پەرلەمان چى یەو كێ ئەبێتە ئەندامى ؟

Sunday, 14/03/2010, 12:00

1689 بینراوە


ماوەیەكى كەم نیە كە ووشەى پەرلەمان و ئەندام پەرلەمان و هەڵبژاردنى پەرلەمانى بۆتە باس و خواسى ئەم ناوچەیەى ئێمە و ڕۆژانە لە هەموو كون و كەلەبەرێكەوە ئەخزێتە گوێمان  كەچى كەسێك بەمەرحەمەتى خۆى پێمان ناڵێ چۆن ببین بە ئەندام پەرلەمان ؟ یان ئەگەر بووین بە ئەندام پەرلەمان ئەبێ چۆن بین ؟
خۆ خراپیش نیە ئەگەر بزانین پەرلەمان یانى چى و لە كوێ وە هاتووە ؟
ئاخۆ بوون بە ئەندام پەرلەمان مافى هەموو كەسە ؟
من وەك بەشێك لە پسپۆریم هەوڵئەدەم ئەم وەڵامانە بدەمەوە ,دیارە زاراوەى پەرلەمان لە ناوەڕۆكدا مێژوییەكى كۆنى هەیە , ئەگەر لە فەرهەنگى ئایینیەكانەوە سەیر بكەین دەوڵەتى ئیسلامى یەكەم سیستەم بووە كە شورا بەكاربهێنێ , بەڵام فەرهەنگە جیهانیەكان مێژوەكەى دەگەڕێننەوە بۆ پەرلەمانى بەریتانیا لە سەردەمى شا ئەدوار دا لە ساڵى 1295, هەندێ فەرهەنگى تر مێژوەكەى دەدەنە پاڵ پەرلەمانى ئایسلەندا و فەرەنسا , ڕەنگە هۆكارى دەركەوتنى دەزگاكە لە چەند ووڵاتێكى جیاواز ئەمەى لێ كەوتبێتەوە , هەربۆیە جگە لە پەرلەمان كە وەك ناوە گشتیەكە دەناسرێت چەند ناوێكى ترى هەیە وەك :
تریبۆن بە فەڕەنسى و كۆنگرێس (نوێنەران + پیران) لە ئەمەریكا , دوما لە روسیا , لوكسایا لە هند و لاندرات لە سویسرا , كورتیز لە ئیسپانیا , ئەنجومەنى گەل لە هەندێ ووڵاتى عەرەبى و ئەمانەتى میللى لە لیبیا ..... ,ناوى تریش هەیە وەك ئەنجومەن یان دەسەڵاتى یاسا دانان یان شورا , هۆكارى ئەو ناوە جیاوازانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى مێژوەكەى لە چەند ووڵات و سەردەمێكەوە دەركەوتووە .
پەرلەمان , یاخود دەسەڵاتى یاسادانان كە لە هەرەمى دەسەڵاتەكانى ووڵاتدا لە ترۆپێك دایە ئەو دەسەڵاتەیە كە جگە لە دەركردنى یاسا , كارى چاودێرى كردنى ئەداى حكومەتیشە واتە پەرلەمان چاودێرە بەسەر حكومەتەوە , لە پێناسەى فەرهەنگى ئۆكسفۆردەوە ئەوە زیاتر ڕوون دەبێتەوە كە هاتووە :
The group of people who are elected to make and change the lows of a countany .
بە گشتى پەرلەمان دەزگایەكى بێ ناسنامەیە , ناسنامە عەقائیدیەكەى دەكەوێتە سەر ئەو ئەندامانەى كورسیەكان پڕ دەكەنەوە واتە ئەوانەى خەڵكى دەنگى پێدان و دەردەچن , ئەمە لەلایەك و لەلایەكى تر ئەو دەستورەى ووڵات كە هەدووكیان پەیوەندى ڕاستەوخۆیان بە جۆر و ئاستى وشیارى میللەت و تەندروستى پرۆسەى هەڵبژاردنەوە هەیە .
ئەمە وەك ناساندنێكى تیژپەڕى پەرلەمان , كە لە هەرێمى كوردستاندا مێژوویەكى كەم و ئەزموونێكى تێرو تەسەلى نیە , جیاوازتر لە پەرمانى بەغداد , ئەوەى گرنگە ڕێسا و پەیڕەوى تایبەت هەیە هەر لە خۆ كاندید كردنەوە تا دەگاتە كەسایەتى پەرلەمانتار , پەرلەمانتار كەسێكە لەم مێژووەى پەرلەمان دەمێكە تێ گەیشتووە , ئەرك و مافى خۆى باش دەزانێت . ئەوە ئەركێكە تەنها كەسى شیاو دەتوانێت بیخاتە ئەستۆى , ئەندام بوون لەو دەزگا هەستیارەدا بەوە كۆتایى نایە دەوریەكى پەرلەمانى تەواوبێت و ئێمە نەزانین ئەو ئەندام پەرلەمانەمان كوانێ و چى كرد , بە تایبەتیش لەم ساتە هەستیارەى ساحەى سیاسیى عێراقدا , ئەبێ ئەو ئەندام پەرلەمانە لە خۆى بپرسێ ئەگەر إمتیازاتى نەماو وەك كەسێكى خۆبەخش لەو پۆستەدا مایەوە چۆن دڵسۆزى خەڵك ئەبێ ؟
چۆن نوێنەرایەتى خەڵك ئەكاو متمانەى لەدەست نادات وەك لە پۆستەرەكاندا نووسیان ؟
سەرچاوەكان :
موسوعە أدیان
موسوعە العالمیە
Oxford Dictionary
Email : [email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە