ئایا ئه‌ردۆگان ڕاست ئه‌کا؟

Saturday, 22/08/2009, 12:00

1719 بینراوە


له‌ ڕۆژی 4/11/1995 له‌ئاهه‌نگێکدا به‌بۆنه‌ی ئاشتی نێوان عه‌ره‌ب وئێسرائیلیه‌کان دوای ڕێکه‌وتنی هه‌ردوو لا له‌سه‌ر گۆڕینه‌وه‌ی زه‌وی به‌رانبه‌ر ئاشتی که‌ له‌ شاری ئۆسلۆی نه‌رویجی گه‌یشتبونه‌ ئاکامێکی باش، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێسرائیل(ئیسحاق ڕابیین) به‌ده‌ستی توند ڕه‌وێکی جوله‌که‌ی به‌ناوی (گایده‌ ‌میر)تیرۆر کرا، که‌دواتر فاکته‌ری ئه‌و کاره‌ی بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ که‌ گوایا ئیسرائیل دوای ئیتفاقیه‌ی ئۆسلۆی ساڵی 1994 نه‌ئه‌بوو له‌گه‌ڵ یاسر عه‌ره‌فاتدا ڕێبکه‌وێ. له‌ڕاستیدا ئیسحاق ڕابیین که‌یه‌که‌م سه‌رکرده‌ی ئیسرائیل بوه‌ که‌له‌و وڵاته‌دا له‌دیاك ببێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی له‌گه‌له‌که‌ی نه‌ده‌کرد که‌له‌سه‌ر ئاشتی تیرۆر بکرێ.

ووڵاتی ئیسرائیل دوای ساڵی 1948 وه‌ به‌فه‌رمی دانی پێدا نراو وه‌یه‌که‌م ده‌وڵه‌تیش ئه‌م دانپێنانه‌ی ڕاگه‌یاندا ڕووسیای کۆمۆنییستی بوو، ئه‌م ووڵاته‌ له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئایینی جوله‌که‌ دامه‌زراوه‌و به‌پێی ده‌ستووری ئیسرائیل هیچ پارتێکی کۆمۆنیستی ناتوانێ له‌وێ دابمه‌زرێ و کاری سیاسیش بکا، هه‌روه‌ها په‌رتووکی هیتله‌ر به‌ناوی(کفاحی) له‌وێ قه‌ده‌غه‌یه‌و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه‌ی پێنادرێ بخوێنرێته‌وه وه‌یان ده‌ستاو ده‌ستی پێبکرێ‌، وه سیستمی ‌ سه‌ربازی له‌م ووڵاته‌دا مانده‌تۆریه‌و کارێکی خۆبه‌خش نیه‌ و پێوسته‌ هه‌موو ئیسرائیلیه‌ك به‌ هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌وه‌ به‌شداری تیا بکه‌ن. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ ئایین سه‌رچاوه‌ی زۆربه‌ی یاساو ڕێساکانی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌یه‌ و یه‌کێ له‌و پارته‌ سیاسیانه‌ی که‌ ڕۆڵی به‌رچاوی هه‌یه‌ له‌نه‌خشه‌ی سیاسی ئه‌م ووڵاته‌داو ئه‌ندامی له‌په‌رله‌مان(کنێست) هه‌یه‌و له‌هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌کاندا به‌دی ئه‌کرێ ئه‌ویش پارتی ئایینی بزتنه‌وه‌ی (شاس)ه‌،، بۆیه‌ ئه‌م چه‌ند ئاماژگه‌ریانه‌ی لای سه‌ره‌وه‌ بوونی سیستمی دیموکراتی له‌وێ ئه‌خاته‌ به‌ر پرسیارو گومانی قووڵه‌وه‌ .

ده‌وڵه‌تی تورکیای نوێ که‌له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌تاتۆرك له‌ 23/10/1923 دامه‌زراو دوای ئێکشانی ده‌وڵه‌وتی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی که‌زیاتر له‌ حه‌وت سه‌ده‌ی خایاند و په‌لو پۆی بۆ زۆر شوێن هاویشتبو، جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م کۆتایی به‌م ئیمپراتۆریه‌ته‌ هێناو له‌گۆڕی نا، دواتر و دوای له‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌وتی نوێ تورکیاوه‌ ئه‌م ووڵاته‌ ڕێچکه‌یه‌کی جیاوازی له‌خۆ گرت وسیکۆلاریه‌ت(علمانیه‌ت) جێی به‌سیستمی ئایینی ئیسلامی گرته‌وه‌و له‌و ڕۆژه‌وه‌ کاری پێ ئه‌کرێ وله‌هه‌مووی گرنگتر گۆڕینی شێوازی نووسین بوو بۆ سه‌ر لاتینی.

ده‌وڵه‌تی تورکیا که‌ تورك قه‌ڵمه‌ڕه‌وی ده‌سه‌ڵاتی له‌ده‌ست بوه‌ ، جگه‌ له‌تورك دانی به‌هیچ گه‌ل ونه‌ته‌وه‌یه‌کی تردا نه‌ناوه‌و به‌فه‌رمی له‌ ده‌ستووری وڵاتدا تورکیا وه‌ك یه‌ك ئاڵاو یه‌ك میله‌ت ناسێنراوه‌، بۆیه‌ هه‌ر کارێك دژی ئه‌م ده‌ستووره‌ به‌هێزی توند ڕه‌وانه‌ی سه‌ربازی و ده‌زگا هه‌واڵگریه‌ به‌دناوه‌که‌ی ئه‌ره‌گه‌ۆ‌نه‌ کۆن دووچاری له‌ناو بردن وقاتو قڕی بۆته‌وه‌، له‌وانه‌ش مه‌سه‌له‌ی ڕه‌وای کورد و ئه‌رمه‌ناکان که‌(24/4/1915) که‌ گه‌وره‌ترین و یه‌که‌مین جینوسایدی له مێژووی سه‌ده‌ی بیستدا تۆمار کردو ژماره‌ی قوربانیانی له‌ سه‌رو یه‌ك ملێۆن نیو که‌س بوو که‌ له‌ته‌ك ئه‌مانه‌شدا ،دیاره‌ کوردییشی بێ به‌ش نه‌کرد له‌و قاتوقڕیه‌دا و به‌هه‌زاران له‌ ڕۆڵه‌کانمان تیا چوون.

به‌و پێیه‌ کۆمه‌ڵگای تورك که‌وه‌ك ووتمان تورك زۆرینه‌و هه‌رده‌م ڕه‌شمه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان له‌ده‌ست بوه‌، جگه‌ له‌و هێزه‌ سه‌ربازیه‌ گه‌وره‌یه‌ی وه‌ك مقاشێکی ئاماده‌ باش به‌ده‌ستیانه‌وه‌ بوه‌، خۆشیان خاوه‌نی کلتوور وفه‌رهه‌نگێکی گه‌لێ دواکه‌وتوانه‌ی به‌میرات بۆ ماوه‌ی عوسمانیه‌کان بون، تورك هه‌میشه‌ خۆی وه‌ك سه‌رده‌ست بینیوه‌و ئه‌وانی تریش وه‌ك خزمه‌تکارو مه‌سینه‌ هه‌ڵگر بۆ سوڵتان وئه‌میره‌کانیان،‌ تورك گه‌لێ به‌زیره‌کیانه‌ توانیویه‌تی ئاین له‌خزمه‌تی خۆیدا به‌کار بێنێ، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ کورد خزمه‌تی ئاینی ئیسلامی کردوه‌و نه‌یتوانیوه‌ وه‌ك تورك و عه‌ره‌ب ئایین بخه‌نه‌ خزمه‌ت خۆیان ومه‌سه‌له‌‌کانیانه‌وه‌. گه‌ر سه‌ردانی گۆڕستانی سوڵتانه‌کانی عوسمانیت کرد له‌ ئه‌سته‌مبول ئه‌وا چاك هه‌ست به‌وه‌ ئه‌که‌یت که‌وا له‌سه‌ر گۆڕی چه‌ندین کورد نووسراوه‌ (بۆ ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی وسوڵتان گیانی خۆی به‌خت کردوه‌ ‌).

میله‌تی تورك گه‌لێ قوناغی گه‌وره‌یان بڕی سه‌باره‌ت به‌ ده‌رچوونیان وه‌ك کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئایینی توند ڕه‌وی داخراو، لێ هاتنه‌وه‌ی ئه‌م جاره‌ی ئیسلام بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ، ئه‌ندووی(گێڕانه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تا) ئه‌و چه‌ند هه‌وڵانه‌ی ڕابردووی هێنایه‌وه‌ دۆخی جاران، ئێستا تورك دیسانه‌وه‌ ئه‌یانه‌وێ به‌هه‌مان هزری عوسمانلیه‌ت کێشه‌کانی خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌وروپاو دراوسێ و ناوخۆیاندا چاره‌سه‌ر بکه‌ن، ئه‌وه‌نده‌ی تورکیا له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته هه‌نووکه‌ییه‌ ‌ تووشی قه‌یران وکێشه‌ی ده‌ره‌کی وناوخۆی بۆته‌وه‌، هیچ له‌وانه‌ی پێشوو به‌چاره‌کی ئه‌مانه‌ خه‌ریك نه‌بوون به‌و کێشه‌و گیرو گرفتانه‌وه‌.

ئه‌م هه‌وڵانه‌ی ئه‌ردۆگان- به‌بڕوای من ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی بێ ئه‌وا حه‌تمه‌ن هه‌مان چاره‌نوسی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێنجه‌می ئیسرائیلی ئه‌بێ و تیرۆر ئه‌کرێ، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وا ته‌نها بۆ چاو به‌ستن وهیچ له‌کێشه‌کان چاره‌سه‌ر ناکرێن وهه‌نگاوێك بڕ ناکا.. گه‌ر ئه‌ردۆگان به‌ڕاستی ئه‌یه‌وێ وه‌ك خۆی ئه‌ڵێ مه‌سه‌له‌ی کورد چاره‌سه‌ر بکا، ئه‌وا پێش هه‌موو شتێ پێوسته‌ ئه‌م کارانه‌ بکا:

1- گۆڕینی ده‌ستووری تورکیا.

2- ئازاد کردنی سه‌رۆك ئۆچ ئالان.

3- سڕینه‌وه‌ی ناوی په‌که‌که‌ له‌ لیستی تیرۆر.

ئه‌مانه‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ن که‌ -ئه‌ردۆگان- نه‌یهاویشتوون وبێ ئه‌مانه‌ش هه‌ر کارو پلانێکی تر ئه‌چێته‌ خانه‌ی ته‌فره‌ لێدان وخۆڵکردنه‌ چاوی ئه‌وروپیاکانه‌وه‌..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە