چارەنووسی گەنجەکانی باشور لە دوای ٢٣ساڵ لە حوکمی خۆماڵی

Sunday, 12/01/2014, 12:00

3292 بینراوە


لەدوای ڕاپەڕین و کۆچ وڕەو و بایکۆتی ئابووری ووڵاتانی هاوپەیمان لەسەر عێراق و ڕژێمی عێراقیش لەسەر کوردستانی باشوور ئەو بەشەی کە لە ژێر حوکمی پارتیی و یەکێتییدا بوو، زۆرترین کارەسات ڕوویدا. هەژاری لە دەرگای هەموو ماڵەکانی دا. دەوڵەمەند و هەژار وەک یەک لەکۆچ و ڕەوگەڕابوونەوە و هەموویان بەدوای ژیانێکی ئارامدا ووێڵ بوون. گوند نەمابوو ئەنفال هەمووی سوتماک و ووێران نەکردبێت. هێزە سیاسییەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی کەوتنە ناو ململانێیەکی شەڕانگێزەوە و هەڕاجی نیشتمان بووە پیشەی دەسەڵاتداران هەمووشتێک ئاودیووی سنور دەکرا بۆ فرۆشتن. چیرۆکەکان هێندە زۆربوون گوێ نەبوو بۆ بیستنی. هاتنەوەی بەعسیش مۆتەیەک بوو لەسەرسنگی تاکی کورد. ئەو شەڕە خوێناویەی لە چیاکاندا لەگەڵ یەکدا کردبوویان میراتەکانیان هێنایەوە بۆ ناو شارەکان.
شەڕ لە ناوخۆوە دەستی پێکرد "شەڕی براکان" نیشتمانە لەتەکە بووە دوونیشتمان و کەوتنە ڕاوەدوونانی یەکتر و ئابڕووبردنی یەکتری، ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە بۆ ئەو سەردەمە دەبینین تاکی کورد لەناو چ گێژاوێکدا بوو. داگیرکەران لەدوورەوە لەم شەڕەیان دەڕوانی کە نەتەوەیەک بەر بوونەتە گیانی یەکتری. ڕەوایی درا بە هەراجی نیشتمان و کوشتنی ژن وسوتاندنیان. کۆچ بۆ هەندەران دەستی پێکرد. زۆربەی خێزانەکان دارو بەردی ماڵەکانیان هەراج دەکرد و خۆیان دەدایە دەست قاچاخچییەکان تا بگەنە هەرێمە ئارامەکانی ئەوروپا. کەم نەبوون ئەو خێزانانەی کە لەبەر یەک هەڵوەشان. کەم نەبوون ئەو قاچاخچیانەی کە بەندەخوێنی بێناموسیان نەکردبێتەوە و بەتۆبزی دەستدرێژیان دەکردە سەر ژن و منداڵ و تاکی کورد. کێ هەیە لە ناو ئەو گەشتی ڕاکردنەدا چێرۆکی ئەو دەعاجانەی نەبیستبێت کە قاچاخچیبوون و یەکی ناوێکی دزێویان لە خۆیان نابوو راوی ژن و کچ و خێزانی کوردیان لە هەندەران دەکرد، ڕێگری تورک و عەرەب و بێگانەشیان بە ژنانی کورد فێرکردبوو، هتد... کە هەمووشیان بەرپرسێک لەپشتیانەوە وەستابوون و دوایش دوای ئەو هەموو نامەردیە کەس هیچی پێنەووتن. لاشەی ئەو کوردانە کەم نەبوون کە جەندرمەی تورک و پاسداری ئێران نەیان کوشتبن، یان ئەوانەی دەکەوتنە ناو شەتڵی مینەوە و گیانیان لەسنور یان ناو دەریاکانەوەو دەسپارد و دەبوونە خۆراکی ماسیەکان. لەسەروو ئەوانەشەوە کە لە سەفەرەکانیاندا شکستیان دەهێنا لەتورکیا دیپۆرت دەکرانەوە. پارتی لەبەر ئەوەی خەڵکی دەڤەری سلێمانی بوون دەیخستنە زیندانەوە، زیندانی قەڵای ئاکرێش سەدان چیرۆکی لە خۆیدا حەشار داوە لەوێش گوێ بیستی کۆمەڵێ جەلادی کوردی بووین کە چیان بەسەر گەنجەکانماندا دەهێنا. ژمارەی وونبوان لە ڕێگاندا هێندە زۆرن کە دەبوو ئێمە هەڵوێستەیەکمان لەسەری بکردایە. وونبوانی سەفەر بۆ ئەورپا کە تا ئیستا بەردەوامە تکایە سەیری ئەم لینکە بکەن.
کاتێکیش دەگەیشتنە ئەوروپا بۆ وەرگرتنی مافی مانەوە بەشێکیان خۆیان دەکردە تورکمان و عەرەب. یان دایک خوشکی خۆیان دەکردە ژنی خۆیان بۆ ئەوەی ئەوانیش بگەیەنە کەنارەکانی ئارامی ئەوروپا. بەکوردی و بەکورتی ڕۆژانە تاکی کورد وون دەبوو بەدوای کەسایەتی خۆیدا دەگەڕا. ئەمانە مشتێکە لە خەرواری کۆچ بۆ دەرەوەی ووڵات لەو کاتەدا.
لە نیشتمانیش کەم هەواڵێ فرۆشتنی گورچیلەی گەنجانمان نەبیست کە هەژاری و نەداری وایی لێدەکردن بەشێک لەجەستەیان هەراج بکەن. کارەکە لێرەوە تەواو نەبوو بەڵکو ئەو دەمەی بایکۆتی ئابوری ڕژێم لەسەر ئەو هەرێمە بوو ئیسلامییەکان لەڕێگەی ووڵاتی سعودیەوە دەستیان کرد بە کردنەوەی مزگەوت لەهەر جێگەیەک بوایە. گرنگ بناغەی مزگەوتێک بوونی هەبێت. لەسەر هەمان دیزاینی مزگەوتە تورکییەکان کە منارەیەک لەهەرجێگەیەکەوە خۆی نمایش دەکرد. لەگوند لەسەر شەقامەکان. لەوێشەوە ئیسلامێکان کۆمەکی ئەو ماڵانەیان دەکرد کە خۆیان بپۆشن و حیجاب بکەنە سەر کچ و ژنەکانیان. من لە بیرمە دراوسێیەکمان هەبوو سێ کچی هەبوو بەیانی یەک دیم کچێکیان گەسکی دەدا سەری داپۆشیبوو تونگ و تۆڵ. لێی چوومە پێشەوە ووتم ئەوە تۆی "بەهار" وام زانی دراوسێی تازەمان بۆ هاتوە ؟ ووتی نا منم بۆ ئەوەی خۆراک وەرگرین دەبێ سەرپۆش بپۆشین.
دەبێ پرسیار بکەین داخۆ دینداری بەمەرج دەکرێت؟ گەنجانی نیشتمانەکەم بۆ دەچن بۆ شەڕێک کە هی خۆیان نییە و لەمزگەوتەکاندا چۆن گەنجان ئامادە دەکەن ؟
ئەم ڕەوتە لەخۆیەوە نەهاتوە، تەنها کۆمەڵە و یەکگرتوو، لە خۆیانەوە نەیانهێناوەتە کوردستان، دەسەڵاتی کوردی بەپارتی و یەکێتێ و پشکی شێریان پێ دەبڕێت. بۆ نموونە جێگری سکرتێرەکەی تاڵەبانی "بەرهەم ساڵح" لەترسی ئێرانیەکان و بەناوی بونی دیموکراسێوە مزگەوتێکی بۆ ئێرانییەکان کردوە لە ڕزگاری لەسەر شەقامەکە بەناوی مزگەوتی "حسێنی"یە، ئەم داڕمانی ئەخلاقی کوردییە. هەموو ئەو دەوڵەمەندە هەڵتۆقی و علوج دزانە لە ڕێگەی خۆپاکردنەوەوە و بۆ دزین و نەدانی باج لەپاڵ پڕۆژەکانیاندا مزگەوتیان دەکردەوە و دەیان سەدان نموونەی لەم بابەتەش هەیە و دەکرێ ڕۆژێک بە دیکۆمێند بکرێت. بۆ ئەوەی دەست لە پیرۆزییەکانی خوا بدەن. هێنانی مادەی بێهۆشکەر و قەرباڵغی شارەکانیش بەشێکی ترە لە فەسادی و بۆشایی هزر و تێکدانی باری سایکۆلۆژی لەناو گەنجاندا. بۆیە سەدان چیرۆکی دزێو و ڕۆژانە دەبیسرێت لەناو ئەم میللەتە کڵۆڵەدا ئەوەتانێ لەم هەفتەیەدا شەش گەنج دەستدرێژی لە کچێک دەکەن. بەر لەهەموو ڕوونکردنەوەیەک لیژنە نەخوێندەوارەکە دەڵێ کچەکە "هێشتا کچێنی لەدەست نەداوە" کە ئەمە داڕمانی ئەخلاقە. یان کاتێک" دوعا " لەگۆڕەکەی دەر دەهێنن دکتۆرەکان هەمان پەیام دەدەن. کە دوعا هێشتا کچە. کاتێک سەیری گەنجی باشور دەکەین لەم کاتەدا هێندەی گەنجان سەرگەرمی شتی توڕەهاتن و کاتی خۆیان بە شتگەلێکەوە بەسەر دەبەن کە ترسێکی گەورە هەیە نیشتمانی ئێمە لەو هەرێمەدا هەرەس بێنێت لەهەموو بوارەکانی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیدا.
لەم ڕۆژانەدا هاوڕیەکی دوکاندار پێی ووتم فلیمێکی ڕووتی کوردی دەرچووە. ووتی بەس لەماوەی هەفتەیەکدا زیاتر لە٢٥٠٠٠ی لێفرۆشراوە. پرسیارەکە لێرەدایە داخۆ ئەمە هەر هێنانی ڕەوشت نییە؟ کاتێک مرۆڤ ئۆقیانوسێک لەتاوان دەخوێنێتەوە دەزانێ لەو مەملەکەتەی ئێمە چی ڕوودەدات و گەنجان چۆن سەرقاڵ کراون؟ ئەوەتانێ ڕۆژانە گەنجان خۆیان هەڵدەواسن و ماڵئاوایی لەژیان دەکەن. بۆشاییەکی گەورە لەهزر و لە نیشتمانی ئێمەدا بە بەتاڵی ماوەتەوە. هەمووشتێک لەناو شەهوەتدا غەرق بووە، بۆیە بەشەش گەنج دەیانەوێت دەستدرێژی لە کچێک بکەن!


گەنجی کوردو جیهاد لەسوریا دژ بە بەشێکی تری خەڵکی نیشتمان.
ئیسلامی سیاسی لەکوردستان شتێک نییە هەروا کتوپڕو پاش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ سەری هەڵدابێت. بەڵکو مێژوویەکی درێژی خۆی هەیە. من نامەوێت ڕۆبچمە ناو ئەو مێژووەوە و قسەی لەسەر بکەم. بەڵام دەزانم دەسەڵاتی کوردی لەماوەی ئەم ٢٣ساڵەدا تەوژمێکی گوڕتریان بەو بزافە دا، ئەوەتانێ ئەمڕۆسەدان گەنجی کورد دژ بەهاوخوێنی خۆی لەپێناوی دیندا خۆی بەکوشت دەدات و تابێت ژمارەی کوژراوان لەهەڵچوندایە. . داتایەکی ڕێک و ڕەوان نییە تا ئامارەکان وەک خۆی تۆمار کرابێت. بەڵام ئەوەی هەیە ژمارەی کوژراوەکانە گەیشتۆتە ١٧ گەنج و سەدانیش لەبەرەی نووسرەدا خەریکی خۆکوژین.


http://www.xendan.org/dreja.aspx?=hewal&jmara=80064&Jor=1
پرسیارەکە لێرەوە دەست پێدەکات. داخۆ ئەم گەنجانە چی پاڵیان پێوە دەنێ و کێ لە پشت هاندانی ئەم سەروەتە نیشتمانییەدایە ؟ داخۆ ئەو مەلا و ڕابەرانەی ئەمانە بۆ جیهاد ئامادە دەکەن خۆیان ئامادەییان تێدایە بچن لەجێی ئەو گەنجانە ؟ یان کەسوکاری خۆیان و کوڕەکانیان بۆ شەڕی جیهاد دەنێرن !؟ یاخود وا ئاسانی کە گەنجی کورد بەسەر پشتی چەقۆدا بگاتە بەرەکانی شەڕ لە سوریا ؟
داخۆ تاکەی تاکی کورد ئاوا خزمەتی ناسیونالیزمی سەردەست دەکەنەوە؟ ماوەیەک لەژێر سایەی مارکسیزمێکی درۆیانەدا کە نەت دەوێرا بە کۆمەنیستەکان یان شیوعییەکان بڵێیت ئەی ئەم حیزبەی ئێوە چی لەهەناویا هەڵگرتوە بۆ کورد. دەهاتن بەگژتا و دەیان ووت بابە کوردبوون شەرمە ئەوە فیتی ئیمپریالیزمە. نەتەوە چییە ئێمە خەون بە ئەنتەرناسیونالێتەوە دەبینین لەوێدا کوردیش چەوساوە نابێت. ئەمڕۆش پانئسلامی وایی کردوە کورد وەک مجاهیدێک لەپێناو کۆمەڵێک بازرگانی ئاینیی خۆی بە کوشت بدات، خەڵک تیرۆر دەکەن. گەلی ئێمە دەبێت بە بەر پرسیارێتی لەم ڕووداوە بڕوانێت چونکە ئەمە هەمان برەوی سەردەمی مارکسیزم بوو. لەو سەردەمەدا مارکسییەت برەوی هەبوو کورد هەر غوڵام بوو. ئێستاش کورد هەمان غوڵامە. دەنا کەسێک دینداربێت و بیەوێت خواپەرستی بکات چۆن دەچێتە بەرەیەکەوە خەڵک سەر بڕێت و خەڵک بکوژێت. ئەی تورکیا و ئێران و دەسەڵاتی کوردی لەکوێی ئەم هاوکێشەیەدان ؟
٢٣ساڵە فەسادی سیاسی و ئەخلاقی دەسەڵاتی کوردی غەرق کردوە. گەنجانی کورد لەناو گێژاوێکی سەیردا دێن و دەچن بۆیە کاتێک بە دەسەڵاتی کوردمان ووت زاکۆکانی عەشق. ترسناکە لەوێدا باوەڕی سیاسی جیهادی بڵاو دەکرێتەوە. ووتیان نا ئێوە نازانن. ئەوەتانێ گەنجەکانمان لەڕێگەی تورکیاوە بۆ جیهاد دەچن دژ بەنەتەوەکەی خۆیان.
یان لە نەبوونی باوەڕێکەوە ئەوەتانێ گەنجی کورد خاچی شکاوەی نازیی و وێنەی هێتلەر لەسەر لەشی خۆیان دەکێشن هەموو یان بەدوای خۆیاندا دەگەڕێن.

لە کۆتاییدا داخۆ دەسەڵاتی کوردی لەماوەی ئەم ٢٣ساڵەدا توانیوێتی لەشکرێکی چەند سەد کەسی دروست بکات بۆ ئەوەی بەرگری لەنیشتمان بکات؟
کاتێک کەسێکی وەک عەلی باپیر ترێ و کاڵەک لەگەڵ پێغەمبەردا دەخوات و پێکەوە بۆ جیهاد دەپێچنەوە و خۆی لێ بووە بەجمونگ دەچێت بۆ بەرەکانی شەڕ ئەوە دیارە دروست کردنی ئەو خەونە لەو کاتەدایە، چونی گەنجانی کورد لەو هەرێمە بۆ جیهاد هاوتەریبی یەکن. بەدیوەکەی تریدا هاندانی گەنجانە بۆ جیهاد.
لەم ڤیدۆیەدا سەیری "سۆران عومەر"ی تازە پەرلەمانتار بکە چۆن باس لەڕووداوی خێڵێ حەمە دەکات چۆن شمشێریان بەکار هێناوە بۆ سەربڕینی تاکی کورد؟


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە