حیزبی شوعی ئەو فریشتەیە نییە کاک ئیحسانی مەلا فوئاد و کاک ھیوا ڕەش! ا

Tuesday, 04/08/2009, 12:00

1858 بینراوە


ماوەیەکەی زۆرە لە خەیاڵمایە شتێک لەسەر حیزبی شوعی بنووسم بەڵام دەرفەتێکم دەست نەئەکەوت . ھەتا سەرنجم دا لەم ماوەیەی دواییا برادەرێک بەناوی کاک ئیحسان مەلا فوئادەوە بە چەند وتارێک کەوتۆتە پاساو ھێنانەوە بۆ ھەڵوێستی حیزبی شوعی و لۆمەکردنێکی ھەڤالانەیان ئەکات و خۆزگە ئەخوازێ ئەم حیزبە ھەڵوێست بنوێنێ. ھەر لەم رۆژانەش وتارێکی ترم بینی بە ناونیشانی (نامە یە كى كراوە بۆ سەرانى حیزبى شیوعى كوردستان) لەلایەن کاک ھیوا ڕەشەوە نووسراوە تیایا باسی ماھیەتی حیزبی شوعی ئەکا ئەنووسێ (لە سەرەتای دامەزراندنیە وە تا ئەگات بە كودەتاى بەعسیەكان بۆ چركە ساتێك لە ڕووبە ڕوو بوونەوە ى ستەمكاران و خەبات و بەرخودان غافڵگیر نەبووە و هەمیشەش پێشەنگ بووە و لە هیچ جۆرە قوربانیدانێك نەسڵەمیوەتەوە) . ئەم وتارانەی کاک ئیحسان و کاک ھیوا زۆر شتی ناواقیعیان تیایە بۆیە ئیتر ناچار بووم ئەم روونکردنەوە کورتە بنووسم بۆ ئەوەی ئەو نەوە تازەیەی ئاگای لە پاشەڵی حیزبی شوعی نییە بە دوو وتار لە خشتە نەبرێن و نەکەونە ھەمان ئەو ھەڵانەی ئێمە تێی کەوتین . ھیوادارم دەرفەت ھەبێ لە داھاتوودا شتی کەش بنێرم بۆ کوردستانپۆست دەربارەی ئەم بابەتە. ا


پێشەکی دوو شت، یەکەم، کاک ئیحسان و کاک ھیوا ئەنوسن شیوعی کە ناوە عەرەبییەکەی ئەو حیزبەیە، بەڵام کورد ئەڵێ شوعی و من لەم وتارەما ئەو وشەیە بەکار ئەھێنم. دوەم، من حیزبی شوعی عێراقی و باڵەکەی کوردستانی وەک یەک حیزب تەماشا ئەکەم و لەم وتارەیا وەک یەک حیزب باسیان ئەکەم . لە یەکێک لە وتارەکانیا کاک ئیحسان ئەنووسێ حیزبی شوعی گوڵی داوە بە خەڵک وەک بانگەشەیەک بۆ ھەڵبژاردن. راستە گوڵبەخشینەوە زۆر شارستانیترە لە دەمانچە و مەنجەڵ بەخشینەوە . بەڵام پرسیارەکە لەوەدایە ئایا تەنیا لەبەر ئەوەی کە حیزبی شوعی لەم ھەلبژاردنەیا گوڵی بەخشیوەتەوە ئیتر ئەوا لە لیستی کوردستانی پاکترە . کاک ئیحسان ئەڵێ بەڵێ، بەڵام من ئەڵێم نەخێر وا نیە و لەبەر ئەم ھۆیانە: ١


١. بە درێژایی مێژووی حیزبی شوعی کە کۆنترین حیزبی عێراقە ، لە فیتنە نانەوە و پەتپەتێن و ملکەچی بۆ مۆسکۆ و پشتکردنە میلەت زیاتر ھیچی کەی نەکردوە . ئەو کاتەی لە شاخیش بوون بە مەیلی خۆیان نەچوون بەڵکو سەدام کەوتە کوشتنیان و ناچار بۆ پارێزگاری لە ژیانی خۆیان روویان کردە شاخ و جەلال تاڵەبانی باوەشی بۆ کردنەوە سەڕەرای ئەوەی کە ساڵانێکی زۆر لایەنگری سەدام و رژێمەکەی بوون و چاویان لەو ھەموو تاوانە ئەپۆشی کە سەدام دژی میللەتی کورد ئەیکرد. ئەوان ھەڵوێستان نەنواند و روویان نەکردە شاخ دژی ئەو تاوانانەی سەدام بەرامبەر بە کورد ئەیکرد بەڵکو ھەر لەگەڵ حیزبی بەعسا لە بەرەیەکا بوون ھەتا سەدام لێی توند کردن و کەوتە کوشتنیان. باشە بۆ شوعیەکان لە شوێنەکانی تری عێراقا خەباتیان نەئەکرد؟ بۆ ئەبوایە بێنە کوردستان و نەھامەتی و وێرانکارییەکە ھەر بۆ میللەتی کورد و خاکەکەی بێت؟ شوعیەکان کە یەکێتی خاکی عێراقیان زۆر لا پیرۆز بوو و عەرەبچێتیان ئەکرد، بۆچی ھەوڵیان نە ئەیا جارێ ناوچە عەرەبەکان لە ژێر دەستی سەداما دەربێنن و خەڵکە عەرەبەکەی رزگار بکەن؟ بۆ ئەھاتن بۆ کوردستان ؟ ھۆی ھاتنیان بۆ کوردستان ئەوەبوو کە ئەیانزانی جەلالییەکان و مەلاییەکان ئەیان خەنە سەر سەریان و رێزیان لێ ئەگرن . لە ناوچەکانی تری عێراقا زیاتر لە نیو سەدەیە کەس ئەو رێزەیان بۆ دانانێ چونکە ئەزانن ئەم حیزبە لە کوێوە قورمیش ئەکرێ . ١


٢. حیزبی شوعی بۆیە گوڵ ئەبەخشێتەوە چونکە دەسەڵاتی نییە . ئەگەر دەسەلاتی ھەبوایە ئەویش لە پارتەکەی جەلال و مەسعود خراپتری ئەکرد. ھەر ئەوان نەبوون لە شەستەکانا کۆمەڵێ لە ئەندامانی کاژیکیان لە کانی ماسی دڕندانە کوشت تەنیا لەبەر ئەوەی بیرێکی جیاوازیان ھەبوو لە حیزبی شوعی و شوعیەتان بە مەترسی ئەزانی لەسەر مەسەلەی کورد . شوعییەکان ئەو کاتە گاڵتەیان بەو کەسانە ئەکرد کە بە کوردی پەتی قسەیان ئەکرد . ئەگەر یەکێکە لەجیاتی ئەلسالامو عەلەیکم بیوتایە رۆژتان باش ، رەفیقە شوعیەکان ئەیان وت تاکە کڵاش . شوعیەکان باوەڕیان بەوە نەبوە کە کورد مافی ئەوەی ھەبێ بە زمانی خۆی بدوێ . شوعییەکان ئەوکاتەش کوردیان وەک نەتەوەیەک نەئەبینی و ھەزارو یەک بیانو و قسەی لینین و ستالینیان ئەھێنایەوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە کورد مەرجەکانی نەتەوەبوونی تیا نییە. کۆمەڵێک قسەی سواوی بێ ناوەرۆکیان ئەدا بە گوێی خەڵکا و ئەیان وت کورد ئابوورییەکی ھاوبەشی نیە بۆیە بە نەتەوە حساب ناکرێ . ئەمانە تەنیا بۆ ئەوە بوو کە پاکانە بۆ بێ ھەڵوێستی خۆیان بکەن بەرامبەر بە کێشەی کورد . ئەوەی سەیرە ئەوەیە کە ئەلسالامو عەلەیکم عیبارەتێکی دینییە و ئەبوایە شوعیەکان کە گوایە مولحیدن پێیان خۆش بوایە خەڵکی بەکاری نەھێنێ . بەڵام شوعیەکان (بە کوردەکانیشەوە) ئەوەنە عەرەب پەرست بوون ئامادە بوون عیبارەتێکی دینی بەکاربھێنن نەک عیبارەتێکی کوردی .شوعیە کوردەکان گاڵتەیان بە زمانی کوردی ئەکرد . لەوە ئەچێ شوعیەکان کوردیان بە مەترسییەکی زۆر گەورەتر زانیبێ وەک لە ئاین بۆ سەر ئەو وڵاتە خەیاڵیەی کە پڕۆلیتێر تیایا دکتاتۆرە . ئەگەر مەسەلە ھەر دکتاتۆرە بێ بۆ رەخنە لە مەسعودی فسفس پاڵەوانی ٣١ ئاب بگرین . ئەوە نیە شوعیەکان لە ئێستاوە پێمان ئەڵێن لە داھاتوا پڕۆلیتێرەکان ئەکەین بە دکتاتۆر بەسەرتانەوە . ئەو کەسەی دکاتاتۆری شوعیەکانی قبووڵ بێ و مەسعود و جەلال وسەدامی قبوڵ نەبێ خەلەلێک لە بیرکردنەوەیدا ھەیە چونکە دکتاتۆر یەعنی دکتاتۆر . لای من وەک یەکە گەر پڕۆلیتێرێ یان ئاغایێ مافی دەنگدانم لێ زەوت بکا . ھەردوکیان مافم ئەخۆن و ئاوبێنەو دەست بشۆ . کاتێ حیزبی شوعی بە ئاشکرا پێت ئەڵێ دکتاتۆریەت دا ئەمەزرێنێ ، ھەڵەی خۆتە ئەگەر چاوەڕوانی ئەوە بیت سبەینێ حیزبی شوعی وەک دیموکراتێ ھەڵسوکەوت بکا و رێگات با بیرت ئازاد بێ . ئەم ھاوکێشانە روون و ئاشکران و ئێمە خۆمان لەخۆمانمان ئاڵۆز کردوە . حیزبی شوعی ئەوەیە کە خۆی ئەیڵێ و ئەوەشە کە ئەیکا نەک ئەو فریشتەیە بێت کە کاک ھیوا ئەیەوێ ئێمە بیبینین. ا


٣. لام سەیرە کاک ئیحسان و کاک ھیواحیزبی شوعیان لا پاکترە لە پارتی. ئاشکرایە پارتی و حیزبو شوعی دوو حیزبی بە سترەکتور جیاوازن و پارتی حیزبێکی بێ پەیڕەو و پرۆگرامە و ئامرازێکە بۆ خزمەتکردنی بنەماڵەی بارزانی . حیزبی شوعی بەناو پێشکەوتوخوازیش لە ناوەرۆکا ھەر ھەمان بابەتە (تکایە خاڵەکانی پێنجەم و شەشەم و حەوتەم بخوێنەرەوە) . ئەگەر سەیری نووسەرەکانی پارتی بکەین ئەبینین کە زوربەیان ، ئەگەر ھەموویان نەبێ ، کۆنە شوعین . ئەمانەن ئەمڕۆ بە شان و باھوی مەسعودا ھەڵ ئەیەن . سەرۆ قادری تازە تڕۆ کراو و ئازا حەسیب و رەفیق سابیر (کە ئێستا لای جەلالی مامی دەواری ھەڵداوە و لەمەودوا لە پەڕڕڕڕڕلەمانا ئەیبینین) و حەمە سەعید حەسەن (ئێستا پارتی تڕۆی کردوە و خستوێتیە کونجی قەناعەتی خۆیەوە) و ......... ریزێکی درێژ لەم کۆنە شوعیانە ئەمڕۆ قێزەوێنترین دەور ئەبینن لە کوردستانا و نووکی قەڵەمیان دژی ھەموو نووسەرێکی رەخنەگر بەکاردەھێنن و لە خزمەتی تەواوی دەسەڵاتان . جا ئەمانە بەرھەمی بیری حیزبی شوعین و کادیرەکانی ئێستاشیان ھەر بەو بیرە گۆش ئەکرێن کە ھەر خەریکی پەت پەتێن و ماستاوچێتی و ئاژاوەنانەوە بن . ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە ئەم کۆنە شوعیانە بە دڵ باوەڕیان بە پارتی نییە بەڵکو فرسەتخوازن و ئەیانەوێ دەوریان ھەبێ لەسەر ساحەی سیاسی کوردستان و ئەم دەورە ناتوانن لە دەرەوەی پارتی و یەکێتیا ببینن . دوور نییە حیزبی شوعی کە حیزبێکی موخابەراتییە ، خۆی ھانی ئەم کادیرانەی دابێ بۆ ئەوەی بچنە ناو پارتیەوە و لەوێوە بەرنامەی خۆیان پیادە بکەن . حیزبی شوعی پێی وایە لەناو پارتیا ئەم کارە ئاسانتر ئەکرێ بەڵام نازانێ کە پارتی بۆ مەرامی خۆی بەکاریان ئەھێنێ و کای بیەوێ تڕۆیان ئەکا . ا


٤. حیزبی شوعی حیزبێکی گێرەشێوێن و ئاژاوەچییە . کاک ئیحسان لە وتارێکیا باسی دەوری حیزبی شوعی ئەکا وەک ناوبژیوانێک لە شەڕی ناوخۆدا . لەو وتارەدا کاک ئیحسان ئەنوسێ :(تەنانەت حزبی شیوعی وەك خۆیان باسی لێوە دەكەن كە لەشەڕى ناوخۆدا ناوبژیوانێكی كاریگەر بوونەو نموونەى ئەوەى (عەزیز محەمەد)ی سكرتێری پێشوو لەكاتی شەڕەكەدا لەنێوان ئەو دوو حزبەدا مشكییەكەى سەرى بەرز كردووەتەوەو وتویەتی ئەى هاوار تكایە بیبڕنەوە بەسێتی كوردو یەكتر كوشتن) . کاک ئیحسان ئەنووسێ وەک خۆیان باسی لێوە ئەکەن . سەیرە کاک ئیحسان ، تۆ بڵێی حیزبی شوعی خۆیان باس لە دەوری نێگەتیڤی خۆیان بکەن . بێ گومان ئەڵێن کە ئەوان ھەردەم دەوری ناوبژیکەریان بینیوە و دڵیان بە میللەتی کورد سوتاوە . لە راستیا دەوری حیزبی شوعی لە شار و لە شاخ لە فیتنە نانەوە و ئاژاوەچێتی زیاتر نەبوو . شوعیەکان تەنانەت لە پەیوەندی کۆمەڵایەتییکانیشیانا ھەر ئاوا فیتنەباز و ئاژاوەچین . ئەو برادەرانەی لە تەمەنی منان و لە شاخ لە نزیکەوە ئاگای لە شوعیەکان بوو باش ئەزانێ کە شوعیەکان ھەرگیز پێیان خۆش نەبوو پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی خۆش بێت بەڵکو لە ژێرەوە ئاگری شەڕی نێوان پارتی و یەکێتیان خۆش ئەکرد بۆ ئەوەی کە ھەردوکیان لاواز بن و حیزبی شوعی بە بەھێزی بمێنێتەوە و کۆنتڕۆڵی ساحەکە بکات . لەھەمان کاتیشا خۆیان وەک ناوبژیکەر پیشان ئەدا بۆ ئەوەی کە لە ھەردوولاش بخۆن . جا سەیر لەوەیابوو کە پارت و یەکێتی ھەردووکیان لەوە ئە‌چوو ئەم مەسەلەیە باش بزانن بەڵام ھەردولایان حیزبی شوعیان بە دەستی مۆسکۆ ئەزانی و نەیان ئەویست دڵی وڵاتانی بەرەی رۆژھەڵات لە خۆیان بکەن بۆیە ھەردەم گرنگییەکی تایبەتیان ئەیا بە حیزبی شوعی . حیزبی شوعی دژایەتیەکی راستەوخۆی کۆمەڵەی رەنجدەرانی ئەکرد چونکە وەک بزووتنەوەیەکی چەپی نەتەوەیی داکۆکیان لە مافی کورد ئەکرد و حیزبی شوعی کۆمەڵەی بە ترسناکترین مونافیسی خۆی ئەزانی . ا


٥. حیزبی شوعی بەقەدەر پارتی حیزبی بنەماڵەیە . چۆن؟ لە حیزبی شوعیا وەک پارتی بنەماڵە ھەر سەرکردەیەک ھەڵبژێردرا یان لە راستیا وەک داشی دامە لە مۆسکۆوە دائەنرا ئەوا دەسەلاتی موتڵەقی ھەبووە و کەس بۆی نەبووە رایەکی جیاوازی ھەبێ . سەرکردەکانی حیزبی شوعی ھەر وەکو سەرانی سۆڤیەت خۆیان بە خوا دائەنا . سەرانی سۆڤیەت و حیزبە شوعیەکان تەنیا مەرگ لەسەر کورسی لای ئەبردن . زۆر جار کە سەرۆکی سۆڤیەتی قەڵای ئازادی ئەمرد حیزب ھەواڵەکەی بڵاو نە ئەکردەوە و ئەیان شاردەوە و دوای چەند مانگێک جیھان ئەیزانی. ئەگەر بکرایە بە مردوویش لەسەر کورسییەکان ئەیان ھێشتنەوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە لە سایەی حوکمی سۆسیالیزما سەرۆکەکانی شوعیەت بە مردوویش ئەتوانن رێمان پیشان بدەن . ئەندامانی حیزبیش فێرکرابوون کوێرانە داکۆکی لە ھەموو بڕیار و درۆو دەلەسەیە بکەن . سەرۆکەکانی ئەم حیزبە ھەریەکەیان بەچکە خرۆشۆفێ بوون و تەنیا گوێیان لە شەپۆلی دەنگی سەرانی مۆسکۆ ئەگرت . جا ئەگەر مۆسکۆ بیوتایە سەدام فریشتەیە ئەوا ئیتر لە شەو و رۆژێکا ئاندامانی حیزبی شوشی ئەبوون بە مەلا و بە شانو باھوی سەدام فریشتەیا ھەڵیان ئەیا . بە کورتییەکەی حیزبی شوعی لەسەر بناغەی درۆ و فڕوفێڵ و راستی شاردنەوە دروستکراوە ئیتر چۆن چاوەڕێی ئەوەی لێ ئەکرێ گۆڕانخواز و پێشکەوتووخواز بێ. ھیوادارم لیستی گۆڕان نەکەونە ئەو ھەڵەیەوە و رێگا بە کۆنە شوعیەکان نەدەن جێگای خۆیان لەناو بزووتنەوەی گۆڕانا بکەنەوە چونکە وەک مۆرانە تێی ئەیەن و بەرەو نەمانی ئەبەن . ا


٦. حیزبی شوعی کۆنخوازە . چۆن؟ ئەم حیزبە بە درێژایی مێژووی خۆی ھەوڵی بە شوعیکردنی عێراقی داوە و سەرکەوتوو نەبووە . ئێستاش باڵی بەناو کوردستانیەکەی ھەوڵی بە شوعیکردنی کوردستانی عێراق ئەیا . بەڵام تا ئێستا نەمان بینیوە لەم مێژوە درێژەی بەناو خەباتیا ھەڵەسەنگاندنێکی واقیعیانەی بۆ مێژووی خەباتی خۆی ھەبووبێ . لە ھەشتاکانا نامیلکەیەکی ١٢ لاپەڕەییان بڵاوکردوەوە بە ناوی تەقیمەوە ھەر لە قسەی با‌زاڕ ئەچوو و پووختەکەی ئەوە بوو کە حیزبی شوعی راست بووە و بارودۆخەکە ھەڵە بووە. دوو لێکدانەوە ھەیە بۆ ئەم ھەڵوێستەی حیزبی شوعی ، یەکەم، یا ئەوەتا حیزبێکە باوەڕی بە نوێبوونەوە نیە و دان بە ھەڵەکانیا نانێ و ئامادە نیە بارودۆخی تازە قبوڵ بکا، وەیان، دووەم، حیزبی شوعی تووشی ئەلزایمەر بووە، واتە خڵەفاوە و رابووردی خۆی بیر نییە. کەواتە گرنگە نیە کام لەم دوانە راستن، گرنگە ئەوەیە کورد چۆن خۆی بداتە دەست حیزبێکی کۆنخواز یان خڵەفاو . جا بە کوردییەکەی ئەم حیزبە لەوە دەرچووە تەعمیر بکرێ و لە پارتی و یەکێتی زۆر وێرانترە . کورد تا زووتر ئەم راستییە بزانێ ئەوا سەرئێشەی کەمتر ئەبێ و دوای کڵاوی بابردوو ناکەوێ . ا


ئەوە بۆچی گوێمان لێ نەبوو رۆژێک لە رۆژان حیزبی شوعی رەخنە لە حیزبی شوعی تورکی یان وڵاتێکئ کە بگرێ کە تیایا کورد دەچەوسێتەوە و حیزبە شوعیەکان نەک ھەر بێدەنگن بەرامبەر ئەو چەوسانەوانە بەڵکو خۆیان بەشێکن لە چەوسێنەرەوەکان . حیزبی شوعی چۆن ئەتوانێ رەخنە لە و خوشکە حیزبانە بگرێ . ئەمان ساڵانە، زەمانی سۆڤیەتی دکتاتۆریەت ، ھەموو ساڵێ لە مۆسکۆ سەرکردایەتی حیزبی شوعی وڵاتانی کەیان ئەبینی و پێکیان پێکەتەوە نۆش ئەکرد جا چۆن لەسەر مەسەلی کورد یان میللەتێکی چەوساوەی تر ئەو پێکانە لە خۆیان ئەکەن. ا


با بۆ ساتێک بڵێین حیزبی شوعی کامیلول ئەوسافە و وەکو کاک ھیوا ڕەش بەنگەشەی بۆ ئەکا بە درێژایی مێژووی خۆی ھەڵەی نەکردووە (کە ھەرگیز وا نییە) و پرسیارێک بکەین ....... دەسکەوتێکی ئەم حیزبەم پێ بڵێ کە جێگای شانازی بێت بۆ کورد یان بۆ عێراق . ھەرچەنە رووخانی عەبدولکەریم قاسم و ھاتنی حەرەس قەومییەکان بۆ سەرحوكم لە عێراق پلانێكی ئینتەرناشوناڵی بوو ، بەڵام ڕۆڵی نێگەتیڤی سۆڤیەت و حیزبی شوعی عێراق ھۆکارێکی گەورەی ئەو رووداوانە بوون لە عێراقا . بە کورتییەکەی شوعیەکان سەری عەبدولکەریم قاسمیان خوارد و ئەو تاقیکردنەوە دیموکراتییەیان لەبار برد . ئەوە بۆ کاک ھیوا بازی یاوە بەسەر ئەم بەشەی مێژووی عێراقا و خۆی لێ دزیوەتەوە ؟ زۆر گرنگە ئێمە ھەق بەین بە شتەکان . حیزبێک زیاتر لە حەفتا ساڵ تەمەنی بێ و سەری لە گوێی قەبرا بلەرزێ خۆ ئەبێ کارێکی چاکی کردبێ کە شایەنی پیاھەڵدان بێ . نامەوێ وەڵامەکەم بەیانی پێ بگات . ساڵەکی کەش چاوەڕێ ئەکەم با بزانم کێ دەسکەوتێکی ئەم حیزبە خۆ بە زلزانە باس ئەکا کە جێگای شانازی بێ بۆ کورد و رەوشی کوردی بەرەو باشتر بردبێت لە یەکێک لە قۆناغەکانی مێژووی شۆڕشی کوردیدا .... ئەوە من چاوەروانم . ا


وتارەکەی کاک ھیوا زۆر شتی تیایە کە پەیوەندیان بە واقیعەوە نییە و شایەنی لێدوان نین. تەنیا شتی بەرجەستە کە کاک ھیوا ئەینووسێ ئەوەیە کە حیزبی شوعی شەھیدی داوە و ئێستا کەس دەنگیان بۆ نادا . پرسیار بۆ کاک ھیوا ، باشە ئەو حیزبە شوعیەی کە تۆ لێت کردوین بە فریشتەی ھەردوو دنیا بۆچی یەک کورسیشی نەھێنا . ئەگەر وەک شوعیەک بیر بکەینەوە وەڵامی ئەو پرسیارە ئاسانە _ خەتای خەڵکە و حیزب ھیچ ھەڵەیەکی نییە . ئەگەر واقیعبینیش بین وەڵامەکە ئەمەیە _ خەڵک بە گشتی ماھیەتی ئەم حیزبە ئەزانێ بۆیە دەنگی بۆ نایەن . ا


٧. حیزبی شوعی حیزبێکی موخابەراتییە و بەرژەوەندی حیزب ناکا بە قوربانی بەرژەوەندی میللەتێک . رەنگە ھەنێ لە حیزبە شوعیەکانی جیھان لە سەرەتایا لەلایەن چەند کەسێکەوە دروستکرابن بۆ مەبەستێکی پیرۆز ، بەڵام ھەر زوو دایکە حیزبی سۆڤیەت دەستی بەسەرا ئەگرتن و ئەیخستنە ژێر رکێفی کەی جی بیەوە و ئەیکردن بە داردەستی حکومەتی سۆڤیەت بۆ بە دەستھێنانی مەرامی سۆڤیەتی لە وڵاتەکانیانا . حیزبی شوعی لەمەڕ خۆشمان ھەر لەسەر ھەمان پرینسیب دروست بوو و پاشان کردا بە کلکی سۆڤیەت . فەھد و ھەندێ ئەندامی باڵای تری حیزب شەھید بوون لەپێناوی بیروباوەڕێک کە کاریان بۆ ئەکرد . بەڵام دوای ئەوان حیزبەکە بوو بە داردەستێکی سۆڤیەت و وەک داشی دامە بۆ زیاکردنی دەسەڵاتی سۆڤیەت لە عێراقا بەکار ئەھێنران . بۆ تەواو بەستنەوەی حیزبە شوعیەکان ، حکومەتی سۆڤیەت خۆی سەرکردەو و بنکردەی ئەو حیزبانەی دەستنیشان ئەکرد و ئەیبردن بۆ مۆسکۆ بۆ ئەوەی مێشکیان بشواتەوە و پرۆگرامی سۆڤیەتیان بۆ دابنێ . ھەموو سەرکردەکانی حیزبی شوعی و ھەندێک لە بنکردەکانیشیان دەورەی تایبەتیانن بۆ ئەکرایەوە لە لایەن کەی جی بیەوە بۆ ئەوەی دەوری موخابەرات ببینن نەک حیزبێکی پێشکاوتووخواز . جا پرسیارەکە لێرەیا ئەوەیە کە ئایا ئێستا حیزبی شوعی کاری موخابەراتی بۆ کێ و لە پێناوی چیا ئەکا کاتێک قەڵای سۆسیالیزم وا ھەرەسی ھێناوە . خەڵک ئەم پرسیارە لە خۆی ئەکا بۆیە دەنگ بە لقی کوردستانی حیزبی شوعی نادات . لقە کوردستانییەکەی تەنیا بۆ چاوبەستنی کوردە ئەگینا لە بنەڕەتا حیزب ھەر حیزبی میللەی سەردەستە و وەک پارتی و یەکێتی باوەڕی بە عێراقێکی ساغ و لەتنەکراو ھەیە . ئەگەر حیزبی شوعی کورد بە میلەتێکی چەوساوە دائەنێ بابیخاتە بەرنامەی خۆیەوە کە خەبات ئەکا بۆ سەربەخۆیی تەواوی میللەتی کورد لە ھەموو پارچەکانی کوردستانا . ا



دوا قسەم بۆ کاک ئیحسانی مەلا فوئاد و کاک ھیوا ڕەش ئەوەیە ، با تەنیا ئەو شتانە نەبیبین کە حیزبی شوعی یان پارتی و یەکێتی پیشانمانی ئەیەن . لە پشت ئەو شتانەوە زۆر مەرامی گڵاو ھەن کە لە پاشەڕۆژا دەر ئەکەون . بەڵام ئەگەر مرۆڤ بە ئاگا بێ لە پاشەڵی پیسی ئەم حیزبانە زۆر بە ئاسانی ھەست بە دەنکی خورماکە ئەکا کە حیزبەکان ئەیخۆن . بەلای منەوە کە لە نزیکەوە ئاگام لە ھەنێک ھەڵوێستی سیاسی کاتی ‌شاخی حیزبی شوعی بووە زۆر گرنگە خەڵکی کوردستان بەئاگا بن لەو مێژووە داخراوەی حیزبی شوعی و رۆڵی نێگەتیڤی ئەم حیزبە لایان ئاشکرا بێ کە چۆن دژایەتی ھەموو بزووتنەوەیەکی پێشکەوتووخوازی ئەکرد لە کوردستانا تەنیا لەبەر ئەوەی حیزبی شوعی خۆی بە تاکە نوێنەری پێشکەوتووخواز ئەزانی و ھیچ مونافیسێکی قبووڵ نە ئەکرد . وتارەکەی کاک ھیوا باشتری گەواھیە بۆ ئەم قسەیە . ئەم ھەڵوێستەی حیزبی شوعی تا راددەیەک ھۆیەکی راستەوخۆ بوو بۆ بەھێزبوونی پارتی و باڵی خەتی گشتی لە ناو یەکێتیا . حیزبی شوعی دەستێکی باڵای ھەبووە لە دروستکردنی ئەم واقیعەی ئەمڕۆ کورد تیایا ئەژی و ئێستاش لە لایەن کادیرە خەت مائیلەکانیەوە لە ناو پارتیا تۆخ ئەکرێتەوە . ھیوادارم ئەو برادەرانەی زیاتر ئاگایان لە دەوری نێگەتیڤی ئەم حیزبە ھەیە بکەونە نووسین و بەڵگەکان بخەنە روو بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی سەرتاسەریمان ھەبێ بۆ بەرنامە و پرینسیپێ ئەم حیزبەی کە بە داخەوە لەوە ئەچێ تا ئێستاش خەڵکانێک ھەبن ھیوایان پێی مابێ و بە ئەڵتەرناتیڤێکی سیاسی دائەنێن لە کوردستانا. خەڵکی کوردستان ئەبێ ئەوە بزانێ کە سێ بیری کۆنخواز و پاوانخواز و بەرژەوەندیپەرست (شوعیزم و جەلالیزم و مەلاییزم) زیاتر لە نیو سەدەیە وەک مۆتەکە نیشتوونەتە سەر کیانی کوردی و ھەتا کورد خۆی لەمانە رزگار نەکا ژیانی ئاسوودە نابێ . ١


لەگەڵ رێزما.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە