هێزەكانى پارتى بۆچى لەكەركوكن؟

Friday, 05/04/2013, 12:00

1746 بینراوە







دیارە منەتى زۆر بەسەر كەركوكیە داماوەكاندا ئەكرێت كەگوایە هەرێمى كوردستان وحزبەكان كەركوكیان خستۆتە سەرو هەموو بەرژەوەندییەكانەوەو هەرچى هەیە ئەیكەن لەبەر خاترى كەركوك وگەرانەوەى بۆسەر هەرێمى كوردستان بەتایبەتى پارتى وبنەماڵەى بەرزانى كەهەر دەم ئەكەنەوە ئەلێن بەرزانى مفاوەزاتى 11 ى ئازارى لەبەر خاترى كەركوك تێكداوە .
وەك هەمومان ئاگادارین لەكاتى راگەیاندنى سەركردایەتى پرۆسەكانى دجلەدا بارودۆخێك خوڵقا كەتائاستێك نائارمى دروست بوو لەناوچە جێناكۆكەكان وكورد كارێكى باشى كرد كەهێزى پێشمەرگەى جوڵاند وتائاستێك ئارامى بۆناوچەكە گەراندەوە، هێزى پێشمەرگە هاتنە ئەم سنورانەو خەڵكیش داوایان كرد ئەم هێزانە نەكشێنەوە وپارتیش ئەمەى بەفرسەت زانى وهێزەكانى خۆى هاوردە سنورێك كەبەدەیان كیلۆمەتر لەناوچەى هێزەكانى دجلەوە دوربوون كە بەزنجیرەكانى كانى دۆمەڵان ناسراوەو مەسعود بەرزانیش هەرلەو گردانە بوو دوربینى نابوو بەچاویەوەو تەماشاى ئەكرد وەك ئەوەى لەسەنگەرى رووبەرووبونەوەدا بێت.





ئەو زنجیرەى كانى دۆمەڵانە لەسەیتەرەكەى كەركوك لەگەڵ زنجیرەى سێكانیان لەیەك ئەدەن وئەكەوێتە پشتى كەركوك ولەنێوانى پردێ دوبزیشەوە تێدەپەرێت واتا ئاسایش وپۆلیسى سەربەحزبەكوردییەكان ئەكەوێتە پێشى ئەو هێزانەوەو ئەسڵەن پۆلیس وئاسایش ئەم هێزانەى پارتى ئەپارێزێت نەك ئەهێزانە كەركوك وكەركوكیەكان بپارێزن، وبگرە بونەتە بارگرانى بۆخەڵكى ناوچەكەو هەرچى كییڵگەى جوتیارانى سنورەكەیە تێك وپێكیان داوەتە سەر یەك رێگرى لەجوتیارانى ئەوسنورەو خەڵكى شارى كەركوكیش ئەكەن كەئەچنە دەشتودەر بۆگەشتوو سەیران وبگرە شەریش بەخەڵك دەفرۆشن وناوچەكەیان كردۆتە موحەرەمە.
ئەى ئامانجى پارتی چییە؟
وەڵامى ئەم پرسیارە گرنگە ونیەتەكانى پارتى دەردەخات، پارتى لەرێگاى ئەم هێزانەوە چەند كارێك ئەنجام ئەدات:ـ
1 . لەرێگاى ئەم هێزانەوە دامەزراوەكانى دزینى نەوت لەو سنورانە دەپارێزێت وحكومەتى عێراقیش ئاگادارى ئەو دزیانەیە بەڵام بەرژەوەندى وچاوپۆشى نێوان هەردوولا بێدەنگى كردوون، لەناوچە نەوتیەكانى دەوروبەرى كەركوك ودوبز وسەرگەران وهەركوێیەك فەوجێكى پارتى هەبێت دزینى نەوت بەئاشكراو بەبەر چاوى حكومەتى عێراقى ویەكێتیشەوە دەكرێت چونكە بەرێوەبەرى هێزەكانى پۆلیسى نەوت عمید فوئادەو ئاگادارى هەموو دزییەكانە.
2. ئامانجى دووەمى ئەم هێزە بەهێز كردنى پێگەى پارتییە لەو سنورە كەجەماوەرى یەكێتى لەو سنورە (پردێ، دوبز، ناوچەى ساڵەی، حەسار، و.....تاد)بەهێزەو پارتى هیچى لەو سنورانە نییەو هەڵبژاردنەكانى پێشوو بەڵگەى ئەو راستیەن، ئەم هێزانە ئەگەر بتوانن هەندێك لەخەڵكى سنورەكە ئەكڕن بۆپارتى وئەگەر نەشتوانن ئەوە یەكێتیشیان لەبەر چاو ئەخەن.
3. ئامانجى سێیەم پاراستنى هەولێرە لەحاڵەتێكدا ئەگەر هێزەكانى عێراق ویستیان هێرش بكەنە سەر هەرێمى كوردستان وئەم هێزانە وەك هیڵى یەكەمى بەرگرى لەهەولێر سەنتەرى هێزى پارتى شەر دەكەن ئەگەرنا لەبەر چاویان كەركوك ودوبز هەنجن هەنجن بكەن لەسەرى نایەنە جواب.
كەواتە كەركوكیەكان دڵتان بەوە خۆش نەبێت هێزى پێشمەرگەى پارتى هاتبنە ئەم سنورە بۆگەرانەوەى كەركوك بۆسەر هەرێمى كوردستان، ئەوان ئێوەیان كردوە بەقەڵغانى مرۆیی بۆپاراستنى بەرژەوەندى ودەسەڵاتى خۆیان.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە