وەزارەتى تەندروستى و هەنگاوێكیتر بۆ دواوە!

Monday, 21/05/2012, 12:00

1030 بینراوە




وەزارەتى تەندروستى كابینەى پێشوو بڕیارێكى دڵخۆشكەرى دەركردو تێیدا هەموو جۆرە رێكلامێكى بۆ پزیشك و نەخۆشخانە ئەهلییەكان قەدەغەكردو رایگەیاند كە چیتر رێگەنادەن یارى بە هەست و شعورى نەخۆش بكرێت و بكرێتە كاڵایەكى بازرگانى. بە داخەوە ئەم بڕیارە نەك هەر نەچووە بوارى جێبەجێكردنەوە بەڵكو چەند دیاریدەیەكى كوشندەترى بەدوادا هات و وەزارەتى تەندروستیش بۆئەوەى ئافەرینێك وەربگرێت پەنجەى شایەتومانى خستووەتە سەر دەمى و گلوپى سەوزى بۆ راگەیاندنى نەخوێندەوار هەڵكردووەو ئەوانیش خوا نزیكە بەڵایانبكات قۆڵى نامەردیان لێ هەڵكردووە و دەستیان كردووە بە بڵاوكردنەوەى هۆشیارى ناتەندروست.
گلەیى و گازەندەى پزیشكان جاران ئەوەبوو كە گوایا دەزگاكانى راگەیاندن گرنگى بە رۆشنبیرى تەندروستى نادەن و كاتەكانیان بە بێ سوود بەسەردەبەن، بەڵام سەد مەخابن ئێستا دەڵێین تكایە هەر كلیپى بەناو كلیپ دابەزێنن و زنجیرە دراماى كۆرى زیاتر بكەن بەڵكو سپەیسێكتان نەمێنێت تا رێكلام بۆ پزیشكى نەخوێندەوار بكەن!
لەم رۆژانەى دوایدا یەكێك لە كەناڵە ئاسمانییە كوردییەكان، هەروەك ئەوانیتر، رێكلامى كرد بۆ یەكێك لەو كەسانەى كە ئەلفوبێى پزیشكى نازانن و وەك پزیشكى پسپۆر خۆیان نیشانى هاوڵاتیان ددەن، ئەوەى نەك هەر خۆى بە پزیشك دەزانێت بەڵكو چاوەكانیشى بە ئامێرى لەیزەر دەناسێنێت و بێئاگا لەوەى كە چاو ئەندامێكى تیشك وەرگرە نەك تیشكدەر! پەیامى بازرگانى ئەم كەناڵە جیاواز لە رێكلامەكانى دیكە كە چەند چركەیەك دەخایەنێت، زیاتر لە 45 خولەك بەردەوام بوو. ئەم حاڵەتەش خەریكە دەبێتە دیاریدەو ناشزانرێت تاكەى وەزارەتى تەندروستى بێدەنگە! 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە