قسەیەک بۆ شەهرامی نازریی و کوتەکێ بۆ سەر داگیرکەر

Saturday, 14/06/2014, 12:00

2487 بینراوە


بۆ ئەوەی تێگەشتنێکی دروست لەسەر هەندی هەڵوێست و رووداو هەبێ، هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی رابووردوو، دەبێتە پێویستییەکی ناچاریی.
من لای خۆمەوە ئەو ئاگادارییەی هەمە، لەسەر هەڵوێستێکی دیکەی هونەرمەند شەهرامی نازری، گەرەکمە لێرەدا تیشکێکی رووناککەرەوەی بخەمە سەر و لەم دەلاقەیەوە جارێکی دیکە دەمامک لە روخسارە دزێوەکەی داگیرکەر و دوژمنانی کوردایەتی داماڵم. داگیرکەر و شۆڤێنیستانی کوردستانیان داگیر و دابەشکردووە، لە هەر شوێنێکی ئەم گۆی زەوییەدا بن ئەنقەرە، تاران، بەخدا، دیمەشق، ئامەد، کرمانشان، سلێمانی، قامیشلۆ لەندەن، سیدنی، بەرلین و ستۆکهۆڵم، هەڵگریی هەمان پەیامی ژەهراوین، کە لەگەوهەردا نکۆڵی بوونی کورد و سڕینەوەی نیشتمانەکەیەتی.
بەرەی راست بە گشتی و زۆرێکی چەپی تورک و عەرەب و فارس کەموزۆر لەهەمبەر پرسی نەتەوەیی کورددا هاوڕا و هاوکۆکن، جا لە دەسەڵاتدا بن یاخود میوانی ماڵی خانەخوێی گوندو چیاکانی کوردستانیش بن، هیچ لە هەڵوێستیان ناگۆڕێ و هەر نوێنەری راستەقینەی تەوژمە شۆفینیزمەکەن.
قسە لێرەدا، لەسەر هەڵوێستێکی هونەرمەند، شەهرامی نازرییە، کە بەداخەوە رۆژ و مانگ و ساڵەیەکم بە تەواوی بۆ ساخنەبۆوە، لێ هێندەی زیهنم بەرەو دواوەم دەباتەوە، دەزانم کەوا لە کۆتایی نیوەی دووەمی ساڵانی هەشتاکاندا بوو. هونەرمەند بۆ گێڕانی کۆنسێرتێکی دوو رۆژی، رۆژی یەکەم بە فارسی و دووەم بە کوردیی بانگهێشتی شاری بەرلین کرابوو. شوێنی ئاهەنگەکەش(مەڵبەندی فەرهەنگی جیهانی) لە بەرلین بوو.
من لەبەر کەمدەرامەتی توانام نەبوو رۆژی یەکەم بچمە کۆنسێرتەکە، دەنا مەیلم لەگەڵ گۆرانی فارسیش هەیە. بەهەرحاڵ بلیتی رۆژە کوردییەکەم کڕی و لەتەک برادەرێکدا چووین. ئێمە تۆزێ درەنگ گەشتینە شوێنی ناوبراو. سەروەختێ گەشتین خەڵک ووردە ووردە دەچوونە ژوورەوە بۆ ناو، یەکێ لە هۆڵە رازاوەکانی مەڵبەندی ناوبراو، بۆیە فریای بینینی کەسی دیکەی کورد نەکەوتین.
کاتێ ویستمان بچینە ژوورێ، لە بەردەم لاشیپانی دەرگای چوونە ژوورەوە ئەمبەرەوبەر دووکەس، دەرگای هاتنە دەرەوە دووکەس وەستاون و، بەیاننامە دەدەنە دەست هەرکەسێ، بەلایاندا تێپەڕێ. هەڵبەت بەرپرسی ئەو برادەرانەم دەناسی، کوردێکی خەڵکی شاری سنەی خۆشەویست و ئەندامی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بوو. بە ناوی کاک ناسر. تا من سڵاوێکم لێ کرد، برادەرەکەی بەرامبەری بەیاننامەیەکی دایە دەست منیش...تەماشایەکم کرد و گورج وەستام... ناونیشانی بەیاننامەکە (ناسیونالیزم در پوشش موزیک) بوو. واتە ناسیونالیزم لە ژێر پەردەی موزیکدا. لەراستیدا من وامزانی خەریکی بەیاننامە، دژ بە رژێمی خومەینی، یان شتێکی لەو جۆرە بڵاودەکەنەوە. کاتێ، کەوتمە قسە لەگەڵ ناسر و دەمودەست برادەرەکانی لێمان خڕبوونەوە. پێم گووت: بۆ گۆرانی گوتن بە فارسی ناسیونالیستیی نییە و بە کوردی ناسیونالیستییە؟!... ناسر بە نێوە فارسی و کوردییەکی شەرمنۆکانە کەوتە رستنی {ئێران وڵاتی فرەنەتەوەیە و ئەم کارە ناسیونالیستییە خراپە بۆ تەمامێتی سەرزەمینی ئێران و زمانی فارسی زێبایە و...هتد} کات، کەمی بەدەمەوە مابوو، دەرفەتی وەرامدانەوەی ئەو درێژدادڕییەمان نەما. هەر هێندەم گوت، کەوا ئەوەیە شکۆی خەباتەکەتان؟! ئەرێ بۆ بەیاننامە دژی رژێمەکەی خومەینی دەرناکەن؟!. ئیدی جگە لەوەی ئەو لۆژیکە چەوتە و ئەو هەڵوێستە لێوانلێوە لە شۆڤێنێتی و داگیرکەرچێتییە، هەردەبوو وەک خۆی وەرام بدرێتەوە، کورد ووتەنی "لە جێی سندان قوزەڵقورتە". منیش هەندێ بەرپەرچدانەوەی توندی ترم دا و، بەیاننامەکەم، دڕاند و خستمە ناو تەنەکەی خۆڵەکەی بەردەممانەوە و برادەرەکەی لەگەڵیشم بوو بەهەمان شێوە.... قیامەت پەیدا بوو. شایانی ئاماژە پێدانە کە فارسەکانی هاورێی ناسر زۆریان لا سەیر بوو، ئێمە خۆمان بە ئێرانی یان عێراقی نەدەزانی دەمانگووت کوردستانین و فەرهەنگی کوردی رەسەنترە لە فارسی... سەرئەنجام لەبەر هەر شتێ بوو ناسر هاوڕێکانی خاوکردەوە و ئێمە بە تووڕەییەوە بە جێمان هێشتن. هەڵبەت دەمەوێ ئەوە بڵێم لەگەڵ کاک ناسردا، یەکترمان باش دەناسی و لە بیروباوەڕی یەکتر ئاگاداربووین. تا ئەوکاتەش چەندین جار مشتومڕی هزریی و سیاسیمان پێکەوە بووبوو. لێ شارستانییانە و هەردوو رێزی یەکترمان سەلماند بوو. بەڵام ئەم کارەیان هی قەبوڵکردن نەبوو.
خوێنەری بەڕێز ....
لێم بە هەڵەدا نەچێ و بڵێ ناشارستانییانە ئەو بەیاننامەیەی دڕاندووە، باوەڕ دەکەم هەر یەک لە ئێوەش بوایە بەرمبەر بەو لافاوی جەهل و شۆفێنیستی و ناحەزایەتییە، باشترتان نەدەکرد و ئەوانیش شایانی خراپتر بوون.
بە پەلەپروزکێ خۆمان گەیاندە ناو هۆڵەکەوە و، ئەلەتریک کوژایەوە. سەرشانۆکە تیشکێکی روناکەرەوەی خرایەسەر و بەڕێوبەری ئاهەنگەکە، دەستی کرد بە پێشوازی، ئەندامانی گروپی موزیکەکە و ویستی وتاری بەخێرهاتن بخوێنیتەوە. لە هیکڕا و بە پلانێکی پێشوەخت دارێژراو لە ناوەڕاستی هۆڵەکەوە ٢٠ـ٢٥ کەسێک و لەملاولاوە و چەندانێکی تر، کەوتنە شاتەشات و قیڕاندن و دروشم لێدان بۆ تێکدان و خراپکردنی ئاهەنگەکە. بەڕێوەبەری ئاهەنگەکە، هەوڵیدا بزانێ مەسەلە چییە!. تێیان گەیاند، کەوا نابێت کۆنسێرتەکە بەڕێوە ببرێ و شەهرام گۆرانی بە کوردیی بچڕێ. ئەمە ناسیونالیستییە و بۆ سۆسیالیزم و ئێران بڤەیە و کۆمەڵێ قسەی پڕوپووچی دیکە. بەڕێوەبەر هەوڵی هێورکردنەوەی خەڵکەکە و ئارامکردنی هۆڵەکەی دا، لێ سوودێکی ئەوتۆی نەبوو. شەهرامی نازری، کە تا ئەو وەختە نەهاتبووە سەر سەکۆکە، پەردەی لادا و وەک جەنگاوەرێکی مەیدان بەرەو رووی ئامادەبووان هات و دەستی بە سنگییەوە گرت و خۆی دانەواندەوە و پاشان لەگەڵ چەپڵەرێزانی ئامادەبوواندا ئەویش بە هەردوو دەستی کەوتە سڵاوکردن و بەخێرهاتنی میوانەکان... دوای چەند خولەکێک، داوای ئارامی کرد و بە رووی ئەو گرووپە گێرەشێوێنەدا، دەستی کرد بە قسە و گوتی: بەچەی ئێرانی، ! دوێنێ لەم شوێنەوە بە فارسی، بەرنامەی خۆم بەڕێوە برد، ئیمڕۆ، نۆبەی گوتنی گۆرانییە، بە زمانی کوردی. هەرکەس نارەحەتە دەتوانێ هۆڵەکە بەجێبهێڵێ. ئیدی ئەوە بوو، ناوبراوان شەقێکیان لە قونی خۆیان داو بە بۆڵەبۆڵ، وەک پرۆتێستێک چوونە دەرەوە.
ئەو میوانانەی دیکە بە ژمارەیەکی کەمی کورد و ئامادەبووانێکی زۆری ئەڵمان و خەڵکی دیکەوە، بە چەپڵەرێزان خۆشحاڵیمان بەو هەڵوێستە جوامێرانەی نازریی دەربڕی و ئاهەنگ دوو دەمژمێر لە گەشتی خۆی بەردەوام بوو.



ئەمە، ئەو رووداو و هەڵوێستەی هونەرمەند شەهرامی نازرییە، کەوا پێش لە نێزیکی چارەکە چەرخێ لەمەوبەر نیشانی داوە. بە چاکم زانی بیکەمە پاشخانی ئەو رووداوەی، پێش ماوەیەک لە ئەنجامی ووتنەوەی گۆرانییەکی فۆلکلۆری{خۆم کرمانشانی فارسی نەزانم، وەزوبانی کوردیی قەزات وە گیانم} هونەرمەند شەهرامی نازری لەلایەن دەزگای سوپای پاسداران و لایەنە فەرمییەکانی تری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، هێرشی کراوەتە سەر.
تۆ بڕوانە..! دەوڵەتێک لە دێڕە گۆڕانییەکی فۆلکلۆری تۆقیوە، هەر چونکە تاموبۆی ئێرانچێتی لێ نایەت و سیمبۆڵ و ئاماژەیە بۆ ئەوانی دیکە، بۆ نەتەوەیەکی بندەست.
لەم بابەتەدا، من زۆر خۆم بە کەسایەتی و هەڵوێستی نەتەوەیی یان شۆڕشگێڕی نازرییەوە سەرقاڵ ناکەم و کەموزۆر ئامانجم ئەوە نییە، لە روانگەی کوردایەتیەوە، سەرنجی کاری هونەریی و بیرکردنەوەی سیاسی و هەڵوێستەکانی هونەرمەند بکەم. دەزانم ناوبراو هێندەی دەیان هونەرمەندی دی خزمەتی هونەری ئێرانی کردووە، رەنگە وەک زۆر کەسی دیکەش کێبەرکێ بکات لەسەر ئێرانچێتی و بیروباوەڕیشی تەنیا لەم تەوەرەدا بخولێتەوە. راستییەکەی ناشکرێ و ناشمەوێ، پێوەری شۆرشگێڕی و نەتەوایەتی بەسەر هەر کەسێدا بسەپێنم..دەزانم کارەکانی ئەم هونەرمەندە لە دیدی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە، ناگەنە دامێنێ هونەرەکەی، شڤان پەروەر و ناسری رەزازی و نەجمەی غولامی و مامۆستا عەزیزی شارۆخی و هتد... بەڵام سەرباری ئەم هەموو راستییە بەڵگەنەویستانە، ئینجا داگیرکەر تاکە بەیتێکی فۆلکلۆری لێ ناسەلمێنێ.
من دەمەوێ خوێندنەوەیەک بۆ دیوی ئەودیوی هاوکێشەکە بکەم. تیشکێ بخەمە سەر هەردوو هەڵوێستەکەی، کۆمۆنیستانی ئێرانی ئۆپۆزیسیۆن و پاسدارانی ئیسلامی دەسەڵاتدار، بەرامبەر بە پرسی نەتەوەی کورد و بوون و فەرهەنگەکەی.
راستینەی مەسەلەکەش، کە وەک رۆژی نیوەڕۆ لێمانەوە دیارە، هەردوو لا، لە دژایەتی مافە ڕەواکانی کورد دا، یەک هەڵوێستن و هەڵگریی هەمان روانگەی دژە کوردن. من لە مێژە ئەوەم بۆ روونبۆتەوە، حکومەتی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان، چ باکیان لە هێز و کەسانی بەناوئۆپۆزیسیۆنی خۆیان نییە، هێندەی لە پرسە نەتەوەییەکان و بەتایبەت دۆزی کورد دەترسن. ئاخر منیش دەسەڵاتداری کۆشکەکانی تاران و ئەنقەرە و بەخدا و دیمەشق بم، هاووڵاتییەکی فارس، تورک و عەرەبم، لە چیا و دەشت و شارەکانی کوردستان بەسەر کۆڵی کوردەوە بێ، یان لە پایتەختەکانی ئەوروپا و جیهان چالاکی بنوێنێ، بەڵام رێ لە سەربەخۆیی کورد بگرێ و تۆمەتی بداتە پاڵ و پێناس و فەرهەنگی بشێوێنێ، وا لە خۆشیدا خەنی دەبم و پاداشتی ئەو بەناو ئۆپۆزیسیۆنەش دەکەم. هەروەک ئەوان وایان کردووە.
لەبەردەم مەسەلەی کورد دا، هەر هەڵکەوتی جیوپۆلەتیکی و هەلومەرجی بابەتی، کێشە و ئاستەنگ نییە. ئەو گورزەی داگیرکەران لە فەرهەنگەکەیان داوە، هەزاران هێندە باری کوردیی گرانتر کردووە.
خەرمانێ لە نموونەمان لەبەردەمدا هەیە، بەڵام رەنگە ئاماژەدان بە بەرهەمەکانی کۆمەڵناسی گەورەی تورک بەرامبەر بە رۆشنبیر و هێز و حکومەتی تورکی و قسە و هەڵوێستی مەشعان جبوری و وفیق سامەڕایی لای عەرەب و حەسەن بەنی سەدر و مەنسوری حیکمەت و مەسعود رەجەوی و کونسڵخانەی ئێرانی، ئێستا لە سلێمانی، نموونەی زیندوو بن. کورد زۆر خزمەتی هاوکێشەی لاسەنگ و سەقەتی بەناو برایەتی کورد و....... کردووە، لێ جگە لە لێشاوی شۆڤینیزیم، چ شیرینایەتییەکی دیکەی لەو فەلسەفەیە، نەچووە بەگەروودا. ئاخر چ پەڵەیەکی شەرمەزاریی مێژوو لەو چڵکنتر و جێی پێکەنین و سەمەرەیە هەیە، لە سەدەی بیست و یەکدا، دەوڵەتێکی وەک ئێران و نەتەوەی فارسی هاوسێی کورد، نکۆڵێ هەبوونی کورد بکات و سوکایەتی بە زمانەکەی بەرپا بکات. هەروەک مامۆستای گەورەم جەمال نەبەز، بەرامبەر بە بڵاوکراوەکەی قونسوڵیخانەی ئێرانی لە سلێمانی پێی گوتم: دەسەڵاتی کوردیی لە باشووردا، گەر ئەو سوکایەتییە قبوڵ ناکەن، با بچن تەنها کۆپی لاپەڕەیەکی فەرهەنگی زمانی فارسی بکەن و نیشانی کاکی قونسوڵی بدەن، و لێی بپرسن: بنۆڕە چەند ووشەی کوردی و عەرەبی تێدایە!؟. زمانی کوردی نییە و ناوچەییە، یان فارسی تێکەڵەیەکی نارێکوپێکە.
لەم میانەدا، لە دیدی منەوە، دەستخۆشکەریی لە هونەرمەند شەهرامی نازریی و، پشتیوانی لێکردنی، ئۆتۆماتیکی دەبێتە ئەرکێکی سەرشانی هەر کەسێ، کە لە پەڕۆشی نەتەوە و فەرهەنگەکەیدا بێت. هەر وەک چۆن هونەرمەند ئەحمەد قایا، درەنگوەختانێ، ووتی: کوردم. ناشکرێ ئەم پێناسەی بۆ نەسەلمێندرێ و رێی لێ بگیرێ، هەروا نابێت هەڵوێستەکەی نازریش بێ دەستخۆشی بەسەرماندا تێپەڕێت. هەر بیر و هەڵوێستێکی، دەرەوەی بازنەی ئەم راستییە، خزمەتگوزار نابێ و دوور نییە دڵشکاندنی شەهرام و بە هەند دانەنانی هەڵوێستەکەی، یان سوکایەتی پێکردنی بە فەلسەفەی جۆراوجۆر، بکشێتەوە بۆ بارێک هەم ئەومان بە تەواوی لە کیس بچێ و هەمیش نەتوانین، رووناکییەکی هیوابەخشیش بەوانی پاش ئەو ببەخشین.هەڵبەت مێژوو بۆ خۆی دەزانێ، چۆن ئەو هەڵوێستەی شەهرامی نازریی تۆمار دەکات.
دۆڕاندنی هەر تاکێکی کورد بە خۆڕایی، بە مەبەست و بێ مەبەست، بە سووتی داگیرکەر و زیانی کورد تەواو دەبێت. جا بۆیە دەبێت، کورد، لەم شەڕەدا، هەستیاریی دۆڕانی خۆی لەبەرچاو بگرێت. هەڵبەت، قسەمان لەسەر خۆفرۆش و دەستوپەنجە بە خوێن سووربووەکانی کورد نییە، کە ئەوانە بەر حوکمی یاسایەکی دیکە دەکەون.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە