بەناز خۆی دەسوتێنێت ، وێنەی کۆشکەکەی مەسروریش دەبینن

Tuesday, 13/09/2011, 12:00

1866 بینراوە




ژن هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی خەبات بووە،بەردەوام چەندین ژنمان هەبووە کە ڕووبەڕوی پیاوە مێشک ووشکەکان بوونەتەوە، لە هەوڵی بەرپاکردنی شۆڕشێک بوون دژی کۆیلە بوون و چەوساندنەوەو جیاوازی نێوان ڕەگەزەکان.زۆر کات ژنان خۆیان سوتاندووە بۆ ڕزگاربوون لە بارودۆخێکی ناهەموار کە بەهۆی پیاوێکەوە تێی کەوتوون، یاخود بۆ ڕزگاربوون لەو پیاوانەی کە داگیریان کردوون.ڕۆژێک بوو پێموابوو ئەو ژنانەی کە خۆیان دەسوتێنن بەهۆی ناووشیارییانەوە بێت، بەڵام ئێستا گەیشتومەتە ئەوەی نەخێر ئەو ژنانەی کە خۆیان دەسوتێنن لە عاقڵی وشیارییانە چونکە هەست بە بارودۆخێکی ناخۆش و داگیرکاری و کۆیلەیەتی دەکەن،خۆیان دەسوتێنن لە پێناوی ئازادیدا،کە واتە ئەم ژنانە زۆر ووشیارن.لەگەڵ ئەوەشدا شتێکی زۆر خراپ دەکەن کە دەیانەوێت لە ڕێگەی خۆ سوتاندنەوە ئازاد ببن،چەندین ڕێگەی تر هەیە بۆ ئازادبوون.

بەهەر حاڵ میدیاکان ئەمڕۆ هەواڵێکی کەی جەرگ بڕییان گەیاندە گوێمان،ئەویش هەواڵی خۆسوتاندنی کچێکی گەنجی تەمەن ٢٢ ساڵ بوو ، ناوی بەناز بوو.جیاواز لە هەموو ژنەکانی تر بەناز لە داخی پیاوێک خۆی نەسوتاندوە بەڵکو لە داخی هەژاری و نەداری و دانەمەزراندنی خۆی سوتاند.بەناز نەیدەویست خۆی بکات بەوەیفا وەهبی بۆ ئەوەی گرێی بەختی بکرێتەوە یاخود مێردێکی هەبێت و دڵی مێردەکەی پێ ڕازی بکات وەکو ژنی بەرپرسەکان دەیکەن ،بەناز نەیوستووە ئاخیر مۆدێلی سەیارەی لە ژێرا بێت وەکو کچی بەرپرسەکان خۆی پێوە بابدات ، هەر ڕۆژەو بەستایلێکی جیاوازەوە لە قژو لە جل و بەرگ بکات پاشان بچێت بۆ پیاسەی ئێواران .ئەوەی بەناز ویستویەتی تەنیا دامەزراندنێک بووە کە بتوانێت بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەکەی پێ دابین بکات.بەناز تەواو نائومێد بووە لەوەی بتوانێت بەهۆی ئەو چەندین ساڵەی کە خۆی ماندوو کردووە بەخوێندنەوە بەری ڕەنجەکەی بخوات. هەموومان دەزانین ئەوەش بەهۆی بوونی ناعەدالاتی و گەندەڵی دەستەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانە.جێگەی شەرمەزارییە بەناز بۆ ڕزگاربوون لە هەژاری خۆی بسوتێنێت و لە هەمان کاتدا تازەترین وێنەی کۆشکەکەی مەسرور بارزانیش ببینین.دەبا هەموومان لە ئامانجەکەی بەناز تێبگەین کە خۆی بۆ سوتاند، پەیامەکەی بەناز زۆر گەورە و ڕوون و ئاشکرایە ،بەناز دیسان شۆڕشێکی ئەوێت دژی ئەو کەسانەی کە هۆکار بوون بۆ خۆ سوتاندنی ،شۆڕشێک دژی گەندەڵکاران،دژی دەستەڵاتی بنەماڵەیی کە ئەوەتا چۆن بەپارەی بەنازەکان کۆشک و تەلارەکانیان دەڕازێننەوە، ژنەکانیان عەمەلیاتی جوانکاری دەکەن بەپارەی میللەت و بەنازیش خۆی دەسوتینێت.ئاخر ئەگەر دەستەڵاتدارن دڵسۆزانە کاریان بکردایە ئەوا ئەمڕۆ بەناز و چەندین ژنی تریش کە باری ئابوری بۆتە هۆی تێکچونی ژیانی خۆی و خێزانەکەی و ماڵ و منداڵەکەی خۆیان نەدەسوتاند.
بۆ دەبێت کچێک کە جوان بێت و خۆی ڕووت بکاتەوەو تەسلیمی بەرپرسەکان بێت بێ ئەوەی بیر لە شەهادەکەشی بکەنەوە دایدەمەزرێنن، بەڵام چەندەها ژنی نەفس قورسمان هەیە هەرگیز ڕێگە بەخۆی نادات لەو جۆرە کارانە بکات دەبێت ئەم ساڵ بۆ ئەو ساڵ دوعا بکات کە دابمەزرێنرێت.ئاخر بەرپرسان ئێوە ئەخلاقیشتان نەیەشت لەو ووڵاتەدا،وازبهێنن با ئەو خەڵکە ببوژێنەوە،با ئەخلاق ئاشت ببێتەوە لەگەڵ خەڵکدا،بەرۆکی ئەو گەلە بەردەن با ئاهێک بچێتەوە بەبەریانە بۆ ئەوەی چیتر خەڵک هێندە بیر لە هەژاری و نان پەیداکردن نەکاتەوە،دەبوو ئێستا گەل لە باشور هۆشیان لای هاوکاری کردنی بەشەکانی تری کوردستان بووایە نەک وەهایان لێ بکەن لە بەر هەژاری گڕ لە جەستەی خۆیان بەردەن و مەژغوڵی نان پەیدا کردنیان بکەن.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە