که‌مێکی تر له‌ گه‌نده‌ڵیه‌کانی به‌شی ته‌ندروستی بۆ نووسینه‌که‌ی به‌ڕێز حه‌مید عوسمان

Wednesday, 25/01/2012, 12:00

1269 بینراوە


بەڕێز كاك حمید عوسمان ماوەیەكە كۆمەڵێك رەخنە و تێبینى لەسەر بوارى تەندروستى سلێمانى و لە زنجیرەیەكى (5) ژمارەیى دا بڵاو كردۆتەوە لە سایتى كوردستان پۆست. راستتر بڵێم ئێستا بەشى پێنجەمى بڵابۆتەوە نازانم بەشى ترى بەدوا دا دێت یان نا؟ ئەوەى كە گرنگە زۆر بە دڵسۆزى و ڕاستگۆیانە بابەتەكەى نووسیوە و بڕوا ناكەم زیادەڕۆیى تێدا كردبێت. لەوانەیە ئەو هەر ئەوەندەى لێ هەڵكڕاندبێت و بۆى چووبێت, ئەگەر نا هەر خوا دەزانێت چى تر گەندەڵى و كەم و كووڕى لەو كەرتەدا هەیە.
ئەوەى من دەمەوێت هەڵسەنگاندن و بۆچونى لەسەر دەربڕم بەشى پێنجەمیەتى: كە باس لە نەبوونى نەخۆشخانەى پێویست و نەبوونى نەخۆشخانەیەكى سەردەمى بەعسە بە ناوىسدام. من بەو برادەرە دەڵێم:

1. پەلە مەكە زۆرى ڕۆیشتووە و كەمى ماوە , هەر چونێك بێت بە 400 ساڵ خەستەخانە 400 قەرەوێلەییەكە تەواو دەبێت, نزیكەى 15 ساڵى لێ ڕۆیشتووە و هەر چۆنێك بێت لە وادەى دیارى كراوى خۆى دا تەواو دەبێت.

2. گلەیى كەمى نەخۆشخانەى تر مەكە ، ئەوە نیە خەستەخانەى فارووق لە تەواو بووندایە ؟ ئەو خەستەخانەیەى كە زەویەكەى (وەك هەموو زەویەكانى ترى ژێر قەڵەمڕەوى تاڵەبانى) بەناوى ئیدارەى گشتى دەستى بەسەرداگیرا و مەتر بە تەنها 16 دینارى علوج لە حكومەت سەنراو تاپۆ كرا، پاشان بۆ پارە سپى كردنەوە گوایا فرۆشراوە بە فاروقى مەلا مستەفا مەترى نازانم بە چەند سەد ئەوەندەى نرخى خۆى كە (تەلەفزیۆنى KNN بەڵگەنامەكانى ئەو ساتو سەودایەى بڵاوكردەوە) . وە ئێستا خەریكى دروست كردنى خەستەخانەیەكى تایبەتە لەسەر زەوى ناوبراو , كەئەوەش هەر لە خزمەت خەڵكى سلێمانى دایە و لە خەستەخانەى حكومى بلیتى نەخۆش ئەگەر بە 500 یان 1000 دینار بێت , قەیدى چیە با لەوێ بە 5 وەرەقە بێت . ئەى كاك فاروقیش كورد نیە؟ ئەى شەریكەكانیشى هەر كورد نین ؟ خۆ دڵنیابە هەموو پارەكە ناچێتە باخەڵى ئەو داماوە.

3. تاڵەبانى عومرى كورتى درێژ بێت تا ئێستا نەیپرژاوەتە سەر ئەوەى كە بیر بكاتەوە لەوەى كە ئەویش هەر سدامە و هەر وەكو ئەو خەڵك دەكوژێت و ووڵات تاڵان دەكات و لەدواى خۆى ووڵاتێكى یان وێران یان تاپۆ كراو لەسەر هێرۆ و پاڤێڵ و قوباد و جەللاد و جەردە و گەندەڵ بەجێ دێڵێت. هەر كاتێك بیرى كەوتەوە دڵنیابە كە ئەگەر نەخۆشخانەى تاڵەبانیش نەبێت ، خۆ هیچ نەبێت ملیۆنیك نەخۆش بەجێ دەهێڵێت.

4. خەستەخانەى چى دروست بكەن ؟ خۆ ئەگەر لە پۆڵاش دروستى بكەن بەرگەى دوو گەرما و سەرما ناگرێت و لە هەموو دیوارەكانیەوە دەتەقێت و درز دەبات و دڵۆپە دەكات . كام بینایەى حكومیە لەو ووڵاتەدا لەماوەى ئەو بیست ساڵەى ڕابردوودا دروست كرابێت و هەزار درزى تێدانەبێت؟ هەر وەك خۆت دەڵێى كۆشك و تەلارى دنیایان لە سیتەك و مێرگە پان و مێرگە داگیركراوەكانى تر درووست كردووە دڵنیات دەكەم درزى دیوارى هەموو كۆشك و تەلارەكانیان بژمێریت ناگاتە ژمارەى درز و تەقیووى یەك بنكەى تەندروستى كە لە لادێیەك دروستیان كردووە. ئەو خەستەخانەى 400 قەرەوێڵەییەى كە بە تەمانیە تەواو بێت خوا دەزانێ چەند درز و كون و كەلەبەرى لە سەقف و دیوارەكان دەبێت و دەبێتە هێلانەى مێش و مەگەز و جاڵجاڵۆكە و شتى تر.

5. وا كاك نێچیرڤان دڵى ڕەقى نەرم بووە و بەنیازە حكومەتێكى تازە لەسەر ڕەگ و لق و پۆپى حكومەتەكانى پێشتر دروست بكات ، بەهەمان شێوەى حكومەتەكانى تر دەبینیت چ خزمەتێك بەو ووڵاتە دەكات كە خەڵكەكەى بەكەڵكى خزمەتكارەییش نایەت
6. لەكۆتاییدا هیواى سەركەوتنت بۆ دەخوازم .


 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە