هێرۆ. تۆ جگەرەیەکی مارلیبرۆم بەرێ پێت ئەڵێم ئەوانە کێن.

Wednesday, 20/01/2010, 12:00

1519 بینراوە



گۆڤەند:

بۆ ئەم مانگە بڕیارم دابو لەسەر فەرمانبەرو فەرمانگەکان بنوسم بەڵام کە کۆمپیوتەرەکەم داگیرساند چەندم کردو چەندم کۆشا لەبەر سەر قاڵیم بەبازرگانی مارلیبرۆوەو ئەو ئەنفەلونزای دزیەی توشی بوم نەمتوانی تەنها یەك دێڕ بنوسم
ئەم ئێوارەیە لە خاکەوە تەلەفونیان بۆ کردم و ئاخر ئینزاریان دامێ کە بۆ سەر وتاری ئەم ژمارەیەی خاك کە ژمارە 151 ە وەك جارەکانی تر تۆزێك مەکر بەسەر خەڵکی شاری سلێمانی و خوێنەرانی خاکدا بکەم. منیش هیچم لەخەیاڵدا نەبو تا لورە لوری ڕەشەبا دەستی پێکرد پەردەکان بە پەنجەرەی داخراوەوە کەوتنە هەلەکە سەماو گرمو هوڕی دەرگای تانکیەکانی سەربان و ودشی سەتەلایتەکان زاڵبون بەسەر دەنگی تەلەفونەکەشدا. بۆیە یەکسەر پۆلیس و پۆلیسی مرورو ئاسایشی سەرشەقامەکان وپێشمەرگەم بیر کەوتەوە کە ئێستا لەواجبدان و لەبەر ئەو سەرماو ڕەشەبایەدا ئاسایشی شارەکەمان و ڕێگاو بان و سنورەکانمان دەپارێزن بەو موچە کەمەشیانەوە کە بەتەواوی پژێوی ماڵ و مناڵیان دابین ناکات کەچی بەداخەوە خەڵکانێك هەن ڕێزیان بۆ دانانێن و بێڕێزیان پێدەکەن. ئەگەر ئێمە بە ویژدانەوە بیر بکەینەوەو بۆ ساتێك ئێمە خۆمان لە جێگەی ئەواندا لەو سەرماو گەرماو باوو بۆرانەدا بوەستین بڕوا ناکەم بەرگە بگرین. یان کەممان ئەتوانین ئەو هەڵوێستە جوامێرانەی ئەوانمان هەبێت. من هەمیشە گوێم لە گلەیی و گازاندەی هاوڵاتیان بوە بەڵام کەمتر گوێم لەگلەی و گازاندە لەدەست کەمی موچەکانی پێشمەرگەو پۆلیس و ئاسایش و مرور بوە.
خوێنەرانی بەڕێز ئەوەی لەسەرەوە خوێندتانەوە مەکربازیەکانی هێرۆی بلەی ئەحەڕەش بو کە ناسراوە بە هێرۆ مارلیبرۆ. ئەوەتا بەدەمی خۆی ئەیسلەمێنی کە ئەوان واتە هێرۆو جەلالی مێردی تەنها بە سودفە خەڵکیان بیر دەکەوێتەوە ئەگینا مێشێك میوانیان نیە. ئەوەتا هێڕۆ دوای چەندین ساڵ شۆڕش و خەبات و ماڵوێرانی و قوربانی دانی خەڵکی بەشەرەفی کوردستان و کیمیاباران و شەهید بونی هەزاران پێشمەرگەی ئازاو قارەمان کە بونە سەرچاوەی ئەوەی خۆی و جەلالی مێردی و کوڕو خزمو کەسە نزیکەکانی ببنە بلیارد دێرو دەست بەسەر هەمو سەرچاوەکانی ژیانی خەڵکی کوردستاندا بگرن هیچی بەخەیاڵدا نەهاتوە چونکە گوێی پێنەداوەو باکی پێی نەبوە کەچی ئێستا بە قودرەتی قادر خەبەری بۆتەوەو لەکاتی لورە لورو ڕەشەباو سەرمادا هێرۆ خەمی پێشمەرگەو پۆلیس و ئاسایش و پۆلیسی مرور یەتی ئەوەندە دڵسۆزە خەمی ئەوەیەتی کە موچەیان کەمەو بەشی پژێویان ناکات و سەرماشیان دەبێت. کەچی کوڕەکانی خۆیشی نەك پشتیان بەم نیشمانەوە نەهێشاوە نەك یەك دڵۆپە خوێن لە نینۆکیان نەهاتوە بەڵکو قوبادو ببورن قوپاوو بافلی کوڕی لەوەتەی هەن لەسەر پارەی دزراوی میللەت لە خۆشترین شارەکانی ئەمەریکاو ئەوروپادا لە تەڕی ئەخۆن و لەوشکی ئەنون . ئەگەر ئەم قسانەی هێرۆ مارلیبرۆ مەکرو دوڕوی و بە تەوسەوە گاڵتە کردن بە خەڵکی کوردستان نەبێت ئەی چیترە. هێرۆ مارلیبرۆ نایەوێ دان بنێت بەڕاستیداناڵێت ئەوە ئێمەین بوینەتە سەبەبکاری هەمو ئەو ناعەدالەتی و دزی و ڕوتاندنەوەو ماشینەوەی پاروو قوتی خەڵکی کوردستان و ناڵێ‌ ئێمەین بوینەتە هۆی ئەوەی خەڵکی کوردستانمان برسی کردوەو هەمو مافێکمان لێ زەوتکردون ناڵێت ئێمە لەگەڵ بنەماڵەکەی بارزانی بودجەو سەروەتو سامانی ئەم کوردستانە ئەدزین و لە بەینی خۆماندا دابەشی ئەکەین و خاوەنە شەرعیەکەشی کە بنەماڵەی شەهیدان و خەڵکی کوردستانە با هەر سیر بخۆن و زوڕنا لێبدەن. ناڵێت لەبەر ئەوەی ئێمە هەرشوێنێك یەك تۆز سەرچاوەی پەیداکردنی دۆلاری تیادابێت قۆرخمان کردوە بۆ خۆمان و داهاتەکەی ئەدزین بۆیە پێشمەرگەو پۆلیس و ئاسایش و فەرمانبەران موچەیان زیاد ناکات وکەمە. بۆیە ناڵێت ئەوە ئێمەین بێڕێزی بەرامبەر بە خانوادەی شەهیدان و بەپێشمەرگەو بە پۆلیس و بەسەرجەم خەڵکی کوردسان دەکەین. بۆیە دەڵێم تەحشاڵڵات لێبێ پیرێژن مادام ئاوا دڵسۆزی پێشمەرگەو ئاسایش و پۆلیس و فەرمانبەران و خەڵکی کوردستانی دەبێنە جگەرەیەکی مارلیبرۆم بدەرێ خۆمنیش لەڕۆژە هەرە سەختەکاندا 8 ساڵ پێشمەرگە بوم لەو شاخ و کێوەی ئاسنگەران و ئاسۆس و گمۆدا دەیان جار لەناو ڕەهێڵەی بەفرو باوو بۆرانی بێئاماندا لەگەڵ هاوەڵەکانم یادیان بەخێر نەك جەستەمان بەڵکو لەسەرمان زمانیشمان لەگۆ ئەکەوت با هەمو ئەو یادو بیرەوەری تێکۆشان و ڕەنج و ماندوبونەی ئەو ڕۆژگارانە کە هەموی بەهەدەر چو چوە گیرفانی ئێوەوە لەگەڵ دوکەڵەکەیدا بدەم بەدەم باوە. چونکە من دڵنیام ئێوە چەند لەخەمی شوشەی بەتاڵی ئەو ویسکیە گرانبەهایانەن کە شەوانە نۆشی ئەکەن چەند لەخەمی دوکەڵی جگەرەو کلکە جگەرەن هەر ئەوەندەش لەخەمی خەڵکی کوردستانن
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە