە سەر حكومەت و دەسەڵات بۆ جێبەجێكردنى خواست و داواكارییەكانى خەڵك، وەرن پێكەوە كاربكەین ، وەرن ئەركى مرۆڤدۆستى و ئەخلاقیانەى خۆمان بەرامبەر بە وڵات و گەلەكەمان لەم ساتەوەختە هەستیارەدا بەجێبهێنین. بۆیە ئێمە وەك تۆرى بەرگرى لە ماف و ئازادییەكانى خەڵك بانگەوازى پێكەوە كاركردنتان دەكەین بە كۆبونەوە لەدەورى یەكترو دروستكردنى بازنەى گفتوگۆى كراوە لە رێگەى كۆبونەوەى جەماوەرى بۆ بەدیهێنان و جێبەجێكردنى ئەم ئامانج و داواكاریانەى خوارەوە.
بەئومێدى بەشدارى مەدەنیانە و ئاشتیانەى هەمولایەك.


1- دەستبەجێ هەڵوەشاندنەوەى هەموولیژنەكانى لێكۆڵینەوە كەدروست كراون بۆ تاوانباركردنى خەڵكى نارازى . لەبەرامبەر ئەوەدا دروست كردنى (لیژنەى چارەسەر) كەپێكهاتبێت لەنوێنەرانى هەموو دەنگە نارازیەكانى سەرشەقام لەرێكخراوەكان و رۆشنبیران وخوێندكاران و وەهەردەنگێكى نارازى كەدەبێت گوێى لێ بگیرێت .

2- دەستبەجێ ئازادكردنى هەمووگیراوەكان وهەڵوەشاندنەوەى هەمووئەوداوایاسایانەى كە لەسەرچالاكوان وهەڵسوراوان وبەشدارانى خۆپیشان دانەكان تۆماركراون.
3- دەستبەجێ راگرتنى راوەدوونان وهەڵكوتانە سەرماڵى چالاكوانان وبەشدارانى خۆپیشاندانەكان.
4- دەستبەجێ دەستگیركردنى بكوژان و هەمووئەوهێزانەى كەبە گولەوەڵامى داخوازیەكانى خەڵكی نارازییان داوەتەوە.
5-دەبێت (فاچل میرانى) ئەندامى مەكتەب سیاسى پارتى ،لەسەر فەتواى دەست برینەوەى خۆپێشاندەران،لێپێچینەوەى یاسایى لەگەڵدا بكرێت.
6-دەبێت (محمد تۆفیق) وتەبێژى گۆران ،لەسەر بێرێزیكردن بە خۆپێشاندەران و ناوبردینان بە ئاژاوەگێر ،داواى لێبوردن بكات.
7-دەستبەجێ كۆنترۆڵكردنى بازاڕ لە نرخ و كوالێتیدا.
8- دەستبەجێ دابینكردنى كارەبا بۆسەرجەم هاوڵاتیان بەبێ جیاوازى بەبرى 24 كاتژمێر بۆهەر رۆژێك.
9- دەستبەجێ دامەزراندنى دەرچوانى زانكۆ و پەیمانگاكان بەبێ جیاوازى و دورلەتەزكیەى حیزبى.
10- دەستبەجێ دەبێت ، سەرۆكی هەرێم و سەرۆكى حكومەت و سەرۆكی پەرلەمان،دەست لەپۆستە حیزبیەكانیان هەڵگرن.
11-دەستبەجێ هەرزانكردن و باشكردنى تۆڕى ئەنتەرنێت و تەلەفۆن.
12-دەستبەجێ دابەزاندنى نرخ و باشكردنى جۆرى سوتەمەنی.
13-دەستبەجێ گەڕانەوەى بڕى موچەى بڕاوى فەرمانبەرانى سنوورى پارێزگاى سلێمانى

14-هەمواركردنەوەى یاسای خۆپیشاندان و كۆبونەوەگشتیەكان بەجۆرێك كە لەگەڵ پێوەرەنێودەوڵەتیەكاندا گونجاوبێت.
15-كاركردن بە یاسایى رۆژنامەگەرى و پوچەڵكردنەوەى گشت ئەو داوایاساى و سزاكانى سەر رۆژنامە و رۆژنامەنوسان كە لەدەرەوەى ئەم یاسایە كە لەرابوردودا سەپێنراوە,
16-ئەكتیڤكردنى داواكارى گشتى و سەربەخۆیى سیستەمى دادوەرى.
17-كاركردن بە ڕاپۆرتەكانى دیوانى چاودێرى داراى و ئاشكراكردنى گەندەڵكاران,
18-بردنەدەرەوەى سەرجەم بارەگا حیزبیەكان بۆ دەرەوەى شارەكان.
19-نەهێشتنى میلیشیاى حیزبەكان.
20-بەردەوامیدان بەبڕەخۆراكى مانگانەى هاوڵاتیان و باشكردنى جۆرو دابەشكردنى لە كاتى خۆیدا.
21-ئاشكراكردنى داهاتەكانى بەقاچاخ بردنی نەوت و گەرانەوەى بۆ سەر بودجەى گشتى.
22-زیادكردنى پێشینەى هاوسەرگیرى بەجۆرێك كە لەگەڵ خەرجى و پێداویستیەكانى هاوسەرگیریدا بگونجێت بۆبڕى(10000000) دەملیون دینار.
23-دابینكردنى هەلى كارو بڕینەوەى بیمەى بێكارى بەجۆرێك كە شایستەى شكۆمەندی مرۆڤبێت.
24-باشكردن و هەرزانكردنى سیستەمى تەندروستى لە كەرتى تایبەت و حكومیدا.
25-زیادكردنى پێشینەى خانوبەرە و لادانى هەموو جۆرە سودێك لەسەرى.

تۆرى بەرگرى لە ماف و ئازادییەكانى خەلًك
22-2-2011

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە