هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد خەڵك دەگەوجێنێ یان خۆی

Wednesday, 02/10/2013, 12:00

1279 بینراوە





بەر لە چەند ساڵیك هیرۆی ئیبراهیم ئەحمەد بۆ کۆنترۆڵی کردنی تەواوی کایەکانی دەسەڵاتی یەکێتی لە زۆنی سەوز، هەوڵی کۆنترۆڵی کردنی یەکێکە لە مەڵبەندە گرینگەکانی یەکێتی دەدات، ئەمیش مەڵبەندی سلێمانیە، ئەمەش دوای ئەوەی بەشێکی کادیرە دیار و ئەساسیەکانی یەکێتی کە خەڵکی ئەم شارە بوونی رێزەکانی ئەم حزبە جێدێڵن و لە ناو بزووتنەوەی گۆران درێژە بەخەباتی خۆیان ئەدەن. هیرۆ بۆ کۆنتڕٶڵکردنی ئەم مەڵبەندە خۆی دەکات بە بەرپرسی مەڵبەند کۆمەڵێك لە خەڵکانی هەڵپەرست لەخۆی کۆدەکاتەوە و تەواوی ئیمکاناتی یەکێتی دەخاتە خزمەتی خۆی و پیاوەکانی. بەگوێرەی ئەو سەرچاوانەی لە ناو یەکێتی باسی دەکەن، میزانیە و خەرجیەکانی ئەم مەڵبەندە ئەگەر بەقەد تەواو خەرج و میزانیەکانی هەموو مەڵبەندەکانی یەکێتی نەبوو بێت ئەوا هیچی ئاوای کەمتر نەبووە. ئامانجی هیرۆ لەم کارە رکابەرایەتیکردنی نەوشیروان مستەفا و بزووتنەوەی گۆران بووە لەلایەک و لەلاکەی تریشی ئەگەر سەرکەوتنی بەدەست هێنا نیشانی رکابەرەکانی ناو یەکێتی بدات کە چۆن سلیمانی لە دەست نەوشیروان مستەفا دەرهێناوە. بەڵام ئەم ئامانج و هیوای هیرۆ سەرناگرێت کە لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٠ هەوڵی بۆدا لە ٢١/٩ بۆ بڵقی سەرئاو و شکستێکی بەرچاو دەهێنێت کە نە پارە و نە دەسەڵاتە رەهاکانی فریای ناکەون.


هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە هەوڵیکی نوێدا یان بڵین لە سیناریۆیەکی نوێدا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پەیامێكدا رادەگەیەنێت. ئەوەی جێگای سەرەنجە لەو پەیامە نیو لاپەڕەیەدا ئەگەر بەچاوێکی بەدیقەتەوە سەیر بکەین، کۆمەڵیک سەرەنجمان لا گەڵاڵە دەبن. ئەو ئەنوسێت کە دڵسۆزانە هەوڵیداوە بەشێکی زۆر کێشەکانی خەڵک چارەسەر بکات بەڵام چونکە کێشەکان لای حکومەت بوون و هەوڵێشی بۆیان یاوە بەڵام لەلایەن حکومەتەوە هەر بەڵێنیان پێدراوەو جیبەجێ نەکراوە. ئەم قسانە ئەگەر هەر بەرپرسێکی تربیکردایە لەوانە بوو راست بایە، بەڵام هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد نەک هەر ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەڵبەند بوو بەڵکو سەرۆکی حکومەتی دەڤەری سەوز بوو، هیچ ئاڵوگۆرێک لە پۆستە حکومیەکانی دەڤەری سەوز ئەگەر رەزامەندی ئەوی لەسەر نەبایە قبوڵ نەدەکرا، واتا دەبوو بە فلتەری ئەودا رۆیشتبایە. هەموومان بەردەوام ئەوەمان لە مێدیا ئەهلیەکان بەرگوێ دەکەوت کە کێشەیەکی گەورە هەیە لە نێوان بەرهەم سالحی سەرۆکی ئەوکاتە حکومەت و هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەسەر پۆستەکانی پاریزگای سلێمانی بەردوام رێگرێکی گەورە بووە لەبەردەم لابردنی کۆمەڵیک بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتیەکانی سلێمانی کە تێوەگلاون لە گەندەڵی چونکە سەربە بوون یان پیاوی ئەو بوون. وەک نمونەش بەرپرسی نوسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە سلێمانی بەناوی (هاوڕێ تۆفیق) یەکێکە لەو کەسانەی کە هیرۆ دایناوە، هەر بۆیەش لەدوای ئەنجامەکانی ٢١/٩ ویستی ببێتە بەشێک لە ئەنجامدەرانی تەزویر لە سلێمانی، ئەمانە و چەندا نمونەی تر.


بەگوێرە قسەی بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی بێت هەر کاتێک گلەییان لە پارتی کردبێت لەسەر پۆستە باڵاکان کە بەشی یەکێتی بوون، یان هەر کردەوەیەکی پارتی کە یەکێتی لێ ئاگادار نەکرا بێتەوە ئەوە یەکسەر پێێان راگەیاندوون ئەوان قسەیان لەگەڵ هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کردووە بەتایبەتی تەواوی وەزیرەکان ئەگەر رەزامەندی هیرۆی لەسەر نەبوو بێت ئەوا نێجیرڤان بارزانی قبوڵی نەکردوون.


لیرەدا ئەوە بەڕوونی دەبینرێت کە پارتی چۆن توانیویەتی لە پێناوی پاراستینی بەرژەوەندییە ئابووریەکانی هێرۆ کۆنترٶلی بەشیکی زۆری یەکێتی بکات و هیچ حیسابێک بۆ یەکێتی و سەرکردایەتیەکەی نەکات، ئەمەش لە مەسەلەی نەوت زۆر بەروونی هەستی پێکرا کاتێک تەواوی مەکتەبی سیاسی یەکیتی بێ ئاگا خۆیان لە فایلی نەوتی کوردستان راگەیاند، بەڵام پارتی و نیچیربارزانی بە ئاشکرا رایانگەیاند، کە هەموو گرێبەستەکان بە ئاگاداری قوباد تاڵەبانی کراون. نازانم هیرۆ مەبەستی کام حکومەتە بووە کە بەڵێنیان پێداوەو بۆیان جێبەجێ نەکردووە؟! چونکە وەک کوردانی رۆژهەڵات دەڵێن ئەو خۆی هەمە کارە بووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە