کوردانی فینلاند، دەڵین: دەسەڵاتی میلیشیا، سەرکووت ئەکاتە رێگا!

Thursday, 13/05/2010, 12:00

1789 بینراوە


ڕۆژی چوارشەممە ٢٠١٠.٥.١٢ لەشاری هێلسنکی بەمەبەستی پرۆتیستۆکردنی شەهیدی پێنووس و بیری ئازاد، بەدەستپێشکەری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و هاوکاری بزووتنەوەی گۆڕان ڕێپێوانێک بۆ بەردەم بالیۆزخانەی عێراقی ساز کرا.
خۆپیشاندەران بەوێنەی شەهید و چەندەها دروشمی جۆراوجۆرەوە و بەوتنەوەی (نەتیرۆر نەتۆقان، ئازادی مافی یەکسان.. دەسەڵاتی میلیشیا، سەرکووت ئەکاتە رێگا.. دوێنێ سۆران ئەمڕۆ سەردەشت، نا بۆ دەسەڵاتی بێدەربەست..) بەیاوەری پۆلیس بەرەو بەردەم باڵوێزخانەی عێراق بوونەوە..

ئەم بەڕێزانە بەنورە هەریەکەیان قسەوباسی خۆیان کرد:
-: مستەفا باهر وەک ڕێکخەری ڕێپێوانەکە و بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان.
-: عەباس شوان، وەک نووسەر و ڕۆژنامەنووس و گۆرانخواز.
-: ڕێبوار عارف، وەک نوێنەری فیدراسیۆنی پەنابەران.
-: رەزای کەمانگەر، کوردی ڕۆژهەڵات هاوپشتی خۆی ڕاگەیاند.
-: هەردی فەتاح بەنوێنەرایەتی ئەنجوومەنی بزووتنەوەی گۆڕان.

دواتر مستەفا باهر دوای خوێندنەوەی یاداشتنامەیەک بۆ جەماوەری ئامادەبوو، لەلایەن نوێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕانەوە پێشنیاری ئەوە کرا؛ خاڵێک زیاد بکرێت بەوەی لەهەر لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە دەبێت نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و ڕۆژنامەنووسانی ئازاد و سەربەخۆی تێدابێت.

نوێنەری خۆپیشاندەران هەر لەبەردەم دەرگای باڵوێزخانە چاوی بەبالوێز و جێگرەکەی کەوت، دوای قسەوباسێکی کورت یاداشتنامەکەیان وەرگرت.. ئەوان پەیمانیان داوە کە لەوبارەیەوە چاویان بەنوێنەری پارتی دیموکرات بکەوێت و بەرپرسانی بەغدادیش لەم کێشەیە ئاگاداربکەنەوە.. ئەوەیان وتبوو؛ کوشتوبڕ لەخوارووی وڵات و بەغدادیش هەیە، گوایە ئەوە ناهێنێت ئێوە وا دەکەن! بەڵام نوێنەرەکە وای وەڵامدابوونەوە کە ئەم تیرۆرە شتێکی جیاوازە و لەسەر نووسین و دەربڕینی بیروڕا ئازاد شەهیدیان کردووە... بەم شێوەیە ڕێپێوان و خۆپیشاندانەکە سەرکەوتوانە کۆتایی هات.

AbasShiwan

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە