ئیسلام و چاکسازی

Monday, 09/03/2015, 12:00

2544 بینراوە






توندڕەوی شتێک نییە لەناو خوێن یان عە‌قڵیەتی مرۆڤدا هەبێت. یان مرۆڤ لەناو مناڵدانی دایکیەوە لەگەڵ خۆی هێنابێتێ. بەڵکو دەرئەنجامی ئەو پەیوەندی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فکرییە. لە هەناوی سیستەمی تاکڕەویی و نادادپەروری گەشەی کردووە. ناتوانین توندڕەوی گشتگیر بکەین بە نەتەوەیەک یان کۆمەڵگایەکی دیاریکراو. شێوازی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پەروردە.. مرۆڤەکان ئاراستەی توندڕەوی یان لێبوردەیی دەکات.
لە شارێکی وەک مەکە چەقی ئایینی ئیسلام بوو، هەموو ئایینەکان بەرامبەر یەکتر لێبوردەییان هەبوو. لەیەککاتدا ئایینی مەسیحی، جوولەکە، سائبی . حەنەفیەکان . پێکەوە دەژیان .هەرلەناو کەعبە 360 بتی لێبووە. چەندەها شاعیر هۆنراوەیان نەک تەنها لەسەر خۆشەویستی دەنووسی بەڵکو شیعری فەلسەفی و باوەڕنەبوون بەخوا دەنووسی... بێئەوەی هیچ پێکدادانێک لەسەر ئیمان رووبدات. ئایا لەمە زیاتر لێ بوردەیی ئایینی دەبێ چی بێت؟ بەڵام لە دوای دەسەڵاتی ئیسلام ئەو لێبووردەیی ئایینە لە جەزیرەی عەرەب کۆتایپێهات و شوێنەوارێ ئایینەکان نەما.
مەسیح دەڵێ:)دەبێت لە رێگای میوەکانییەوە درەختەکان بناسین) مێژووی خوێناوی ئیسلام و دەوڵەتی ئیسلامی لە سعودیەوسۆماڵ و سوودان و ئێران گروپە تیرۆریستەکانی وەک قاعدە، نوسرە، داعش، ئەنساروالاسلام، تاڵیبان. بۆکۆحرام . هەموو ئەمانە بەرهەمی ئەو درەختەن کە پێی دەڵێن: ئیسلام.
لە کۆمەڵگای ئیسلام، پلەی توندڕەوی دەکەوێتە سەر ئەوەی ئەو کۆمەڵگایە چەند لە ئیسلام نزیکە. لە وڵاتانی بەڵقان زۆربەی موسڵمانەکان نوێژناکەن بەڵام خۆیان بە موسڵمان دەزانن و لەگەڵ ئایینەکانی تردا پێکەوە دەژێن. لە سعودیە موسڵمانەکان وا پەرورەدە کراوان تەنها ئیسلام راستەو هەموو ئایینەکانی تر پوچەڵن!
هەموو موسڵمانێک تیرۆرست نیە، بەڵکو فکری ئیسلام زەمینەخۆشکەرە موسڵمانەکان بەرەو توندڕەوی ببات. ئاین وەک هەموو شتەکانی تر دوو جەمسەرە، دەتوانرێ بە پێی بەرژەوەندی سیستەمی سیاسی بەو ئاراستەیە ببرێ.
عارەب لە پێش هەموو کۆمەڵگاکانی تری ئیسلام پێویستیان بە نوێخوازی و چاکسازی هەیە. چاکسازی ونوێکاری لە سیستەمی سیاسی و کۆمەلایەتی ودادپەروەری، لە پێش هەموویانەوە چاکسازی لە ئایینی ئیسلام. پێویستە ئەو بوێرییان هەبێت وەک مەسیحیەکان لە سەردەمی شۆرشی پیشەسازی ئاینەکەیان نوێکردەوە. ئیسلام پێوێستی بە کەسێکی بوێری وەک مارتن لۆسەر هەیە.
گەرچی لەرابردوو لەناو موسڵمانەکان هەندێک هەوڵی چاکسازی ئایینی هەبووە . وەک خوارجەکان، موعتەزیلە، قەدری... چەندەها رێبازی چاکسازی تر ، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، شکستیان هێنا. بیرمەندە چاکسازەکانی ناو ئیسلام لەڕابردوو وەک جەمالەدین ئەفغانی، مەحەمەد عبدە، دەیەهای تر لە ئێستادا وەک مەحەمەد عابد جابری، ئەحمەد سوبحی مەنسوور، تاریق رەمەزان، عەلی شەریعەتی، عەبدولکریم سرووش..... هیچیان نەیانتوانیوە کاریگەری بخەنە سەر کۆی بیری ئیسلام . پێویستە هەروەک چۆن لە رابردوو سعودیەو جەزیرەی عەرەبی خاڵی تەشەنەکردنی ئیسلام بوو. بەو شێوەیە پێویستە ئەو چاکسازییە لەوێوە سەرهەڵبدا. لە کوردستان ، پاکستان. ئەفغانستان، مسر... هەرهەوڵێک بدرێ ناگاتە ئاکام، چوونکە موسڵمانەکانی ئەم وڵاتانە لە رووی دەروونییەوە لەچاوخەڵکی سعودیە خۆیان بەکەم دەزانن. لە پێش ئیسلام دواترش کاتێک هۆزەکان دەهاتن بۆ حەج کراسی دانیشتووانی مەکەییان بەکرێ دەگرت. بۆ ئەوەی حەجی پێبکەن. کراسی قوریشەکان بە پیرۆز دادەنرا، خێری زیاتر بوو! ئەم عەقڵیەتە تاوەکو ئێستا ماوەتەوە هەموو پیاوانی ئایینی دەرەوەی جەزیرەی عەرەبستان بەهەموو شێوەیەک دەیانەوێت رەچەڵەکی خۆیان ببەنەوە سەر قوریشەکان، هەروەک بەشێک لە شیخەکانی بەرزنجە . تەنانەت دەیانەوێت لە رواڵەتش لە پیاوانی ئایینی سعودیە بچن.
هەر هەوڵێکی چاکسازی ئایینی لە هەر شوێنیکی تری دونیاوە بکرێ تووشی بەرکەوتن بەرپێجی فکری وەهابی دەبێت. واتا چاکسازی لە ئایینی ئیسلام پێویستە لە ناو هەناوی کۆمەڵگای سعودیە دەستپێبکات. بەڵام لە ژێری سایەی دەسەڵاتی عەقڵیەتی خێڵەکی وەک بنەماڵەی ئال سعوود ناتوانرێ هیچ بکرێ چوونکە ئەم دەسەڵاتە کۆڵەگەی دروستبوون و مانەوەی، لەسەر ئایینی ئیسلام، لەسەر فکری وەهابی وسەلەفی بنیاتناوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە