ئۆجەلان باڵایەك لە مێژوو

Saturday, 15/08/2009, 12:00

2607 بینراوە


دە ساڵە بە تەنیا و چوار دیوار بە دەوریا، لە ژێر ئەشكەنجە و جەنگی دەروونی و مامەڵەی ئاژەڵە دڕندەكانی جەللادانی زیندانی دوورگەی مەڕمەڕە، لە نێو هاژەی شەپۆڵە سەر شێتەكانی دەریای ئێجە، باڵایەك لە مێژوو، لە سووچێكی ژووری زیندانی تاكە كەسی، ئارام دانیشتوە و سەری بە سەر كتێبێكەوە گرتووە!
دێڕەكان ڕێچكەكانی زانست وعیرفانن و ئۆجەلان بە ناویانا بەرەو مێژوو دەڕوا! ئێواران كاتێك ڕۆژ لە كەنارەكانی ئێجە بەرەو ئاوا بوونە، ئۆجەلان گەیشتووەتە كۆتایی دوا ڕێچكەی كتێب، هەڵوەدای ڕێچكەكانیتر دەبێ و، هەڵدەستێ، باسكێكی تری مێژوو بە سەر باڵایەوە بڵند بووەتەوە!
بێ كەشوفشی پاسەوانی زۆر، كاروانی سەیارەی جامڕەش بە دوایەوە، چەكدار و دارودەستە، كۆشك و تەلاری بڵند كراو بە سەر شاخ و گردەوە، كامێڕا و تەلەفزیۆن و زوڕنای بەردەوامی گەندەڵی.
بێ ئەوانە هەموو..
مێژوو خۆی و حەشەمەتی و، خۆی دارودەستەی، خۆی ڕێچكەكانی و بڕیارەكانی، وەك سەرسامێكی ئەبڵەق، دێت و لە پشت پەنجەرە بچوكەكەی ژووری تاكەكەسی، گوێچكەكانی بۆ ئۆجەلان شل دەكا.
ئەمڕۆ 15/8/2009 هەموو توركیا و كوردستان و ئەوروپا، دەبێ بە گوێ و چاو بۆ بیستن و بینینی ئەو نەخشەی، زیندانیەكی دە ساڵە دەیكێشێ بۆ ئایندەی نەوەكانی داهاتوو!
ئافەرین مرۆڤ.
ئافەرین پیاو، لە بنەماڵەیەكی هەژاری بێ دەرامەت، لە گوندێكی لە بیركراوی كوردستان، دوای برسی بوون و تینویەتی، دوای دەربەدەری و ڕاونان، بێیت و لە ناو میللەتێكی خاپور كراو، لە ناو میللەتێكی نەخوێندەوار كراو، لە ناو كوردستانێكی سوتێندراو، پارتێك دروست بكەی كچە ناسكۆڵەكانی، گڕ لە بەفر بەربدەن و لەنێو چیاو چۆڵ و شاخ و دەشت و كێو، چەك بە كۆڵەوە، كتێب بەدەستەوە، وانەی ڕۆشنبیری و بوژانەوە فێر ببن و بیبەخشنەوە!
ئافەرین پیاو.
گەورەیی و سەروەریت لە كەسەوە بۆ جێ نەماوە!
ئافەرین پیاو...
وەها دڵسۆز بیت بۆ گەلەكەت، نە كۆشك و ڤیللات جێهێشتووە، نە سەیارەی جوان، نە پارەی بانكەكان. بەڵام ئێستا دڵی هەموو كوردێكی دڵسۆز و ڕاستگۆ، بووەتە بانكی خۆشەویستی تۆ!
نە چەكت پێیە بمانترسێنی، نە دەسەڵاتت هەیە نانبڕمان بكەی، نە زێڕەڤان و "ئاساییش و زانیاری" ت هەیە دەنگمان تەزویر بكەی. بەڵام هەموومان، هەر یەكەو بە ڕێژەیەك، هەریەكەو بە شێوەیەك، دەنگت بۆ دەدەین!
ئافەرین پیاو...
مەحرومكراوی لە لەزەتی ژیان (خواردنی خۆش، گەشت و گوزار، ڕابواردن، پارە و پول، دەسەڵات)، بەڵام توانیت ژوورە بچوكەكەت بكەیتە قوتابخانەی زانست و فەلسەفە و مێژوو!
لە سەردەمی بەرەو دواوە گەڕانەوەی كتێب، ئەو پەیامە دەگەیەنی بە نەوەی تازە پێگەیشتوو، كە كتێب بە لەزەتترین خۆراكە!
ئەو پەیامە دەچرپێنی بە گوێی سەركردە گەندەڵەكانی ئەملاو ئەولا، كە خۆشەویستی گەل گەورەترین هێز و پشتی سەركردە و پارتە!
خەباتكردن بۆ هەژار و چەوساوەی میللەت گەورەترین سەروەری و سەرمایەیە!
ئافەرین پیاو...
نە شەپۆڵی هەژدیهای دەریا، نە گەردەلولی نێو شاخان، نە پلانی ژەهراوی دونیا چۆكی پێت دانەدا و، تۆش بۆ مانەوەت، "پە كە كە" بۆ مانەوەی، نەچوون لەشكركێشی دوژمن بكەن بۆ سەر كورد خۆی!
هەی ئافەرین.
پشتت نایە گەلەكەت و شاخت كردە عەرشی مەملەكەتی خۆڕاگرتن و سەرفرازی، زانست و ڕۆشنبیریت كردە خۆراكی نەوەی ئێستا بۆ گەیشتن بە كەناری ئایندەیەكی پڕشنگدار!
ئافەرین.
توركیا بە هەموو هێزیەوە، بەو هەموو پلان و دڕندیەتیەوە، زەبەلاحیەتیەوە، نەیتوانی ناچارت بكا ببیتە دارودەستەی ئەو، تا خۆڕاگری تۆ سەری توركیای چەماند و، واتلێكردن بە سەر شۆڕیەوە دان بنێنن بە مافی كورد و چاوەڕێی نەخشەی ڕێگات بكەن...
ئەو دێڕانەی ئەمڕۆ دەینوسی ڕێگای مێژوون، وێنەتكێشاون بۆ گەیشتن بە ڕۆژگارێكی پڕشنگدار و سەركەوتوو بۆ كورد و گەلانی ناوچە.
تۆ باڵایەكی لە مێژوو.
باڵای مێژووش، نە بە توركیاو نە بە هەموو هێزی وڵاتان ناچەمێتەوە!
15/8/2009
12:45 pm
سیدنی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە