لەسایەی سەری ئەم دەسەڵاتە نەگریسەوە خەڵکی کوردستان خۆ بەخۆ یەکدی دەکوژن

Friday, 01/10/2010, 12:00

1491 بینراوە



ئەوەی ئاشکراو ڕونە دەسەڵات خۆی سەبەبکارو ڕێخۆشکەری ئەو کوشتو کوشتارەیە کە ڕۆژانە لەکوردستان ڕو دەدات لەبەر ئەوەی یاسا ناتوانێ وەك پێویست دەوری خۆی بگێڕی یاسا تەنها دەتوانێ حوکم بەسەر چینی فەقیرو هەژاردا جێ بەجێ بکات نەك بەسەر ئەوکەسانەی کە پشتیان بەدەسەڵات قایمە و چەکداری ئەو دو حیزبەن کە گوایە حوکمەتیان هەیە چونکە یاساو پیاوەکانی یاساش هەر پیاوی هەمان حیزبن کە حوکمەت و دەسەڵاتیان بەدەستە لەبەر ئەوەی دەسەڵات لەو جۆرە کەسانە ناپرسێتەوە . ئەوتراجیدیایەی ئەمڕو لە گوندی چۆخماخی سەر بەناحیەی گاپیلۆنی دۆڵی جافایەتی ڕویدا ڕێکەو ڕاست لە فلیمی عەسابەکانی مەکسیك ئەچو کە تیایدا چەکدارێکی سەر بەلایەنێکی دەسەڵاتدار بەناوی(ئاوات حامید) سێ کەسی دایە بەر دەسڕێژی گوللەو هەر سێکیانی لەچرکە ساتێکدا کوشت. قوربانیەکان کە باوکو کوڕ و برا بون بەناوەکانی (بەکر+ فەرهادی برای بەکر + شاڵاوی کوڕی بەکر) ئەوەی شایانی باسە بنەماڵەی قوربانیەکەن بەڵێنیان داوە پرسە دانەنێن هەتا دوقات تۆڵەی خۆیان نەکەنەوە. کەچی هەتا ئێستا دەسەڵات هیچ هەڵوێستێکی جدی نەنواندوە. بۆنمونە پێشتریش هەر لەهەمان ئەم گوندە واتە گوندی چۆخماخ کابرایەك بەناوی بارام قادر کەچەکداری یەکێك لەم حیزبانە بو تەنها لەسەر ئەوەی کچەکەی بینیبو کە قسە لەگەڵ کوڕێکدا دەکات بە نوێژی نیوەڕۆ کچەکەی خۆی بە دارەڕای ماڵەوایاندا هەڵواسی و خنکاندی و هیچ کامیش لەو ڕێکخراوانەی ئیدعای ئەوەدەکەن کە داکۆکی لەمافی ئافرەتان دەکەن مێشیش میوانیان نەبو هیچ هەڵوێستیان نەنواند . لەکاتێکدا لەم کوردستان پۆستەوە ئەوتاوانەمان بڵاوکردەوە. کەچی حوکمەت و دەسەڵات و یاساش لەگوڵ کاڵتری بە بکوژ نەگوت تائێستاش بکوژ بێمنەتانە ئەسوڕێتەوە. هەر لەهەمان گوند کابرایەك بەناوی خەلیل برایەکی خۆی بەناوی ڕەمەزان دایە بەر دەسڕێژی گوللەو کوشتی ئەویش کەس نەبو لێی بپرسێتەوە لەبەر ئەوەی ئەویش چەکداری یەکێك لەو حیزبانە بو کە دەسەڵاتیان بەدەستە ئیتر ئەگەر یاسایەكی بێ لایەن نەبێت لێپێچینەوە لەو تاوانبارو بکوژانە بکات کە حیزب پشتیوانیانە و بکوژان وەك بەرزەکی بانان بۆی دەرچن. ئیتر دەبێ کێ تاوانباری یەکەم بێت بێگومان دەسەڵات و ئەو یاسایەی کە لەژێر پێڵاوی بەرپرسانی ئەو دو حیزبەدایە تاوانباری یەکەمن ئەم کوشتو کوشتارە وەنەبێت کۆتایی بێت بەڵکو سبەی کوڕو نەوەی ئەو قوربانیانەش بەهەمان شێوە تۆڵەی خۆیان دەکەنەوەو بکوژ دەردەچن سەرەتاکانی بونی کوردستان بە جەنگەڵستان لێرەوە دەست پێدەکات. لەبەر ئەوەی یاساو دەسەڵات لەبەامبەر ئەو تاوانەنەدا هیچ هەڵوێستێکی جدی نانوێنێ و نیە. بۆیە وردە وردەو بە تێپەڕینی کات تێکڕای عەشیرەت و خانەوادەکانی کوردستان دەبنە دوژمنی یەکدی و کوردستانیش دەبێتە کوشتارگەیەك کە ئەوکات سنور دانان بۆی زۆر زەحمەت دەبێت . بێ هەڵوێستی دەسەڵات و ئەو دو حیزبەش کە حوکمڕانی کوردستان دەکەن لەئاست ئەو تاوانانە نیشانەی ئەوەیەو ئەوە دەسەلمێنێ کە دەسەڵات دەیەوێ تێکڕای میللەت ببنە دوژمی یەکتری و نەپەڕژێنە سەر ئەوەی داوای مافەکانیان بکەن کە لەلایەن ئەم دوحیزبەو دەسەڵاتەوە قۆرخ کراوە . کاتی خۆیشی ڕژێمی سەدامی گۆڕ بەگۆڕ یەکەم بەرنامەی ئەوەبو خەڵکی کوردستان بکاتە دوژمنی یەکتری زۆر بەوردیش کاری بۆ دەکرد یەکێك لەو هەوڵانەی کە سەدام زۆر بەجدی کاری بۆکردو سەریشی گرت ئەوەبو نێوەی خەڵکی کوردستانی کرد بەجاش کە تائێستاش ئاسەوارەکانی ساڕێژ نەبون لەبەر ئەوەی دەسەڵات یەکەم داکۆکیکەرە لەو جاشانەی کە دەستیان سورە بەخوێنی خەڵکی کوردستان.
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە