پاش دوو ساڵ تێپەڕ بوون بەسەر ڕاکردنی دیکتاتۆر بن علی

Tuesday, 15/01/2013, 12:00

1852 بینراوە


 تونس و دەسەڵاتی ئیسلامی بە ناجێگیری هەنگاو دەنێت

ڕۆژی دووشەممە ١٤ی جەنیوەری کە دووساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر شۆڕشی تونس کە لەئەنجامدا بوو بەهۆی ڕاکردنی سەرۆکی ئەو ووڵاتە بن علی. بەو بۆنەوە ئاهەنگ دەگێڕدرێت، بەڵام لەکەشوهەوایەکی پڕ لەدڵەڕاوکێ، بەهۆی خۆپیشاندان و کاری توندو تیژی لەبەر جێگیر نەبوونی باری کۆمەڵایەتی و سیاسی و باری ئابووری قەیراناوی وهەڕەشەکردنی جیهادیەکان و تەنگەژەی دەستووری داهاتوو.

لەجێی خۆشی و شادی و هیوا، بەبۆنەی ساڵڕۆژی شۆڕش لەتونس لە ١٤ی جەنیوەری ٢٠١2، پاش سەرکەوتنی یەکەم ڕاپەڕینی بەهاری عەرەبی لەو ووڵاتە، دڵە ڕاوکێ  وبەردەوامی هەژاری و کەم دەرامەتی باڵی کێشاوە بەسەر کۆمەڵگادا. سەرەڕای ڕووخانی دیکتاتۆر زین العابدین بن علی، کەژیانی دوورخراوەیی بەسەر دەبا لە عەرەبستانی سعودیە، پاش دەسەڵاتی ڕەهای ٢٣ ساڵ.
بێکاری %١٧ بالی کێشاوە بەسەر ئامادە بەکاران. پاشەکشەی سەرمایەگوزاری بە ڕێژەی %٦ لە ساڵی ٢٠١٢ لەسەر ئاستی ولاتدا، وە بە %٢٠-٤٠ لە ناوچەکانی خۆرئاوا کە لانەی شۆڕش بوون.
(سالم العیاری) سەرۆکی یەکێتی بێکارانی خاوەن بڕوانامەکان، دەڵێت" بە پێچەوانەی قسەکانی حکومەت، ڕێژەی بێکاری لەوەتەی شۆڕش هەڵگیرساوە لەزیاد بووندایەو خاوەن بڕوانامەکانی زانکۆ سێ یەکی پێک دەهێنن و نزیکەی نیو ملیۆن خوێندکار داوای کار دەکەن. ئەوەشی زیاد کرد کە " لایەنگریە سیاسیەکان و واستە و گەندەڵی بەجارێک باری ئابووری فشەڵ و ناجێگیر کردووە"
بە پێی قسەکانی دیپلۆماتێکی خۆرئاوایی. هەلومەرج لەتونس لەسایەی دەسەڵاتی حزبی نەهزەی ئیسلامی، پاش ئەوەی لەهەڵبژاردنەکانی ٢٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠١١ دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت. دەڵێ" لە دەوری بازنەیەکی بەتاڵدا دەخولێینەوە"بە بێ هیچ پێشکەوتنێک.
هەروەها باشترین پێناسەش بۆ ئەو هەلومەرجە ڕووداوەکانی ١٧ی دیسەمبەری ڕابردوو بوو، بەبۆنەی یادکردنەوەی دەست پێکردنی ڕاپەڕین لەسەر بن علی لە (سیدی بو زید) . کاتێک کەسەرۆک مەرزوقی و سەرۆکی ئەنجومەنی دامەزراندن مستەفا بن جعفر یان بەردباران کرد، کە بۆ ئەو بۆنەیە هاتبوون.
هەروەها ووڵات بزووتنەوەی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی بەردەوام و ڕێکخراوی بەخۆوە دەبینێ. هەروەک ئەوەی لەدیسەمبەری رابردوو لە (سلیانە) باکوری خۆرئاوا ڕووی داو بووە هۆی بریندار بوونی پتر لە ٣٠٠ کەس. هەروەها، پێنج شەممەی ڕابردوو ١١/١٢ لە شارۆچکەی (بنقردان) ی باشوور، جەماوەر لە تووڕەییان بنکەی پۆلیس و گومرگیان ئاگر تێبەردا. بەو بۆنەوە (ڕاشد غەنووشی) سەرۆکی حزبی نەهزەی ئیسلامی لەرۆژی هەینیدا هۆشداری دا لەڕوودانی ئەو جۆرە ڕووداوانە، هەروەها گوتی" نامانەوێت شۆڕشی تونس بگۆڕێت بەگێرەشێوێنی و تونس وەک سۆماڵی لێبێت". واتە" توند و تیژی شۆڕش پیرۆز ناکات بەڵکو بە پێچەوانەوە  دەیڕوخێنێ"
سەرەڕای ئەوانەش، دەسەڵاتداران و حکومەتەکەی سەرقاڵی خۆئامادەکردنن بۆ ئاهەنگ گێڕان لەساڵ ڕۆژیدا کە دەکاتە ١٤ی جەنیوەری، و شارەکانیان ڕازاندۆتەوە بەئاڵای نیشتمانی و خێوەتیان هەڵداوە بۆ گێڕانی مەراسیمی ڕۆشنبیری بەو بۆنەوە. وا بڕیارە هەر یەک لەنوێنەرانی ووڵاتانی میسرو لیبیا کە گۆڕانکاریان تێدا کرا بەبۆنەی بەهاری عەرەبیەوە. ئەوە جگە لە مەحمود عباس سەرۆکی فەلەستین ئامادە بن.
وا چاوەڕوان دەکرێت هەر ئەو ڕۆژە کۆبوونەوەیەک بکرێت لەنێوان دەسەڵاتی مەرکەزی و نەقابە سەرەکیەکان و ڕێکخراوی خاوەن کار.
حکومەتیش جەختدەکاتەوە لەسەر دەستکەوتەکانی شۆڕش، بەتایبەت ئازادی ڕادەربڕین و فرە حزبی سیاسی و گەشەی ئابووری (بەگوێرەی قسەی حکومەت) لە (-٢% لە ٢٠١١ بۆ ٣.٥% لە ٢٠١٢).
بەڵام سەرەڕای ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتیانە و ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان لایەنگرانی حکومەت و ئۆپۆزسیۆن، دەسەڵاتداران ڕووبەڕووی گەشەی کەمایەتی ئیسلامی توندڕەو بوونەتەوە. لەگەڵ نزیک بوونەوەی ئەو یادە، ڕێوشوێنی ئەمنی توندگیراوەتەبەر. سەرچاوەیەکی ئەمنی گوتی" ئەگەری ڕوودانی هێرش دەکرێت لەلایەن کۆمەڵی چەکدار، کە لەم هەفتانەی ڕابردوودا هەندێک لە ئەندامانیان دەستگیر کران". هەمان سەرچاوە گوتی" ئەم کۆمەڵانە خاوەنی چەکن، مەترسی ڕاستەقینەن بۆ سەر تونس" لەکاتێکدا حالەتی نائاسایی بەردەوامە لەدوو ساڵی ڕابردوو. لە دیسەمبەردا پێکدادانی چەکداری لەگەڵ ئەو چەکدارانە لەسنوورلەگەڵ جەزائیر ڕووی داو ڕاوەدویان ناون.١٦کەسیان لێدەستگیرکراوە و گومانیان  لێدەکرێت کە سەر بەڕێکخراوی القاعیدە لەووڵاتی ئیسلامی خۆرئاوا بن.
لەسەر ئاستی سیاسیشدا، هەلومەرجه‌که‌ئارام و دڵنیا نیە. بەجۆرێک نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر دەستووری تازە. لەکاتێک ئیسلامیەکان بەڵێنیان دابوو پێش تەواوبوونی ساڵی ٢٠١٢ بیخەنە بەردەم دەنگدان. بەم جۆرە هیچ خشتەیەک بۆ کاتی هەڵبژاردن دیاری نەکراوە و گفتوگۆ لەسەر چاککردنی حکومەت لەمانگی جوڵایەوە دەستیپێکردوە.هەروەها حازر نەبوونی بەرپرسانی دەستوور لەکارەکانی ئەنجوومەنی دامەزرێنەری نیشتمانی باڵیکێشاوە بەسەر کۆبوونەوەکاندا.
(ئەمیرە یەحیاوی) سەرۆکی ڕێکخراوی البوسەلەی ناحکومی، کەکار دەکات بۆ چاودێری کردنی شەفافیەت لەکارەکانی ئەنجومەنی دامەزرێنەر گوتی" پێویست دەکات بەدانانی خشتەیەکی جدی و چارەنوس ساز، بۆ ئەوەی سەرمایەداران، بەنموونە بزانن چێ دەکەن و چی بکەن".
بن علی و ژنەکەی لیلی تەرابلسی و دارودەستەکانیان لە زیندان و دوورخراوەییدا
لە کاتێکدا تونس یادی یەکەم شۆڕشی بەهاری عەرەبی دەکەنەوە، هەر لەو کاتەشدا سەرۆکی ڕاکردوو بن علی و خێزانەکەی ژیانێکی ئارام لە دوورخراوەیی لەسعودیە بەسەر دەبەن .سەرەڕای حکومدانیان بەچەند تاوانێک. وە دارو دەستەکانیشیان یا لەزینداندان یا لە هەندەران دەژین.
بن علی و ژنەکەی:
لە ١٤ی جەنیوەری ٢٠١١ ەوە بن علی و خێزانەکەی دوای ڕاکردنیان لە تونس لە ئەنجامی ڕاپەڕینی جەماوەری لەدژیان، کەخۆیان وایدادەنێن کە لەلایەن بەرپرسانەوە فێڵیان لێکراوە نەک ڕایانکردبێ. بن علی لەڕێگای پارێزەرە لوبنانیەکەیەوە قسەکانی دەکات. بەڵام لیلی تەرابولسی هاوسه‌ری بن علی لە ساڵی ٢٠١٢ دا لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی  کتێبێک، هەموو ئەو تاوانانەی کەپەیوەستن بەگەندەڵی و سەرکوت و ئیستیبدا، کەخراونەتە پاڵ ڕژێمی هاوسەرەکەی ڕەت دەکاتەوە. دادگای تونس لە جونی ٢٠١١ حوکمی زیندانی کردنی ٣٥ساڵی بەسەر هەردووکیاندا  سەپاندوە، بەتاوانی دزینی سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵک، بەدواییدا بن علی بەزیندانی کردنی هەتاهەتایی دادگاییکرا بەتاوانی سەرکوتی خۆپیشاندەران لەکاتی شۆڕشدا کە بوو بەهۆی ڕووخانی ڕژێمەکەی و ٣٠٠ کەس تێیدا بە گولەی دەزگاکانی دەوڵەت کوژران. هەروەها هەریەک لە بن علی و هاوسەرەکەی بەیەکەوە و بەجیا حوکم دران بەپێی بڕگەی یاسایی جۆراو جۆر.
چارەنووسی دارو دەستە و نزیکەکانی بن علی:
چارەنووسی که‌سه‌نزیکەکانی بن علی و هاوسەرەکەی لیلی تەرابلسی لە نێوان هەندەران و زیندانی کردن دابەش بوون.
لەکاتێکدا خانەوادەی تەرابلسی دەستیان گرتبوو بەسەر ئابووری تونسدا، بلحسن الترابلسی یەکێک لەسەرانی خانەوادەی خانمی یەکەمی تونسی ڕابردوو، بۆ کەنەدا ڕای کرد. بەبێ ئامادەبوون لەدادگا حوکمی زیندانی توند درا، دوای سەپانی تاوانی بازرگانیکردن بەپارەو مەعدەنی گرانبەها وهەڵگرتنی پارچەی پاشماوەی دێرین. بەڵام عیماد الترابلسی یەکێک لەگرنگترین گیراوەکانی خانەوادەی تەرابلسی لەتونس، ئەویش بەهۆی چەند مەسەلەیکی گەندەڵی، بە ٢-٢٠ زیندانی حوکمدراوە. هەروەها باوکی عیماد، مەحەمەد تەرابلسی برای لیلی ئەویش لەزینداندایە و دەستبەسەرە لەتونس. بەڵام سەخەر الماتری زاوای بن علی بەرەو قەتەر ڕایکرد لەدیسەمبەری ٢٠١٢ ئه‌گه‌رچی بۆ ماوەیەکی کورت لەسیشل زیندانی کرا بەڵام ئیستا لەهەندەران دەژی. ئەم بزنس مانە لاوە (٣١ساڵە) بەبێ ئامادەیی لەدادگا حوکمی توند دراوە بە تاوانی بردنی پارەو پولی دەوڵەت.
ماڵ و موڵکی زاواکانی بن علی:
هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی خزمانی بن علی لە (کۆمپانیای دابەشکردنی بەدانە و بەکۆمەڵ، کۆمپانیای گەیاندن و ڕاگەیاندن و موڵک و ئۆتۆمۆبیل و زۆر شتی تر). زۆرێک لەوکۆمپانیانە خۆماڵی کراون بەڵام بەشێکی زۆریشیان تاوەکو ئیستە لەژێردەستی دادگادایە و دەوڵەت سەرپەرشتی دەکات. دەسەڵات لەدیسەمبەری رابردوودا هەندێک لەموڵکوماڵی خێزانی دەسەڵاتی پێشووی فرۆشت لەوانە (ئۆتۆمۆبیل وخشڵ وپارچەی هونەری) کەچاوەروان دەکرێت پارەیەکی زۆری پێبگەڕێتەوە خەزێنەی دەوڵەت کە بە ١٠هەزار ملیۆن یۆرۆ مەزەندە دەکرێت.
دارو دەستەی سیاسی :
لە کاتێکدا تاوەکو ئیستا زۆرێک لەسەران و ڕاوێژکارانی بن علی دەست بەسەرن لە پایتەختی تونس، لەوانە (عبدالوهاب عبدلا و عبدالعزیز بن زیاو) ، هەردووکیان بە بڕبڕەپشتی ڕژێمی ڕابردوو و ئەندازیاری سیاسی دەژمێردرێن.هەندێکیشیان ئازاد کراون، بەتایبەت وەزیری دادی پێشوو بەشیر التکاری و وەزیری گواستنەوەی پێشوو عبدالرحیم الزراوی. ئەم ئازاد کردنەش توندوتیژی و ڕەخنەو ناڕەزایەتی توند لەلایەن جەماوەری لێکەوتەوە.
به‌کورتی دوایی دوو ساڵ له‌شۆڕشی خه‌ڵک و ‌کۆتایی دیکتاتۆری پێشوو:
خه‌ڵک له‌تونس شۆڕشیکرد و به‌ناره‌زایه‌تی و قوربانیدانی داروده‌سته‌ی بۆرژوا دیکتاتۆری بن علی راوناو هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌، بۆ دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتێک که‌وه‌ڵامی خواستوداواکانیان بداته‌وه‌، بۆ جێگرتنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌کۆنه‌به‌ده‌سه‌ڵاتێکی نوێ، به‌لام وا دوو ساڵ تێده‌په‌ڕێت و خه‌ڵکی کریکارو زه‌حمه‌تکێش، لاوان و ژنان، هه‌ر له‌مه‌یداندان بۆ داواو خواستێک که‌شۆڕشیان بۆکرد، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌به‌دینه‌هات به‌ڵکو کرێکاران و لاوان و ژنان بۆ کۆمه‌ڵێک هه‌لومه‌رجی مه‌دنی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌چه‌شنی ماف و یاسا خه‌بات ده‌که‌ن، که‌پێشتر لێی به‌هه‌ره‌مه‌ندبوون له‌کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نیدا، به‌لام به‌هاتنی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامیه‌کان پاشه‌کشه‌یان به‌و مافانه‌هه‌مووی کرد، و ده‌یانه‌وێ کۆمه‌ڵگا به‌ره‌ودواوه‌به‌رن، بۆیه‌ئه‌گه‌ر له‌کۆتایید بڵیم له‌ده‌ستکه‌وتی ئه‌م شۆڕشه‌ی خه‌ڵكی تونس و هه‌تا میسره‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ته‌نیا به‌رۆشتنی دیکتاتۆره‌کان کافی نیه‌و ده‌بێ بزانن چی ده‌سه‌ڵاتێک له‌جێگای داده‌نێن، ئه‌وه‌ش به‌نده‌، به‌ئاماده‌ییه‌کان و ریکخراوبوونی چینی کرێکارو کۆبوونه‌وه‌ی ژنان و لاوان له‌ده‌وری ئه‌و خواست و رێگاچارانه‌و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی.
 
سەرچاوە/
http://www.elaph.com/Web/news/2013/1/785931.html

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە