چۆن یادى 17 ى شوبات بكەینەوە؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟

Tuesday, 31/01/2012, 12:00

1023 بینراوە



ئەم پرسیارە ئاڕاستەى ئازادیخوازان و چالاكوانانى مەدەنى و جەماوەرى بە پلە دووكراوى كوردستان ئەكەین,ئێمە دڵنیاین لەوەى كە یادى 17 ى شوبات بە بێدەنگى تێناپەڕێت,بەلام چۆن یادى بكەینەوە؟؟.بۆئەوەى یادێكى سپى و دوور لە شریقەى تفەنگ و دەستى ڕەشى ڕێژوان كوژەكان بێت، بۆ ئەوەى یادێك بێت جارێكى تر پەیامەكە بگەێنێتە دەسەلات و پێى بڵێت دوو ڕێگاتان لە بەردەمدایە ئەویش یان چاكسازى ڕیشەیى وە یان دەست لە كاركێشانەوە,ڕێگاى سێیەم نیە،ئەبێ دەسەلات لە زمانى سەردەمى نوێ و توندى باهۆزى گۆڕانكارییەكان و كۆتایى گەمەكە تێبگات،ئەبێ چیتر درێژە بە سیاسەتى نابینم نابیستم نەدات,دەنگى شەقام ببیستێ و پاكێجەكانى ئۆپۆزسێون و 17 خاڵییەكەى پەرلەمان و بڕیارەكانى سەرۆكایەتى هەرێم ببینێ و جێبەجێیان بكات نەك ژێر بە ژێریان بكات.

تۆڕى بەرگرى لە ماف و ئازادییەكانى خەلك لە 17 ى شوبات ى 2011 سەرپەرشتى كۆبونەوەیەكى مۆلەتپێدراوى ناڕازى جەماوەرى لە ژێر ناوى "جامى جەماوەر لێى دەڕژێ" لە سەراى ئازادى كرد, پاشان خۆپیشاندانەكانى دواتر و پێكهاتنى ئەنجومەنەكانى سەراى ئازادى لە لایەن ڕۆشنبیران و ئازادیخوازانەوە هەمووى بۆ ئەوە بوو كە ئەو جامە چیتر لێى نەڕژێ,بەڵام لە سایەى دەسەلاتى كوردى كە خاوەنى عەقلێتى حیزبگەراییە لە جیاتى ئەقڵى كارگێڕى و تێگەیشتن لە هونەرى بەڕێوە بردنى كۆمەڵگا,ئەو جامەى خەڵك ئێستا زیاتر لێى دەڕژێ.

بۆیە پێشنیارى ئێمە بۆ یادەكە ئەوەیە كە بازنەیەكى ڕاوێژكارى فراوان لە لایەن ڕۆشنبیران و ئازادیخوازانەوە دروستبكەین بۆ ئەوەى كە ڕاوێژو بۆچونەكان و پێشنیارەكان تاوتوێ بكات و بڕیار لە سەر شێوازى یادكردنەوە بدات.

هەر لەم دەرفەتەشدا ئەوە ڕادەگەیەنین كە ماوەیەكە لە فەیسبووك و لە ڕاگەیاندنەكانەوە ناوى تۆڕى بەرگرى بەكاردەهێنرێت,وەك لە 26 ى1ى 2012 جارێكى تر بەیاننامەیەك بە ناوى تۆڕەوە بڵاو بۆتەوە، ئێمە ڕایدەگەیەنین كە هیچ پەیوەندییەكى بە ئێمەوە نیە، وە داوا لە ڕاگەیاندنەكانیش ئەكەین كە بەناوى تۆڕەوە بەیاننامە بڵاو نەكەنەوە تا سەرچاوەكەى ئاشكرا نەبێت، ئەو كەسەى كە بەناوى تۆڕوە دەنوسێت پێویستە ناوو ژمارەى تەلەفۆن و شوێنى نیشتەجێبونى دیاربێت وەك ئەوەى ئێمە كردوومانە، چونكە تۆڕى بەرگرى لە ماف و ئازادییەكانى خەلك بۆتە ناوێكى مەعنەوى و لە ساڵى 2006 كە ڕاگەیەندراوە بە دەیان نوسەرو ڕۆشنبیرو ئازادیخواز لە ژێر ئەم ناوەدا چالاكییان كردووە، تۆڕى بەرگرى لە ماف و ئازادییەكانى خەلك چەترێك بووە بۆ زۆربەى خەڵكى كوردستان و هەمیشە كەسەكانى ناوى بە ئازادى كاریان كردووە و كراوە بووە بۆ خەڵك، ئەم ناوە زۆرجار لەدەرەوەى ئێمەش بەكار هێنراوە ئەمەش ئاساییە چونكە تۆڕى بەرگرى لە ماف و ئازادییەكانى خەلك نە ڕێكخستنى هەیە نە وتەبێژ و نە لقى هەندەرا ن و وە نە سەرۆك و .....هتد، بەڵكو تۆڕێكى ڕسكاوى ناو خەڵك وشەقامى كوردییە وە خاوەنى زنجیرەیەك لە تێكۆشانى مەدەنى كاریگەرە بە خۆپیشاندانەكانى 17 ى شوباتیشەوە.

بویە جارێكى تر پێ لەسەر ئەوە دادەگرین كە هەر كەسێك لە كاتێكى دیارى كراودا لەژێر چەترى تۆڕى بەرگرى لە ماف و ئازادییەكانى خەلكدا كارى كردبێت یان نەكردبێت پێویستە ناوو ژمارەى تەلەفۆن و شوێنى نیشتەجێبونى دیاربێت كاتێك كە ناوى تۆڕەكە بۆ چالاكى بەكاردەهێنێت.

تۆڕى بەرگرى لە ماف و ئازادییەكانى خەلك لە كوردستان
كوردستان 30 ى 1 ى 2012
نزار محەمەد-سلێمانى ئازاد لەتیف-سلێمانى كەمال مەحمود-سلێمانى نەبەز ئەحمەد-سلێمانى
07701528550 07501113592 07701436893 3184196


 




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە