جەلالیەكان لە نێوان فشار و ئابڕوچوندا

Thursday, 05/05/2011, 12:00

1460 بینراوە






لای هەموان ئاشكرایە ئەو ڕێكەوتننامە ستراتیژیەی كە نێوان یەكێتی و پارتیدا واژۆ كراوە نە لەبەر چاوی كاڵی هاوڵاتیانی كوردستان و نە بۆ خاتری خوێنی شەهیدان و نە بۆ پاراستنی تەبایی و یە كڕیزی كوردستان بووە بە ڵكو تەنها یەك خاڵ كۆیكردونەتەوە كە ئەویش بەرژەوەندی مادییە ، واتە ئەو بودجە زەبەلاحەی لە حكومەتی ناوەندی عێراقەوە بۆیان ڕەوانە ئەكرێت .
دەنا ئەو دوو حیزبە نە دانویان لە یەك مەنجەڵدا ئەكوڵێت ونە بە دوعای یەكتریش ئەڵێن ئامین ، هێندەی مار و سیر ،كتك و مشك ،ئەهریمەن و بنیادەم ڕقیان لە یەكە .
ئەوەی جێگەی سەرنجە یەكێتی یان ڕاسترە بڵێین جەلالیەكان هەرچەندە وای نیشان ئەدەن كە ئەو ڕێكەوتننامە ستراتیژیەی لەگەڵ پارتیدا واژۆیان كردووە ڕێكەوتننامەیەكی هاوبەش و هاوسەنگە ،بەڵام ڕاستیەكان پێچەوانەی ئەوەیە كە ئەوان بانگەشەی بۆ ئەكەن.
جەلالیەكان لەم ڕێكەوتننامەیەدا ڕۆڵی ماستاوچی و نۆكەر بۆ پارتی ئەبینن و پارتیش وەك ئاغا فەرمانەكانی بەسەریاندا ئەسەپێنێت بە جۆرێك ئەگەر پارتی بڵێت ماست ڕەشە ئەبێت ئەوان بڵێن ڕەشە و ئێستا جەلالیەكان بەڕیشی مەردانەی بارزانی سوێد ئەخۆن ، ئەوەی پارتی بیبێژێت لای ئەوان ڕێسا و یاسایە.
جەلالیەكان چەند جارێك لە لایەن پارتیەوە دژایەتی و سوكایەتیان پێكراوە ، دیارترینیان ئەو ڕاپۆرتە بوو كە لە گۆڤاری گوڵاندا لەسەر لاوازی و كەم توانایی كابینەی شەشەمی بەرهەم ساڵح بڵاوكرایەوە، جگە لەوەی جەلالیەكان لە ناوچەكانی بن دەستی پارتیدا هێندەی هاوڵاتیەكی سڤیل دەسەڵاتیان نییە و زۆر جار ئەوترێت نەو زاد هادی پارێزگاری هەولێر لە بەرهەم ساڵح باڵادەست ترە ،تەنانەت ئێستا جەلالیەكان بە جۆرێك ئالودەی پارتی بوون، بەلایانەوە ئاساییە كە هەڵەكانی پارتی دوبارە بكەنەوە و هەمان سیاسەتی سەركوتكردن و خۆسەپاندن لە ناوچەی سلێمانی پەیڕەو بكەن .
ڕوداوەكانی دوای حەڤدەی شوبات و بەسەربازگەكردنی سلێمانی و دەوروبەری لە هەژدەی نیساندا ،ئەو ڕاستییەیان سەلماند كە جەلالیەكان دەستیان لە خۆیان شتووە و نە باكیان لە مێژووە و نە لە ئابڕو چوون و وەك ڕۆبۆتێكی داتاكراو شەلم كوێرم كەس نابوێرمی پارتی جێبەجێئەكەن.
بەبڕوای من جەلالیەكان بەو بێئیرادەییەی كە هەیانە لە ئاست پارتیدا هێندەی تر ئەو حیزبەی خۆشحاڵ كردووە و هەركاتێكیش مەترسی گۆڕان لە گۆڕەپانی سیاسی كوردستاندا نەما ئەوا پارتی بە پەڕۆیەكی پیس كلكی جەلایەكان ئەگرێت و لە كۆڵ خۆی ئەكاتەوە چونكە پارتی تەنها باوەڕی بەوە هەیە كە بنە ماڵەی بارزانی مافی ئەوەیان هەیە گەورە و ئاغای كوردستان بن و هەموو كورد بە قەرزار باری بنەماڵەكەیان ئەزانن و پێیان وایە وەك چۆن پێغەمبەران لەیەك بنەچەوە كەوتونەتەوە ئاواش ئەبێت حوكمڕانی كوردستان لە شانی ئەو بنەماڵەیەوە بێت.
لەبەرئەوە ئامۆژگاریم بۆ جەلالیەكان ئەوەیە هەتا بەتەواوی ئابڕویان نەچووە بگەڕێتەوە ناو جەماوەر و شوێن فەرمانەكانی پارتی نەكەون ، چونكە پارتی وەك هەتاوی زستان و سەرابی بیابان وایە .

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە