بەرپرسێكى پەروەردە لە هەڵەبجە پەلامارى مامۆستایەك دەدات و پاشانیش سزاى مامۆستاكە دەدات

Sunday, 15/11/2009, 12:00

1989 بینراوە


پاش ئەوەى بەمەبەستى گواستنەوەى لە خوێندنگایەكەوە بۆ خوێندنگایەكى تر , مامۆستا یەحیا نەوزەر , كە ماوەى 5 ساڵە لە ناوەندى گۆرانى شارى هەڵەبحە وانەى وەرزش دەڵێًتەوە, دەچێتە لاى دلێر مەحمود ڕەزا, كە سەرپەرشتیارى یەكەمى پەروەردەییە , ئەم بەرپرسە پەروەردەییە پەلامارى مامۆستاكە دەدات و چەندین جوێنى ناشیاوى پێدەدات. هەر هەمان ڕۆژ, مامۆستا یەحیا نەوزەر هەڵدەستێت بە تۆماركردنى داوایەك لە دادگاى تاوانەكانى هەڵەبجەى شەهید دژى مامۆستا دلێر. بەڵام مامۆستا دلێر لە ڕێگاى تایبەتەوە هەڕەشەى ئەوە دەكات كە ئەگەر ئەو واز لە داواكەى نەهێنێت ئەوا سزاى دەدات و فەێڵى دەكات. مامۆستا یەحیا لە لێدوانێكدا پێى ڕاگەیاندین كە :"من بڕیارمداوە كە تەنها و تەنها لە ڕێى یاساوە ئەم كارە بگەیەنمە ئەنجام و ئامانجەكەیشم ئەوەیە كە ئیدى هیچ بەرپرسێك لە هەر ئاستێكدا بێت , جورئەت نەكات بێڕێزى بەرامبەر بە هاوڵاتى و مامۆستایان بنوێنێت" سەیر ئەوەیە كە لە سەروبەندى ئەمەدا, مامۆستا دلێرى پەروەرد ەى هەڵەبجە هەڵدەستێت بە سزادانى مامۆستا یەحیا نەوزەر بە دورخستنەوەى بۆ یەكێك لە گوندە دورەدەستەكانى شار, لە بەرامبەردا مامۆستا یەحیا هەڵدەستێت بە تۆماركردنى شكاتێكى تر لە بەشى یاسایى پەروەردەى هەڵەبجە دژى مامۆستا دلێر بەهۆى ئەوەى ناوبراو هەستاوە بە بەكارهێنانى دەسەڵاتى ئیدارى خۆى لە كێشەیەكى یاساییدا. ئەم كێشەیە هەرچەندە لە ڕووكاردا وەك كێشەیەكى كەسى و نادادیەكى تاكەكەسى دێتە بەرچاو, بەڵام دەبێت ئەو ڕاستیەمان لەبەر چاو بێت كە هەر ئەم جۆرە كەیسانەن كە دەبنە هۆى هەڵماڵینى ڕووى زۆرێك لە بەرپرسانى نالێهاتوو. شایەنى باسە مامۆستا دلێر مەحمود ڕەزا ئەمە یەكەمجارى نیە كە بە ناشیاوى لەگەڵ مامۆستایاندا ڕەفتار دەكات , بەڵًام تا ئێستا هیچ ئیجرائاتێكى بەرامبەر ئەنجام نەدراوە, لە كاتێكدا كە تەنانەت مامۆستایانى سەر بە حیزبى دەسەڵاتیش خۆیان لە هەڵسوكەوتەكانى بێزارن

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە