پێت وایە كامیان تەخت كارى دیموكراسین: لیستى كوردستانى یان لیستى خزمەت گوزارىو چاكسازى یان لیستى گۆران ..

Sunday, 05/07/2009, 12:00

2300 بینراوە


ووشەى تەختكردن وشەیەكى جەنگاوەرانەیە لە فەرهەنگى جەنگەوە زیاتر ئاماژەى پێكراوە ، بەڵام من بەدیدێكى ترو سیمایەكى هاوشێوەیى دەیپەرێنمەوە فەرهەنگى دیموكراسى كوردستانمانەوە ،نەك وەك ئامانجێكى رژێمى دیموكراسى بەڵكو وەك دەخیلێكى نامۆ كە دەمێكە خۆى خستۆتە ناو ئەم فەرهەنگەوە دەیەوێت لە هەوێنى راستەقینەى نەریتى ئەم رژێمە دورمان خاتەوە هەرچەندە ئێمە پێى رازین، لە میكانزم و ئالیەتى بەدى هێنانى ئەم ئامانجانەمان لێ كەم كاتەوە،كە حوكمى گەلە كە هەموو بۆ بەدەستهێنانى كورسى پەرلەمان هەوڵدەدەن وخەریكى دامەرزارندنى پایەكانى كۆمەڵگاى مەدەنین لەروانگەى دیدى هەر رەوتێك بە ئایدیا دایكەىو یەكسانیە كە دەمێكە هەموو دڵسۆزانى ئەم كوردستانە كارى بۆ دەكەن و دادپەروەریە كە خەونى هەموو تاكێكى كوردە وگەنجینەى وون بونمانە هەریەكەو لە سەرچاوەیەك دەیدۆزێتەوە.
بێ گومان لەرژیمى دیموكراسیدا كۆمەلێك تایبەتمەندى و مەرج هەن بۆ بەدەست هێنانى ئەم سێ ئامانجە وەك بونى (بەدائل لەهەڵبژاردنى سیاسى) كە ئێستا لەرزى خستۆتە بەر گیانى زۆرێك لە بەرپرسان و(خولى هەڵبژاردنەكان) كە هیواى هەموو دكتاتۆرێك لەبەردەوامى حوكمى دەهەڵمێنێ و (ئازادیەكان) كە زیاتر چاودێرى چاوى دڵسۆزان زیاد دەكات لەسەر دام ودەزگا حوكمیەكان و(مافى دەنگدان)كە لوتى لوت بەرزان دەشكێنێ لە تاوەرو قەسرەكانیان دایندەبەزێنى و لە مانگى بانگەشەى هەڵمەتى هەڵبژاردن دادەبەزنە نێو عامەى خەڵك كاتێك بە خەوونیش نەدەگیشتیە پرسگەكەى و (نوێنەرایەتى) كە دەمێكە لێمان تۆراوە كە تا ئێستا بەتەواوى نەمان توانیەوە هەقى بدەین و ئازادى بكەین لە ژێر دەستەڵاتى ئەقڵیەتى ساختە وتەزویرو شوێنى خۆیان بەر بكەوێتەوە و(نهێنى هەڵبژاردن) ئەمیش پشكى چاودێرى ساختەكاریەكانیان بەركەوتووە و (یەكسانى) كە لامان ماناى نەماوە بەهۆى دورى و ئاستى بژێوى نێوان بەرپڕسان وهاوڵاتیان وئاستى ژیانى زەنگین و هەژاران وهێزى دەستە باڵاكان و (سەروەرى یاسا)كە تەنیا بۆ هەندێك سەروەرە بۆ هەندێكیش شار باژێرە و (بنەماى زۆرینەى دەنگ) كە محاڵە تەسلیم بوون بەم واقیعە تا چاو سور كردنەوە شوفێرى چەك بێت و(ئالوگۆرى ئاشتیانەى دەستەڵات) كە دلمَان بەچى خۆش بێت كە پێش هەڵبژاردن رۆح وگیان بە قوربانى دەبێت وبەها ومۆراڵى سومبولەكان كرنوشى بۆ دەبەن تەنیا بۆ هەڵگرتنى ووشەى ئاشتیەكەى ..كە ئەمانە دەكرێت بە ئەلف وبێ دیموكراسى دابنێت ولە هەموكات وسات وشوێنێكدا جگە لەم تایبەتمەندانە وەك پیادەكردنى ئەم رژێمە كە تا ئێستا پشتى پێ بەستراوە بێتە ئاراوە بەم پێناسەو راڤە كردنە نێگەتیفەكەى، بەمەبەستى گۆرینى ئاراستەى ئەنجامى ئامانجەكان بەئاراستەیەكى دور لە پێوەرە ستاندەرەكانى دیموكراسى وەك رژێمێكى بەرێوەبردنى وڵات، بێ گومان دیدو چەمكێكى تر دێتە ئاراوە ئەگەر لە ناو لێنان جیاوازیشى هەبێت بەڵام لە خۆ نیشان دان و خۆ نواندن تەنیا یەك چەمك دەنوێنێ ئەویش تەخت كردنى بنەماو تایبەتمەندیەكانى دیموكراسى یە .
ئایدیاى حزبى تەختكەر
لاى ئەم جۆرەكەس و گروپ و حزبە، ئەم تەخت كردنە نەك تەنیا نیشانەى سەركەوتنى شەخسیە بەسەر ركابەرەكانى بەرامبەر لەژێر سایەیى رژێمى بەناو دیموكراسیدا،بەڵكو كردارێكە بەناوى هەمووان وەلەبرى هەموانە ،بۆ بەرز راگرتنى عیزەتى هەموو حیزب ئەنجام دەدرێت، ولاى هەندێك سەمبولى ئازایەتى و تێكۆشان ومەردایەتى نەتەوەییە ولای هەندێك بەشێكە لەدڵسۆزى و وەفادارى بەرزكردنەوەى سومعەى حیزب، ولاى هەندێك درێژە دانە بە میراتگرى دەستەڵاتى باوك و باپیرەكانیان، كەچى ئەم جۆرە هەڵوێست وهەڵسوكەوتانە لەئەسڵ بەرامبەر بە ركابەرو بەر هەڵستكار نیە لە برگەى كێبركێى بە دەستهێنانى دەنگ بۆ بەدەستهینانى جلەوى دەستەڵات و حوكم زیاتر لەوەى بەرامبەر بە نیشتیمانە، وەك غەزاكارێك كە شوراى دیموكراسى دەشكێنێت و ئامانجەكانى ئەتك دەكات ،كەئەمەش جۆرە حاشاكردنێكى گەورەیە لە پێشكەوتن و كرانەوە لە بەردەم سیستەمى دیموكراسى مۆدرن كە بانگەشەى بۆ دەكرێت و گەرانەوەیە بۆ لاى نەریتى سیستەمى دیكتاتۆریت و تاكڕەوى ،ئیدى حزب وەك سوارچاكێكى رەمزى نیشان دەدرێت ،كەناتوانێت مەیدانى جەنگ بەجێ بهێلێت و ،دیدو بۆچونى سەبارەت بەدیموكراسى كورت دەكاتەوە بۆ یەك رەهەند و كۆى لایەنەكانى ترى فەرامۆش ِدەكات،وپێشێل كردنى بنەماو تایبەتمەندیەكانى دیموكراسى لاى ئەم جۆرە كەسانە دەبێتە ئەو تاكە چاڵاكیانەى كەماناى دەدات بەسەركەوتنى حزب و گەرانەوەیەكى رەمزى بەنەتەویى بوون ،بەو مانایەى دیموكراسى جەستەیەكە ئەو كردویەتى بە موڵكى خۆى خۆشى لێ لادەدات ،كە لەم حاڵەتانەدا گەرانەوە بۆ دیموكراسى وەك چۆلكردنى قارەمانێك وایە بۆ مەیدانى پاڵەوانبازیەكانى .
حزب لاى ئەم دەستەیە واى لێدێت رێزو حورمەت و خۆشەویستى لە دروست بوونى هیچ ئامادەبونێكى نەبوبێت!، بەڵكو وەك روانینێك خۆى دەنوێنێ لە دیدو بۆچون ،كە كردارێكى تۆلە سەندنەوەیە ،لەم جۆرەو و مۆڵگەى دەوروبەریدا،حزب دەبێتە رەگەزێكى گرنگى دروستكردنى چەمكى تەختكردنى تایبەتمەندیەكانى رژێمى دیموكراسیەت
ئەلف وبێ ى مرۆڤەكان
بەو پێیەیى مرۆڤى ئێمە پاش ئازادى بە ئەزمون و تێكۆشانێكى چەكدارى زۆرلەشاخەكان هاتونەتە ناو ئەزمونى رژێمى دیموكراسیەوە، وكەم ئەزمونى دیموكراسى كە تەنیا حزبە تێكۆشەرە چەكدارەكان ناگرێتەوە بەڵكو ئەمانى تریش دەگرێتەوە كە دواى خەباتى چەكدارى بە فۆرمێكى ترى بێ چەك خۆیان نواندوە، و تێكۆشەرانى شاخ كە وەك پاداشتێكى خە باتیان دەستەڵاتیان گرتە دەست بەڵام نەیان تواتى بیسەلمێنن كە بەگوێرەى تێكۆشانەكانیان خزماتكارن بۆیە وا دیارەكەوت كە ناتوانین بڵێن چیان پێ نیە بۆ ئەمرۆ بەڵكو ئەم شتەى پێیانە واقیعى ئەمرۆ تێر ناكات.
لە لایەكى ترەوە دەتوانین بڵێن ئامادەیى كەسانێكى ئێمە ناگاتەئامادەیى لێزانى و ئەزمونى هەرزكارێكى رۆئاوا ،وەلێزانترین كەسى رۆژئاوا ناگاتە لێزانى هەرزەكارێكى حزبى ئێمە لە تەختكردنى بنەماكانى دیموكراسى كە وەك توتى بەكۆنترۆڵ كارى پێدەكەن ،بەو جیاوازییەیى هەندێك مرۆڤى ئێمە لەسەر بنەماى تۆڵەو سرینەوەى بەرامبەر لە ئەزمونەكانى براكوژى ودوژمن گەشەى سەندوە وەك كەلتورێك ومەرجەعیەتێك،ئینجا كوا لەوەى كە تا ئێستاش هەندێك لە پاشماوەكانى رژێمى روخاو لە پۆست و پایەیى بڕیاردا بن!؟.
دێمەوە سەر ئەوەى كە مرۆڤى ئەمان لەسەر بنەماى تایبەتمەندیەكانى پێكەوە ژیان پەروەردە كراون كە لە گەڵ بەها بەرزەكانى ئایینى پیرۆزمان یەك دەگرێتەوە ،بەم پێیەیى كاتێك بمانەوێت سەر لەنوێ پێگەیاندنى مرۆڤەكانمان لەسەرئەم بنەمایە بێت ،كە تەخت كردنى تەخكردنى بنەماكانى دیموكراسى تیادا بەدى بكرێـت،ئەوا پێویستمان بەگۆرینى ئەم هەمو عەقلەو فكرەیە كەدەردەنى ئاسەوارى براكوژى و تۆلە سەندنەوەو پاشماوەى كۆن و دروشمى هەمو شتێك لە پێناوى حزب و پارەو پۆست هاتۆتە وجود، ئەوكاتیش مرۆڤى دیموكراسى خوازمان مان بۆ نایەتەدیى وەك ژێرخانەكى ئەلف وبێ ى دیموكراسى؟! ،بەڵكو سەرەتاى سازاندنى ئەم زەمینەیە كە هیوایەك بە نەوەى دوارۆژ دەبەخشى،كە نیشتمان پێش پارەو پۆست و بەرژەوەندى حزبایەتى دەبێت، ودام دەزگا حكومیەكانیش ئەوانەى وەك پاشكۆیەكى حزبیان لێهاتوە دووبارە خۆماڵى بكرێنەوە وبێنەوە ژێر سێبەرو دەسەڵاتى میللەت...ئەمانەو زۆر شتى تریش كۆى هەموان پێویست دەكات وەك ئەلف وبێ یەكى دیموكراسى هەموى لەخزمەت نیشتمان دابن نەك نیشیمان لە خزمەتى ئەماندا بێت،وئەم جۆرە بابەتە زیاتر بۆ ئەم بەرێزانەیە كە رۆح و گیانیان لەم ئامادەییەدا كۆكردۆتەوە ،كە دروشمى دڵسۆزى بۆ خاك ونیشتمانیان تیادا بەرجستە دەكرێت بریار بدەن كە كێ لەم لیستانە تەختكارى بەهاو دیموكراسین : لیستى كوردستانى یان لیستى خزمەت گوزارىو چاكسازى یان لیستى گۆران .. تا بتوانى دەنگت بە فیرۆ نەدەیت.
[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە