فازیل میرانى چەندین جار لە لێدوانەكانى خۆیشى و پارتی و بنەماڵەى بارزانى ئیحراج كردووە

Tuesday, 20/12/2011, 12:00

1611 بینراوە


بەو پێیەى فازیل میرانى سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتییە، لە زۆربەى رووداوەكان هاتوەتە سەر خەت و لێدوانى داوە، كە دەگونجێت تەواوى لێدوانەكانى ناوبراو رەنگدانەوەى سیاسەتەكانى حیزبەكەى بن، ناگونجێت بوترێت راى شەخسى خۆیەتى! چونكە ئەو وەك وتمان سكرتێری مەكتەبی سیاسیى ئەو حیزبەیە و ئاشكرایە قسەكانى تەعبیر لە نەهجى حیزبەكەى دەكات بۆ بەڕێوەچوونى ئەو سیاسەتەى، كە بە رێنمایى دەیداتە ئەو حكومەت و پەرلەمانەى كە ئەمڕۆ بوونى هەیە، ئەوانیش دەبێت جێبەجێى بكەن، ئەگەرنا كوتەك دەزانێت قۆنداغ لە كوێیە! هەمیشەش لە لێدوانەكانیدا حیزبەكەی و خۆیشى شەرمەزار كردووە! لە بری ئەوەى هێمنانە لە ئاست داننان بە هەڵەكانیان هەڵوەستە بكات و رەوشە ئاڵۆزەكان هێور بكاتەوە! هەر بۆ نموونە ئەگەر بگەڕێینەوە سەر قسەكردنى ئەم بەرپرسە قەبەیە لە شكڵ و پۆستەكەیدا لەسەر كەسە خاوەن فایلدارەكان، لە كەناڵى زاگرۆس كردى، زۆر بازاڕیانە بوو! كاتێك كەسێك لەسەر بابەتێك بدوێنی و داواى چارەسەرى لێبكات، ئەوا وەڵامدەر بەو جۆرە وەڵام دەداتەوە، كە سەرلەبەرى ئەو دەسەڵات و هەیمەنە و كاریگەریانەى هەیەتى، یا تا چەند دەتوانێت بە توانا لۆژیكیەكانى خۆى چارەسەرى بۆ بدۆزێتەوە قسە دەكات، واتە بە جۆرێك میتۆدى چارەسەریەكە پیشان دەدات، كە ئایا هیچ كاریگەرییەكى چواردەوری لەسەرە، یان خۆى وەك سەرچاوەى چارەسەركەر وتەكانى نەگۆڕ دەبن بۆ چارەسەرەكە، یان نا؟! با بزانین لەسەر فایلدارەكان چی گوت؟ گوتى: "ئەوانە دوو كۆمەڵن، كۆمەڵى یەكەم ئەوانەن لە سەردەمى راپەڕین و بە دەسەڵاتى بەرەى كوردستانى بەخشراون، كۆمەڵى دووەم ئەوانەن كە پاش ئەو بەخشینە پەیوەندییان كردوەتەوە بە رژێمى بەعسەوە و ئێستا لە حیزب و حكومەتى كوردستان پلە و پایەیان هەیە، ئێمە پێمان وایە لەبەر نەڕەنجاندنى دڵى خاوەن قوربانیانى ئەنفال و كیمیاباران و بنەماڵەى شەهیدان و پێشمەرگە ماندونەناسەكانى ئەو رۆژانەى، كە زەمانێك بە قەد چیاكانى كوردستان شەرەفیان لێ دەباری، بۆ ئەوەى ئەو چینە خاوەن قوربانیە و گەلی كوردمان لێ نەڕەنجێت، ئەوە لێپێچینەوە لە خاوەن فایلەكانى كۆمەڵەى دووەم دەكەین، بەمجۆرەى كە پێیان دەڵێین: ئێوە مادام باوەڕتان بە گەلى كورد و حكومەت و حیزبە سیاسیەكان و خەبات و قوربانیەكانى ئەم گەلە نەبووە و خیانەتتان پێ كردووە، بەڵكو هەرچۆنێكتان كردووە و زەحمەت بكێشن و زەخت لە خۆتات بكەن و دان بە خۆتاندا بگرن، بۆ ئەوەى گەلی كورد لە خۆتان و ئێمەش نەڕەنجێت فەرموون موعەزەز موكەڕەم تەشریف بەرنە ماڵى خۆتان و خانەنشینتان دەكەین! موچە و سەر و ماڵتان پارێزراو دەبێت و بۆ خۆتان هەڵبژێرن بۆ كورد و كوردستان"!! ئەم كابرا قەبەیە بێ گوێدانە هەست و سۆزى كەس و كاری قوربیانیانى ئەنفال و كیمیاباران هەر بەو ئاسانییە دەیاننێرنە ماڵەوە! یان لە قسەكانیشیدا شێوازێك لە تكاكردنیشى تێدایە! ئاشكراشە ئەوكاتیش ئەو خاوەن فایلانە دوور لە پۆستە حیزبی و حكومیەكان باشتر دەژین و سەد قات لە سەرووى بنەماڵەى شەهیدان ژیان بەسەر دەبەن! لێرەدا فازیل خۆى كردە نوێنەری كەسوكاری قوربانیانى ئەنفال و ئەو سزاتوندەى بەسەر فایلداراندا!! بێ ئەوەى باس لە بەندێكى یاسایى ناوخۆ، یان نێودەوڵەتى بكات، كە كاری پێ بكرێت لە بەرامبەر ئەو كەسانەى كە خیانەتیان بە گەل و نەتەوە كردووە! كە مەفروز بوو میرانى بە بێ باسكردنى بەندە یاساییەكان لەسەر ئەم بابەتە تەنها رستەیەكى لە دەم دەرنەچوایە، چونكە بەكالریۆسى لە یاسا هەیە و دەرچووى كۆلێژی مافى ئێوارانى زانكۆى سەڵاحەدینە! هەرچەندە دەوامیشى ئەوەندە نەكردووە!
سەمەرەتر لەمەش هەر لەو چاوپێكەوتنە فاوڵێكى تریدا و وتی: "هاوڵاتیان بۆ گلەیى دەكەن، خۆ ئەم حكومەت و دەستكەوتانە بۆ ئەوە دانەمەزراوە و نەهاتۆتە دى، كە ئێوە دەوڵەمەند و سەرمایەدار بكات"!! راست دەكات لە عەقڵى مەوداكورتى ئەم بەرپرسە ئەم حكومەتە بۆ دەوڵەمەند كردن و سەرمایەدار كردنى بنەماڵەیەك و چەند كەسێكى وەك خۆى ئایا هاتۆتە بەرهەم، نەك ئەوەى خزمەتێك بە میلەتەكە بكات و ئەم بەرهەمە ببێتە هۆكارێك بۆ لەبیربردنەوەى هەموو ئەو نەهامەتی و كارەساتانەى بەسەریاندا هاتووە!
لە 17ى شوبات و گەرمەى خۆپیشاندانەكان، دیسانەوە بەردەوام بوو لە هەڵەكانى و كەسێك نەبوو پێى بڵێت كاكە یەك تۆز لەسەرخۆ و چیتر ئەوەندە فاوڵ مەدە، چونكە تۆ پلەكەت هی ئەوە نییە هەڵچى و كۆنتڕۆڵى خۆت لە دەیتدەیت! وتى: "دەستیان دەبڕین"! دیارە قەسابخانەیان داناوە و پێمان نەزانیوە! ئەمەش قسەى زۆر لە سەر كرا و نەبووە هۆكارێك بۆ ئەوەى ناوبراو پەندى لێ وەربگرێت، تا لە دواتردا و لێدوانى تری نەكەوێتەوە هەڵەى لەو جۆرە، هەتا ئەم دواییە و كارەساتەكانى بادینان و پەلامار بۆ سەر بارەگاكانى یەكگرتوو، لە گۆڤارێكى خۆیاندا وتوویەتى 30 هەزار چەكدارى بارزانى هەن ئامادەن بە یەك قسە خۆیان بە كوشت بدەن! بێ ئاگا لەوەى ئەم قسەى كە دەیكات، شەرعیەتدانە بە كاری توند و تیژى و تیرۆر، لە كاتێكدا لافى دیموكراتى و پێكەوە ژیان لێ دەدەن!
دەكرێت میرانى ئەو پەندە چیتر بە سەرخۆیدا نەسەپێنێت كە دەڵێت: "خووى شیری تا پیری"! ئەرێ كەسێكى نزیكى نییە پێى بڵێ جەنابی مەكتەبلی قسەكانت یەك تۆز بجاوە با چیتر ئیحراجمان نەكەیت؟!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە