خۆپیشانده‌رێك به‌ بیست هه‌زار خۆپیشانده‌ر ده‌چێت!

Saturday, 21/05/2011, 12:00

2615 بینراوە


له‌عه‌ره‌بیه‌وه‌: خالید باران

ئه‌وه‌ی‌ له‌ لێدوانی‌ به‌رپرسه‌ عه‌ره‌به‌كاندا زۆر جێگه‌ی‌ پێكه‌نینه‌ كه‌ وڵاته‌كانیان به‌ شۆڕشی‌ جه‌ماوه‌ری‌ به‌رفراوان گه‌مارۆ دراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆر جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ خۆپیشانده‌ران ژماره‌یه‌كی‌ كه‌من له‌ تێكده‌ر و وڕێنه‌كه‌ر و جرج و تیرۆریست و توندڕه‌و، به‌كه‌می‌ به‌رپرسێكی‌ عه‌ربی‌ ده‌دۆزیته‌وه‌ كه‌ دان به‌بونی‌ خۆپیشانده‌راندا بنێت، ئه‌گه‌رێكیش به‌ناچاری‌ و له‌ژێر لێوه‌وه‌ دانی‌ پێدانا ئه‌وا به‌ كۆمه‌ڵێكی‌ كه‌میان داده‌نێت به‌وه‌ی‌ ته‌نها نوێنه‌رایه‌تی‌ خۆیان ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ خۆی‌ ده‌یه‌وێت وایان ببینێت، تا گه‌یشته‌ ئه‌و راده‌یه‌ی‌ یه‌كێك له‌ سه‌رۆكه‌ عه‌ره‌بیه‌كان ره‌تیكرده‌وه‌ هیچ خۆپیشاندانێك له‌وڵاته‌كه‌یدا هه‌بێت جگه‌ له‌وانه‌ی‌ لایه‌نگری‌ به‌رێزیان ده‌كه‌ن، بینیشمان له‌ یه‌كێك له‌شاشه‌كانه‌وه‌ كه‌ رۆژنامه‌نوسێكی‌ ئینگلیزی‌ پرسیاری‌ له‌ سه‌ركرده‌یه‌كی‌ عه‌ره‌بی‌ كرد ده‌رباره‌ی‌ ئه‌و خۆپشاندانانه‌ی‌ شه‌قامه‌كانی‌ ته‌نیوه‌ته‌وه‌ و له‌دژی‌ رژێمی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌، كه‌چی‌ سه‌ركرده‌كه‌ پڕ به‌ده‌می‌ پێكه‌نی‌ و ره‌تیكده‌وه‌ كه‌ هیچ ناڕه‌زاییه‌ك له‌وڵاته‌كه‌یدا بونی‌ هه‌بێت، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و له‌ناخی‌ خۆیدا ده‌زانێت كه‌ به‌ فیعلی‌ خۆپیشانده‌ران هه‌ن و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ته‌خت و تاراجی‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام سیاسه‌تی‌ ئینكاری‌ كردن له‌بونیان به‌شێكه‌ له‌ گه‌مه‌كه‌ بۆ بچوك نیشاندانی‌ شۆڕشه‌كان و له‌ناوبردنیان.

ئه‌گه‌ر وه‌هاشی دابنێین كه‌ خۆپیشانده‌ران له‌شه‌قامه‌ عه‌ره‌بیه‌كاندا زۆرینه‌ی‌ گه‌ل نین وه‌ك ده‌سه‌ڵاتداره‌ عه‌ربه‌كان و وته‌بێژه‌ بێئه‌قڵه‌كانی‌ رژێمه‌ داڕزیوه‌كانیان ده‌یڵێن، ئه‌مه‌ ئه‌نگوستێك له‌ به‌ها و ره‌وایی‌ خۆپیشاندانه‌كان كه‌م ناكاته‌وه‌، هه‌مومان ده‌زانین كه‌ له‌روی‌ مێژوییه‌وه‌ شۆڕشه‌كان هه‌مو جه‌ماوه‌ر پێی‌ هه‌ڵناستن به‌ڵكو ئه‌وه‌ی‌ پلان بۆ شۆڕش داده‌نێت و جێبه‌جێی‌ ده‌كات پێشڕه‌وه‌ میللییه‌كانیانن كه‌ هه‌ندێك جار ناگه‌نه‌ یه‌ك له‌سه‌دی‌ میلله‌ت ئه‌گه‌ر كه‌متریش نه‌بن، ئایا هه‌شتاو شه‌ش ملیۆن میسری‌ هاتنه‌ سه‌ر شه‌قام بۆ شۆڕش له‌دژی‌ رژێمی‌ حوسنی‌ موباره‌ك یان ته‌نها ملیۆنێك هاوڵاتی‌ میسری‌ بون یان شتێك زیاتر، توانیشیان یه‌كێك له‌سه‌رسه‌ختترین رژێمه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ بڕوخێنن؟ ئایا گه‌وره‌ترین خۆپیشاندان له‌تونس په‌نجا هه‌زار خۆپیشانده‌ر نه‌بو له‌به‌رده‌م وه‌زارتی‌ ناوخۆ، به‌ڵام بن عه‌لی‌ ناچار كرد رابكات له‌ده‌ست توڕه‌یی‌ خۆپیشانده‌ران؟

هه‌رگیز عیبره‌ت له‌ ژماره‌ی‌ خۆپیشانده‌راندا نیه‌ كه‌ له‌م رۆژانه‌دا هاتونه‌ته‌ سه‌رشه‌قام له‌وڵاته‌ عه‌ربیه‌كان، به‌ڵكو له‌و داواكاری‌ و مافانه‌دایه‌ كه‌ داوای‌ ده‌كه‌ن، ئایا داواكاریه‌كانیان داواكاری‌ زۆرینه‌ی‌ گه‌له‌كانیان نیه‌؟ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌و زۆرینه‌یه‌ی‌ بێده‌نگن زۆربه‌یان به‌دڵ و به‌ گیان له‌گه‌ڵ پێشڕه‌وه‌ شۆڕشگێڕه‌كه‌دان.

هه‌ربۆیه‌ هاتنه‌ سه‌رشه‌قامی‌ پێنج هه‌زارخۆپیشانده‌ر به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ رژێمه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان له‌په‌یامه‌كه‌ی‌ گه‌ل تێبگه‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی‌ كه‌ توێژینه‌وه‌یه‌كی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجام دراوه‌ ده‌ریخستوه‌ كه‌ هه‌ركه‌سێك دێته‌ سه‌رشه‌قام بۆ به‌شداریكردن له‌ خۆپیشاندانێك بۆ پشتوانیكردن له‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ دیاریكراو له‌ولاوه‌ بیست كه‌س هه‌ن هه‌مان حه‌ماس و گه‌رموگوڕییان هه‌یه‌ بۆ هه‌مان مه‌سه‌له‌ به‌ڵام له‌به‌ر هۆكارێك له‌ هۆكاره‌كان به‌شداریان له‌خۆپیشاندانه‌كه‌ نه‌كردوه‌، ئه‌مه‌ش مانای‌ وایه‌ ئه‌گه‌ر ژماره‌ی‌ خۆپیشانده‌ران ده‌ هه‌زار كه‌س بو ئه‌وا ده‌بێت كه‌ڕه‌تی‌ بیستی‌ بكه‌ین كه‌ ژماره‌كه‌ به‌ عه‌مه‌لی‌ ده‌كاته‌ دوسه‌د هه‌زار خۆپیشانده‌ر، جا له‌سه‌ر ئه‌مه‌ پێوانه‌ی‌ بكه‌ ئه‌گه‌ر بۆ نمونه‌ له‌ خۆپیشاندانێكدا له‌وڵاتێكی‌ عه‌ره‌بی‌ پێنج هه‌زار كه‌س به‌شداریان كرد ئه‌وه‌ له‌واقیعی‌ مه‌سه‌له‌كه‌ مانای‌ وایه‌ به‌شداربوانی‌ فیعلی‌ سه‌د هه‌زار خۆپیشانده‌رن كه‌ ئه‌مه‌ به‌هه‌مو پێوه‌ره‌كان ژماره‌یه‌كی‌ زۆر گه‌وره‌یه‌، ئه‌م كرداره‌ش به‌ وه‌ره‌قه‌ و قه‌ڵه‌م سه‌لمێنراوه‌ و زاده‌ی‌ "وڕێنه‌" ی‌ شۆڕشگێڕ و خۆپیشانده‌رانی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ نیه‌ وه‌ك ناحه‌ز و دوژمنانیان له‌ به‌كرێگیراو و داروده‌سته‌ی‌ رژێمه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ئیدیعای‌ ده‌كه‌ن. به‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌كی‌ تر كرداره‌ حسابی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ ئه‌و خۆگێلكردنه‌ی‌ رژێمه‌ عه‌ره‌بی‌ و وته‌بێژه‌كانیان به‌دۆرده‌خاته‌وه‌ كه‌ هیچ خه‌مێكیان نیه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌شاشه‌ی‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه‌ له‌ گرنگی‌ ژماره‌ی‌ به‌شداربوانی‌ خۆپیشاندانه‌كان كه‌م بكه‌نه‌وه‌ و قه‌باره‌یان بێنرخ بكه‌ن.

هه‌مومان له‌واقیعی‌ ئه‌زمونی‌ ژیانی‌ رۆژانه‌مانه‌وه‌ ده‌زانین كه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێك به‌ده‌نگی‌ به‌رز سكاڵای‌ كرد ئه‌وا ده‌بێت بزانین كه‌ له‌دوای‌ ئه‌وه‌وه‌ هه‌زاران كه‌سی‌ تر هه‌ن سكاڵا ده‌كه‌ن و ئازار ده‌چێژن و هاوار ده‌كه‌ن به‌ڵام به‌بێ‌ ده‌نگی‌، جا ئه‌وه‌ی‌ ئه‌قڵی‌ هه‌یه‌ وه‌ك زۆر له‌ لێكۆڵه‌ر و ره‌خنه‌گران ده‌یڵێن، پێویسته‌ له‌و په‌یامه‌ بگات كه‌چۆن كاروباره‌كان به‌ڕێوه‌ ده‌چن و رای‌ گشتی‌ به‌ره‌و كوێ‌ ده‌چێت به‌بێ‌ گوێدانه‌ كه‌می‌ و زۆری‌، ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆ ده‌یبینین له‌وه‌ زیاتره‌ كه‌ دوێنی‌ بینرا، ئه‌و كاته‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات كه‌ بزانێت فیشه‌ك و موشه‌كه‌كانی‌ له‌وانه‌یه‌ خه‌ڵك بكوژن به‌ڵام ناتوانن فكره‌ و بیروبۆچون بوه‌ستێن كه‌ له‌پێناویدا كه‌سانی‌ زۆر كوژران، له‌دواییشدا هه‌ر فكره‌ و بیروبۆچون سه‌رده‌كه‌وێت و فیشه‌ك ده‌به‌زێت؟

ئه‌گه‌ریش حاكمی‌ عه‌ره‌بی‌ و ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی‌ و سوپاكه‌ی‌ تێناگه‌ن نه‌ له‌ زمانی‌ زانستی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و نه‌ له‌زمانی‌ حساب و نه‌له‌زمانی‌ بێده‌نگی‌، ئه‌وا ره‌وانه‌ی‌ زمانی‌ ئازایی‌ و بوێری‌ ده‌كه‌ین، ئایا ده‌سه‌ڵاتداره‌ عه‌ربیه‌كان ده‌زانن كه‌ ئه‌و تاكه‌ خۆپیشانده‌ره‌ی‌ له‌م رۆژانه‌دا دێته‌ سه‌رشه‌قام له‌دژی‌ رژێمه‌ حوكمه‌ فاشی‌ و تیرۆریسته‌كه‌یان به‌ ئیمتیازه‌وه‌ یه‌كسانه‌ به‌ بیست هه‌زار خۆپیشانده‌ر له‌و جیهانه‌ی‌ كه‌ رێز له‌خۆی‌ ده‌گرێت..چۆن؟ ئه‌و گه‌نجه‌ی‌ له‌ وڵاتێكی‌ عه‌ره‌بیدا پێش ئه‌وه‌ی‌ له‌ماڵ بێته‌ ده‌ره‌وه‌ داوا له‌ دایك و باوكی‌ ده‌كات فاتیحا بۆ سه‌ر گیانی‌ بخوێنن پێش ئه‌وه‌ی‌ به‌ره‌و خۆپیشاندانه‌كه‌ بڕوات، هه‌ندێك جاریش ماچی‌ ماڵئاوایی‌ له‌ كه‌س و كاری‌ ده‌كات له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ده‌زانێت كه‌ ئه‌و فیشه‌كی‌ غه‌در و ناهه‌قیانه‌ی‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌كان و سوپا و به‌ڵته‌جی‌ و قه‌ناسه‌كان ده‌یته‌قێنن ده‌یكه‌نه‌ جه‌سته‌یه‌كی‌ سارد و سڕ و ده‌یگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ كه‌س و كاری‌، خۆپشانده‌رانی‌ عه‌ره‌بی‌ ئه‌م رۆژانه‌ باش ده‌زانن كه‌ به‌ سنگی‌ روته‌وه‌ روبه‌ڕوی‌ سه‌رسه‌ختترین رژێمه‌كانی‌ جه‌ور و سته‌م ده‌بنه‌وه‌ له‌مێژودا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سڵ ناكه‌نه‌وه‌ له‌وه‌ی‌ به‌شداری‌ بكه‌ن له‌و خۆپیشاندانه‌ی‌ داوای‌ ئازادی‌ و كه‌رامه‌ت و ژیانی‌ سه‌ربه‌رزانه‌ ده‌كات، ئه‌مه‌ مانای‌ وایه‌ خۆپیشانده‌ری‌ عه‌ره‌بی‌ له‌م حاڵه‌ته‌دا یه‌كسانه‌ به‌ بیست هه‌زار خۆپیشانده‌ر بگره‌ زیاتریش له‌و خۆپیشانده‌رانه‌ی‌ له‌ بارودۆخێكی‌ موریحدا خۆپیشاندان ده‌كه‌ن، خۆئه‌گه‌ر باردۆخه‌كه‌ ئاسایی‌ بێت و دام و ده‌زگای‌ تۆقێنه‌ر و سه‌ركوتكه‌ر نه‌بێت به‌ ملیۆنان هاوڵاتی‌ به‌شدار ده‌بون له‌خۆپیشاندانی‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كاندا.

راسته‌ به‌ سه‌دان هه‌زار خۆپیشانده‌ر به‌شداری‌ ده‌كه‌ن له‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ پایته‌ختی‌ وڵاته‌ ئه‌وروپیه‌كاندا به‌ڵام ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌ باش ده‌زانن ئه‌و خۆپیشاندانه‌ وه‌ك پیاسه‌كردن وایه‌ و دوای‌ به‌سه‌ربردنی‌ كاتێكی‌ خۆش له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێ‌ و براده‌كانیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ماڵه‌كانیان، به‌ڵام خۆپیشانده‌ر له‌وڵاته‌ عه‌ربیه‌كاندا ته‌حه‌دای‌ مه‌رگ ده‌كات كاتێك به‌شداری‌ ده‌كات له‌ خۆپیشاندان، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا به‌شداری‌ ده‌كات، ئه‌مه‌ش له‌روی‌ مه‌عنه‌ویه‌وه‌ مانای‌ زۆر ده‌گه‌یه‌نێت وه‌ك چالاكوانانی‌ بواری‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤیش ده‌یڵێن.

كێشه‌ی‌ رژێمه‌ دیكتاتۆره‌ عه‌ره‌بیه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی‌ له‌دژی‌ زوڵم و سته‌میان راپه‌ڕیون له‌واقیعدا ده‌بێته‌ مایه‌ی‌ پێكه‌نین و گاڵته‌جاری‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ دیكتاتۆره‌ عه‌ره‌به‌كان باوه‌ڕیان به‌رێژه‌ی‌ سیاسی‌ نیه‌، بۆ نمونه‌ ئه‌وان رازی‌ نابن به‌ نیوه‌ی‌ ده‌نگی‌ میلله‌ت یان كه‌مێك زیاتر، هه‌روه‌ك چۆن به‌ رێژه‌ی‌ نه‌وه‌ت و نۆ و پۆینت نه‌وه‌ت و نۆی‌ ده‌نگه‌كان "به‌دڵنیایه‌وه‌ ساخته‌ن" هاتونه‌ته‌ سه‌ر حوكم، كه‌چی‌ باوه‌ڕیان به‌درۆكه‌ی‌ خۆیان هێناوه‌، له‌سه‌ر ئه‌و درۆیه‌ش سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ده‌بێت رێژه‌ی‌ نه‌وه‌ت و نۆی‌ میلله‌ت بێته‌ سه‌ر شه‌قام له‌دژیان تا قه‌ناعه‌ت به‌وه‌ بێنن كه‌ ده‌ست له‌ ده‌سه‌ڵات هه‌ڵگرن، به‌ملیۆنان كه‌س له‌یه‌كێك له‌ وڵاته‌ عه‌ربیه‌كان هاتونه‌ته‌ سه‌رشه‌قام هه‌تا ئێستاش رۆژانه‌ دێنه‌ سه‌رشه‌قام له‌دژی‌ سه‌رۆكه‌كه‌یان كه‌چی‌ ئه‌و سه‌رۆكه‌ نه‌گبه‌ته‌ هێشتا به‌كه‌مینه‌یان ده‌زانێت، به‌ده‌سته‌واژه‌یه‌كی‌ تر ئه‌و باشچاوه‌شه‌ و غه‌یری‌ ئه‌و له‌باشچاوه‌شه‌ عه‌ره‌بیه‌كان كه‌ به‌ ئاگر و ئاسن له‌سه‌ر سنگی‌ میلله‌ت دایانكوتاوه‌ رازی‌ نیه‌ له‌ده‌سه‌ڵات بێته‌خواره‌وه‌ هه‌تا هه‌مو گه‌ل نه‌بینێت كه‌ له‌ دژی‌ هاتونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام، به‌ پیر و كه‌ڕ و لاڵ و كه‌مئه‌ندام و په‌ككه‌وته‌ی‌ سه‌رجێگا و شیره‌خۆره‌ و مردوه‌كانیشه‌وه‌.
له‌ سایتی سبه‌ی وه‌رگیراوه‌
سایتی:‌ ئیلاف

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە