کەپرە برنجەکەی نێچیرەوان بارزانی‏

Thursday, 12/04/2012, 12:00

1201 بینراوە







کەپرە برنجە، بەو ماڵ و دەوارو چادرە شرە کاتیە ئەوترا کە لە لادێ و ناوچەسنورەیەکاندا لەپاش کۆرەوی بەهاری 91 بۆ چاوبەست لە رێکخراوە فریاگوزاریەکان دروست ئەکرا بە مەبەستی وەرگرتنی بریک خۆراک. هەربۆیە بەم کەپریان ئەوت کەپرە برنجە، چونکە پاش وەرگرتنی برنج یان بەشەخۆراکەکە ئیدی خاوەن کەپرو دەوار، کەپرەکەیان بۆگرنگ نەبوو بۆیە زۆرجار کەپرەکەیان ئەروخاند و دەڤەرەکەشیان بەجێ ئەهێشت.
ناو هێنانی کابینەو حکومەتە دووسالیەکەی نێچیرەوان بارزانی بە کەپرە برنجە، لەو سۆنگەوەیە کە نێچیرەوانیش بۆ چاوبەستکردن لە خەلک و پارتە نەیارەکانیەتی، تەنها بۆ مەرامی خۆی و رێگاخۆشکردن بۆ دەستبەکاربون و ماکیاجکردنی روی تاوانکاریانەی حکومەتەکەی بەرهەم سالح و پەردەپۆشکردنی تاوان و کۆمەلکوژیەکەی پارتیە سالی پەر لە 17 شوباتدا لەسێلمانی و شارەکانی تری کوردستان دژ بە خەلکی کوردستان ئەنجامیاندا، نێچیروان پێش پێکهێنانی کابینە و کەپرە برنجەکەی کەوتە سات و سەوداو پارانەوە لە پارتە نەیارەکان، وە سەری بەمالی دوژمنانی دوێنێیاکردو وەک دۆست بیشەرمانە لەدەوریان کۆبویەوە و دەستی دایەوە بە بەلێنی باق و بریق، هاوشێوەی سالانی رابوردوو، وە هاوشێوەی حکومەتە خوێنرێژەکەی یەکێتی .
ئەو پەندە کوردیەی کە ئەلێت (مانگە شەو سەر لەئیوارە دیارە) پر بە پێستی کەپرە برنجەکەی نێچیرەوان و بەلێنەکانیەتی، کێ هەیە بروا بەقسەو بەلێنە چەواشەکاریەکانی دەسەلاتی کوردی و بنەمالەی بارزانی و تالەبانی بکات؟. کەسێک خۆی و پارتەکەی دەستیان هەبێت لە تالانکردن سامان و داهاتی ولاتدا ئاخر چ ئومێدێک بە کاروکردەوەکانی ئەکرێت لەپێناو بنەبرکردنی گەندەلی، حزبێک هێشتا خوێناوی کۆمەل کوژی لەدەستەو مەچەکی ئەچۆرێت ، کالفامیە بروا بە سەروەری یاساو ئازادی و مافی مرۆڤ لەسەردەستی ئەوان بکرێت. پیاوێک بەخوێنی خەلک تەلاری لە ولاتانی بێگانە بالاکردبێت و گەورەوبچوکی بنەمالەکەی خاوەن هیزو کۆمپانیاو میلیشیاو چالەنەوت بن گەمژەییە کە جێگای باوەر دلخۆشی خەلک بن.
رەنگە لەباشترین حالەتدا نێچیرەوان بیەوێت هەندێک پرۆژەی پر لەکەموکورت و نامۆدێرن لە بواری رێگاوبان و تەلارسازیدا ئەنجامبدات، یان ژمارەی چالەنەوتەکان وکۆمپانیا چاوچنۆک و قاچاخچیەکانی نەوت بەناوی بەگەرخستنی وەبەرهینان و ئاوەدانکردنەوە زیادبکات، بەلام داخۆ حکومەت و کەپرەبرنجەکەی هیچ پلانیکی جدی هەیە بۆ سەروەری یاساو بنەبرکردنی گەندەلی و فراوانکردنی مەودای ئازادییە گشتیەکان و پێداچونەوە بەو کەیسانەی کە بەدەستی بنەمالەکەی خۆی و یەکێتی دیزەبەدەرخۆنەکران!؟ داخۆ نێچیرەوان جورئەتی وروژاندنەی کەیسی تێرۆری رۆژنامەنوسان و خۆپێشاندانەکان و ژن کوژان و شەری ناوخۆو تێرۆری ناوبەناوی خەلکی جۆراوجۆرو لە بۆسەی تایبەتی دەزگا جاسوسیەکانی وەک پاراستن و زانیاریدا ئەنجامدراون، داخۆ نێچیروان جورئەتی بەدادگا گەیاندنی تاوانبارانی داهاتوی حوکومەتەکەی خۆی هەیە؟! داخۆ کابیەنە شەقو شرەکەی نێچیر بەدەردی کابیەنەکەی بەرهەم سالح ، دیسان دەستیان سورناکەنەوە بە خوێنی خەلک؟ بە سوتاندنی مالی خەلک، بە برسیکردنی خەلک، بەنانبردنی خەلک، بە سەروکوت و تۆقاندنی خەلک؟! داخۆ نێچیرەوان بارزانی گول لەلولەی تفەنگەکان ئەدات؟!، داخۆ لەبری هینانی دەبابە و جەلادەکانی دەسەلاتی بنەمالەکانیان، هیچ پرۆژەیەکی پەروەردەی و ستراتیجی سیاسی وکۆمەلایەتی ئابوری بۆخەلکی کوردستان پێیە؟! داخۆ نێچرەوان دارودەستەکەی پەند لە ئالوگۆرە خێراکانی ناوچەکە وەرەگرن؟! داخۆ چی لە جوعبەکەی کاک نێچرەوان بارزانیدایە؟؟!! داخۆ پەیام و پلانی نێچیرەوان بۆ کەس وکاری شەهیدان و بێلانەکان و قوربانیانی دەیان سالەی ژێر دەستی پارتی ویەکێتی چیە؟؟!
داخۆ نێچیرەوان و کەپرە برجەکەی وانەی ئەخلاق ویژدان فێری رێبەران و کادیرانی پارتەکەی و کاربەدەستانی حکومەتەکەی ئەکات؟! بەبۆچونی من سوێندو تەلاقەکەی نێچیرەوان و یەکەیەکەی کاربەدەستانی کابینەکەی ،هەر لەیەکەم رۆژەوە کەوتوە، چونکە مانگە شەو سەرلەئیوارە دیارە، ئەمەش ئەرزو ئەوەش گەز بۆ نێچیرەوان و کەپرە برنجەکەی.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە