بارزانی دەبێتەوە بە سەرۆکی هەرێم

Saturday, 18/04/2015, 22:58

4931 بینراوە


لە نێو دوکەڵی ئەو هەموو کێشە و ئاریشانەی یەخەی کوردیان گرتووە، بابەتی درێژکردنەوەی یان نەکردنەوەی وادەی سەرۆکی هەرێم بۆ دوو ساڵی داهاتوو، گەرمترین بابەتی نێو میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانە، بەشێکی گەرمکردنی بازاڕی ئەو بابەتە پەیوەستە بە گەمەی دەسەڵاتی ڕامیاری لە باشوری کوردستاندا و بەشێکیشی پەیوەستە بە نزمی ئاستی ڕۆشنبیری ئەوانەی ناویان نوسەر و چاودێری ڕامیاری و ڕۆژنامەنوس و شتی دیکەیە.
پرسیارەکە ئەوەیە بارزانی بۆ دەبێتەوە بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان؟
ڕوون و ئاشکرایە لە چارەکە سەدەی تەمەنی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستاندا، هەرچی کراوە بۆ بەڕێوەبردنی هەرێم و یەکلاکردنەوەی پرسە ڕامیاری و ئابوریەکان و زۆر شتی دیش لە کاتی تێکگیران و پێک هەڵپژانەکاندا، هەمووی لە ڕێگەی چەند کەسایەتیەکی دیاریکراوی نێو پارتەکانەوە بڕیاری لێدراوە یان یەکلایی کراوەتەوە.
ئەوەی یەکلاییش کراوەتەوە، لە ڕێگەی دانوستان و ڕێککەوتنەوە، هیچی بەپێی یاسای دەستوری و دام و دەزگای یاسایی نەبووە، بەهۆی ئەوەی تاکو ئێستا ئەو هەرێمە خاوەنی دەستورێکی یاسایی نیشتیمانی نەبووە، ئەو ڕەشنوسی دەستورەی ئێستاش ئامادەکراوە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، دەستورێکی پارتێکی خێڵەکی بنەماڵەییە و گەرەکیانە بەسەر خەڵکی کوردستانیدا بسەپێنن، وێڕای ئەوەش ئەو ڕەشنووسە زادەی سەردەمێکی نائاساییە، کاتێک کوردەکان دەوڵەتی ڕووخاوی ئێراقیان دامەزراندەوە، لەکاتێکی دیاریکراودا دەستوریان نوسیەوە و لە ڕاپرسیشدا دەنگی پێویستی هێنا.
هەرێمی کوردستانیش( پارتی و یەکێتی)، بۆ دەربازبوون لە هەندێ پرسی هەستیاری وەک گرێبەستە نەوتیەکان و هێزی پێشمەرگە، ئەو ڕەشنوسەیان ئامادەکرد، کە تا ئێستاش بە هەڵواسراوی ماوەتەوە و دڵنیاشم هەر وا دەمێنێتەوە، ئەگەر پارتی و بنەماڵەی بارزانی گەرەنتی پاراستنی دەسەڵات و کورسی و بازرگانی نەوتی تێدا نەبیننەوە.
لە باشوری کوردستاندا، لەدوای ڕاپەڕینەوە، دەستورێکی بنەڕەتی هەمیشەیی هەبووە، ئەویش دەستوری بنەماڵەکان، کە لەسەر بنەماکانی خوێن و خێڵ سەرجەم ئەو یاسایانەیان داڕشتووە و باشوری کوردستانیان پێ بەڕێوە بردووە، لە کاتێکدا ئەوان خاوەنی دەستورێکی نیشتیمانی و کۆمەڵێک یاسای پەیوەست بەو دەستورەوە نەبن، بێگومان بۆ یەکلاییکردنەوەی هەرپرسێکی چارەنوسساز، پەنا دەبەنەوە بۆ دەستورە خێڵەکی و بنەماڵەییەکە، لە نێو خێڵ و بنەماڵەکانیشدا سەرۆک خێڵ و سەرۆک حزب و کەسی یەکەم خاوەن بڕیارن، کاوێژکارەکانی دەوروبەریشیان لە کاتی هەر پرسێکی وەهادا، تەنها کاریان بەپاڵەوانکردن و بە نیشتیمان پەروەرکردنی ئەوانە.
ئەو دەسەڵاتە بە جۆرێک سەریان لەو خەڵکە بێ دەرەتانە شێواندووە، دەیان دام و دەزگای کارتۆنیان بۆ دروستکردوون، لەو تەمبەڵخانەوە بگرە کەناویان ناوە پەرلەمان تا دەگاتە دواین دەزگای بەڕێوەبردن، جگە لە دامەزراندنی موچەخۆر و بە هەدەردانی سامانی نیشتیمانی و بە لاڕێدا بردنی هزری خەڵک چیان کردووە.
ئاخر بارزانی چۆن نابێتەوە بە سەرۆک!
دیواری سەرۆکایەتی هەرێم بە دیواری ماڵەکەی خۆی و بە چیخی دەواری خێڵەکەیەوەیەتی، هەرچی داهات و بازرگانی قورسی ئەو نیشتیمانەیە لە دەستی خۆی و کوڕو برازاکانیدایە، ئەگەر خوانەخواستە لەمبەر یان لەو بەری مەملەکەت، حزبێک، یان ڕێکخراوێک، لە برسانا قوڕەی زگی بێت، دەبێ داوای تیکەیەک نان لە ئەوان بکات.
لەوەش کارەساتبار تر، ئێستا هیچ نەبووە، بەشێک لەوانەی وەکو کەسایەتی دیار و ڕۆشنبیر ناسراون لە نێو پارت و ڕێکخراوەکاندا، هاواری ئەوەیانە کەسێکی دیکە نیە شوێنی مەسعود بارزانی بگرێتەوە، هەی گەوجینە سەرۆکی هەرێم زۆر لە ئێوە وشیارترە، لە چارەکە سەدەی ڕابردوودا جەڵەبێک بەچکە سەرۆکی لەو هاوینەهەوارە خۆش و دڵڕفێنە بۆ دابەستوون، ئەوانە ماڵی سپین و بۆ ڕۆژی ڕەشن.
مەبەستم لە بارزانی تەنها خودی مەسعود بارزانی نیە، بەڵکو هەموو ئەوانەی سەر بە بنەماڵەی مستەفا بارزانی و سەر بە براکانی مستەفا بارزانین، ئەگەر لە دۆخێکدا مەسعود بارزانیش نەبێتەوە بە سەرۆک، ئەوە دڵنیابن هەر دەبێ یەکێکی دیکە لە ئەندامانی بنەماڵە جێگەی سەرۆکی هەرێم بگرێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە