فارس و تورک عەرەب دەستیان لە ئەسیمیلە هەڵگرتووە ئێستا کورد خۆی ئارەزووی دەکات

Tuesday, 06/05/2014, 12:00

2650 بینراوە


لە زاراوەی کرمانجیدا وشەی ئەسیمیلە زۆر بەکار دەهێنرێت، ئەم وشەیە کورتکراوەی Assimilation(ئەسیمیلەیشن) ی ئینگلیزیە کە مانای گرتنە خۆ یان توانەوە دێت، ئەگەرچی لە بواری کۆمەڵناسی دا بارە ئەرێنی (پۆزیتیڤەکەی) ئەم وشەیە بریتیە لە تێکەڵ بون و توانەوە لە ناو سیستەمێکی کۆمەڵایەتی و بە هەنگاوی تەواوکەری (integration) دێت کە واتاکەی ئاوێتە بون و خۆگونجاندنە لەگەڵ سسیتەمێکی نوێ، بەڵام بارە نەرێنیەکەی (نێگەتیڤ)ی وشەی ئەسیمیلە واتە بەزۆر تواندنەوە و سڕينەوەی کلتور و ناسنامەیەک لە سیستەمێکی نەخوازراودا.
کەواتە پرۆسەکە دەکرێت خۆکرد بێت و مرۆڤ ئارەزوومەندانە ئاوێزانی سیستەمێک بێت وە یان بە زۆر و بەدەر لە ئارەزووی مرۆڤ پرۆسەکە بسەپێنرێت بەسەریدا.
ئەم کورتە پێناسەیە بۆ ئەوە بو کە واتای ئەم وشەیە لە لای خوێنەر ڕوون بێت.
وەک هەموان دەزانین ساڵانێکی زۆرە لە تورکیا و لە ئێران و لە سوریا و لە عێراق شێواز و ڕێکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و پەروەردەیی جیا جیا گیراوەتە بەر لە پێناو پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئەسیمیلەدا، هەر لە ڕێگە گرتن لە زمانی نوسین و خوێندنی کوردی تاوەکو بەربەست دانان لەبەردەم گەشەکردن و زیندوڕاگرتنی کلتور و هونەر و ئەدەبی ئەم نەتەوەیە، دیارە پاساوەکان جیابون و ڕادەی توند و تیژی پەیڕەوکردنەکەش لە یەکێکیانەوە بۆ ئەوەی تر جیاوازبوە، ئەگەر لە عێراق بە ڕادەیەک بوبێت ئەوە لە سوریا و ئێران و لە تورکیا زۆر توند و تیژ بون و هەتاوەکو ئێستاش کاریگەری ئەو پرۆسەیە هەست پێ دەکرێت و دەبینرێت.
یەکێک لەو ڕێکارانەی کە لەو سێ وڵاتە ناوبراوەدا پەنای بۆ براوە ڕێگە گرتن بو لە ناوی کوردی بە تایبەتی ئەو ناوانەی کە پەیوەندی بە ناسنامەی جوگرافی و مێژویی و سیاسی کوردستانەوە هەبوە بۆ نمونە: دایک و باوک زۆر بە زەحمەت دەتوانن ناوێکی کوردی دڵخوازی خۆیان لە کوڕ و کچەکانیان بنێن چونکە کاتێک دەچن بۆ نوسینگەی (دائیرەی) ناونوسین و تۆمارکردن، ڕێگریان لێ دەکەن و ناهێڵن ناوەکە دڵخوازی خۆیان بێت بەڵکو دەبێت ناوێک بێت کە بە گشتی لەو وڵاتە قبوڵ بکرێت.
دیارە هەمومان بەسەرهاتی ئەو منداڵانەمان (تەنانەت گەورەکانیش) بیستوە کە چۆن لەسەر سنوری تورکیا و سوریا و ئێران گەڕیان پێ دەکرا ئەگەر ناویان کوردستان بێت.
جا لە کاتێکدا ئەوە بارودۆخی کوردستان بوە بە درێژایی ساڵانێکی زۆر، دەمی هەر کوردێکت دەکردەوە لە هەر شوێنێکی ئەم دنیایە دەیوت ئێران و تورکیا و سوریا و عێراق ناهێڵن منداڵەکانمان بە کوردی ناوبنێین و لەسەر ئەوە توشی چەندەها گێرمە و کێشە و دەردی سەری بوین لەگەڵ کاربەدەستانی دائیرەی ئەحوال و پێناس - دەرکردن، تەنانەت کار گەیشتبوە ئەوەی هەندێک کەس کە دەگەیشتنە وڵاتانی دەرەوە وەک خاڵێکی بەهێزی کەیسی پەنابەریەکەیان باسیان دەکرد و دەیانکردە بەڵگەیەک کە چەوسانەوە و ئەسیمیلەیان بەرامبەر بەکار هێنراوە، کەچی ئێستا بڕۆ پرسیاریان لێ بکە بزانە منداڵەکانیان ناو ناوە چی؟! ئەوەی کە مانای کوردی بێت بزانە لە ناوەکانیاندا هەیە؟
ئەرێ ئەگەر کورد ئەوسا سیاسەتی ئەسیمیلەی لەسەر بو ئەی خۆ ئێستا لە ئەوروپا و ئەمریکا و دەرەوەی کوردستان گۆڕەپانەکە بۆ هەزاران کورد تەختە و نە چەوساندنەوە و نە ئەسیمیلەی بەزۆر لە هیچ شوێنێکەوە دیارە نییە ئەی باشە ئەم ناوە مەسیحی و ئینگلیزی و ئەوروپی و عەجەمی و عەرەبیانەتان لەچی؟
سەردەمانێک بو ڕۆژهەڵاتیەکان و باکوریەکان و ڕۆژئاواییەکان و باشوریەکان هەر کە دەمیان دەگەیشت بە دەرەوەی کوردستان دەیانوت کورد ئەسیمیلە دەکرێت لەسەر دەستی فارس و تورک و عەرەب ئەی خۆ ئێستا نزیکی ملیۆنێک کورد لە دەرەوەی کورستان دەژین پێم ناڵێن ئێستا کێ تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە ناوی منداڵەکانتان کوردی نییە؟!
ڕۆژگارێکی سەیر تێکەوتوین، خانەوادەیەکی ڕۆژهەڵاتی چیرۆکی خۆیانی بۆ گێڕامەوە کە چەندە توشی دەردی سەری و سوکایەتی بون لە لایەن کەربەدەستێکی فارسەوە لەسەر ئەوەی کە منداڵەکەیان ناو ناوە کاڵێ، کەچی ئێستا زۆر بێ شەرمانە چەندین کورد کام ناوەی لە زمانەکانی تردا ناخۆشە لە منداڵەکانیانی دەنێن و یەک تۆزیش بیر لەو خانەوادەیە و لەو ڕابوردوە نزیکە ناکەنەوە.
ڕەنگە ئێستا تورک و فارس و عەرەب بە داخ بن کە بۆچی ئەو هەمو پارە و توانایانەیان سەرف کرد لە سیاسەتی ئەسیمیلەدا ئەوەنییە کوردێکی زۆر بە دەستی خۆی و بە ئارەزووی خۆی نەک تەنها لە چوار وڵاتدا بەڵکو لە سەرتاسەری ئەم سەرزەمینەدا دەستی داوەتە پرۆسەی خۆتواندنەوە و خۆهەڵواسین بە کلتور و ناسنامەی گەلاندا ئیتر چی دی پێوست بە کیمیا باران و تۆپ باران و حەپس و زیندان ناکات ، کورد خۆی بڕیاری داوە کە جارێکی تر ئەوەی پێی بوترێ کوردی ئاوڕی لێ نەداتەوە.
ئەگەر ئەوسا فارس و عەرەب و تورک بە شەق و تێهەڵدان و زۆرەملێ کوردیان لە ناسنامەی خۆی دادەبڕی ئێستا سەدان خێزانی کورد بە ئیختیاری خۆی و زۆر بە خێرایی کەوتۆتە تواندنەوە و شۆردنەوە و فڕێدانی ناسنامەی خۆیی و لەگەڵ هەر ناوێکی بێگانەدا حەوت بەرد بە دوای ناسنامە کوردیەکەیدا توڕ دەدات.


کارەساتەکە لێرەدا تەواو نابێت و پارادۆکسی گەورەی کێشەی کورد لەمەی خوارەوەدایە:

(پارادۆکس بە عەرەبی واتە موفارەقە، لە فەرهەنگی زمانی ئینگلیزیدا بەم شێوەیە شیکراوەتەوە: هەر کەسێک، شتێک یان دیاردەیەک کە پێچەوانەی سروشت و ڕواڵەتی خۆی دەرکەوێت).
لە کاتێکدا هێشتا کوردان لە تورکیا و لە ئێران و لە سوریاش تێدەکۆشن و لە گەڵ حکومەتدا دەستە و یەخە ڕاوەستاون تاوەکو بتوانن ناوی هەندێک ناوچە و گوند و شار و دەڤەر و شوێنەوار بگۆڕنەوە سەر ناوە مێژوویی و ڕاستەقینەکانی کە لە بنەڕەتدا کوردی بون ئێستا لە باشوری کوردستان دەوڵەمەندەکان و بەرپرسە بازرگانەکان و پارەدارە لەپڕ هەڵتۆقیوەکان خەریکن پەیتا پەیتا بینا و پڕۆژە و گوندی نیشتەجێبون لە ژێر ناوی عەرەبی و فەرەنسی و ئینگلیزی و ئەڵمانی و هۆڵەندی و کۆری و یابانی و مۆزەمبیقیدا دروست دەکەن و بە لایانەوە گرنگ نییە مانای ناوەکە چییە گرنگ ئەوەیە کوردی نەبێت ئیتر چی دەبێت با ببێت!

هەتا ئەسیمیلە و داگیرکاری لە ترۆپکی بەهێزیدا بون داد و بێدادمان بو لە دەست فارس و تورک و عەرەب! نازانم ئێستا کێ تۆمەتبار کەین؟!


تێبینی / سەرجەم وێنەکان لەم سەرچاوەیە وەرگیراون:

ببینە لە وێنەکاندا پارەدار و بازرگانی کورد هێندە بێزارن لە کورد و زمانەکەی، تەنانەت بێزیان نایەت لە تەنیشت ناوە بیانیەکەوە کوردیەکەشی بنوسن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە