نوێکراوەتەوە: گەندەڵیەكانى كەرتى تەندروستى لە سلێمانى - بەشى یەكەم

Thursday, 05/01/2012, 12:00

1870 بینراوە


گەندەڵى و چاوچنۆكى هەردوو حزبى دەسەڵاتدارى هەرێمى كوردستان، تا دێت زۆر دەبن و ئاسانتر لە لاى خەڵكى كوردستان ئاشكرا دەبن، لەم رۆژانەدا برادەرێكم باسى ئەوەى بۆ كردم كە نەخۆشێكیان لە نەخۆشخانەى شۆرش كارى نەشتەرگەرى بۆ كراوە،بەرامبەر بەو نەشتەرگەریە برێك پارەیان داوە، دواتر باسى ئەوەى كرد كە لە نەخۆشخانە حكومیەكانى سلێمانیدا،بۆ ئەو نەشتەرگەریە برێكى كەم پارە وەردەگیرێت، برادەرەكە وتى : پار خزمێكى نزیكى خۆمم لە نەخۆشخانەى جامعەكە عەمەلیاتى زراوى بۆ كرا، پێنج هەرزار دیناریان لێسەندین،بەڵام هەمان كارى نەشتەرگەریمان لە نەخۆشخانەى شۆرش بۆ خزمێكى تر كرد،برى 350و000 سێسەد و پەنجا هەزار دیناریان لێوەرگرتین. ئەوەى برادەرەكەمى زۆر نیگەران كردبوو ئەوەبو، وایزانیبو نەخۆشخانەى شۆرش بە خۆرایى چارەسەرى نەخۆشى خەڵك دەكات، كەچى وا دەرنەچوبوو.
منیش خۆم پێنەگیرا و سەردانى كارمەندێكى تەندروستیم كرد و لە بارەى نەخۆشخانە و خزمەتگوزراى تەندروستیەوە پرسیارم لێكرد، ئەویش بە گوێرەى تواناى خۆى وەڵامى دامەوە، لە سەر سیاسەتى تەندروستى دكتور بەرهەم و دكتور تاهیر هەورامى و دكتور رێكەوت قسەى بۆ كردم، منیش قسەكانیم خستە چوراچێوەى ئەم نوسینەوە،دەمەوێت بە سود وەرگرتن لە بۆچونەكانى ئەو كارمەندە ، چەند وتارێك دەربارەى سیاسەتى دەسەڵاتدارانى یەكێتى لە سەر خزمەتگوزراى تەندروستى بنوسم و لە سایتى كوردستانپۆست بڵاوى بكەمەوە.

بەشى یەكەم :
پرسیارێك لە دكتور رێكەوت ،داهاتى نەخۆشخانەى شۆرش دەچێتە گیرفانى كێوە؟
كۆڵەكەیەكى بنەرەتى سیاسەتى حزبە دەسەڵاتدارەكانى هەرێمى كوردستان،برسى كردن و هەژاركردنى خەڵكى كوردستانە و گلدانەوەى داهات و قوتى خەڵكى كوردستانە لە گیرفانى خۆیاندا،یەك لەو كارانەى كە كردویانە كۆنترۆڵكردنى كەرتى خزمەتگوزاری تەندروستیە،بۆ ئەوەى لە كەرتێكى ئینسانى خزمەتگوزرایەوە بیكەنە كەرتێكى بەرهەمهێنى بازرگانى و دەست بە سەر قازانجەكەیدا بگرن.
كاندید كردنى د.تاهیر هەورامى لە لایەن تاڵەبانیەوە بۆ پۆستى وەزیرى تەندروستى، مایەى نارەزایى هەمو ئەندامانى مەكتەبى سیاسى یەكێتى بو،بەڵام تەنها خاڵێك كە تاهیر هەورامى و بەرپرسەكانى یەكێتى پێكەوە گرێدەدا، تاهیر هەروامیش وەك بەرپرسەكانى یەكێتى كەسێكى بازرگان بو و دەیتوانى خزمەتگوزارى تەندروستى هەرێم بكاتە دەزگایەكى بەرهەمهێن و جێگەى پرۆژە بازرگانیەكانى یەكێتى تیا بكاتەوە.بۆچونى بەرهەم ساڵح لە سەر كەرتى تەندروستى ئەوەبوو، كە سیستەمى تەندروستى هەرێم وەك سیستەمى تەندروستى ئەمریكا لێبكات و خزمەتگوزارى تەندروستى بكاتە پرۆژەی پارەكێشانەوە لە نەخۆش.ئتر كارەكانى تاهیر هەورامى لەگەڵ پرۆژەكانى بەرهەم و ئیدارەى گشتى و هێرۆدا گونجا و بە باشى رۆیشت، پرۆژەى تەواكردنى نەخۆشخانە 400 قەرەوێلەیەكەی سلێمانیان پەك خست،نرخى بلیتى عیادە تایبەتەكانی بەرزكردەوە، لە ماوەى 2 دوو ساڵدا، لە شارى سلێمانى چەندان نەخۆشخانەى ئەهلى- تایبەتی كردەوە كە ئەمە ناوەكانیانە:
نەخۆشخانەى ژیان.
نەخۆشخانەى سۆما.
نەخۆشخانەى هەرێم.
نەخۆشخانەى بەرزى.
نەخۆشخانەى روناكى.
هەردو نەخۆشخانە گەورەكەى فاروقى مەلا مستەفا و ئاسۆ بامۆكى لە ئایندەیەكى نزیكدا تەواو دەبن.
ئەمە لە كاتێكدایە نەخۆشخانە 400 قەرەوێڵیەكەى سلێمانى ماوەى 10-12 ساڵە كارى تێدا دەكرێت و تەواو نەكراوە، ئەمە لە كاتێكدایە بۆ نەخۆشیە كتوپرەكانى پارێزگاى سلێمانى و ناوچەى گەرمیان تەنها نەخۆشخالنەیەكى فریاكەوتنى بچوك هەیە و بەرپرسانى یەكێتى و وەزارەتى تەندروستى، ئامادە نەبوون نەخۆشخانەیەكى فریاكەوتن بۆ سلێمانى بكەنەوە .
لە ماوەى دوو ساڵى حوكمرانى بەرهەم ساڵ و تاهیر هەورامیدا ئەو هەموو نەخۆشخانە تایبەتە- ئەهلیە كوالیتیە نزمانە كراونەتەوە ، كەچى نەخۆشخانەیەكى فریاكەوتنیان بۆ سلێمانى نەكردەوە.
ئەو نەخۆشخانە تایبەتانەى لە ماوەى دوو ساڵى رابورداودا لە سلێمانى كراونەتەوە، ئەوانەشى پێشتر هەبوون، هەر هەموویان پشكى بەرپرسانى یەكێـى و ئیدارەى گشتى تێدایە، بەڵام بەرپرسانى ئەو حزبە سۆسیاڵدیموكراتە هەر بەوە ناوەستنەوە كە خزمەتگوزارى تەندروستى بكەنە كەرتێكى تایبەت، بەڵكو تا بۆیان بكرێت، كادرو دەرمان و ئامێرى پزیشكى نەخۆشخانەكانى كوردستان لە رێگەى جۆراوجۆرەوە بەركاردەهێنن بۆ ئەوەى سەرمایەى زۆرترى پێكۆبكەنەوە.

لە پێناوى دزی و كۆكردنەوەى پارەدا، بەربەردەوامى یەكێتى یاسا و رێسا دەشكێنێ ، لە هیچ حكومەتێكدا دیاردەى وا نەبووە، كەسێك لە دوو وەزارەتى حكومەتێكدا بەرێوەبەرى گشتى بێت و ئەندامى دەزاگایەكى حزبى وەك ئیدارەى گشتى بێت، بەڵام لاى حكومەتەكەى دەڤەرى سەوز، ئەم دیاردەیە دەبینرێـت و ئاساییە، ئەوەتا دكتور رێكەوت حەمە رەشید ماوەى چەند ساڵێكە لە یەك كاتدا بەرێوەبەرى گشتى فەرمانگەى تەندروستى سلێمانیە لە وەزارەتى تەندروستى، هەروەها بەرێوەبەرى نەخۆشخانەكانى شۆرشە لە وەزارەتى پێشمەرگە، جگە لەوە لە گەڵ دلێرى سەید مەجیدیشە لە ئیدارەى گشتى، دەبێت ئێمە بپرسین بۆچى یەكێتى لە یەك كاتدا ئەو سێ پۆستەى ئاڵاندۆتە ملى دكتور رێكەوت؟ ئایا یەكێتى كەسى تر شك نابات لە باتى دكتور رێكەوت بیكاتە بەرپرسى نەخۆشخانەكانى شۆرش، یان بیكاتە بەرپرسى فەرمانگەى تەندروستى سلێمانى؟
نەخێر، زۆر كەسى وەك رێكەوت و تاهیر هەروامى هەن رۆژانە دەچنە بەردەمى تەكیەكەى هێرۆ بۆ ئەوەى لوتف بكات و پۆستتێكیان بداتێ، بەڵام دانانى رێكەوت لە یەك كاتدا لەو دوو پۆستە بۆ دزییە، بۆ ئەوەیە دكتور رێكەوت دەرمان و ئامێر و كادرى پزیشكى نەخۆشخانە حكومیەكانى سلێمانى بگوازێتەوە بۆ نەخۆشخانەى شۆرش، لە نەخۆشخانەى شۆرش نەخۆش بە پارە ببینرێت و بە پارە عەمەلیاتیان بۆ بكرێت و پارەكە بخاتە سەر داهاتە دزراوەكەى ترى خەڵكى كوردستان و بچێتە گیرفانى حزبەكەیەوە.
لە هەر سێ پارێزگاكەى هەرێمى كوردستاندا، تەنها لە سنورى پارێزگاى سلێمانى نەخۆشخانەى شۆرشى سەر بە وەزارەتى پێشمەرگە هەیە، ئەم نەخۆشخانەیە لە رێگەى وەزارەتى پێشمەرگەوە دەرمان و ئامێر و پزیشك و كادرى بۆ دابین ناكرێت، پێوەندى بە وەزارەتى بەرگرى عێراقەوە نییە تا لەوێوە پێویستى نەخۆشخانەكە دابین بكرێت، هیچ جۆرە پێوەندییەكى فەرمیش لە نێوان نەخۆشخانەى شۆرش و وەزارەتى تەندروستى حكومەتى هەرێمدا نییە، تا وەزارەتى تەندروستى هەرێم مولزەم بكات پێویستیەكانى نەخۆشخانەى شۆرش دابین بكات. هیچ دكیۆمێنتێك لە بەردەستدا نییە ئیدارەى گشتى پێویستیەكانى نەخۆشخانەكانى شۆرش دابین بكات، ئەى كەوابو ئەم نەخۆشخانەیە چۆن كارەكانى ئەنجام دەدات؟

ئەو پزیشكانەى لە نەخۆشخانەى شۆرش كار دەكەن، لە فەرمانگەى تەندروستى سلێمانى موچە وەردەگرن، ئەو كامەندانەى لە نەخۆشخانەى شۆرش كار دەكەن، لە فەرمانگەى تەندروستى سلێمانى موچە وەردەگرن، دەبێت ئەو دەرمان و ئامێرانەش كە لە نەخۆشخانەى شۆرش كاریان پێدەكرێت، هەر لە فەرمانگەى تەندروستى سلێمانى وەربگیرێن. ئا لێرەدا گرنگى دكتور ریكەوت وەك سەرۆكى فەرمانگەى تەندروستى سلێمانى و وەك بەرپرسى نەخۆشخانەى شۆرش بۆ دزیى و گزیى یەكێتى گرنگ دەبێت و رۆڵى كاریگەر دەبێت.

نەخۆشخانەى شۆرش بۆ پیاوەكانى دەزگاى زانیارى، بۆ پێشمەرگەكانى یەكێتى و بنەماڵە دەسترۆیشتوەكانى یەكێـتى كراوەیە و بە خۆرایى پشكنین و چارەسەریان بۆ دەكرێت، لەو توێژانە بەولاوە، بۆ باقى خەڵكى كوردستان، نەخۆشخانەى شۆرش نەخۆشخانەیەكى نیمچە ئەهلیە، پشكنین و چارەسەرى بە پارەیە، بۆ نمونە كارى نەشتەرگەریى زراو بە 350 هەزار دینارە، كارى نەشتەرگەرى لەوزەتێن بە 75 حەفتاو پێنج هەزار دینارە.

یەكێتى نیشتمانى ئەم نەخۆشخانەیە بە نەخۆشخانەى حیزب حساب دەكات و بۆ پرۆپاگەندەى حیزبى بەكاری دەهێنێت، كەچى حیزب پێویستى نەخۆشخانەكە دابین ناكات، پێویستى نەخۆشخانەكە، زانست و دەرمان و ئامێرى دزراوى نەخۆشەكانى پارێزگاى سلێمانیە، یەكێتى خۆى بەوە هەڵدەكێشێت كە نەخۆشخانەی شۆرش بە خۆرایى چارەسەرى نەخۆشەكان دەكات، بەڵام ئەو بە خۆرایى چارەسەركردنە یان ئەو پارە رەمزیە وەرگرتنە، تەنها پیاوەكانى حیزب دەگرێتەوە، باقى خەڵكى كوردستان بە بێ پارە لە نەخۆشخانەى شۆرش چارەسەر ناكرێن، بەو شێوەیە نەخۆشەكانى سلێمانى دوو جار دزییان لێدەكرێت، جارێك بەشە دەرمانەكەیان دەدزرێت، جارێكی تریش لە نەخۆشخانەى شۆرش دەرمانە دزراوەكەیان پێدەفرۆشنەوە. لە سیستەمى تەندروستى هەرێمى كوردستاندا داهاتى پشكنین و چارەسەرى نەخۆشى لە رێگەى وەزارەتى تەندروستیەوە دەچێتە سەر داهاتى وەزارەتى دارایى، لەگەڵ برادەرەكەم زۆر گەراین و پرسیارى زۆرمان كرد تا بزانین داهاتى نەخۆشخانەى شۆرشى نیمچە ئەهلى دەچێتە سەر حسابى وەزارەتى تەندروستى یان دەچێتە سەر حسابى وەزارەتى دارایى، هیچ سەرچاوەیەكى زانیارى نەیتوانى بیسەلمێنێت كە داهاتى نەخۆشخانەى شۆرش دەگەرێتەوە سەر حسابى وەزارەتى دارایى.

لێرەدا بە بۆنەى كۆتایى هاتنى ساڵى 2011وە، چەند پرسیارێك راست دەبنەوە، ئایا بڕى پارەى پێویستى ساڵانەى نەخۆشخانەى شۆرش چەندە؟ ئایا ئەو برە پارەیەى ساڵانە بۆ پشكنین و چارەسەرى نەخۆش لە نەخۆشخانەى شۆرش وەردەگیرێت چەندە؟ ئایا پارەكە دەچێتە گیرفانى كێوە؟ دەدرێتە هێرۆ خان؟ دەدرێتە ئیدارەى گشتى؟ یان دەدرێتە دەزگاى زانیارى؟ ئەو كەسەى كە دەتوانێت وەڵامى ئەم پرسیارانە بداتەوە، ئەو دكتور رێكەوتەیە كە لە یەك كاتدا سەرۆكى فەرمانگەى تەندروستى سلێمانیە، بەرپرسى نەخۆشخانەى شۆرشە، دەست وپێوەندى هێر و دلێرى سەید مەجیدى بەرپرسى ئیدارەى گشتیشە.

کوردستانپۆست داوا لە د. رێکەوت دەکات کەوا روونکردنەوەی خۆی لەسەر ناوەرۆکی ئەم نووسینە بدات، هیوادارین  بە ڕێگایەکی دیکە پەیوەندییمان پێوە نەکات، بۆ لابردنی ئەم نووسینە، چونکە کاتی خۆی پێش ئەوەی ئەو پۆستە وەربگرێت  وا پەیمانی دا، کە کاری حیزبی ناکات و لە خزمەتی هاولاتیی و رەش و رووتی شارەکەدا دەبێت، ئەمەی کە ئەم نووسەرە نووسیوێتی، کە ئێمە بڕوامان پێیەتی و دەیناسیین،  پێچەوانەی پەیمانەکەی د. رێکەوتە. ئێمە  جارێ هەڵویست وەرناگریین و لیرەدا چاوەڕێی وەڵامی د. رێکەوت دەکەین.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە