بۆ ڕای گشتی دەواجنی كەندەكەوەی شاری سلێمانی لەلایەن یەكێتیەوە حەپەلوشكرا

Tuesday, 13/09/2011, 12:00

1230 بینراوە




كاتێك لە بەرزایی تاسلوجەوە ودەمەو ئێوارە ڕو لەشاری سلێمانی ئەكەیت لە دورەوە دیمەنێكی جوان و دڵفڕێنی شار ئەبینیت كە بە وێنەی دەریایەكی پڕ گەوهەر ئەدرەوشێتەوە ،خۆ ئەگەر هەنگاوەكانت بەرەو پێشەوە بڕوات ئەوا لەڕێگەدا و لەسنوری ناوچەی كەندەكەوە پڕۆژەیەكی كێڵگەی پەلەوەری مەزن بەدی ئەكەیت كە مێژووی دروست كردنەكەی ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی شەستەكانی سەدەی ڕابردوو.
كێڵگەی پەلەوەری سلێمانی كەبە دەواجنەكەی كەندەكەوە ناسراوە تایبەتە بە بەرهەم هێنانی هێلكە و ڕۆژانە نزیكەی یەك ملیۆن هێلكە بەرهەم ئەهێنێت كەجگە لەوەی داخوازی شاری سلێمانی لە هێلكە دابین ئەكرد هاوكات بەشێكی زۆری بەرهەمەكانی دەگوازرایەوە بۆ پارێزگاكانی خواروی عێراق .
دەواجنی كەندەكەوە لەلایەن كۆمپانیایەكی ئەوروپیەوە لەسەرئاستێكی بەرز بنیاد نراوە و سەرەتا لە چوار كێڵگە پێكهات بوو دواتریش لەناوەڕاستی هەشتاكاندا چوار كێڵگەی دیكەی بۆ زیاد كرا واتە بوو بە هەشت كێڵگە هەروەها كارگەیەكی دروست كردنی ئالیك و كۆگای ئالیك و كۆگای پێداویستی كێڵگەكان و ویستگەیەكی ئاو و ویستگەیەكی كارەبا لە گەڵ بەشی ئیدارەی دەواجن پێكهاتووە.
ماوەیەكە لەلایەن ئیدارەی یەكێتییەوە بەبیانوی ئەوەی كەوتۆتە ماستەر پلانی شاری سلێمانیەوە لە خوار و ژوری ئەم دەواجنەدان و داوایان لە ئیدارەی دەواجنەكە كردووە كە تێكڕای پڕۆژەكە بگوازێتەوە بۆ جێگەیەكی دیكە.
تائێرە هیچ گرفتێكی تێدا نییە وگواستنەوەی ئەو پڕۆژەیە بۆشوێنێكی دیكەی دور لە ئاوەدانی كارێكی دروستە ،بەڵام ئەوەی نادروستە لەم كارەدا ئەویە كە دەواجنی كەندە كەوە دەست بە هەڵوەشاندنی كراوە بە بێئەوەی بستە زەویەكی دیكەی بۆ دابین بكرێت ،واتە بە كورتی بیرۆكەی بنیادنانەوەی ئەم دەواجنە بەهیچ شێوەیەك لەئارادا نییە ،بەڵكو تەنها ئیدارەی یەكێتی تەماعی لەو چەند دۆنمە زەویەدا هەیە كە دەواجنەكەی لەسەر بنیاد نراوە.
سەرچاوەیەكی بەرپرس لە دەواجنی كەندەكەوە كەنەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت وێڕای پشت ڕاستكردنەوەی هەواڵەكە ئەوەیشی دركاند كەئێستا كەلوپەلەكانی ئەو دەواجنە خراوەتە موزایەدەوە و بە كۆمپانیاكانی تایبەت بەو كارە دەفرۆشرێت ،هەروەها ناوبراو ئەوەیشی دركاند
كە ئیدارەی یەكێتی لەگەڵ د.ڕفعەتی بەرپرسی دروستی ئاژەڵی هەولێردا ڕێكەوتووە بۆئەوەی شكست بە دەواجنی سلێمانی بهێنێت لە بەرامبەریشدا دەواجنی هەولێر كەلەئێستادا دوهێندەی دەواجنی سلێمانی بەرهەمی هەیە بگاتە ئاستێكی لوتكەیی و لە ناوچەكەدا ڕكابەری نەمێنێت .
لەبەرئەوە من وەك ئامادەكاری ئەم ڕاپۆرتە داوا لە ڕای گشتی كوردستان ،ئەندازیارانی كشتوكاڵی ،وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم ، وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ،سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەكەم كە ڕێگە لەم تاڵانكاری و زەوتكردنەی یەكێتی بگرن و رَێگەنەدەن ئەو دەواجنە تەفروتونا بكرێت ،تائەو كاتەی یەكێتی ملكەچی ئەوە ئەبێت وبەڵێنی تەواو ئەدات كە لە شوێنێكی دیكەداو بەدیزاینێكی پێشكەوتوو تر هەمان پڕۆژەی پەلەوەری بنیاد بنێتەوە.


 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە