به‌یاننامه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌رباره‌ی هه‌لومه‌رجی ئیستای کوردستان

Saturday, 29/01/2011, 12:00

1618 بینراوە


هاونیشتیمانانی سه‌ربه‌رزی کوردستان
وه‌ک هه‌موو به‌چاوی خۆتان ئه‌بینن رۆژی که‌وتنی رژێمه‌ دیکتاتۆره‌کان له‌ زۆربه‌ی وڵاته‌ سته‌مکار و داخراوه‌کانی دنیا و ناوچه‌که‌ ده‌ستی پێ کردووه‌و شه‌پۆلێکی ناره‌زایی له‌پێناو ئازادی و دادپه‌روه‌ریدا جه‌ماوه‌ری وڵاته‌ جیاوازه‌کانی ته‌نیوه. هاوار له‌پێناو ئازادی و دادپه‌رواریدا خه‌ڵکی رژاندۆته‌ سه‌ر شه‌قام و ترسی خستۆته‌ دڵی هه‌موو سته‌مکاران، له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش پایته‌خته‌ گه‌وره‌کانی دنیا پێشوازی له‌و گۆڕانه‌ دێمۆکراتییه‌ ده‌که‌ن و پشتیان کردۆته‌ سته‌مکار و دیکتاتۆره‌کان‌.
ئێمه‌ له‌ کوردستان له‌ کاتێکدا به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ پێشوازی له‌و شه‌پۆلی گۆڕانه‌ ده‌که‌ین و سات له‌ دوای سات چاودێری پاشهاته‌کانی ئه‌که‌ین، له‌ هه‌مان کاتدا به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ خه‌مساردیی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆی کوردستان که‌ هیچ هه‌نگاوێکی راسته‌قینه‌یان به‌ره‌و دیمۆکراتیزه‌کردنی سیستمی فه‌رمانڕه‌وایی و عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و دابینکردنی خزمه‌تگوزاری و پێداویستیه ساناکانی رۆژانه‌ی خه‌ڵکی کوردستان نه‌ناوه‌، له‌ کاتێکدا خه‌ڵکی کوردستان چاوه‌ڕێ بوون له‌ دوای ڕاپه‌رینه‌که‌ی 1991 وه‌ جۆرێک سیسته‌می حوکمڕانی و دیموکراسی دابمه‌زرێنێ، که‌ هه‌موو ناوچه‌که‌ ناچار به‌ لاساییکردنه‌وه‌ی بکات و گه‌لی کوردستان ببێته‌ پێشه‌نگی گۆڕان به‌ره‌و دیمۆکرسی و دادپه‌روه‌ری، به‌ڵام روداوه‌کانی دوای ڕاپه‌رین هه‌موو ئه‌و چاوه‌ڕوانیانه‌ی له‌ناو برد. کوردستان نه‌ک هه‌ر نه‌یتوانی ئه‌و نمونه‌ دیمۆکراسیه‌ بێت که‌ شوینه‌کانی تر ناچار بکات لاسایی بکه‌نه‌وه‌. به‌ڵکو سیسته‌مێکی حوکمڕانی حیزبی پر له‌ سته‌مکاری دروست کرد که‌ بووه‌ته‌ نمونه‌یه‌کی خراپی لاساییکردنه‌وه‌.  

هاونیشتیمانانی سه‌ربه‌رزی کوردستان
دوای نزیکه‌ی دوو ساڵ له‌ ده‌رکه‌وتنی ئه‌زمونی ئۆپۆزیسیۆنی پارله‌مانی له‌ کوردستاندا خه‌ڵکی کوردستان ئومێدیان وا بوو که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم به‌ خۆیاندا بچنه‌وه‌و ده‌رکه‌وتنی ئه‌و ئه‌زمونه‌ بکه‌نه‌ ده‌رفه‌تێک بۆ دیمۆکراتیزه‌کردنی فه‌رمانڕه‌وایی و دامه‌زراندنی سیسته‌مێکی پارله‌مانی راسته‌قینه و باشکردنی گوزه‌رانی هاوڵاتیان و دابینکردنی هه‌لی کار و خۆپێگه‌یاندن بۆ گه‌نجان و به‌ نیشتمانیکردنی مه‌نزومه‌ی ئه‌منی و به‌رگریی هه‌رێم و جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزب له‌ ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌ت. به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانی خه‌ڵکییه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتداران به‌ به‌رنامه‌ کار ئه‌که‌ن بۆ نابوتکردنی ده‌زگا نیشتمانیه‌کان له‌سه‌رو هه‌موشیانه‌وه‌ پارله‌مانی کوردستان که‌ رۆڵی ره‌قابی خۆی به‌ ته‌واوی له‌ ده‌ست داوه‌و ئه‌وه‌ ساڵ ونیوێک به‌سه‌ر ته‌مه‌نی ئه‌م خوله‌ی پارله‌ماندا تێ ئه‌په‌ڕێ تا ئێستا ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی نه‌بووه‌ لێپێچینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ تاکه‌ به‌رپرسێکی ئه‌م هه‌رێمه‌دا بکا، ته‌نانه‌ت ئه‌و حکومه‌ته‌ی که‌ شه‌رعییه‌تی له‌ په‌رله‌رمان وه‌رگرتووه‌ ئاماده‌ نییه‌ ئیعتیراف به‌ ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مان بکاو وه‌لامی پرسیاره‌کانی بداته‌وه. 
ئێمه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چه‌ندین جار به‌ گوتاری نوسراو و زاره‌کی، چه‌ندین جار له‌ رێگه‌ی فراکسیۆنه‌کانمانه‌وه‌ له‌ کوردستان و به‌غدا، ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌ردوو حیزبی فه‌رمانڕه‌وامان له‌ مه‌ترسی و په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌م دۆخه‌ ئاگادار کردۆته‌وه‌، به‌ڵام جار له‌ دوای جار رووبه‌ڕوی خه‌مساردیی زیاتر و بێباکیی زیاتر بوینه‌ته‌وه‌. بۆیه‌ ئێستا کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ بزوتنه‌که‌مان به‌ راشکاوی و به‌ ئاگاداری ئێوه‌ ئه‌م داواکاریانه‌‌ پێشکه‌ش به‌ ده‌سه‌ڵاتداران و هه‌موو هێزه‌ سیاسیه‌کانی کوردستان بکات وه‌ک رێگه‌چاره‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌ بۆ کۆتاییهێنان به‌م سیسته‌مه‌ حیزبسالاریه‌ و دامه‌زراندنی سه‌ره‌تایه‌کی تازه‌ی حوکمڕانی که‌ جێی ره‌زامه‌ندی ئێوه‌ و شانازی هه‌موان بێت:
1. مه‌نعی سه‌رکردایه‌تی پارتی و یه‌کێتی له‌ هه‌مو جۆره‌ ده‌ستێوه‌ردانێ له‌ کاروباری: حکومه‌ت و دائیره‌کانی، پارله‌مان، دادگا، ئاسایش، پێشمه‌رگه‌.

2. مه‌نعی دامه‌زراوه‌کانی ئاسایش، زانیاری و پاراستن و پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌مو جۆره‌ ده‌ستێوه‌ردانێ له‌ کاری سیاسی خه‌ڵک و چالاکیه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کان و، گۆڕینی به‌ڕێوه‌به‌ره‌کانی ئه‌م ده‌زگایانه‌ به‌ که‌سانی بێلایه‌نی پیشه‌یی.

3. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حکومه‌ته‌ حیزبیه‌که‌ی ئیستای یه‌کێتی و پارتی و، پێکهێنانی حکومه‌تێکی ئینتیقالی ته‌کنۆکراتی بێلایه‌ن.

4. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م پارله‌مانه‌ی ئیستا.

5. ئاماده‌کردنی زه‌مینه‌ی هه‌ڵبژاردنێکی نه‌زیهی بێ ته‌زویر بۆ پارله‌مانی کوردستان که‌ له‌3 مانگ تێ نه‌په‌ڕێ.

6. گێڕانه‌وه‌ی موڵک و ماڵی داگیرکراوی حکومه‌ت و خه‌ڵک له‌ لایه‌ن حیزبه‌کان و کاربه‌ده‌سته‌کانیه‌وه‌.

7. کێشانه‌وه‌ی ره‌شنوسی ده‌ستوری هه‌رێم و هه‌مو ئه‌و یاسایانه‌ی په‌یوه‌ندیدارن به‌ سیسته‌می حوکمڕانی وڵاته‌و‌ه‌ و حه‌واڵه‌کردنیان بۆ پارله‌مانی داهاتو.

ئێمه‌ له‌کاتێکدا ئه‌م خواسته‌ جه‌ماوه‌ریه‌‌ رائه‌گه‌یه‌نین:
داوا له‌ هه‌موو هێزه‌ سیاسیه‌کانی کوردستان ئه‌که‌ین پشتگیری خۆیانی بۆ ده‌رببڕن.
داوا له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان ئه‌که‌ین که‌ له‌ ئاستی به‌رپرسیارێتی مێژویی خۆیان دا بن بۆ جێبه‌جێکردنی.

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان
29 ی 1 ی 2011

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە