بادینان و دیانە و مەسیف سەلاحەدین(سێگۆشەی بەرمۆدا)*ن بۆ ئازادی ڕادەربڕین

Sunday, 17/02/2013, 12:00

2050 بینراوە








سه‌باره‌ت به‌: ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی له‌سه‌ر کوردستان

پاش ئەوەی دامودەزگا حکومی وئەمنیەکانی ڕژێمی بەعس لەساڵی ١٩٩١ بەتەواوی لەهەرسێ پارێزگاکانی کوردستان (سلێمانی وهەولێر ودهۆک) پاشەکشەی پێکراو کشایەوە. سەرەتا بەرەی کوردستانی ودواتریش پاش ئەنجامدانی هەڵبژاردن ودامەزراندنی حکومەتی دەسەڵاتی کوردی لەهەرێمی کوردستان، کەبەشێوەیەکی سەرەکی هەردوو حزبی (یەکێتی وپارتی) دەستیان بەسەرداگرت. ئەودەسەڵاتە ئیدۆای ئەوەبوو کەده‌بێ بەیەکەم نموونەی حکومەت ودەسەڵاتی دیموکرات لەناوچەکەو زۆریش شانازیان پێوەی دەکرد. بەبێ ئەوەی بنەماکانی دیموکراتیەت کە (ئازادی ڕادەربڕین و فەراهەمکردنی کەشو هەوایە بۆی) و پارێزگاری و داکۆکی لێبکەن.
هەر لەسەرەتاوە، هەرکەسولایەن و گروپێکی غەیری ئەو ٢ حزبە ڕەخنە و گازندە و سەرنجیان لەبەرامبەر کارو کردەوە و نەخشەی ئەو دەسەڵاتە گرتایە، ئەوا بە (سیخور و داردەستی بەعس و تابووری پێنجەم ناوزەد دەکرا) یان به‌وه‌ی ده‌ستێکیان له‌پشته‌وه‌یه‌. لەباشترین حاڵەتدا وەڵامی بەرپرسان بەو ڕەخنانە و پاساویان بۆ پەردەپۆشکردن و کپکردندنەوەی دەنگە ناڕازیەکان (ساوابوونی دەسەڵاتە دیموکراتەکەیان) بوو. بەڵام لەگەڵ ئەستوور بوون و گەورەبوونی ساڵانی دەسەڵاتیان و نەمانی بیانوه‌ە بێبنەماکانی سەرەوەیان. ووردە ووردە دەستیانکرد بەدروستکردنی دەزگا سەرکوتگەرەکانی (پۆلیس و ئاسیش وبەهێزکردنی دەزگا سیخوڕیەکانی پاراستن و زانیاری). بۆئەوەی دەنگی ناڕازی ئەوبەری دەسەڵاتی پێ کپو بێدەنگو خامۆشکەن. لەبەرامبەر ڕای گشتی ناوخۆ، تاڕادەیەک توانیان بەهێزی زەبەلاحی میدیای حزبییان و هێزی سەرکوتگەریان، خۆڵ بکەنە چاوی خەڵک و چەواشەیان بکەن. بەڵام وەک دەڵێ (بەڕە، لەتەنکی دەدڕێ، بەڵام زوڵم وستەم لە ئەستووری). بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و بەرزبوونەوەی ڕۆژ لەدوای ڕۆژی دەنگی ئازادو پێشکەوتووخواز، توانی وەڵام بەدرۆو پاساوە بێناوەڕۆکەکانی ئەو دەسەڵاتە بداتەوە، و دەزگا نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤیان لێوەئاگا بێنێت. بەتایبەت پاش ناڕەزایەتیە جەماوەریە گشتگرەکەی ١٧ی شوباتی ٢٠١١، کە ٦٢ ڕۆژی لەسەریەکی خایاند. دەسەڵات بەزەبری هێزو ترس وتۆقاندن و دوای کوشتنی ١٠ کەس و بریندارکردنی پتر لە ٢٥٠ کەس و دەسگیرکردنی زۆرێک لەخۆپیشاندەران پاشه‌کشه‌یان به‌ناره‌زایه‌تی و خواسته‌کانی خه‌ڵك کرد.
ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی سەربەنەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەیان بەو پێشێلکاریانەی دەسەڵاتی هەرێم کردووە. ئەوەتانێ لەتازەترین ڕاپۆرتیاندا لە ١٠/٢/٢٠١٣ درچووە بەم جۆرە تایتلی ڕاپۆرتەکەیان دەست پێدەکەن" بیروڕای ئازاد لەهەرێمی کوردستان لەژێرهێرشدایە، و ئەمانە ڕۆژە ڕەشەکانی ئازادی ڕادەربڕینن لەهەرێمی کوردستان- عیراق. لەبری دەستەبەرکردنی سیستەمی دادپەروەری، گەندەڵی لەبەرزترین ئاستی خۆیدایە، و ئەو یاسایانە فەرامۆش دەکەن کە تایبەتن بەپاراستنی ئازادی ڕادەربڕین و کۆبوونەوەی گشتی".
(سارا لی وایتسۆن) بەرێوەبەری ئۆفیسی مافی مرۆڤ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەو شێوەی سەروە ڕاپۆرتەکەی دەستپێدەکات. بەکورتی ڕاپۆرتەکە بەم شێوەیەی خوارەوە ئاماژە بۆ ئەو هێرش و هەرەشانەی کوشتن و ترساندن و چاوسوورکردنەوە لەڕۆژنامە نووسان و ئۆپۆزسیۆن و هەموو دەنگێکی ناڕازی بەرووی دەسەڵات دەکات. ئەوەی جێی ئاماژەیە کە ڕاپۆرتەکە هەموو پێشێلکاریەکانی دەسەڵاتی هەرێم و دام ودەزگای ئاسایش وپۆلیس و دەزگا حزبیەکانی پارتی و یەکێتی تێدا باسکراوە. بەڵام تێبینی ئەوە دەکرێت کەپارتی و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی زۆرتر پێشێلکاری تێدا کرابێ (ئەوەش پشتی ئەو بۆچوونە ڕاستدەکاتەوە کە پارتی دەیەوێت دەسەڵاتی تاکڕەوی خۆی لەکوردستان بەزەبری هێزی ملیشیاو ئەو بودجە گەورەیەی کە لەبەەردەستیەتی، بسەپێنێ). هەروەک لەبەشێکی ڕاپۆرتەکەدا کەسەرچاوەی گرتوە لەگشتی ڕاپۆرتەکە دەڵێ " بادینان و دیانە و مەسیف، سێگۆشەی بەرمۆدان بۆ ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان".
ئاماژەکانی ناو ڕاپۆرتەکە:
1- پرۆژە یاسای پیرۆزیەکان: بەرپرسانی هەردوو وەزارەتی داد وئەوقاف وکاروباری ئایینی هەرێم. هەوڵیانداوە ئەوپرۆژە یاسایەی کە(سوکایەتیکردن) بەئایین و سەرکردە سیاسیەکان بەتاوان لەقەڵەم بدات و بیخەنە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڵام سەرەڕای ئەوەی ئەو پرۆژەیە لەژێ فشاری حەملیەکی گەورەی ئازدیخوازاندا ڕاگیراو، و لیژنەی یاسایی و مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی کوردستان ڕێگریان لێکردوە، بەڵام بەپێی هەندێک بەڵگەنامە کەدەست ئەو ڕێکخراوە کەوتووە، ئاماژە بەهەوڵدانیکاردکردن بەو پرۆژە یاسایە کراوە لەلایەن هەندێک دەسەڵاتی تەنفیزیەوە. بۆیە سارا ووتی ئەگەر پەرلەمانی کوردستان ئەو پرۆژە یاسایە پەسەند بکات، ئەوا دەبێتە مایەی پێشێلکاریەکی ئاشکرای بنەماکانی ئازادی ڕادەربڕین، و ڕێگریکردن لەکاری رۆژنامەوانی.
2- کەیسی ئەکرەم عبدالکریم: ئەو ڕێکخراوە ٦مانگ لەکوردستان ماونەتەوە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەو چاودێری کردنی ڕەوشی ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەوانی. لەمانگی ١١و١٢ی ساڵی ٢٠١٢ . بە تەنیا لەساڵی ٢٠١٢ لانی کەم ٥٠ ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگر لەدەسەڵات و چالاکوانی سیاسی سەربە ئۆپۆزۆسیۆن بەشێوەی هەرەمەکی دەستگیر کراون، ٧ تیان لەوانە بەتۆمەتی سوکایەتی ولەکەدارکردنی ناوبانگی کەسایەتیە سیاسی وحکومیەکان سزادراون. بەرپرسێکی پێشووی گومرگ بەناوی ئەکرەم عبدالکریم ماوەی پتر لەساڵێکە، بێدادگاییکردن بەندکراوە بەتۆمەتی خەتەر بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی. لەکاتێکدا دوای ئەوەی لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوەکردوە کەبەشێک لەداهاتی گومرگ بۆ بەرپرسێکی پارتی چووە. هەندێکی تریان بەهۆی لەکەدارکردنی بەرپرسان ڕووبەڕووی سزا بوونەتەوە.
3- کەیسی پارێزەر زانا فەتاح لە چەمچەماڵ: بۆماوەی ٦رۆژ دەستبەسەر بووە بەتۆمەتی لەکەدارکردنی ناوبانگی دادوەرەکان. کاتێک زانا فەرمانگەی ناچەکەی بەباسەربەخۆ و پاشکۆی پارتە سەرەکیەکان تۆمەتبار کردبوو. هەر لەومانگەدا، سارا لەگەڵ بەرپرسانی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کۆبۆتەوە و نیگەرانی خۆی نیشان داوە لەبەرامبەر ئەو فشارو سەرکوتکاریانەی ڕووبەڕووی ئازادی بیروڕاو و دەربرین بۆتەوە. لەوەڵامدا یەکێک لەبەرپرسەکان گوتبووی" باسکردنی گەندەڵی قبوڵ ناکرێت" و ڕۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکان " درۆزنن" و " پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤی حکومەتیان کردوە". ئەمە لەکاتێکدا(یاسای ژمارە ٣٥ی ٢٠٠٧) ی ڕۆژنامەوانی لەهەرێمی کوردستان، پارێزگاری لەڕۆژنامەنووسان دەکات لەبەدەستهێنانی ئەو زانیاریانەی کەگرنگ و جێی بایەخن بۆ هاووڵاتیان وبەرژەوەندی گشتی، لەچەندین سەچاوەی جیاوازەوە".
4- سەنتەری میترۆ: کەبەرگری لەڕۆژنامەنووسان دەکات. پتر لە ١٠٠حالەتی سکاڵای لەسەر پێشێلکاریەکانی مافی ڕۆژنامەنووسان تۆمارکردوووە، کە لەلایەن بەرپسانەوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر نەکراوە. گوتیشی کەئەو یاسایانەش پشتگوێ دەخەن کەناچاریان دەکات لێکۆڵینەوە بکەن، لەهەراسانکردن وپێشێلکردنی مافی ڕۆژنامەنووسان و سزادانی بکەرەکانیان. هەروەها ٢١ کەیسی لێدانی جەستەیی و هێرشی چەکداری بۆسەر ڕۆژنامەنووسان تۆمارکراوە. لەگەڵ ٥٠ حاڵەتی دەستگیرکردن، و ٣٤حاڵەتی دەستبەسەراگرتنی کامیراو کەلوپەلی رۆژنامەوانی، و ٥ هەرەشەی کوشتن. پاش ئەوەی ئەو بەرپرسەی مافی مرۆڤ پرسیاری لەبەرپرسێکی باڵای ئاسایش کردووە، بۆ وەڵام نەدانەوەی ئەو سکاڵایانە؟ بەرپرسەکە لەسەرەتادا نکوڵی لەوەکردوە کە سکاڵا پێشکەش کرابێ. بەڵام دوای بەرەورووبوونەوەی بەڵگەکان، بەرپرسەکەی ئاسایش گوتویەتی" ئەوانەی سکاڵایان کردووە درۆزنن".
5- ڕووماڵ کردنی یادی یەک ساڵەی ١٧ی شوبات: ئەو ڕێکخراوە ڕاپۆرتێکی دۆکیومێنتاری ئەنجامداوە لەسەر لێدان ودەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان لەلایەن پۆلیس، لەکاتی ڕووماڵکردنی ساڵڕۆژی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتی لە ٢٠١٢. بۆیە گوتی بەداخەوە" ئەمرۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمتروکەمتر لەو حکومەتە دیموکراسیە دەچێ کەوێنەو بانگەوازی بۆ دەکات. بەکەم بایەخ تەماشاکردنی گەرەنتیە یاساییەکانی ئازادی ڕادەربڕین. حکومەتی هەرێم لەبایه‌خی یەکێک لەکۆڵەکە بنچینەییەکانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد کەمدەکاتەوە". هەروەها لەزمانی شایەتحاڵێکی ئەو یادە کەدەڵێ" بەسەدان کەس لەهێزە ئەمنیەکان گەمارۆی ١٥٠-٢٠٠ خۆپیشاندەریان دا لەبەەردەرکی سەرا لەسلێمانی. هەروەها بەدەیان لەپیاوانی ئاسایش بەجلی مەدەنیەوە چووبوونە ناو قەرەباڵغاییەکەوە و بەشەق و دار لەخۆپیشاندەرانیان داوە. هەروەها هێرشکراوەتە سەر ڕۆژنامەنووسان و لەوانەش (سەباسچین مایەر، وێنەگری دەزگای میترۆگرافی) لەگەڵ وێنەگرێکی کە بەناوی بژار محمد، هەروەها دەستگیرکردنی تیمێکی تەلەفزۆیۆنی لەکەی ئێن ئێن و ئێن ئار تی و دەزگای تر.
6- کەیسی شەوقی کانەبی و شێروان شێروانی لەهەولێر وئاکرێ: ئەم کەیسە لەسەر ئاشکراکردنی تێوەگلانی بەرپرسانی پارتی بووە لەگەندەڵی .
ئەو ڕێکخراوە قسەکانی ئاسۆس هەردی دێنێتەوە کاتێک پرسیاریان لێکردوە لەسەر دۆزی ڕۆژنامەنووسان و گەندەڵی" قسەکردن لەسەر سیاسەتەکانیان کارێکی ترسناکە...بەتایبەت باسکردنی گەندەڵی، بابەتێکی هەستیارە. کێشەکە ئەوەیە کەهیچ عەقڵیەتێکی لێپرسینەوە نیە". هەروەها دەربارەی بەرپرسان ووتی" ئەگەر بیانەوێ کەسێک بسڕنەوە، ئەوا دەیسڕنەوە و بەدوای بیانویەک دەگەڕێن بۆی". هەروەها شوان سابیر جێگری بەرپرسی تۆڕی دادوەری بەندیەکان، هەمان قسەکانی هەردی تەئکید کردەوە " کاتێک بەرپرسە گەندەڵەکان سزای ئازادی ڕادەربڕین دەدەن، ئاوات بەسەر دێت، حزبە دەسەڵاتدارەکان ڕەخنە گران بێدەنگ دەکەن".
7- کەیسی سەردەشت عوسمان: ڕاپۆرتەکە ئاوا ئاماژە بۆ کەیسی سەردەشت عوسمان و سیناریۆی لێکۆڵینەوەکەی دەکا" هێشتا تەم ومژو نهێنی سەراپای کەیسی سەردەشت عوسمانی گرتۆتەوە. هەروەها باس لەلێکنەچوونی ڕاپۆرتی یەکەمی لیژنەی لێکۆڵینەوە و قسەکانی جێگری وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەکات".
ئەمانەی سەروە مشتێکن لەخەرواری پێشێلکاریەکانی راپۆرتی ساڵانەی ٢٠١٢.
هەموو یاسا نێودەوڵەتیەکان پارێزگاری لەئازادی رادەڕبڕین دەکەن و بەبنچینەی مافەکانی مرۆڤی دادەنێن. لەبەرئەوەی کاریگەری گرنگی هەیە لەژیانی تاک و بەرێوەبردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات.
بەگەرانەوە بۆ سەر ماددەی ١٥ و١٩ی پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسیەکان، گەرەنتی بوونی ئازادی ڕادەربڕین و گەڕان بۆ وەرگرتنی زانیاری بەهەموو جۆرەکانیەوە دەدات.
ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لەسەر پێشێلکاریەکانی حکومەتی هەرێم بەم شێوەیە کۆتایی دێت:
" حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٢ دا نەیتوانی پابەندبێ بەو بەندانەی لەپەیماننامە نێودەوڵەتیەکاندا هاتووە. ڕێگەدان بەهەراسانکردن وتۆقاندنی ڕۆژنامەنووسان و ڕەخنەگران لەدەسەڵات و بەوانەشەوە کەهەوڵیانداوە پەردە لەسەر گەندەڵی و کارە نایاساییەکانی بەرپرسان لادەن. ئەمە جگەلەوەی حکومەت چاوپۆشی دەکا لەوکەسانەی کە سەرکوتی ناڕەزایەتیەکان دەکەن.

سەرچاوە

http://www.hrw.org/news/2013/02/09/iraqi-kurdistan-free-speech-under-attack

سێگۆشەی بەرمۆدا: ناوچەیەکە لە ناو زەریای ئەتلەسی بەوە ناوبانگی دەرکردوە هەرشتێکی لێنزیکبێتەوە دیار نامێنێ. هەرچەندە ئێستا ئاشکرا بووە کە هەروەک شوێنەکانی دیکە ئەو رووداوانەی لێ ڕوودەدات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە