كوردستان بكەنە ووڵاتى نێرگز

Tuesday, 31/01/2012, 12:00

2267 بینراوە


م. دوكانى
كزەى جەرگەكەم نێرگز , بە ئارامى بخەوە و با هیچ خەمێك خەبەرت نەكاتەوە . داخى تۆ بەسەر دڵى هەموومانەوەیە. هەر دایك و باوكت خەمت ناخۆن, ئەو دایك و باوكەى منداڵى ساوایان هەیە و ئەوانەش كە چەندین ساڵە زەماوەندیان كردووە و منداڵیان نەبووە , لە ناخەوە بۆت دەگرین و كزە لە جەرگیان هەڵدەستێ.
جا داخ و خەمى ئێمە كوا دەردى تۆى تیماركرد؟؟؟ خۆ تۆ هەستت بەهیچ نەدەكرد , دەنا باوك و دایكى داماو و ماڵ وێرانت حەزیان دەكرد بۆ خۆیان لەجیاتى تۆ لەسەرما ڕەق ببنەوە. نەشیانزانى تۆیان لە دەست دەچێت ئەگەرنا خۆیان هەڕاج دەكرد, سواڵیان دەكرد , هیچ نەبێت دزییان دەكرد بۆ ئەوەى چەند لیترە نەوتێك بۆ سۆپا بێ نەوتەكە پەیدابكەن و تۆى نازدارى باوان گەرم بكەنەوە.
خەمیش مەخۆ وەزیرە ناسك و نازدارەكە , وەزیرە فشەكەر و ماستاوچیەكە , وەزیرە درۆزنەكە بڕیارى داوە لیژنە پێكبهێنێ !!!! لیژنە بۆچى؟:
بۆ لێكۆڵینەوە لەوەى كە بۆچى دایك و باوكت هەر لە بنەڕەتدا لە دایك بوون و كچ و كوڕى چ تاوانبارێكن كە ئەمڕۆ ئەویان تووشى ئیحراجى كردووە؟
بۆ لێكۆڵینەوە لەوەى وەك بەملى شكاویان لە دایك بوون و گەورەبوون , بۆچى زەماوەندیان كردووە؟ ئەى نازانن بە فەرمانى دەسەڵات زەماوەند قەدەغە؟؟
وا زەماوەندیشیان كرد . چۆن و بە چ حەقێك منداڵ و وەچە دەخەنەوە؟ منداڵى ئەم ووڵاتە یان نابێت لە دایك ببێت , بۆئەوەى كە گەورە بوو پێویستى بە پارچە زەویەك نەبێت و چوار مەتر زەوى لەو زەویانە داگیر نەكات كە هێرۆ خان تەماعى تێ كردوون . یان كە لەدایك بوو كە گەورە بوو دەبێت ببێتە فیدائى سەرۆك بارزانى.
خۆ تۆ كیژۆڵەیەك بوویت , نە بەكەڵكى ئەوە دەهاتى ببیتە فیدائى سەرۆك. یان پێشمەرگەى پارێزەرى چاڵە نەوتەكان. یان دەمانچە بە دەست و چەقۆ وەشێنێكى دەزگاى زانیارى و دژە تیرۆر.
كەواتە لە دایك بوونت هەلەَیەكى گەورە بوو. وەك هەڵەى لە دایك بوونى حەزرەتى موسا, كە فیرعەون پێ ى سەغڵەت و نیگەران دەبوو. باجەكەشى جەرگ بڕاوى دایك و باوكى ماڵ و ێران و چەوساوەتە.
نێرگز تۆ بخەوە , خەوێكى وا كە لەچاوى كەس نەكەوتووە. كۆرپە جوانەكەم بخەوە . با 4 5 لیتر نەوتى تریش بچێتە سەر ئەو ملیۆنان بەرمیلە نەوتەى كە لەو خاكە هەڵدەمژرێت و بەبەرچاوى هەمووانەوە تاڵان فرۆش و هەڕاج دەكرێت و كەسیش خۆى لێناكاتە ساحێب. (كەسیش نازانێت پارەكەى دەچێتە باخەڵى كێوە؟؟؟) كەئەوەش هەر درۆیەكى گەورە و شاخدارە و دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن و خەڵكى سادەش دەیكات . كەس نازانێت یانى چى؟؟؟ هەموو دەزانن كە پارەكە تەنها بۆ دوو بنەماڵە كورد كوژ و كورد فرۆشەكەى تاڵەبانى و بارزانیە. وەكو ئێسكى بەرماوەش كەمێكى بۆ سەگ و پارێزەرەكانى بەرژەوەندیەكانیان فڕێ دەدەن.
وەزیرى كار و كاروبارى كۆمەڵایەتى (ماشەلڵا لەو ناوە دوورو درێژە) بە نازەوە دەفەرمووێت 90000 نەوەد هەزار كەس مووچەى مەمرە و مەژى وەردەگرێت. لەڕووى دێت باسى ئەو موچە جوانەش بكات . لەووڵاتى نەوت دا بەرمیلى نەوت بە 150 دۆلار بێت و مووچەى مانگێكیش 75 دۆلار بێت پێ ى دەڵێن ژیان ؟؟؟؟ ژیانێك بەبێ گڕوگاڵى كۆرپەیەكى وەك تۆ بێت كەى ژیانە؟؟؟؟.
قائمقامى چەمچەماڵیش دەڵێن شەكرى شكاندووە و ناماقولى كردووە. ناحەقى نیە , جێگاى خۆى قایم قایم كردووە و كۆرپەى خەڵكیش لەسەرما ڕەق دەبێتەوە یان نا چاویان دەربێت.
لێرەوە هیچم لەدەس نایەت تەنها ڕشتنى چەند فرمێسكێكى تاڵ و سوێر نەبێت. ئەگەر خەڵكیش خەمى بنەماڵەكەى نێرگزیانە تازە لەجیاتى كۆمەك و هاوكارى كردن با ناوى منداڵى تازە لە دایك بوویان بنێن (نێرگز) . چونكە دڵنیا بن دەسەڵاتى گەندەڵ و كورد كوژ بە بیستنى ناوى نێرگز ڕادەچڵەكێن و خەو لە چاوە برسیەكانیان دەزڕێت...
 





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە