من و عیزرائیل

Saturday, 23/10/2010, 12:00

1919 بینراوە


عیزرائیل مەئمورە و مەعزوور، بە دەستور و فەرمان گیانی مرۆڤ دەکێشێ. ئەو ڕەحم بە کەس ناکات، لێبووردن، عەداڵەت لە ئایینی ئەودا نییە، ئەو مل کەچ و فەرمانبەرە و هیچی دیکە! زۆرترین کاتی عیزرائیل نەک لە ئوروپا و ئامریکا و کانەدا، بەڵکوو لە وڵاتانی ئەفریقا و ئاسیا، بە تایبەت لە ئێران تێدەپەڕێ.
لەوەتی لە بیرم دێ، لە هیچ و خۆڕایی بەربینگ بە من دەگرێ، جارێکیان زۆر منداڵ بووم و لە گەڵ ئامۆزاکەم ڕەحمان کایەمان دەکرد، ڕۆژی دوایی، دیتم ڕەحمانیان لە بەرماڵێک پێچاوە و دەیبەن بۆ قەبران، بە منیان کوت شەوی رابووردو عیزرائیل هاتووە و بردویە بۆ لای خودا!؟
ساڵێک دوای ئەوە لە گەڵ خوشکم کە زۆر لە من گەورەتر بوو کایەمان دەکرد، هیچمان نەمزانی کە عیزرائیل خۆی مات داوە، من کە هەڵهاتم ئەو هات و پاڵی پێوە نام و لە پێپلیکانەکان بەریدامەوە خوارێ، من نەمردم بەڵام لاقم شکا. هێشتا چاک چاک نەببوومە لە جێژنی گواستنەوی خوشکمدا، کە من بە شوێنی دا دەگریام، دیسان عیزرائیل هات و پاڵی پێوەنام و ئەمجارە سەر ولاقم شکا.
بردیانمە کن شکەستەبەند بەڵام پێموایە ئەو حاجی مەحموودی قولەرە، ڕەفیقی عیزرائیل بوو، هەموو جارێ دەهات تەماشای لاقمی دەکرد، دەیگوت نا خراپم هەڵبەستۆتەوە، لاقمی دەشکاندەوە و دیسان هەڵیدەبەستەوە و دەڕۆیشت، دوای چل ڕۆژ دیسان دەهاتەوە دەیشکاندەوە و هەڵیدەبەستەوە، هەموو جارێک لە کاتی شکاندنەوە و هەڵبەستنەوەدا عیزرائیل دەهات و ڕاکێش ڕاکێش پیلی دەکێشام بۆ ئەوەی لە گەڵ خۆیدا بمبا بۆ لای خودا، بەڵام هەموو جارێک خاڵم منی لە دەست ئەو دەردێنا.

بۆ ئەوەی عیزرائیل لە کۆڵم بێتەوە لە ترسی ئەو و خودا هەر لە تەمەنی چوار ساڵییەوە ڕۆژووم دەگرت، بەڵام باوکم دانەی بە تمەنێک لێی دەکڕیمەوە و نەزری باوکی خۆی دەکرد کە پێشتر عیزرائیل ڕفاندبووی، پێم وایە هەم خودا و هەم عیزرائیل لەو معاملاتەی من و باوکم توڕە بوون، باسی ئەویان نه‌دەکرد و بەربینگیان بە من دەگرت، پێم وایە باوکم بەرتیلی بە هەردووکیان دەدا.
لە شارەکەی ئیمەدا ڕۆژ نەبوو منداڵی بە قەد من نەمرن و عیزرائیل نەیانڕفێنێ، من لە ترسی عیزرائیل و خودا شەوانە خەونی ناخۆشم دەدی، لە خەونمدا دەعبای سەیرو سەمەرە دەهاتن و دەیانترساندم یان ئاوریان دەکردوە و منیان دەخستە ناو ئاورەوە، هەموو جارێ بە قیژەو و هەرای خۆم لە خەو ڕادەچەنیم، دایکم دەیپرسی ڕۆڵە چییە بۆ هاوار دەکەی؟ دەمکوت عیزرائیل و خودا ئەو جانەورانەیان ناردوە بمخۆن. ئەو دڵخۆشی دەدامەوە و دەیگوت نا ڕۆلە خودا کەس ناخوا. عیزرائیل لە خۆڕاوە کاری بە تۆ نەداوە.
لە ترسی خودا و عیزرائیل ناردمیانە لای مەلا سەبیلە قورعان فێرببم، هەر ڕۆژەی سووڕەیکیان فێر دەکردم.
شەوانە کاتێک لە گەڵ سەلاح و کەریم و ئەوان لە کۆڵانەکانی قولە خۆشاردنەوەمان دەکرد من زۆر دەترسام ، دەیانگوت عیزرائیل و خودا جندۆکە دەنێرن بۆ ئەوەی منداڵ بدزن، من لەو کۆڵانە تاریکانە هەڵدەهاتم و پەیتا پەیتا دەمکوت بسیمیلا بیسمیلا، بەوحاڵە سەرسمم دەدا و دەکەوتم، ئەوەندەی دیکە دەترسام و وەمدەزانی جندۆکە پەلاماریان داومەتێ. لە کاتی هەڵاتندا سەد جار ئایەکانی قورعانم دوبارە دەکردەوە بۆ ئەوەی جندۆکە نمگرێ و تەحویلی عیزرائیلم نەدا.
نەک شەوانە بە ڕۆژیش ئەگەر کایەمان دەکرد عیزرائیل خۆی لێ مات دەدام،نەمدەزانی ئەو کەی خەوتووە و کەی بەخەبەرە!
ڕۆژێکیان لە نزیک سەلاخانە ئەو جێگایەی جۆگە ئاوکەی پێدادەچێ و داری زۆر لێیە، کایەمان دەکرد، لە پڕێکا عیزرائیل شاڵاوی بۆ هێنام خۆم لادا،بەڵام ئەو پاڵێکی بە سەعیدی برای کەریمەوە نا و لە سەر دارەکەوە خستیە خوارەوە، دەست و لاقی نەشکا بەڵام بەو پاییزە ساردە هەموو لیباسەکانی تەڕ بوو، دوو تاقە قڕانیەکەشی لێ کەوتە ناو ئاوەکە، هەتا گەیشتەوە ماڵی خۆیان لە ترسی عیزرائیل وسەرما وەخت بوو ڕەق هەڵێ.
ڕۆژێک لە مەدرسەی بۆعلی قەرێ قەرێ مان دەکرد، کوڕەکەی مەمی وەشوێن من کەوت بۆ ئەوەی گولم کات، من چوومە سەر دیوار، نازانم عیزرائیل لە کوێڕا پەیدا بوو لەو سەرەوە پاڵی پێوە نام و کەوتمە خوارێ، نەمردم بەڵام لاقم لە جێ چوو، حاجی دەرویش مشەمای بە مێو و زەردێنەی هێلکەی تێهاڵاند، فایدەی نەبوو دوایە لە گەچیان گرت، هەر دوای ئەوە لە کەلەواکەی نزیک ماڵی خۆمان قەرێ قەرێ مان دەکرد، من بۆ ئەوەی گولم نەکەن چوومە سەر دیوارەکەی کە دەیڕوانیە ماڵی کەیکاوس، عەوڵا وەشوێنم کەوت دەیویست گولم کات، منیش هەروا ڕاوەستابووم، ڕاست لەو وەختەدا عیزرائیل پەیدا بوو پالێکی وای پێوە نام هەم گەچی دەوری لاقم ورد و خاش بوو هەم لاقم دیسان شکاوە.
کە تۆزێک گەورەتر بووم لە ترسی خودا و عیزرائیل هەڵاتم بۆ تەورێز، وەمدەزانی هیچیان بە ڕێگای تەورێز نازانن و نامبیننەوە، دیتم لە پێش مندا لەوێ حازرن، عەجەمەکانی هاوکلاسیم تەرفداری خودا و عیزرائیل و ئیمامی عەلی و مەزهەبی شیعە بوون، ئەوان جنێویان بە عومەر و سونی و ئەوانە دەدا، منیش نەمدەزانی خودا و عیزرائیل تەرفداری کێن، ئایا تەرفداری سوونیییەکانن یان شیعە، تەرفداری عومەرەن یان عەلی! هێندەیان ئازار دام منیش کوتم "نە قم باشد نە کاشان لعنت بر هردوتاشان" ڕاست لەو دەمەدا عیزرائیل پەیدا بوو، چووبوو نازمی مەدرەسەکەی هان دابوو دارکاریم بکات، هێندەیان بە شوڵی تەڕ لێدام ئێستاش بەری دەستم دێشێ.
من دیندارێکی زۆر پاک و خاوێن بووم، بەڵام نوێنەرانی خودا و عیزرائیل زوڵمیان لێ دەکردم، لە تەورێز دەبیری قورعان و شەرعیات کە خۆی تەبلێغی حوجەتیەی دەکرد، هەموو جارێ کە وەژوور دەکەوت دەیکوت "کوردئوغلی سەن ئۆخ" قورعانەکەم دەخوێندەوە و دەیکوت "بەرەکەنا- ئافەرم"، بەڵام مەلا بە فیتی عیزرائیل لە ئاخری ساڵ لە دەرسی قورعان تەژدیدی کردم، لە حالێکدا باشترین قاری کەلاسەکە بووم.
لە ترسی خودا و عیزرائیل و مەلا رووم کردە شاخ و کیو و لە گەڵ ڕەفیقەکانم خۆمان بە ئەشکەوتەکاندا دەکرد. جارێکیان لە ئەشکەوتی کولئاباد عیزرائیل ڕێگای لێ گووم کردین و لە ئەشکەوتەکەدا بێچارە ماینەوە، زۆر لە ڕەفیقەکانمان لە بەر خودا دەپاڕانەوە کە نەمانکوژێ و نەجاتمان دا، عیزرائیل لە هێندێک لە ڕەفیقەکانم نزیک ببووە ، ئەوان فریوی عیزرائیلیان خواردبوو، شادومانیان هێنابوو و لە بەر خودا دەپاڕانەوە بیانبەخشێ، نەمدەزانی بۆ دەپاڕێنەوە و بۆ خودا بیانبەخشێ! لەبیرم هاتەوە هێندێک لەو ڕەفیقانم وەختی خۆی وەسەر مادە کەر پەڕیبوون، ڕەنگە لە بەر ئەوە لە بەر خوادا دەپاڕانەوە بیانبەخشێ، ئاخە مەلاکان دەیانگوت هەر کەس کاری وا بکات لە دۆزەخ سیرەتی دەسوتێنن، ئەوانیش لەوە دەترسان. کە نەجاتمان هات و لەو ئەشکەوتە زیندەبەچاڵ نەکراین، خۆم تەیار کرد بچمە شەڕی عیزرائیل و خۆم لە دەستی ئەو و ئەربابەکەی ڕزگار کەم.
کاک ناسر ئیزنی دام لە کەلاسی دەرسی تەکامل باسی تەکامل بکەم و کۆنفرانسی لە سەر بدەم، منیش خۆم ئامادە کردو چووم باسی نەزەریەی داروینم کرد، دوژمن و دۆستم لە کەلاسدا بۆ پەیدا بوو، مەلا ئەبوبەکر کە بیستبوویەوە کاری وام کردووە و دەرسی مریشکە ڕەشەم بە دەرسی داروین گۆڕیوەتەوە لە پێشدا چووبوو لە دەفتەری مەدرەسە یەک شەقەزلەی لە کاک ناسر دابوو، دوایە چووبووە لای باوکم و کوتبووی کوڕە قورعان خوێنەکەت کافر بووە و دەلێ خودا نییە، ئەویش کە خوێن بەر چاوی گرتبوو، هاتەوە مالێ و پرسی حەرامزادەی ڕووڕەش ئەوە خەریکی چی، منیش وڵام داوە هیچ، کوتی چۆن هێچ، چووی گووت خواردووە و کتووتە خودا نییە و ئینسان لە مەیموون بووە، بۆخۆت لە مەیموون بووی! زۆر بەترسەوە کوتم دەی بابەگیان منیش هەر ئەوەم کتووە.
نازانم لەو دەمەدا لە مێشکیدا چ باس بوو بەڵام پێم وایە، ئەویش هەر بە قەدەر من لە خودا و عیزرائیل ڕازی بوو، لە بەر ئەوەی سەدان جار دیتبووم ئەو لە من باشتر کفری دەکرد و شرت وشووی هەموویانی دەردێنا، بەڵام ڕۆژووشی دەگرت و زەکاتی دەدا و حەجیش چووبوو، هەموو ساڵێک قوربانی دەکرد و سەریشی چووبایە نوێژی نەدچوو، بەر لە جەژنی ڕەمەزان دەچوو کۆڵێک پوولی دەدا بە مەلاکەی مزگەوتە چکۆلە بۆ ئەوەی سەری هەموومان چاک کاتەوە،نەمدەزانی ئەویش وەک من دەترسێ یان خەریکی مامەڵەیە لە گەڵ عیزرائیل و وەلی نیعمەتەکەی!!
خۆ لە شاخیش دەستیان لە کۆڵ نەدەکردمەوە، ڕۆژێکیان لە گەڵ یۆسفە قەڵەو و چەند کەسیك لە کێوی وەنەوشە، عیزرائیل پاڵی پێوەنام و بە سەرمەوقولات هەتا داوێنی کێوەکە خلۆر بوومەوە، لاقم شکاو بە کۆڵی یۆسف و کەر و تراکتور گەیشتینەوە شار، سەید حەمەدەمین یەک کیلۆ گۆشتی عەرەباڵی لە لاقم قایم کرد و مێشی هەموو دەورەی بۆکان بە گەرمای هاوین لە من هەڵابوون، نازانم ژمارەیان چەند بوو، بەڵام هەر نەبێ چەند لەشکر دەبوون، کەس خەتی کەسی نەدەخوێندەوە ، هەر کەس بە هەوای دڵی خۆی ویزەی دەهات، ڕاست وەک سەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران، جا نازانم ئەوانەش دەست پەروەردەی عیزرائیل بوون یان سەربەخۆ ویزەیان دەهات، چ دەستپەروەردەی ئەو بووبێتن یان نەبووبێتان ئەو هەزار بە هەزارە بە ویزە ویز شێتیان کردم.
مەلا کە هاتن و شا دەرچوو، عیزرائیل لە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی بە ڕەسمی ئیستخدام کرا و هەزاران دەست و پێوندی پەیدا کرد کە هیچیان لە خۆی جوان چاکتر نەبوون، خەلخالی کە هەزار جار لە عیزرائیل ناحەزتر بوو ناردرا بۆ کوردستان، عیزرائیل نێوی منیشی دابوو بە خەلخالی و پێگوتبوبوو ئەوە لە ماسی خزترە و نەهێلێی لە دەستت دەرچێ، من کە مەسئولی پێشگام بووم بۆ دیفاع لە خۆم قالۆرێکم بە ناوی کەڵە شینکۆفی مەزلەی لە شانم قایم کردبوو، قیت قیت بە خەیاباندا دەهاتم، عیزرائیل لە ترسان لێم نزیک نەدەبۆوە، بەڵام دیتم ڕۆژێکیان بە فیتی عومەر جەماعەتێکی زۆر لە بەر دەرکی دووکانی باوکم کۆبوونەتەوە و بۆ دیفاع لە عەجەمیکی ساختەچی و بە دژی باوکی سەرمایەدارم، شوعار دەدەن، ئەو جەماعەتە کە ئێستا سەردەستەکانیان بوونەتە میلیاردێری سەرمایەدار، هەر کە منیان دی ، تێکڕا هاواریان کرد "حاجی زادە چەک دانێ شان و پیلت نایتوانێ"، هەرچەند قسەکەیان ڕاست بوو و ئەو قالۆرە بۆ شان و باڵی من دروست نەکرابوو، بەڵام لە ترسی عیزرائیل جوابم نەدانەوە. دەمزانی جەنابی خۆی مات داوە و لە شەڕ دەگەڕێ.
عیزرائیل و خەڵخاڵی کە لە کوشتاری خەڵک تێر نەبوون، بە تانک و تۆپ و تەیارە کەوتنە ڕاوکردنی خەڵک، لە شەڕی سەقز لە ژێر ڕووناکی منەوەردا هێندی مابوو کە گرفتار بم و بکەومە دەستی خەڵخالی و عیزرائیل، ئێمە دەرباز بووین بەڵام زۆر کەسی دیکەیان گرت و بردیان و یەکسەر گولەبارانیان کردن. ئەو سەردەمانە عیزرائیل شایی و لۆغانی بوو، سادق خەڵخاڵی وەپێش خۆی دابوو. سادق خەڵخاڵی دەستوری خومەینی پێ بوو، خومەینی کە ناوی خۆی نابوو"ئایەتی ئەڵا" دەیگوت دەستوری خودای پێیە. پاشان زۆری پێنەچوو هەر بە ناوی ئەڵا، جیهادی دژی کورد دەرکرد و جاڕی کێشا کە کورد دوژمنی خودان و دەبێ بکوژرێن، دەور دەوری عزرائیل و دارودەستەکەی بوو.
لە ترسی عیزرائیل و خودا و حکومەتی موسڵمانان، ڕوومان کردە دیاری کافرستان و مەجوسەکانی سەر بە سیهینۆیسم و ئەمریکای جهانخوار و ئوروپای ئەمپریالیست، بە پێچەوانە لێرە لە ئەمن و ئەمان دابووین، هەر بە خەیاڵیشم دانەدەهات کە ڕۆژێک لە ڕۆژان تووشم بە تووشی عیزرائیلەوە بووە، ومدەزانی مردووە.
بەڵام کاتێک ساڵی ١٩٩٤ نەک بە ناوی خۆم بە ناوێکی دیکە چووم بۆ باشووری کوردستان، لە گەڕانەوەدا لە نزیک دهۆک لە ناکاو عیزرائیل لە روخساری شۆفیری وانێتێکدا ڕووبەرومان دەهات، هەر یەک سەر بە ماشێنەکەی خۆی تێسرەواندین. دەستی خستە ناو تینتینۆکەم و بە ڕاکێش ڕاکێش دەیویست لە گەڵ خۆیدا بمبا، نازانم چۆن بوو خەڵکی ئاوایی لەو نزیکانە پێیان زانی و بە هاوارمانەوە هاتن و بە چەند کەس ئەوانیش پیل و لەشی منیان بۆ لای خۆیان ڕادەکێشیا هەتا لە دەست عیزرائیل ڕزگارم کەن، هەر لەو کێشمە کێشمەدا وەخت بوو گیانم دەرچێ، لە دوورەوە تارمایی جەهەنەمم بە چاوی خۆم بینی و چاوم لێبوو خودا سەیری کێشمەکێشی نێوان عیزرائیل و خەڵکی ئاواییەکەی دەکرد و کە زانی ئەوجارەش ڕاسپاردەکەی تێكشکا، خێسەیەکی برد و بە سەر عیزرائیل دا نەڕاندنی، ئەویش مووشی کرد و چوو لە قوژبنێک کرۆشمەی کرد و هەڵتوتەکا.
لە کاتی دیتنی عیزرائیل لەو حاڵ و وەزعەدا وەبیر دڵ و جورئەتی شەیتان کەوتمەوە کە چۆن نافەرمانی جەنابی خودای کرد و بە پاڵپشتی کەسایەتی خۆی زیلەت و ژێرچەپۆکی قەبووڵ نەکردو هەموو خێر و بەرەکەتی بارگای عالیجەنابی بە ژیانێکی سەربەست و ئازاد گۆڕییەوە. ژیانێکی سەربەست و ئازاد!

ڕۆژێک لە ڕۆژەکانی پاییز
ساڵی ٢٧١٠ کۆڵن


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە