هێلانەى دوێنێى دەستەڵات و هێلانەى ئەمرۆى ئۆپۆزسیۆن وشەقام

Wednesday, 27/04/2011, 12:00

1601 بینراوە





لە هەر سەردەمێكدا پەیوەندیەكان شێوازى دیارى كراو ئەنوێنن بەو پێیەى نواندنى بەها رەوشت و رۆحیەكان رەنگدانەوەى سەردەمەكانن ،ئەگەر چى پەیوەندیەكانى كۆمەڵایەتى وسیاسى وئابورى لە سایەى حوكمى بیست ساڵەى كوردیدا پەیوەندیەكى شێواوو ئابوریزمێكى پر لە حیزبى قۆرغكارو وسیاسەتێكى خۆویستانەو ئیدارەیەكى پر لە گەندەڵى بوو،بەڵام واخەریكە سەردەمێكى نوێ لە پەیوەندیەكانى كۆمەڵایەتى وسیاسى وئابورى دووبارە پێناسەو راڤەى نوێى بۆ دائەرێژرێتەوە وخەریكە بتى كارەكتەرە موقەدەسەكانى حیزب ئەشكێنرێن ودەستەواژەى موقەدەسكردنى سەركردەى شاخى دوێنێ بۆ ئەمرۆ نە مینێت وكەس جورئەتى ئەوە نەكات بە ئارەزوى خۆى بخواو وبكوژێ وكەسیش پرسینەوەی لێ نەكات،موقەدەس ئەم خاكەیە موقەدەس پاراستنى خوێنى ئەم مرۆڤەیە ئەم هاوڵاتیەیە كە نابێت لە ژێر هیچ بڕوبیانوێك وهیچ رێبازى بتێكا برێژێنرێت و سیاسەتى حیزبوالقائید مۆدیلى نەما ئەمرۆ سەردەمى فرە رەنگیە ، دابەشكردنى شتەكان تەنیا بۆ رەش وسپى بە هۆشیارى ئەمرۆ ناخوات ،ئیتر درونەى تێكۆشانى شاخ تەواو بوو خەرمانیشى نەما وپاوەنەكەش كە بیست ساڵە سەوزى تیا نەماوە وەك مۆزەخانەى لێهاتوە وازبهینن وێنەكەشى مەشەوێنن.
پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكانى دوێنێ لە مەرجەعى بونى ئاغاكان ومیراتگرى كورسیەكان بەسەر چوو عیبرەتى نزیكى جەمال وعەلاى حوسنى موبارەك وكورەكەى عەلى عبداللەى یەمنیى ئێستا ودوارۆژى بشارى كوڕى حافز ئەسەدیش زۆرى نەما، دارشتنەوەى پەرستنى پارەو دەستەڵاتیشى داد ناداو حوكمى گەل حەتمیەو بڕیارى داوە كورسی دەستەڵات وەك میراتگرى لە فەرهەنگیدا بۆ كەس بنتیشى نەمینێت .
دوێنێ تاك وكۆمەڵگا لە هەڵبژاردنى خۆیدا بە تەواوى ئازاد نەبوو عەقڵ و وئیرادەو ئازادى سنوردار كرابوو پێوەرى ساختە زاڵ بوو كە هەڵبژاردنى شتەكان شێواو ئازاد نەبوو ،ئەوا ئەمرۆ كۆمەڵگا لە رێگاى رێكەوتنێكى بە كۆمەڵەوە لە رێى میكانزمێكى ئازادەوە كۆت وبەندەكانى ئازادى هەڵبژاردن ئەشكێنن ودووبارە وێناى ئازادى هەڵبژاردن وئازادى بیركردنەوەو را دەڕبرین وئازادى رەخنە تەرح دەكاتەوە تا ئەم ئازادیانەش بگۆرن بۆ یاسا ئیتر ئیوەش واز لە نەریتە كۆنەكان بهێنن یاسا بە ئازادى مەفرۆشنەوە ئازادیەكانیش بەند مەكەن.
ئازادى دوێنێ قابیلى شیكردنەوەو دەربڕینى جۆراوجۆرى نەبوو تەنیا ئەم ئازادیە نەبێت كە لە بازنەى فەرهەنگى سیاسى ونیازەكانى خۆیان ئەخولایەوە بۆیە خۆپشاندانەكان حەرامەو ولێدان وئەشكەنجەى نوسەرو مامۆستاوخویندكاریش حەلالە،ئەوا ئەمرۆ پێناسەكانى ئازادى دووبارە لە لوتكەى مرۆڤگەریەوە دەست پێدەكاتەوە بە دەربڕینێكى پر لە ئیرادەو ئەنجامدانى كارەكان وئەیەوێت خۆى بنوێنێ تا تواناكان بە پێى پێویست لە مەیدانە كاربكەن وتەعبیر لە ئازادیە دیارونادیارەكان بكەن ئینجا چ بە ناسنامەیەكى عەلمانى بێت یاخود ئیسلامى بە دسپلینى رەوشت وبەها باڵاكان خۆى ئەنوێنێ ،ئەوتا لەسەراى ئازادى داگیركراو مامۆستایەكى ئاینى وتارى ئەخوێند گەنجێكى عەلمانى مایكى بۆ دەگرت ،مامۆستایەكى ئاینى بە ناهەق ئەگیرا رۆشنبیرەكان ئەیانوت هەمومان مۆستاى ئاینین وكاتێكش رۆشنبیرێك وتارى ئەدا مامۆستاكان دەستیان ئەكوشى كە رۆشنبیرێكیش ئەگیرا ئەوانیش رۆشنبیرەكە بوون ئەوەى كۆیانى ئەكردەوەش هەمویان ئازادیخوازو دژى گەندەڵى وتوندوتیژى دەستەڵات بوون، دوێنێى پێش 17 ى شوبات كێبركێ بوو كە كێ زوتر لە كۆبونەوەو مێز گرتە رۆشنبیریەكان لە ئیسلامى وعەلمانى قسەیەك زیاتر بكات ئەوا ئەمرۆ جەماوەرى هەردوو لا چەپڵە بۆ قسە باشەكانى هەردووئایدیا لێدەدەن نەخێریش بۆ بكوژى وتوندوتیژى ئەكەن، دوێنى ململانێیەكى توند هەبوو لە سەرخستنى ئایدیاكانى عەلمانى وئیسلامى وماركسى لەسەر یەكتر ئەوا ئەمرۆ لە دەورى سوفرەى مافخوازى وئازادیخوازى گەل كۆبونەتەوە وێنایەكى واقعى جوانى كوردى بەیەكەوە تەواو پێشكەش دەكەن وقەبوڵیشانە سوجدە بۆ خوا ببەن نەك شتى تر ،دوێنى گالتەجاریەك هەبوو لە نێوان وجودى وعەلمانى ونوێژكارن ئەوا ئەمرۆ لە زۆربەى شوێنەكانى كوردستان نوێژكاران نوێژ بۆ خوا دەكەن وئەوانەى نوێژیش ناكەن لە دەرەوەى نوێژى جەماعەتەوە پاسەوانیان بوون لە سەراكان.
دوێنێ لە پەیوەندیە كۆمەڵایەتی وئیداریەكان لە دانان ولابردن ئەم یاسا نەنوسراوانە بوو وەك بنەمایەكى یاساى سیاسى نەگۆرى حیزبى دەستەڵات بنەماى كار بوو،ئەوا ئەمرۆ پەیوەندیەكانى نێوان تاك وكۆمەڵگا نێوان تاك ودامەزراوەكان بانگەشەى هەیەوەك پەیوەندیەكى یاسا نوسراو بنوسرێتەوەو مەرجەعیشى بۆ دیار بكرێت .
دوێنێ لە تایبەتمەندى فەرهەنگى ئیداریەوە لوتكەى هەرەمى دەستەڵات حیزب وحیزبى دەستەڵات بوون خوشیان وەك پاساوان وپارێزەرى فەرهەنگى كۆمەڵگا دەناسند،ئەوا ئەمرۆ داواكارى لە ئارادایە ئەرك ومافەكان وتایبەتمەندى سیستەمێكى كارگێرى سیاسى بۆ سەر لوتكەى هەرەمى دەستەڵات ئاراستە هەبێت كە گەل حوكمى خۆى ئەكات وپێناسە وراڤەى ئازادى وپەیوەندیەكان ویەكسانیەكانى خۆى دەكاتەوە ونابێـت حیزبیش لەناو دەمارەكانى حكومەت بیت حكومەتیش حیزب بێت.
دوێنێ خەڵك مەلكەچى یاساى نائازادیەكان كرابوون ئەوە ئەمرۆ ئەیانەوێت ئازادیەكان بكرێتە یاسا وبەتاك وكۆمەڵگاش بەڵێنى مەلكەچى یاسا دەبن.
ئەوەى دوێنێ بوو لە پەیوەندیەكانى دەستەڵاتى سیاسى وكۆمەڵایەتى وئابورى ،ئیتفاقى ستراتیژى بوو ئەوەى ئەمرۆ بوو پەیوەندى ئوپۆزسیۆن وشەقام و ئیرادەى ئازادى ورا دەربڕین بوو وەك بەسەروەرى بونى یاسایەكى ئازادى .
ئەوەى دوێنێ بوو لە هێلانەى دەستەڵات بوو ئەوەى ئەمرۆ بوو لە هێلانەى ئۆپۆزسیۆن وشەقام وجەماوەر بوو لە ئازادى پێكەوە ژیانى عەلمانى و رۆحى نوێژكارنى ئیسلامى وخەڵكى سەراكان بوو.

 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە