فەلسەفەى مەرگی سلاح جلال

Tuesday, 19/04/2011, 12:00

1639 بینراوە


  پزوى ئەستێرە گومانی كەوتنە خوارەوەی شارای رۆحە (...)
هێشوی مەرگ تەونی هەسارەیان پێچا
گومان بكە ئێستا زەمەن ناو نیشانی مناڵی شێتی گرتوە
كۆلارەى مەرگ لە بیركردنەوەی رۆح هەڵد ێت ***
ئاوێنەى زەمەن تاریكخانەى مناڵیمە (...) !!
زانكۆی شێتی و نوسینەوەی زمانی مەرگ
بلوێن ئاوێنەى شكاوى مەلۆتكەى بیركەرەوە ی هێنا...
لە گەردونی جاڵجاڵۆكەی فەلسەفەیا تیشكیان دەرخست (...)
***
چی نوسینێك هەیە مەرگ لە روانینا وێنا بكات ؟!!!
زمانی رۆح چون لە چاپخانەى مەرگی بونا لە چاپ بدات ؟!!
كێ ساتێك مەرگی لە پەرتوكی (با) یا دیوە ؟!!
گێژەڵوكەی وشە مەرگی میتا مەرگی خوێندۆتەوە ؟!
كڵافەى بون بەبێ زانكۆی مەرگ پچڕا !!
فەزا پۆپەشمینی زمانی ئێوەى لە پێستەیەكا وە رگێڕا
مێژوى گەردون لە بێ زمانی (بون و نەبون) سڕایەوە (...)
***
ئاى لە نوسراوى گڕوگاڵی كوژانەوەى زمانی بون ؟!!
هەمو حەرفێك بەسەر وشە و رستەى خۆیا توایەوە
ئێوە بە چی ئاماژەیەك جوگرافیای جەستە دەنەخشێنن ؟!
چۆن گۆی زەوى بۆ هەسارەى بەرد دەگوێزنەوە ؟!
كە زمان لە ناو(با) یا شێوە و ئاماژە و روخسارى سڕایەوە
بون لە گێژەنگی بێ زمانی وشەى مەرگی بیر چوەوە(...)
***
من مەلۆتكەى چاخی بیر كردنەوەى زمانی مەرگی عالەمم (...)
حەزم لە شیری نەمری گلگامشی مەرگی فەلسەفەی جیهانە
لە زانكۆی مەرگ و شێتی شارێكی سڕاوە دەرچوم
ژەهرە مەرگی مێژوم لە كوپەى شاى سەگ خواردەوە
بوم بە رەمزى بێ زمانی مەرگی نەمرى فەلسەفە
كۆلارەى وێنە و روانین و بیر و ناسنامەم پچڕاوە
كێ دەتوانێت تەنیا حەرفێكم پێ بڵێ لە مەرگی خۆم ؟!!
هەتا فێرى زمانی زانستی میتا مەرگی میتا زەمەن ببم ؟!!
***
تەنافە شەیتانەى مەرگ بە بونەوە رایەلأ بوە
هێلكەی نەبون گەڵاى درەختی مەرگی گرت
تۆفانى مەرگی زانستی شاری رۆح چونی ئاوا كرد
جوگرافیای بون بە چوار رەنگە فۆتۆنی فیزیا سیواخ بو
بروسكەى رۆحی عالەم وێنەى گەردەلولی هەڵگرت
گەڵای مەرگی بونەوەران لە فۆتۆنا چرۆی دەركرد ..!!
***
درەختی ئەفسانە كۆرپە بە قالۆنچە وێناى كردم (...)
پزوى هەوا لە فەزای مەرگما كرایەوە
گەردون بو بە هێشوى زمان
كۆلارەى بیر كەرەوەم لە دەست بەر بو
چۆن ئاوى مەرگێكی هەزار سەدە بخۆمەوە؟!!
چۆن ببمەوە بە رۆحی یەكەم مردو ؟!!
لەم تاریكخانەیە دەبمەوە بە رەگەزێك وێنای نەبێت
دەچمە نیشتمان و زمانی مەرگە زانستی
دەبمە درەختی بیرچونەوە و گەواڵە مەرگ (...)
***
كشتوكاڵی زمانی مەرگ فەزاى گەردونی سەوز كرد
زەمەن بە ساتی بێ زمانی قفل درا
رستەى زمان نێَرە موكێكی ناو نا بو
مێژوى زەمەنی بەردینی دەخوێندەوە
كۆلارەى زمانم فڕى .. هەسارەى بۆشایی پچڕا (...)
***
ئێستا حەزم لە زەریاى ئەڤێنی مەرگە...
عاشقێك لە هێشوى مەرگ دەپێچمەوە
دەچمە سەر خەوی مەرگەوە هەتا خۆشەویستێك دەگرم
لە دواى مەرگی ئەزەل بۆ سەدەیەك وچانی خامۆشی دەدەم
زەمەن دۆشاوى ژەهرى مەرگی بونی پێ بەخشیوم
پیاڵەى زێرى فیرعەونی چاخی بیر چونەوە
شەلالی مەرگێكی كردم هەزار هەزارەى گرتەوە
میاوەى پشیلەى زانستی زمانی بونی داپۆشی
جاڵجاڵۆكەى فیزیا تەنافی فەلسەفەى چنی
باى ئەزەلی دوا حەرفە مەرگ بۆ سەرەتا هێنامیەوە (...)
***
كۆلارەى بون بە گێژەنگی باوە زەمەنی ئاڵتونیان نوسی
دەچمەوە بۆ مەلۆتكەیی كاتی لگوس
زمانی كۆرپە لە گەڵاى مەرگەوە دەگرم
خومخانە مەرگ بە تۆوى هەزار رەگەز رەنگی كردم
هەوری ئەزەل بە(با) ی فیكر لە بێ زمانی گێژى دام
بە پلەى مەرگا دەچمەوە بۆ هەزارەى سێ
بە زمانی سەرەتا و مەرگ و لگوس رستە دەگرم
ئەوسا تۆ و مەرگ و داڵی زەمەن دەخوێنمەوە (...)
***
ئەم نیشتمانە تۆوی تلیاكی دۆژە مەرگی زەمەنیە (...)
ئاوى مەرگ وێنەى نەمری دەشواتەوە
وەرە ئازیزە مەرگ با لە تۆفانێكا بمرین
گۆپكەى مەرگی خۆشەویستی لە میتا مەرگا هەڵگرین (...)
***
من چۆن فیری زمانی مەرگی عالەم دەبم (...)؟
كە تەمەنی مەرگم تەنیا هەزار ساڵی مۆمە
زانكۆى مەرگە شێتی زەمەن داخراوە و
جگە لەمەرگ زمانێكی تر نازانم
نامەى مێژوم بە رێنوسی مردن نوسرا
زمانی هەوری بیر كەرەوەى چاپە مەرگ
لە چاپخانەى بون چاپ نەكرا
پەرتوكێكە ناسنامە و وێنەى بونی هەموتانی تیایە
جێ چەمۆڵەى پشیلە مەرگی زانستی بە لینجایی جاڵجاڵۆكە
زانكۆى زمانی مێرولە دەنەخشێنێت
وەرن ببنە قۆزاخەى مەرگە لۆكەیی
ئەگەر بمرم ناو و شوێنەوارتان دەسڕێتەوە
هێلكەى گەردون دەفلیقێت و ناسنامەى بونتان هەڵدەگرێت (...)
***
سەرابی وێنەی مناڵی نوقمی خەوی فەلسەفیە (...)
زمانی تێكەل بە نیشانە وگڕوگاڵی كۆرپە و مەرگە
بۆ هیچ زمانێك وەرناگێردڕێت (..)
وەرن لە هەورى ئەفسانە مەرگەوە زمان بگرن
ئاوێنەى منداڵی خۆتان لەم ئەلبومە بناسنەوە (...)
***
چیە گەردون بۆتە شینایی هەورى گومانە مەرگ ؟(...)
مێژو تێكەلأ بە ژەهراوى تلیاك بوە
وەرن شەرابی گومانی مەرگ بخۆنەوە
تا زمانی من و مەرگ و خۆشەویستی بگرن
وەرن لەم فوە نەفخی گومانەدا تەونی زمانێك بهۆننەوە
جاڵجاڵۆكەی سەدەی گومان زمانی گڕوگاڵیان لە چاپ داوە
گەردون بە تۆڕی گومانە مەرگەوە چنراوە
هیچ زمانێك تەونی سەدەى گومان وەرناگێڕێت
تەنیا لە نوسراوە ئەبەدیەكانی زانكۆی مەرگە شێتی
لە زەمەنی لە دایك بونی مەرگی نوێ یا چاپ دەبنەوە (...)
***
حەزم لە دۆشاوى هەزارە ژەهرى مێژوە (...)
تا تینوێتی مەرگە گومانم دەشكێنم
خۆزگە گەردون ببوایە بە پیاڵەى مەرگ
هەتا رەنگی دڵداریم تیا بكێشایە
حەزم دەكرد فەزا لە عیشقێكا بتوایەوە
هەتا ببوایە بە گوڕێك لە مەرگا عیشقم كردایە
هەوری ژەهراو بۆ نابارێت هەتا لە تۆفانی مەرگا نوقمم بكات ؟!!
من میوانی مەرگی شاری بیر چونەوەى رێكەوتە مەرگی كۆتاییم
هیمالایەم بە بروسكەى شێتی گۆڕی
بە ئەكادیمای مەرگە ساتی هەزارەى دو (...)
***
ئەگەر مردم جوگرافیای شار هەڵدەكەنرێت ...
كۆلارەى روانینی مەرگم هیمالایە دێنێتە جێی
هەورێك لە دوامەوە كەشە دەكات مەرگەساتە
رەمزى كشتوكاڵی ئێوە لە تۆوى سەگ بێ بەر دەكات
من بەزمانی مەرگ دەدوێم
ئێوەش نازانن كۆلارەى روانین رەنگی چۆنە ؟
لە زەمەنی كشتوكاڵی فەلسەفەیا وشەكانم وەردەگێڕێت
ئەوسا زمانی مەرگە بونی ئەزەل دەگرین (...)
***
من مەرگێكم روپۆى جیهانی بونم بە وێنە مەرگ لێ گیراوە (...)
دەبێت مەرگ هێماى لە من هەڵگرتبێت (...)؟
تەنیا شێوەم رەمزی خۆشەویستی تیایە
زمانم لە ئاماژە و هێما و وشە وێنا ناكرێت
رستەی شێتی مەرگە كەڕ و لاڵی (بون نەبون) ە
حەرفی واتای شمشێرێكە كە بە زمان ئاو دار بوە
دارستانی نەبون ئێزگەى عاشقانی بێ زمانی پەخش دەكات
رۆمانی نێرەموكی دایە و بابە ى تیا نوسراوە
ئەم رستەیە بانگەشەى پشیلەى بیركەرەوەى نازەمەنە
پزوى گەردون وشەى مەرگی كرایەوە
چاپخانەى نەبون زمانی لە بێزمانی بونەوەر نوسی
تەنیا پەڕەی سپی رەمزی جوت بونی ئەوان بو
فەزای خستە تاریكخانەى كەوتنە خوارەوەى وێنەى بون (...)
***
چیە تاریك خانەی شەوارە وێنەی ئێوە و ئەوان(..) ؟!
ئەكادیمیای شێتی زمانی مەرگی كردەوە
كاتێك تۆم دی جەنگی جیهانی كۆتا بو
گەڕامەوە بۆ كشتوكاڵی فەلسەفە
زمانی سەرەتا و هەزار سەدە مەرگم گرت و
لە جەستەى سەگی خۆرافەدا یەكمان ناسی
بوین بە دزاینی زمانی سەدەی جوانی گەردون (...)
***
گۆڕی گەردون من و زمان و بیركردنەوەى پێكهێناوە (...)
گێژەنگێكە زەمەنی كۆلارەى عیشقی ئەوە
گۆڕێك لە گەردونى نەبون لە مەرگا جەستەم دەفڕێنێت
زمانی نەبونی ئەوانی تۆوى مەرگی هەڵگرتوە
تاریكخانەى روح جەستەی بێ زمانی نوسی
من مەرگێكم هەزار جارە كێلی مردنم ڕوخاوە
دەبێت لە چاوانتا بمرم فێرى زمانی مەرگ ببم (...)!!
***
تابوتێك خۆر ئاواى عیشقی زەمەنی گرت بونی وەستاند (...)
دەسرازەى بون گرێی بۆ شاخی رۆح كردەوە ....
سوقرات پێكی ژەهری لە شەرابی فیرعەون پڕ كرد
ئەسكەندەریش پیاڵە تۆوی بونی بە دۆشاوى زەریا نەخشاند
خۆر و زوحەیل پزوى هەسارەییان پچڕا !!
گەردون لە پیاڵە شەرابی سەدەی جوانی شۆرایەوە !!
بوكە بارانەی زەمەن ژەهری هابیل و قابیل بو
سەر لە نوێ خاكیان بە فر مێسكی نەزۆكی چاند (....)
***
ئەگەر بمرم فەزا بۆنی تلیاكی نەمرى پەخش دەكات (...)
كۆلارەى هەسارەكان دەكەونە خوار
گۆڕێك رۆژ ئاوا وخۆر هەڵاتی نەبون دەگرێت
جێگەى مێژو دەكاتەوە
دو باڵندەی زەمەن لە سەرەتا و كۆتایی وێنە
لە دڵی گەردونا دەمنێژن
رەنگی فەزا بە پێستەیەك تێكەلأ دەبێت
رەنگی مناڵی هەموتان لە شیلاوگی سەگ رەنگا دەكرێت
پێستە سەگێك شوناسی نادیارتان لە چاپ دەدات (...)
***
كۆلارەى مەرگم هەڵدا بۆ دوا وێسگەى گۆڕی گەردون (...)
فریشتەى مەرگ گوتی : نابێت بمریت
تۆ زمانی مەرگ نازانیت
گوتم: پەساپۆرتی مەرگم هەیە و لە عیشقی گەردونا دەمرم
گوتی : تۆ هەورى بیرچونەوەت ئاوا بوە
زمانی مەرگ وبیركردنەوەت بڕایەوە
هەڵدرامە ناو ئەستێرەى بیر چونەوە و رێكەوتە مەرگ
ئێستا شیرە خۆرەى مەرگی هەسارەى نەمریم
دۆشاوى شیرە ژەهری زەمەنی مەرگەسات دەخۆمەوە (...)
***
بە تێزابی هەورا داچوم بەرە و گۆڕستانی دایك (....)
دایكە مەرگێگ نەبو شیرى مردنم بداتێ
سەدەى پێشو گوتم : ئازیزم تۆ نابیتە خۆشەویستم
گوتی : نەخیر نەكەی پزوى خۆشەویستی گرێ بدەیت
وتم : چونكە تۆ مەرگ نیت
چۆن پێم دەڵیی كشتوكاڵی مەرگ لە چی زەویەكی بون دایە ؟
دوای سەدەی گومانی شیر پەنجە لە ئاوێنە بینیمەوە
دەچوە زەریای مەرگەسات و لە مەرگی منا دەگەڕا
كۆلارە مەرگم بۆ هەڵدا تا سەدەیە ك نەمر ببین
ئەستێرەى مەرگ هەڵی دامە هەسارەى بیرچونەوە وە
شای هەسارەی مەرگ گوتی : تۆ مەرگیبَكی كەڕو لاڵیت
تۆ زمانی مەرگی ئەزەلت نەگرتوە
گێژەلوكەی مەرگ فڕێی دامە هەسارەى مەرگ
ئێستا شیرە خۆرەى مردنم بە بێ دایە
كێ دەبێتە دایە و خۆشەویستی مەرگم
هەتا هەوری گومانە مەرگ دابارێنین (...)
***
من بە زمانی پیشەسازی لگوس هەورى بیرم باراندوە (...)
بۆ نابیتە سوقرات ژەهرى وەرگێڕانم بەیتێ ؟
بە زمانی هیمالایای بیر كەرەوە هەورى مەرگ دەخۆمەوە
ئەسكەندەرێك نەهات لە خوێنی ئاوا نوقمم كات ؟!!
هیمالایاى بیر چونەوەى مەرگی ئێوەم
بۆ دارستانی سدرە سەوز نابێت ؟!!
گەڵایەكی سەوزە هەور رەمزی ئێرە بونی منی تیا بو
تەونی مێژوى لە جوگرافیایا هەڵوەشاند
پیشیلەى زانستی هات و بانگەشەى بونی قفلأ دا :
ئەم زەویە بۆتە كشتو كاڵی مەرگی شۆرینەوە
تۆوە گومانی مەرگی من و ئێوە و ئەوانی زانستیە
سەدەى گومانی رێكەوتە مەرگ سەوز دەكەین (...)
6/9/2007
لە ژمارە87 ی گۆڤاری گزنگ لەكانونی دوەمی 2011 بڵاوبۆتەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە